پاژنه‌ی ئاشێلی
پێوه‌ندیی نێوان کورد و ئازه‌ری
1- وه‌ڵامێک بۆ پرسیاری یه‌که‌م: کێشه‌ی ناوچه ناکۆکان چه‌نده له پێوه‌ندییه سیاسییه‌کانی نێوان کورد و ئازه‌ریدا ده‌ور ده‌گێڕی و چ میکانیزمێک ده‌توانێ کێشه‌ی ناوچه ناکۆکه‌کان چاره‌سه بکا؟
بێگومان یه‌کێک له مه‌ترسییه سه‌ره‌کییه‌کان و له‌مپه‌ڕه‌کانی به‌رده‌م پێشکه‌وتنی پرسی کورد‌و کاریگه‌ری گشتگیری جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی له کۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ کێشه‌ی ناوچه ناکۆکه‌کان یان چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. ئه‌گه‌ر دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ساڵی 1945و کۆماری کوردستان له ساڵی 1946 به ده‌سپێکی قۆناغی شۆڕشی مۆدێڕنی کورد له‌و به‌شه‌ی وڵات‌دا له قه‌ڵه‌م بده‌ین. ده‌بینین به‌ر له‌م رێکه‌وته،
واته له قۆناغی کلاسیکیشدا، ئاقار‌و ئاراسته‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کان به شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراو، تورک و کوردی رووبه‌ڕووی یه‌کتر کردۆته‌وه‌و په‌یام و بانگه‌وازه ئاشتیخوازانه‌کانی کورده‌کان نه‌یتوانیوه ئه‌و متمانه‌و دڵنیاییه به تورکه‌کان ببه‌خشێت که سه‌رکه‌وتنی کورد‌و ده‌سته‌به‌ربوونی مافه‌کانی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر بوونییه‌ت و سه‌روه‌ری ئه‌وان نییه. هه‌ڵبه‌ت له‌م نێوه‌دا نابێ به ته‌واوی کورده‌کان به بێ تاوان له قه‌ڵه‌م بده‌ین و حاشا له کۆمه‌ڵێک تاکتیک و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌یان بکه‌ین. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵاو شۆڕشی سمکۆ ده‌توانن یارمه‌تیده‌رمان بن بۆ ئه‌وه‌ی که تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵترمان له‌مباره‌وه هه‌بێت. چونکه زه‌ینییه‌تی لێڵی هه‌نووکه‌یی ره‌گی له به‌رده‌وامی مێژوویه‌کدا هه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییش هه‌میشه رێگه‌خۆشکه‌رو بوارره‌خسێنی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بووه. به جۆری که ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان و ئازه‌ربایه‌جاندا به هۆی به‌رته‌سکبوونی جوغرافیای ژێر ده‌سه‌ڵاتیان، ناوچه مشتۆمڕ له سه‌ره‌کان که‌متر بوون، له حاڵی حازردا ئه‌م مه‌سه‌له شاره‌کانی:" ورمێ، نه‌غه‌ده، سه‌ڵماس، ماکۆ، خۆی، شاهیندژ، پۆل ده‌شت، شووت، قه‌ره‌زیائه‌دین، چاڵدێران، میاندواو، تیکاب، قوروه، بیجاڕو سونقوور" له به‌ر ده‌گرێ.http://lailakh.blogfa.com/post-100.aspx
کێشه‌ی ناوچه ناکۆکه‌کان که زیاترین جه‌خت و ره‌نگدانه‌وه‌شی له سه‌ر شاری ورمێ بووه، به درێژایی لانیکه‌م یه‌ک سه‌ده‌ی رابردوو، باڵی به‌سه‌ر پێوه‌ندیی سیاسی نێوان کورد‌و ئازه‌ری و هاوخه‌باتی نێوان ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌دا کێشاوه. مژارێک که له لایه‌که‌وه به‌ربه‌ستێکی سه‌ره‌کی بووه بۆ ئه‌وه‌ی که گوتارێکی هاوبه‌شی کوردی – ئازه‌ری که له سه‌ر بنه‌مای مسۆگه‌رکردنی به‌رژه‌وندی هاوبه‌شیان بێت بێته ئاراوه‌و شکڵ بگرێت، له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ت و بۆشاییه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ده‌سته‌به‌ر کردووه که به ئاسانی سیستمی خودکۆنتڕۆڵی دامه‌زرێنێ و راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ قه‌یرانی زاڵ له کوردستان و ئازه‌ربایه‌جان مودیرییه‌ت بکاو به ئاراسته‌ی دڵخوازی خۆی پاڵی پێوه بنێت. گرینگی و هه‌ستیاری ئه‌م کێشه‌یه که ده‌کرێ وه‌کوو " پاژنه‌ی ئاشێل " و " چاوی ئیسفه‌ندیار"ی هاوخه‌باتی و هاوپه‌یمانی کورد‌و ئازه‌ری ناوی لێببه‌ین تا ئه‌و راده‌یه که تا هه‌نووکه‌ش کورده‌کان و ئازه‌ریه‌کانی ژێر چه‌پۆکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێران که رووبه‌ڕووی سته‌مێکی نه‌ته‌وایه‌تی هاوبه‌شن به‌و تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌ته نه‌گه‌یاندووه که له‌هه‌مبه‌ر دوژمنێکی هاوبه‌ش، سیاسه‌ت و مێتۆدێکی هاوته‌ریب پێڕه‌و بکه‌ن. پرسێک که ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی ئازه‌ربایه‌جان و کوردستانیشدا وێڕای رێکه‌وتننامه‌ی فه‌رمی و و هاوپه‌یمانی و به‌ڵێنی هاوپێوه‌ندی هه‌ر دوو حکوومه‌ته‌که له قۆناغی پراکتیکدا به راده‌ی پێویست پابه‌ندی نه‌بوون و ده‌توانین بڵین له لایه‌ن حکوومه‌تی ئازه‌ربایه‌جانه‌وه هه‌وڵی لاوازکردن، په‌راوێزخستن و به‌خۆوه هه‌ڵواسینی کۆماری کوردستان ده‌درا. هه‌ڵبه‌ت وێڕای ئه‌مه‌ش، قوناغی ئاماژه پێکراو، قۆناغێکی زێڕین له دۆستایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی دۆستانه‌ی کورد‌و ئازه‌ری له‌گه‌ڵ یه‌کدا بووه. له‌م نێوه‌دا، ئه‌وه‌ی که به داخه‌وه به جێ دیالۆگ له‌مه‌ڕ پرسه‌که‌و دیاریکردنی میکانیزمی چاره‌سه‌ری به شێوه‌یه‌کی ره‌هاو به دوور له هیچ چه‌شنه لۆژیک و نه‌رمی نواندنێک پێی له سه‌ر بانگه‌شه و ئیدیعاکانی خۆی داگرتووه، ئازه‌ریه‌کان بوون. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری دروستبوونی پێوه‌ندییه سیاسییه‌کانی به شێوه‌یه‌کی جیددی له خشته بردووه‌و به فێڕۆی داوه. گرینگی و قورسایی ئه‌م پرسه له ئاستێکدایه که له نه‌بوونیدا بێ هیچ دڕدۆنگییه‌ک ئه‌مێستاکه پرسی کورد‌و ئازه‌ری له دۆخێکی جیاوازتردا ده‌بووو تا راده‌یه‌کی زۆر سه‌رکه‌وتنی سیاسه‌ت و پیلانی ناوه‌ند له کوردستاندا پووچه‌ڵ ده‌کرایه‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌یانتوانی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی په‌نگراوو ئه‌کتیڤ دژ به سه‌ره‌ڕۆیه‌تی له ناوه‌ندی ئێرانیشدا بن. قورساییه‌ک که ده‌یتوانێ هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه‌یی به قازانجی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران بگۆڕێت. به‌ڵام به داخه‌وه بوونی ناوچه ناکۆکه‌کان له نه‌بوونی عه‌قڵییه‌تێکی گشتگیری دێموکراتیک‌دا ئه‌گه‌ری پێکه‌وه کارکردن و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن و داننان به بوون و مافی یه‌کترینی له نێو بردووه‌و بۆته هۆکاری ئه‌وه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندی و خاڵه هاوبه‌شه‌کان بکه‌وێته ژێر سێبه‌ری ئه‌م پرسه‌و له حاڵه‌تی لاوه‌کی‌بوون و ئاسایی بوونه‌وه بکه‌وێته‌وه خانه‌یه‌کی هه‌ستیارو تابۆیانه‌وه که هه‌ر دوو نه‌ته‌وه به ده‌ستیه‌وه بناڵێنن و رێژیمیش که‌ڵکئاژووی خۆیی لێ وه‌ربگرێت. له‌م پێوه‌ندییه‌دا، پرسی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که دێته ئاراوه. هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد ئه‌م پرسه کۆمه‌ڵێک ناوچه‌ی ستراتیژیک له‌به‌ر ده‌گرێ که هه‌م له بواری سیاسه‌تی جوغرافیایی و هه‌م جوغرافیای سیاسییه‌وه گرینگیی تایبه‌تی خۆیانیان هه‌یه‌و له راستیدا بۆ کورده‌کان چاوپۆشی لێکردنی ئه‌سته‌مه‌و راده‌ستکردنی به‌شێک له خاکی کوردستانه‌و له بواری مێژوویی، جوغرافیایی و پێکهاته‌ی هه‌نووکه‌یی حه‌شیمه‌تی‌و کولتووریه‌وه له چوارچێوه‌ی خاکی کوردستاندا جێ ده‌گرن و به‌شێکی دانه‌بڕاوه له خاکی کوردستان بوون. له لایه‌کی دیکه‌وه حه‌شیمه‌تێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی ئازه‌ری له‌و شار‌و ناوچانه‌دا نێشته‌جێن و ئه‌وانیش به راده‌ی کورده‌کان خاوه‌نی ئه‌و خاکه‌ن و خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و مافانه‌ن که کورده‌کان لێ به‌هره‌مه‌ند ده‌بن. له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی که دۆخه‌که‌ی ئاڵۆز‌و هه‌ستیار کردووه ئیدیعای سه‌رزه‌مینی و ئازه‌ربایه‌جانی‌بوونی ئه‌و شارانه‌و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی که له‌م نێوه‌دا، حه‌ق به کورده‌کانه یان ئازه‌رییه‌کان خۆی له خۆیدا مژارێکی تایبه‌ت و باس هه‌ڵگره که پێویسته زۆر به هۆشیارییه‌وه ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه، چوونکه حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه که هه‌ستیارییه‌کی سیاسی – مه‌زهه‌بیی تۆخ به سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا زاڵه. باشترین میکانیزم بۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکییه‌کان، میکانیزمی دێموکراتیکه، واته راپرسی و گه‌ڕانه‌وه‌ی دێموکراتیک بۆ ده‌نگی خه‌ڵکی ئه‌و شوێنانه، ئه‌نجامێک که له‌سه‌ر بنه‌ماو پێوه‌ری جوغرافیایی، قه‌ومی و ویستی زۆربه‌ی دانیشتووان دیاری ده‌کرێ. چوونکه خه‌ڵکی ناوچه ناکۆکه‌کان ته‌نیا که‌سانێکن که ده‌توانن بڕیار بده‌ن که ده‌یانه‌وێت له چوارچیِوه‌ی کامین کیانی سیاسی و سه‌رزه‌مینیدا درێژه به ژیانی هاوبه‌شیان بده‌ن. چونکه ئه‌و خه‌باته‌ی لانیکه‌م به درێژایی زیاتر له نێو سه‌ده‌ی رابردوو له کوردستاندا له ئارادایه، خه‌باتێکی میللی – دێموکراتیکه که نێواخنێکی ئۆمانیی هه‌یه‌و له گوتاری خۆیدا باس له پابه‌ندی به جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌کانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنه پێوه‌ندیداره‌کانی ده‌کات و له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌و وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تی، هه‌روه‌ها دۆستایه‌تی و رێزگرتن له سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێکهاته‌کانی‌تر به تایبه‌ت له کوردستاندا، چالاکی ده‌کات. گوتار‌و سیستمێک که له ئه‌گه‌ری پێبه‌ندی به دروشم و به‌رنامه‌کانی خۆی به هیچ له‌وانێک ناتوانێ به پێچه‌وانه‌ی خواست و ویستی دانیشتووانی کوردستان سیاسه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وت بکات. فاکته‌رێکی دیکه که پێویسته له به‌ر چاوی بگرین، ئه‌مه‌یه که له نێوان گرینگی و به‌های خاک و مرۆڤدا، کام یه‌کیان ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌یه‌و بۆ ئێمه له سه‌رتره. چۆنیه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه به‌رانبه‌ر به پرسیارێکی ئاوه‌ها به جۆرێکیش روونکه‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی ئێمه له‌هه‌مبه‌ر چاره‌سه‌ری پرسه‌کانه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی که کاتی خۆی به‌نی‌سه‌در، له سه‌رده‌می سه‌رکۆماری خۆیدا گوتبووی:" خاکی کوردستان بۆ ئێمه گرینگه نه‌ک خه‌ڵکه‌که‌ی".
له لایه‌کی دیکه‌وه هێندێک دڵگرانی و ناخۆشیی نه‌خوازراو له نێوان هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و ئازه‌ریدا هه‌یه که هێزه کوردی و ئازه‌ریه‌کان به ئاسانی ده‌توانن بیسڕنه‌وه‌و به‌ستێنی پێکه‌وه کارکردنی هه‌ر دوو نه‌ته‌وه بڕه‌خسێنن. بۆ نموونه حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی دۆخ و هه‌لومه‌رجێکی وه‌هادا، به‌هاری ئه‌مساڵ هاوکات له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی ته‌قه‌کردن له متینگی حیزب له نه‌غه‌ده‌و سازبوونی شه‌ڕێکی خوێناوی، خویندنه‌وه‌یه‌کی به‌ڵگه‌مه‌ندو ره‌خنه‌گرانه‌ی له‌وباره‌وه ئه‌نجام دا‌و هه‌ڵه‌و که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی هه‌موو لایه‌نه‌کانی به بێ ده‌مارگرژی ده‌ستنیشان و ئاراسته‌ی بیرورای جه‌ماوه‌ری کرد. کرده‌وه‌یه‌ک که له لایه‌که‌وه گه‌وره‌یی و به‌رپرسایه‌تی حیزبی دێموکراتی نیشان دا‌و له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌توانێ تا راده‌یه‌کی زۆر یارمه‌تی به ساڕێژبوونی برینه‌کان و جێگیربوونی کولتووری وه‌ڵامدانه‌وه، شه‌فافییه‌ت و لێبوورده‌یی بدات.
هه‌روه‌ها پابه‌ندی لایه‌نه‌کان به کردار‌و گوتاری دێموکراتیک و هه‌ڵسوکه‌وتی ئۆمانی و مافته‌وه‌رانه که جیاوازی له نێوان مرۆڤه‌کان و ئیتنیکه‌کاندا دانه‌نێت و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و فاکته‌ری ئابووری و هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی رۆڵی چاره‌نووسساز ده‌گێڕن.
له‌م راستایه‌دا، ئه‌زموونی کوردی باشوور‌و هه‌رێمی کوردستان و هۆکاره‌کانی نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێ گه‌ڵێک وانه‌ی به‌نرخمان فێر بکات ئه‌گه‌ر توانای وانه وه‌رگرتنمان له مێژوو هه‌بێت و به‌رانبه‌ر به دیرۆکی خۆمان نه‌زان نه‌بین...
2- وه‌ڵامێک بۆ پرسیاری دووهه‌م: چۆنه ئازه‌رییه‌کان له دوای رووخانی کۆماره‌که‌یان جارێکی دیکه په‌نایان بۆ چه‌ک نه‌برده‌وه و خه‌باتی سیاسی‌یان ئیختیار کرد، به‌ڵام کورده‌کان له سبه‌ینێی رووخانی رژیمی پاشایه‌تیدا چه‌کیان هه‌ڵگرت؟
کاتێک باس له دامه‌زراندنی کۆماری ئازه‌ربایجان و کوردستان ده‌که‌ین، وه‌ک یه‌کیه‌کییه‌که‌یان ته‌نیا له رواڵه‌تدایه و له بنه‌ما و نیوه‌ڕۆکدا زۆر پێکه‌وه جیاوازن. باشترین به‌ڵگه‌ش شێوازی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و دوو کۆماره له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییاندا بووه.راسته هه‌ر دوو کۆماره‌که له لایه‌ن یه‌کیه‌تیی سوڤیه‌ته‌وه پشتیوانی ده‌کران به‌ڵام کۆماری ئازه‌ربایجان فیکرییه‌تێکی ده‌ره‌کیی ئاراسته‌کراو بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی ئامانج و مانیفیستێک بوو که له گه‌ڵ رۆحییه‌تی کۆمه‌ڵگای ئازه‌ربایجاندا ناته‌با و بێگانه بوو و له‌و ماوه‌دا به هۆی سته‌م و زه‌خت و گوشاری هه‌مه‌لایه‌نه خه‌ڵکی ئازه‌ری لێ به زاڵه هاتبوون و به‌ر له گه‌یشتنی ئه‌رته‌شی ئێران و خۆیان په‌لاماری دامه‌زراوه‌کانی ئازه‌ربایه‌جانیان دا. نه‌گونجاوییه‌ک که له کاتی رووخانی کۆماره‌که‌دا به ته‌واوی ده‌رکه‌وت و خه‌ڵکه‌که پاڵیان به حکوومه‌ته‌که‌وه‌دا و پشتیان له ده‌سه‌ڵاتی خۆیان کرد. به‌ڵام له کوردستاندا ئاراسته‌ی رووداوه‌کان چ له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆمارداو چ له کاتی رووخاندا به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئازه‌ربایجان بوو. سه‌رده‌مێک که وه‌کوو قۆناغی زیرَین و وه‌رچه‌رخان و رۆژی دامه‌زراندنی به "رۆژی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان" ناودێرکراوه و بۆ یه‌که‌مین جار کورد له‌و وێستگه مێژووییه‌دا بۆته خاوه‌نی کیان و سه‌ره‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌یی خۆی و به پێی ویست و ئیراده‌ی ئازادی خۆی چاره‌نووسی خۆیی دیاری کردووه.
ئازه‌رییه‌کان پێش له دامه‌زراندن و رووخانی کۆماره‌که‌یانیش ده‌ستیان بۆ چه‌ک نه‌بردوو تا پاش ئه‌وه که‌ڵکی لێوه‌رگرن، له حاڵێکدا کورده‌کان به‌ر له دامه‌زراندنی کۆماریش چه‌ندین سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کدارانه‌یان وه‌کوو: شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری ، سمکۆ، سه‌ردار ره‌شی ئه‌رده‌ڵان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کورد و دژی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌رێوه بردبوو. به درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوو، زنجیره پاشایه‌تییه‌کانی ئێران وه‌کوو: سه‌فه‌وی و قاجارییه تورک بوون و له‌م نێوه‌شدا، ته‌ورێز وه‌کوو پایته‌ختی ئازه‌ربایه‌جان و ناوه‌ندی رووناکبیری ئازه‌ری له ئێران‌دا هاوته‌ریب له گه‌ڵ تاران و ئیسفه‌هاندا بایه‌خ و سه‌رنجی تایبه‌تی پێدراوه و هێندێکجاریش رۆڵی پایته‌ختی وڵاتی هه‌بووه.بۆیه ده‌توانین بڵێین ئازه‌رییه‌کان هه‌میشه له ئاستی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران‌دا له کۆنه‌وه تا هه‌نووکه له پله‌ی یه‌که‌م یان دووهه‌مدا جێیان گرتووه. ته‌نانه‌ت پاش سه‌رکه‌وتنی گه‌لانی ئێران له ساڵی 57یش ، ئازه‌رییه‌کان هێزی سه‌ره‌کیی له بواری سیاسی و ئابووریدا بوون. خامنه‌یی رێبه‌ری هه‌نووکه‌یی رێژیم، میر‌حوسێن مووسه‌وی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو، بازه‌رگان یه‌که‌مین سه‌رۆک وه‌زیرانی پاش شۆرش و...، هه‌روه‌ها له هه‌موو کابینه‌کانی ده ده‌وڵه‌تی پاش شۆڕش به‌شێکی به‌رچاوی وه‌زیره‌کان ئازه‌ری بوون. له لایه‌کی دیکه‌وه ته‌ورێز هه‌میشه یه‌کێک له ناوه‌نده گرینگه‌کانی پیشه سازی ئێران و ئازه‌رییه‌کان له ساماندارترین بازرگانانی وڵات بوون، لایه‌نێک که یارمه‌تیده‌ری پێوه‌ندی چڕ‌و پڕی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و ئازه‌رییه‌کان له ئێران‌دا بووه. هه‌روه‌ها فاکته‌ری مه‌زهه‌بی هاوبه‌ش له نێوان ئازه‌رییه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانی حاکم له ئَێراندا خاڵێکی دیکه‌ی پێکه‌وه گرێدان و هه‌ڤاڵبه‌ندییه‌تی ئازه‌رییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بووه.
ئه‌م هۆکارانه وایکردووه که به درێژایی لانیکه‌م پێنجسه‌د ساڵی رابردوو، ئازادی سیاسی، مه‌زهه‌بی و ئابووری ئازه‌رییه‌کان و ناوچه ئازه‌ری نیشنه‌کان له ئێران‌دا به به‌راورد له گه‌ڵ کورده‌کان و ناوچه‌ی کوردنشین باشتر و له سه‌رتر بێت. خاڵێک که هاوکات بۆته ئامیانی ئه‌وه‌ی که ئازه‌رییه‌کان ئه‌وه‌نده وا هه‌ست به خاڵی هاوبه‌ش و به‌رژه‌وندی هاوبه‌ش له نێوان خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌کانی حاکمدا بکه‌ن له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی کولۆنیی کورد هه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندی و هاوخه‌باتی نه‌که‌ن و وێنا‌و زه‌یینیه‌تێکی وایان بۆ دروست بکرێ که به چاوی نه‌یارو ره‌که‌به‌ره‌وه ته‌واشای کورده‌کان بکه‌ن. بۆیه ده‌توانین بڵێین هه‌میشه به‌ستێن و ده‌رفه‌ت و بوارێکی ئاماده‌و ره‌خساو بۆ به‌شداری و رۆڵگێرانی ئازه‌رییه‌کان له ئاستی به‌رزی ده‌سه‌ڵاتداری له ئێران‌دا مسۆگه‌ره. ده‌رفه‌تێک که به قیمه‌تی دواکه‌وتوویی و لاوازبوونی کولتوور‌و نه‌ریت و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ری وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ته‌واو بووه. چونکه ئازه‌رییه‌کان هیچ کات وه‌کوو ئازه‌رییه‌ک به به‌هرمه‌ندبوون و مافی خاوه‌نبوون له ناسنامه‌ی تایبه‌ت و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌شداری ده‌سه‌ڵات نه‌بوون به‌ڵکوو وه‌کوو ئێرانییه‌ک که ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پشت گوێ خستووه‌و خۆیی له قه‌ره‌ی نه‌داوه، له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ئارایی بووه‌و رۆڵی گێڕِاوه.
ئازه‌رییه‌کان ته‌نیا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به ئاشکراو ئه‌ویش له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک له چالاکڤانانیان پرسی نه‌ته‌وه‌یی و داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیانیان ورووژاندوه‌و ساڵانه له ساڵرۆژی له دایکبوونی بابه‌کی خوڕه‌م دین به کۆبوونه‌وه له "قه‌ڵای بابه‌ک"، یان رۆژی جیهانی" زمانی زگماکی " و ... داوای مافه‌کانی خۆیان کردووه. ترۆپکی ئه‌م داواکارییه و به‌ره‌نگارییه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی کۆتایی به‌هارو سه‌ره‌تای هاوینی ساڵی 85ی هه‌تاوی له هه‌مبه‌ر کاریکاتۆری رۆژنامه‌ی ده‌وڵه‌تیی "ئێران" بوو که له‌وێدا بێ رێزی به ئازه‌رییه‌کان کرابوو. کاریکاتۆرێک که کاریکاتۆریسته‌که‌شی لاوێکی ئازه‌ری به ناوی " مانا نیستانی" بوو.
به‌ڵام ئه‌و کاره توانی شوکێکی کاریگه‌ر له ئازه‌رییه‌کان بدا‌و شه‌پۆلێکی به‌رینی به خۆدا هاتنه‌وه بهێنێته‌وه ئاراوه. رووداوێک که ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماند هێزێکی په‌نگراو یان ژیله‌مۆیه‌ک له ناوچه ئازه‌ری نشینه‌کاندا هه‌یه که ئه‌گه‌ر رێبه‌ری و کاناڵیزه بکرێ به‌ئاسانی ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێران به پێکۆڵ و کێشه وبه‌ره راکێشێت. هه‌ڵبه‌ت جێگه‌ی ئاماژه‌یه پاش رابوونه‌کانی ساڵی 85 چالاکی شوناسخوازی و ناسنامه‌ته‌وه‌ری له ئازه‌ربایه‌جاندا ره‌وتێکی خێراتری به خۆیه‌وه گرتووه و کۆماری ئیسلامیش زۆر توندوتیژانه له گه‌ڵ چه‌له‌نگانی ئه‌م بواره‌دا رووبه‌ڕوو بۆته‌وه‌و هه‌ڵسووکه‌وتی کردووه. به‌م پێیه، مه‌زهه‌ب، پێوه‌ندی بازرگانی و به‌شدارییان له ده‌سه‌ڵاتی وڵات‌دا پاڵنه‌رێک بووه بۆ ئه‌وه‌ی که ئازه‌رییه‌کان به دوای ئارمانجه‌کانی خۆیان له ناوه‌ندی وڵات و له نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بن. هه‌روه‌ها له بیرمان نه‌چێت که وڵاتانی تورکیه و ئازه‌ربایه‌جانیش به جۆرێک له جۆره‌کان، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌خۆ یارمه‌تیده‌رو پشتیوانی ئازه‌ریه‌کانی ئێران بوون و هیچکات به چاره‌نووسی ئازه‌ریه‌کانی ئێران بازرگانییان نه‌کردووه‌و له سه‌ریان رێ نه‌که‌وتوون. هاوکاتیش ئازه‌ریه‌کان هه‌میشه دڵخۆش به‌وه‌بوون که بوونی ئه‌و دوو وڵاته له دراوسییه‌تییانه‌وه ده‌توانێ پاڵپشتێکی متمانه‌پێکراو لانیکه‌م بۆ بووژاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگییان له دوارۆژدا بێت. له حاڵێکدا وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان هه‌میشه به‌رانبه‌ر به کورد پلان و پیلانی قڕکردن و په‌رواێزخستن و سڕینه‌ه‌ی پێکه‌وه‌یی و چه‌ند قوڵییان هه‌بووه.
سه‌باره‌ت به کورده‌کان له بیرمان نه‌چێت که به پێچه‌وانه‌ی ئازه‌رییه‌کان، خاک و خه‌ڵکی کوردستان به سه‌ر چوار وڵات‌دا دابه‌شکراوه‌و له هه‌موو بواره‌کانی سیاسی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی رووبه‌ڕووی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی سیستماتێک بۆنه‌ته‌وه‌و هیچکات ده‌رفه‌ت و بوارێکیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه که به‌شداری ده‌سه‌ڵات و سامان و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ری له وڵات‌دا بن ته‌نانه‌ت ئه‌و کوردانه‌ش که له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات که‌وتوون، دوایی خۆیانیش بوون به قوربانی و هیچ حیسابێکیان بۆ نه‌کرا، تاقمی حه‌وت که‌سی و مه‌کته‌بی قورئان به رێبه‌ری کاک ئه‌حمه‌دی موفتی زاده ده‌توانن نموونه‌گه‌لێکی باش بن. له لایه‌کی دیکه‌وه جیاوازی مه‌زهه‌بی به‌شێک له‌کورده‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌کانی حاکم و هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی حاکم له گه‌ڵ وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان بۆ سه‌رکوتی کورده‌کانی پارچه‌کانی دیکه هۆکاری که‌لێنێکی قووڵ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له یه‌کتر بووه. هه‌ڵبه‌ت فاکته‌ری وشیاری کوردیش به گشتی له‌م نێوه‌دا بێ کاریگه‌ر نه‌بووه. هه‌روه‌ها له بیرمان نه‌چێت که ئه‌مه کورده‌کان نه‌بوون که پاش رووخانی رێژیمی پاشایه‌تی چه‌کیان هه‌ڵگرت. به‌ڵکوو کۆماری ئیسلامی بوو که شه‌ڕی به سه‌ر کورده‌کاندا سه‌پاندوو ناچاری کردن که رێگای به‌ره‌نگاریی چه‌کدارانه له پێش بگرن. شایه‌د ئاماژه به گرتنی پادگانی مه‌هاباد بکرێت، ئه‌و رووداوه له‌و قۆناغه زه‌مه‌نیه‌دا رووداوێکی زۆر ئاسایی و پێویست و چاوه‌روانکراو بووه، هه‌روه‌ک له شوێنه‌کانی دیکه‌ی ئێرانیشدا جێبه‌جێ کراوه. له لایه‌کی دیکه‌وه له بیرمان نه‌چێت ئه‌مه کورده‌کان بوون که به هۆی سیاسه‌تی لۆژیکی و ئاشتیخوازانه‌و واقیع بینانه‌ی خۆیانه‌وه به‌رده‌وام غه‌دریان لێکراوه، هه‌روه‌ها تیرۆری دوکتور عه‌بدولره‌حمان قاسملوو، رێبه‌ری کورد له سه‌ر مێزی وتووێژ، ئاخۆ رێگه‌ی ئه‌وه‌مان پێده‌دات که کورده‌کان تاوانبار به له پێشگرتنی خه‌باتی چه‌کداری بکه‌ین؟!
نیلسۆن ماندێلا ده‌ڵێت:" هه‌میشه زاڵمه شێوازی خه‌بات دیاری ده‌کات نه‌ک زوڵم لێکراو. ئه‌گه‌ر زاڵم له توندوتیژی که‌ڵک وه‌رگرێت، زوڵم لێکراویش رێگایه‌کی جگه له ده‌ست بردن بۆ توند‌و تیژی نییه. سه‌باره‌ت به ئێمه، خه‌باتی چه‌کدارانه‌و توندوتیژی ته‌نیا شێوه‌یه‌کی ره‌وای به‌رگری له خۆمان بوو. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بڕیاری بدایه که له شێوازه‌کانی ئاشتیخوازانه که‌ڵک وه‌رگرێت، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌فریقاش له مێتۆدی ئاشتیخوازانه که‌ڵکی وه‌رده‌گرت. ئیدانه‌کردنی توندوتیژی له ئه‌ستۆی ئێوه‌دایه نه ئێمه".
gerus46@yahoo.com