فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر،
كه‌سایه‌تییه‌كی قاره‌مان‌و هێمای به‌رخۆدان
"به‌شداری نه‌كردن له خه‌بات دژ به نادادپه‌روه‌ری‌و یاساكانی نادادپه‌روه‌رانه، خۆی له خۆیدا كرده‌وه‌یه‌كی توند‌وتیژانه‌یه". "گاندی"
نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌كوو هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ژیانی، نه‌یتوانیوه مێژوو‌و به‌سه‌رهات‌و وبیره‌وه‌رییه‌كانی رۆژان‌و ساڵه‌كانی به‌رخۆدان‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شی تۆمار بكات‌و هێماكان‌و قاره‌مانه‌كانی به‌رخۆدان بكاته سه‌رنموونه‌و، بۆ هه‌میشه وانه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌كانی ئه‌وان له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، له مردن رزگار بكا‌و بۆمانی بگێڕێته‌وه.
گومان له‌وه‌دا نیه كه كورد به هه‌زاران كه‌سی سه‌مبول‌و فیداكاری بووه كه نه‌ترسانه‌و بوێرانه دڕدانیان له تاریكی داوه، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بۆچی نه‌مانتوانی به لانی كه‌مه‌وه، "سه‌مه‌د بێهڕه‌نگی" یان "خوسره‌و گوڵسورخی"یه‌كمان هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئێمه كه‌سانێكی ناودارو خه‌باتگێڕ وه‌كوو "میرزاده‌ی عیشقی"، خه‌ڵكی شاری قوروه‌و "لاهووتی" خه‌ڵكی كرماشانمان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وان بوونه مڵكی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست‌و ئێمه‌ش قه‌ت نه‌مانزانی ئه‌وان له ئێمه‌ن.
سه‌یرتر له هه‌موو ئه‌مانه هۆنراوه‌ی "قوتابخانه"ی مامۆستا شه‌ریف له نامیلكه شێعری "ملوانكه‌ی شین"دا بوو، شێعرێك كه له ماوه‌ی ته‌مه‌نی 30ی ساڵه‌ی خۆیدا وێردی سه‌ر زمانی زۆر قوتابی‌و مامۆستا‌و خه‌ڵكی خوێنده‌وار‌و ره‌شۆكی بوو، خه‌ڵك باوه‌ڕ‌و متمانه‌یه‌كی ته‌واوی به راسته‌قینه بوونی گێڕانه‌وه‌ی نێوه‌ڕۆكی ئه‌و رووداوه بوو، تا ئه‌وه‌ی كه 29 ساڵ پاش هۆنینه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاته، مامۆستای قوتابخانه‌و قاره‌مانی شێعری قوتابخانه‌ی ملوانكه‌ی شین به سیما‌و ناونیشان‌و به ئه‌ندێشه ده‌بێته ئاشنا‌و په‌رۆشیی هه‌موو ماڵه كوردستانییه‌ك. كاتێك كه رۆژی 10/11/1386 (1/2/2008)، لقی 30ی دادگای شۆڕشی تاران پاش 18 مانگ به‌ندیخانه‌ی تاكه‌كه‌سی‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان له دادگاییكردنێكی 7 خوله‌كیدا، به بێ ئه‌وه‌ی رێگا بدات، پارێزگاری له خۆی بكات، بڕیاری له سێداره‌دانی مامۆستای قوتابخانه‌كانی كوردستان، فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، به تاوانی تیرۆریست بوون‌و شه‌ڕكردن له گه‌ل خودا، به‌ڵام له راستیدا خۆشه‌ویستی نیشتمان‌و باوه‌ڕمه‌ندی به زانین‌و زانیاری‌و تێكۆشان له پێناوی وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی‌و به‌رگری له مافی مرۆڤایه‌تی‌دا، په‌سند ده‌كات.
فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر ، مامۆستای 33 ساڵه‌ی كامیارانی كه له ژوئیه‌ی ساڵی 2006دا دهستبهسهرو له گرتووخانه‌كانی ئێوینی تاران، به‌ندیخانه‌كانی ئیتلاعاتی كرماشان‌و سنه‌و ره‌جایی‌شاری كه‌ره‌جدا راگیراوه، خاوه‌نی 12 ساڵ پێشینه‌ی مامۆستایه‌تی، ئه‌ندامه‌تی له لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی شاری كامیاران‌و به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی، ئه‌ندامی شوورای نووسه‌رانی مانگنامه‌ی فه‌رهه‌نگی ـ فێركاریی "رۆیان"، ئه‌ندامی لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزی كامیاران (ئاسك)و ئه‌ندامی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان‌و كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مافی مرۆڤـ له ئێران‌دا بووه.
"سه‌مه‌د بێهره‌نگی"، مامۆستای قوتابخانه‌و نووسه‌ری ئازه‌ری زمان‌و "خوسره‌و گوڵسورخی" شاعیر‌و شۆڕشگێڕی فارس زمان ساڵانێكه كه له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان‌و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی به ئێرانی ناوزه‌دكراویش بایه‌خیان پێده‌درێت‌و رێزیان لێ ده‌گیرێت‌و وه‌كوو قاره‌مان‌و هێمای به‌رخۆدان ناسراون‌و به‌رده‌وامیش هه‌وڵی ناساندنی زیاتریانیش ده‌درێت، كه بێ‌گومان شایانی ئه‌و ناوانه‌شن.
كورد له‌م به‌شه‌شدا دوشدامان‌و هه‌ژارییه‌ك به‌خۆوه ده‌بینێت، چونكی توانا‌و تێگه‌یشتنی ته‌واوی له به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌مبۆله‌كان‌و گرینگی‌و كاریگه‌ری رۆڵی هه‌تایی ئه‌وان له قۆناخی پێش‌و پاش رزگاریدا نه‌بووه، یان به حیزبی كردنی هه‌موو دیارده‌كان‌و قوربانی كردنی تاك له پێناو هێژمۆنی خوازیدا تارماییه‌كی دروست كردووه كه ئێمه‌ی كورد توانای ناسكردنی هێما‌و هه‌ست به خاوه‌نداریكردن له هێماكانمان نه‌بێت.
له‌م نێوه‌دا مامۆستا فه‌رزاد، بێ كاریگه‌ری‌و ویستی هیچ لایه‌نێك ده‌بێته خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی قاره‌مان‌و هێمای به‌رخۆدان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.ئێمه كاتێك سه‌رنجی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی "سه‌مه‌د"و "خوسره‌و" ده‌ده‌ین، ده‌بینین فه‌رزاد نه ته‌نیا خاوه‌نی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه، به‌ڵكوو خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی جیاوازتر‌و سه‌رتر له‌وانیشه، ئه‌گه‌ر خولیای "سه‌مه‌د" خوێندنی منداڵانی ئازه‌ری به زمانی خۆیان‌و پێناسه‌یه‌كی جیاوازتر له ژیان‌و مه‌رگ بوو، یان "خوسره‌و" به‌دوای دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌سته‌به‌ربوونی ئازادی‌دا بوو، "فه‌رزاد" هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌مانه بوو. مامۆستا فه‌رزاد به كرده‌وه، بیركردنه‌وه‌و تێفكرینی فێری قوتابییه‌كانی كردبوون تا نه ته‌نیا ئه‌ندێشه‌كان به‌ڵكوو ئه‌ندێشه كردنیش ناس بكه‌ن. ئه‌و زمانی زگماكییانی فێر ده‌كرد‌و به خوێندنه‌وه‌ی سروودی "خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی" به شێوه‌ی كۆرس‌و له داوێنی شاخ‌و ده‌رو ده‌شتی كوردستاندا، فێری خۆشه‌ویستی نیشتمانیانی ده‌كرد تا ماسییه ره‌شه بچكۆلانه‌كان رێگای ده‌ریا‌و رووبار قه‌ت ون نه‌كه‌ن. به نووسینی نامه‌كانی بۆ منداڵان له نێو گرتووخانه‌دا، جیا له به‌دیهێنانی شێوازێكی نوێی به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه له رۆژهه‌ڵات‌و ئێران‌دا، توانی بێده‌نگی بكاته گه‌وره‌ترین هاوار‌و دابڕان بكاته هۆكارێك بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌و به یه‌ك گه‌یشتنێكی هه‌تاهه‌تایی.
تێكۆشانی ئه‌و له پێناوی پاراستنی ژینگه، گرینگی دان به منداڵ‌و مافی منداڵان‌و رێوڕه‌سمی رۆژی منداڵان، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و یه‌كسانی مافه‌كانی ژن‌و پیا‌و‌و لابردنی هه‌ڵاواردنی جێنسی‌و لایه‌نگری له مافی مرۆڤـ‌و به‌رگری له پێشێلكردنی، خه‌بات له‌گه‌ڵ دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده بێهۆشكه‌ره‌كان‌و یارمه‌تی گیرۆده‌بووان به‌و ماددانه، به‌شێك له خه‌باتی ئه‌و له پێناو دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوو. له لایه‌نكی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر "خۆسره‌و" له ره‌وتی دادگاییكردنێكی ئاشكرادا به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی كرد‌و سه‌ره‌ڕۆیی رێسوا كرد، "فه‌رزاد" له قوڵایی چاڵه ره‌شه‌كان‌و له‌نێو وه‌یشوومه‌ی مه‌رگ‌و له‌نێو ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌ی ئاشوتیزی مه‌لاكاندا، جینایه‌ت‌و سته‌مگه‌ریی له‌قاودا، ئه‌و شتانه‌ی وا ساڵانێك بوو كه‌س وره‌ی ده‌ربڕینی نه‌بوو، ئازادانه به‌شێكی زۆری خسته روو.
ئه‌و هه‌روه‌ك "سه‌مه‌د" ده‌ڵێ: "مه‌رگ بۆ من گرینگ نیه، گرینگ ئه‌وه‌یه كه مه‌رگ یان ژیانی من چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ژیانی كه‌سانی دیكه هه‌بێت"، "چلۆن ژیانی به‌سه‌ر چه‌نده ژیان" هه‌ڵبژارد‌و، ئه‌م رێبازه‌ی به‌سه‌رتر‌و به باشتر زانی. هه‌روه‌ك پاش په‌سندكردنی بڕیاری له سێداره‌دانی له‌لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ئێرانه‌وه، گوتی: "ئه‌من له بنه‌ڕه‌تدا هیچ گوناحێكم نه‌كردووه كه داوای لێبوردن بكه‌م... حاڵ‌و رۆحیه‌ی من زۆر باشه... من له مه‌رگ ترسێكم نیه..." هه‌روه‌ها كاتی راگه‌یاندنی بڕیاری له سێداره‌دانی، وێڕای به نایاسایی زانینی بڕیاری دادگا‌و دووری كردن له واژۆی بڕیاره‌كه، به خوێندنی سروودێك جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی درێژه‌دان به به‌رخۆدان‌و نرخ دایین‌و خاوه‌نداری له ئازادی ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌و دۆخ‌و فه‌زایه‌ی كه سه‌مه‌د‌و خۆسره‌و تێیدا ده‌ژیان‌و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی بۆیان ره‌خسابوو‌و له به‌رده‌ستی ئه‌واندا بوو، فه‌رزاد به ته‌واوی لێی بێ‌به‌ری‌و بێبه‌ش بوو. بۆ نموونه گۆشه‌یه‌ك له ره‌نجنامه‌ی فه‌رزاد كه له رێكه‌وتی 23/12/2007، له زیندانی ره‌جایی شاری كه‌ره‌جدا ناردوویه‌ته ده‌ره‌وه، ده‌خوێنینه‌وه: "... تا ده‌یانتوانی قامچییان لێ ده‌دام. ده‌سته‌كانمیان ده‌به‌ست‌و له‌سه‌ر كورسییه‌كه دایانده‌نام‌و شوێنه ناسك‌و هه‌ستیاره‌كانی جه‌سته‌میان گوشار ده‌دا، جلوبه‌رگه‌كانمیان به ته‌واوی له به‌رم ده‌رده‌هێنان‌و وێڕای هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژیكردنی جێنسی، به چێو‌و گۆپاڵ ئازارمیان ده‌دا. پێی چه‌پم له‌م نێوه‌دا به سه‌ختی بریندار بوو. به‌هۆی زه‌ربه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان بۆ سه‌رم‌و شۆكی ئه‌لیكتریكی بێهۆش كه‌وتم، له‌و كاته‌وه كه هاتوومه‌ته‌وه هۆش، تا ئێسته توانای راگرتنی جه‌سته‌م له‌ده‌ست داوه‌و بێ ئه‌وه‌ی كه له ده‌ستی خۆمدا بێ، ده‌له‌رزیم. پێمیان له زنجیر ده‌كرد‌و له رێگه‌ی شۆكی ئه‌لیكتریكی كه كه‌ره‌سته‌یه‌كی بچووك‌و كه‌مه‌ری بوو، شوێنه جۆراوجۆر‌و هه‌ستیاره‌كانی جه‌سته‌میان ده‌دایه به‌ر شۆك...".
له لایه‌كی دیكه‌وه فه‌رزاد مامۆستایه‌كه سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست‌و كوردستانی كۆلۆنیال له ئێرانی سه‌رده‌می مه‌لاكاندا كه هیچ یاسا‌و پڕنسیپێك له واقیعدا به فه‌رمی ناناسێت‌و تا هه‌نووكه‌ش پاش 30 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری واتایه‌ك به‌ناو "تاوانی سیاسی"و "به‌ندكراوی سیاسی" ره‌ت ده‌كاته‌وه. هه‌ر له‌م باره‌وه به‌رپرسی رێكخراوی زیندانه‌كانی ئێران له مانگی مه‌ی 2008دا رایگه‌یاند: "له ئێران‌دا هیچ كه‌سێكمان به‌ناوی به‌ندكراوی سیاسی نیه‌و ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی كه هێندێك جار به نه‌رمی نواندنه‌وه ده‌ڵێن تووشی تاوانی سیاسی بوون له راستیدا تاوانه‌كانیان بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆوده‌له‌سه، تۆمه‌ت وه‌پاڵدان‌و شێواندنی بیروڕای گشتییه". هه‌روه‌ها فه‌رزاد پێشه‌ی مامۆستایه‌تی بوو، كه هه‌نووكه هه‌ستیارترین پێشه له وڵاتی ئێراندایه‌و حكوومه‌ت به توندترین شێوه چاودێری‌و وێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، بۆیه به‌رهه‌ڵستكاری‌و باشاری ده‌سه‌ڵاتێكی توندوتیژ له لایه‌ن مامۆستایه‌كی قوتابخانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا‌و، له نێو به‌ندیخانه‌ی تاكه‌كه‌سی‌و ئه‌شكه‌نجه‌گادا، ده‌رخه‌ری باوه‌ڕمه‌ندییه‌كی قووڵ‌و متمانه به‌خۆبوونێكی وێنا نه‌كراوه كه ته‌نیا له كه‌سایه‌تییه‌ك وه‌كوو فه‌رزاد ده‌وه‌شێته‌وه. فه‌رزادێك كه بۆ قوتابییه‌كانی ده‌نووسێت: "بنووسن ئێش‌و ئازار، بخوێننه‌وه ژیان".
فه‌رزاد به به‌رخۆدانێكی بێ‌وێنه، نه‌ته‌نیا ناوه‌نده مرۆڤدۆسته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست‌و گرینگ‌ترین ناوه‌نده‌كانی لایه‌نگری مافی مرۆڤی له ئاستی جیهاندا ناچار به هه‌ڵوێست گرتن‌و به‌ده‌نگ هاتن كرد، به‌ڵكوو جووڵانه‌وه‌و بزاڤێكی جه‌ماوه‌ری‌و رۆشنبیریشی له رۆژهه‌ڵاتدا بۆ پشتیوانی له به‌ندكراوانی سیاسی، وێژدانی‌و خاوه‌نداری له رۆڵه‌كانی بیرمه‌ندی كورد، وه‌كوو به‌نرخترین سامانه‌كانی نه‌ته‌وه له‌نێو به‌ندیخانه‌كانی ئێران‌دا، خسته رێ. گه‌ل كاتێك نامه‌كان‌و هه‌ڵوێسته دلێرانه‌كانی فه‌رزادیان له نێو به‌ندیخانه‌كانه‌وه پێگه‌یشت، جگه له خه‌می ته‌نیایی‌و هه‌ستكردن به جۆرێك بێ خاوه‌نی‌و بێكه‌سی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، به به‌رخۆدانه‌كانی فه‌رزاد وره‌یان گرتوو، ترسیان شكاو، به‌خۆدا هاتن. بۆ نموونه مانگرتنی خه‌ڵك له به‌رده‌م خانه‌ی دادی سنه له رێكه‌وتی 19/7/2008و پاشانیش له شاره‌كانی مه‌ریوان، مه‌هاباد، كامیاران‌و ماڵی دایكی فه‌رزاد له‌و شاره‌و ئاماده‌كاری بۆ مانگرتنی ناڕه‌زایه‌تی له تاران‌دا دژ به بڕیاری له‌سێداره‌دانی فه‌رزاد‌و پشتیوانی به‌رینی مامۆستایانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ناوبراو، ده‌ستپێكی بووژانه‌وه‌و، بزووتنه‌وه‌یه‌كی درێژه‌دارو وشیاری به‌خشه كه پێوه‌ندییه‌كی راستهوخۆو بێ ئه‌ملا‌و ئه‌ولای به به‌رخۆدانی مامۆستا فه‌رزاده‌وه هه‌یه. مامۆستایه‌ك كه ئه‌گه‌ر تا دوێنی ته‌نیا مامۆستای قوتابییه‌كانی بوو، ئه‌مڕۆ مامۆستای خۆشه‌ویستی سه‌رجه‌م گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات‌و ته‌نانه‌ت پارچه‌كانی دیكه‌و ئێرانیشه. له‌م باره‌وه دایكی فه‌رزاد ده‌ڵێت: "فه‌رزاد مرۆڤێكی خۆشه‌ویست‌و له‌به‌ر دڵانه كه بۆ ئازادی خه‌ڵكه‌كه‌ی چالاكیی ده‌كرد، فه‌رزاد ته‌نیا رۆڵه‌ی من نیه، ئه‌و رۆڵه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی نیشتمانه".
بێ‌گومان ده‌ركردنی بڕیاری مه‌رگ بۆ مامۆستا فه‌رزاد، حه‌بیبولڵا له‌تیفی، ئه‌نوه‌ر حسێن په‌نایی، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، فه‌رهاد وه‌كیلی، هیوا بووتیمار، عه‌لی حه‌یده‌ریان، ئه‌رسه‌لان ئه‌ولیایی‌و... هتد، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندووی وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی، ئاشنا بوون له‌گه‌ڵ مافه‌كانی مرۆڤـ‌و شێوازێكی تایبه‌ت له تاقیكردنه‌وه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و رۆشنبیری له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێكی تۆقێنه‌ر‌و داپڵۆسێنه‌ره، كه هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌وڵی ئاسیمیله‌كردنی شوناس‌و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌یه‌وێ سامانه به‌هاداره‌كانی نه‌ته‌وه‌ش كه مرۆڤه بیرمه‌ند‌و ئازاكانی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن، پاكتاو بكات. هه‌روه‌ك "خه‌لیل به‌هرامیان"، پارێزه‌ری فه‌رزاد ده‌ڵێت: "له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه، وێكه‌وتن له‌گه‌ڵ فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، سه‌رچاوه‌گرتوو له جۆرێك "كورد سڕینه‌وه"و درێژه‌ی ره‌وتێكه كه ته‌نانه‌ت له نێوخۆی ده‌زگای قه‌زایی ئێران‌دا، قه‌یران خوڵقێنی ده‌كات". ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌كی دیكه له قڕكردنی هزرو بیره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه كه رێژیمی ئێران به شێوازێكی سیستماتیك خه‌ریكی جێبه‌جێ كردنیه. به‌ڵام به‌رخۆدانی فه‌رزاد تا راده‌یه‌كی به‌رچاو توانیویه به‌ر به‌م پیلانگێڕیه بگرێ‌و رواڵه‌تی راسته‌قینه‌و دیوی ناوه‌وه‌ی رووداوه‌كان ئاشكرا بكات، لانیكه‌م بووه‌ته ئامیانی ئه‌وه‌ی كه به سانایی‌و به خۆڕایی‌و له بێ‌ده‌نگیدا مه‌رگ ئه‌زموون نه‌كه‌ین‌و سێداره‌كان له باوه‌ش نه‌گرین. بۆیه پێناسه‌كردنی فه‌رزاد‌و ناونان‌و ناساندنی وه‌كوو هێمای به‌رخۆدانی زیندانیانی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان مافی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی‌و شایانی هه‌موو گه‌وره‌ییه‌كان‌و رێزلێنانێكی نه‌ته‌وه‌یی‌یه.
ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامی خوازیاری ئه‌وه‌یه كه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری مه‌رگی داسه‌پا‌و به‌سه‌ر فه‌رزاددا ده‌بێ داوای لێبوردن بكات، به‌ڵام فه‌رزاد له دوایین نامه‌ی له نێوخۆی گرتووخانه‌وه نووسیویه: "... ئاخۆ ئه‌من بۆ پاراستنی ژیانی خۆم ده‌بێ داوای لێبوردن بكه‌م؟ كێ داوای لێبوردن بكات كه‌سێك كه هه‌ڵه‌یه‌كی نه‌كردووه، ئه‌ویش له كێ؟ ئاخۆ ئه‌وانه‌ی كه ته‌نانه‌ت یاسای نووسراوی خۆیانیانیش به جاران خستۆته ژێر پێ‌و به یاسای نه‌نووسراو‌و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی خۆیان بڕیاری ئه‌شكه‌نجه‌و ئێعدام ده‌رده‌كه‌ن، له‌م رێگانه‌دا به‌ده‌ست‌و دڵ ئاوه‌ڵایی ته‌واوه‌وه ژیان به‌خشش ده‌كه‌ن، حه‌ق نیه كه ئه‌وان داوای لێبوردن بخوازن، ئه‌وان شیاوی لێبوردن خوازین".
له لایه‌كی دیكه‌وه، "دایه سه‌ڵته‌نه"، شێره‌ژنی دایكی فه‌رزاد كه جارێكی دیكه‌ش، هه‌ڵوێستی شێره‌ژنی شاری سه‌قز، "دایه زه‌رئه‌وشان خانم"ی دووپات كرده‌وه، به جێگه‌ی شیوه‌ن‌و گرتنه‌به‌ری رێگای پاڕانه‌وه، بۆته قه‌ڵای وره‌و هێمای دڵ گه‌وره‌یی‌و ئازایه‌تی‌و به ئاشكرا سیاسه‌تی سه‌ركوت، كوشت‌وبڕو كورد سڕینه‌وه‌ی داگیركه‌ری ئێرانی له‌قاو ده‌دات، هه‌ر وه‌كوو "دایه زه‌رئه‌وشان خانم" بڕوای وایه كه هیچ دوژمن‌و گرتووخانه‌و په‌ت‌و سێداره‌و گۆڕێك، ناتوانێت فه‌رزاد‌و فه‌رزاده‌كان داپۆشێت‌و رێبازی پڕ له شانازییان كوێره‌وه بكات، چونكه ئه‌مڕۆ هه‌موو قوتابییانی هه‌ر یه‌ك فه‌رزادێكن‌و فه‌رزاده‌كانیش خاوه‌نداری له فه‌رزاد‌و فه‌رزاده‌كان ده‌كه‌ن.
هه‌ر وه‌ك "دایه سه‌ڵته‌نه" ده‌ڵێت: "ئامانج‌و مه‌به‌ستی تێكۆشان‌و چالاكیی ئه‌و، ته‌نیا تاكه‌كه‌سێك به‌ناوی فه‌رزاد وه‌كوو كوڕی خۆی نیه، به‌ڵكوو خاوه‌نداری له هه‌موو زیندانیانی سیاسی، هه‌موو فه‌رزاده‌كان‌و كوردستانیانه".
بێ‌گومان ئه‌مڕۆ، قوتابیانی نێو شێعری "قوتابخانه"ی كۆمه‌ڵه شێعری "ملوانكه‌ی شین"، هه‌رگیز هه‌واڵی له سێداره‌دانی مامۆستا قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌مڕۆ قوتابیانی فه‌رزاد، قوتابخانه‌كان، گوند‌و گه‌ڕه‌ك‌و شه‌قام‌و شار، ئه‌مڕۆ كوردستان چاوه‌ڕوانی فه‌رزاده‌و پێویستی به فه‌رزاد‌و فه‌رزاده‌كانه.
* ئه‌م وتاره دوو ساڵ له‌مه‌وپێش له رۆژنامه‌كانی چاودێر‌و میدیا له باشووری وڵات بڵاوبۆته‌وه.