د.قاسملوو،
كه‌سایه‌تییه‌كی دێموكرات و شۆڕشگێڕێكی ده‌روه‌ست
دێموكراسی دۆخ و هه‌لومه‌جێكی بگۆڕه كه له سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و فاكته‌ری گرێ‌دراو یان سه‌ربه‌خۆ بنیات نراوه كه یه‌ك له‌وانه بوونی كه‌سایه‌تیی دێموكراته. چوونكه دێموكراسی وه‌كوو چه‌مك، ره‌وت ، فه‌رهه‌نگ و پرۆسه‌یه‌ك تا هه‌نووكه‌ش ته‌نیا چوارچێوه، شێواز و میكانیزمه كه ده‌توانێ له خزمه‌تی ده‌سته‌به‌ربوونی ئامانج و ئارمانجه‌كانی مرۆڤدا بێت. بۆیه یه‌ك له توخمه سه‌ره‌كیه‌كانی مسۆگه‌ر بوون یان بگۆڕه سه‌ربه‌خۆكانی به‌دیهاتنی له‌و خاڵه سه‌ره‌كیه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
فاكته‌رێك كه نه‌بوونی هاوته‌ریب له گه‌ڵ له‌مپه‌ره ئابووری، سیاسی و كولتوورییه‌كان به یه‌كێك له هۆكارو به‌ربه‌سته گرینگه‌كانی تێپه‌ڕ نه‌بوون له پاشڤه‌ڕۆیی و جێگر نه‌بوونی دێموكراسی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. چوونكه بڕوا و پێبه‌ندی به پره‌نسیپه دێموكراتیكه‌كان پێوه‌ندی به بوونی تاكی دێموكراته‌وه هه‌یه و له نه‌بوونی ده‌روه‌ستییه‌كی وه‌هادا به‌ها دێموكراتیكه‌كان ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ری گه‌شه سه‌ندنیان نابێت و ئاوڕیان لێنادرێته‌وه.
كه‌سایه‌تیی دێموكراتیك دینامیزم و كاتالیزوَری جووڵه‌و بزێوی و جه‌وهه‌ری دێموكراسی یه‌و ته‌نانه‌ت هه‌بوون و له ئارادابوونی یه‌كێك له مه‌رجه پێویستیه‌كانی روودان وهاتنه ئارای گۆڕان و ئاڵوگۆڕ له جڤاتی دێموكراتیكیشه.
ئه‌م چه‌مكه پێناسه‌ی تاكێكه كه چالاكانه له سیاسه‌تی بنیاتنه‌روكاری هه‌ره‌وه‌رزی و خۆبه‌خشانه وتێچووهه‌ڵگر به‌شداری ده‌كا و رۆڵ ده‌گێرێت و له ره‌وتی دێموكراتیزا‌سیۆن دا جگه له باندۆردانان وته‌شك به‌خشین، حه‌ز وتوانای ئاڵوگۆڕ ونوێبوونه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ی به كردار وناخی خۆیشیدای هه‌یه و وه‌ك ئه‌سلێك پێڕه‌و و كرده‌یی ده‌كات و تێده‌كۆشێـت تا بنچینه‌كان و به‌ستێنه‌كانی هزرمه‌ندی، لۆژیك، دلۆڤانی، خاوێنبوون له‌نفره‌ت، چالاكمه‌ندی، ئاوه‌زی گشتی وتوانای به‌رهه‌مهێنان وئافراندن ده‌سته‌به‌ربكرێـت. له ده‌روونناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، " كه‌سایه‌تی دێموكراتیك ئه‌و جۆره كه‌سایه‌تییه‌یه كه به‌هره‌داری به‌شداریكردن له ژیانی گشتیدا بێـت وژیانی سیاسی به پانتای چالاكی نێوان كه‌سانی یه‌كسان بزانێ وله ده‌سه‌ڵاتسه‌پێنێ به سه‌ر كه‌سانی دیكه‌و شوێنكه‌وتنی كوێرانه له خاوه‌نانی هێز دووری بكات".
له‌بیاڤی سیاسه‌تدا،"هارۆڵد لاسوڵ" زانای به‌ناوبانگی ئه‌مریكی، وه‌كوو یه‌كه‌مین كه‌س باس له چه‌مكی كه‌سایه‌تیی دێموكراتیك ده‌كات.ناوبراو كه‌سێـتی یان ئاكارو ره‌وشتی دێموكراتیك به له خۆگری چوار تایبه‌تمه‌ندی ده‌زانێ : یه‌كه‌م، كراوه‌بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوون له ئه‌نجامی پێوه‌ندیی به‌ربڵاو له گه‌ڵ كه‌سانی دیكه‌دا ، دووهه‌م، له‌سه‌ره‌وه‌دانانی به‌ها وپێویستیگه‌ڵێك كه داخوازی كه‌سانێكی دیكه‌شه، سێهه‌م ، متمانه به پاك سروشتیی مرۆڤه‌كان و متمانه به‌خۆبوون، چواره‌م، جێگربوونی ئه‌م سێ تایبه‌تمه‌ندییه له ناخود ئاگای تاكدا.
به پێی پێناسه‌كانی سه‌ره‌وه‌ترو تایبه‌تمه‌ندییه ئاماژه پێكراوه‌كان، د. قاسملوو، نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی كه‌سایه‌تیی دێموكراته. ئه‌گه‌ر دێموكراسی پانتای كرداری مرۆڤی دێموكرات بێ و مرۆڤی دێموكراتیش خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كه‌سی وبوێر له بڕیاردان ولێدوانی راشكاوانه‌دا بێت، قاسملوو ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یه كه له رێگه‌ی خۆ دۆزینه‌وه‌و ۆخۆناسینه‌وه، ناسیارییه‌كی قووڵی له به‌هره شاراوه‌و په‌نگراوه‌كانی، پێگه‌یشتوویی تاكه‌كه‌سی، هزری دادپه‌روه‌رانه، لایه‌نه زه‌ینی و سه‌رنموونه‌ی كرداره سیاسی و میراته فیكرییه دڵخوازه‌كانی په‌یدا ده‌كات. بۆیه به‌رده‌وام جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌ندیشه‌ی دێموكراتیك مه‌رجی پێویسته، به‌ڵام مه‌رجی ته‌واو نیه و پێویسته كه‌ئامووزشی دێموكراسی، ئامووزشی مه‌ده‌نی و ئامووزشی كرده‌وه‌ی پشت به‌ستوو به به‌ڵگه و لۆژیك و قه‌ناعه‌ت پێهێنان جێگر بكرێ و به‌ڕێوه ببردرێـت. له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌ڵێـت :" كادری ئێمه هه‌موو ورده كارییه‌كانی تێكۆشانی رۆژانه‌ی له سه‌ره‌وه‌ڕا بۆ دیاری ناكرێ، چوونكه ئینسانێكی موسته‌قیله، ده‌بێ فیكر بكاته‌وه، خه‌لاقییه‌ت و لێوه‌شاوه‌یی خۆی وه‌گه‌ڕ بخا و ئیبتكار بنوێنێ".
" سه‌ربه خۆیی" ، " بیركردنه‌وه" ، " داهێنه‌ری " ، " شایسته‌یی" و "ئیبتكار"، ئه‌و توخمه سه‌ره‌كیانه‌ن كه جیاكه‌ره‌وه‌ی سنووری نێوان مرۆڤی سه‌ربه‌ست و ئینسانی كۆیله‌ن.
توخمگه‌لێك كه بنه‌ما و مه‌رجی په‌روه‌رده‌ی دێموكراتیك له قوتابخانه‌ی قاسملوودایه.
رێبازێك كه دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانیی كۆمه‌لایه‌تی ، واته " سوسیالیزم" به ته‌نیایی ره‌تده‌كاته‌وه‌و چه‌مكی " سوسیالیزمی دێموكراتیك" كه له‌خۆگری دادپه‌روه‌ربی كۆمه‌ڵایه‌تی، دێموكراسی وئازادی به شێوه‌ی پێكه‌وه‌یی دێنێته ئاراوه. ئه‌مه‌ش پشت راستكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌یه كه بوونی كه‌سایه‌تی و چیه‌تیی دێموكراتیك هۆكاری سه‌ره‌كیی شكڵگرتنی پێكهاته‌ی دێموكراتیكه. بۆیه د.قاسملوو ده‌ڵێ:" مه‌رجی سیاسی بۆ كادرێكی حیزبی بوونی سیمای دێموكراته" و له چوارچێوه‌ی ستراكتۆری سیاسی و فه‌رهه‌نگی سیاسیی حیزبی دێموكرات‌دا، دێموكراسی به شێوه‌ی جه‌وهه‌ری پیاده ده‌كات و مۆڵه‌تی ئه‌وه نادات كه به هۆی هه‌لومه‌رجه تایبه‌ته‌كانی به‌رده‌م حیزب و ئه‌گه‌ری پاشاگه‌ردانی و بشێویی كاتی، دێموكراسی وه‌كوو ئامانجێك بۆ دوارۆژ سه‌یر بكرێ، به‌ڵكوو دێموكراسی ده‌كاته پره‌نسیپ، كردار و باوه‌ڕی رۆژانه‌ی تاك و كۆمای شۆڕشگێڕ. بۆیه ئه‌ڵێ:" نابێ به ته‌حه‌كوم و ده‌ستوه‌ردان وتوند و تیژی و كوێخایانه ره‌فتار له گه‌ڵ ئۆرگانه‌كانی خواره‌وه‌دا بكه‌ین و له گه‌ڵ ئۆرگانی سه‌روه‌ش نابێ ره‌فتارمان چاپلووسی وته‌مه‌لوق و پێداهه‌ڵگوتن بێ". له به‌رانبه‌ریشدا، بایه‌خ به عه‌قڵییه‌تی ره‌خنه‌گر، چاكسازیخواز و ئافرێنه‌ر ده‌دات و ده‌ڵێ:" له حیزبێكی وه‌ك ئێمه‌دا كه حیزبێكی دێموكراته، جیاوازیی بۆچوون و نه‌زه‌ر پێش بڕیار دان ئازاده". بۆ گه‌یشتن به‌م كولتووره و بنیاتنانی وه‌ها سیستمێكی په‌ره‌وه‌رده‌یی له حیزبی دێموكرات‌دا، هه‌ڵوێٍـست وكرداری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی قاسملوو ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه له مه‌كته‌ب وروانگه‌ی ئه‌وه‌وه كارامه و به‌تواناكردنی تاك یان ئه‌ندامانی حیزبی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ ده‌رخستنی به‌هره‌و نواندنی تواناكانیان گرینگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به جێگه‌ی كه‌سانی مۆره، شوێنكه‌وتوو و فه‌رمانبه‌رانی بێ بیركردنه‌وه و لاساییكه‌رانی دۆگم و ژێرده‌سته، گرینگی به كه‌سانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست، خاوه‌نبیر، ئامیار و بڕیارده‌ر ده‌دات. ئه‌م شێوازی په‌روه‌رده‌یه یارمه‌تیی ئه‌ندام ده‌دات كه رێگای خۆی بدۆزێته‌وه‌و، لایه‌نه به هێز ولاوازه‌كانی خۆی بناسێت وتوانای به ته‌نیا حه‌ره‌كه‌تكردنی ببێ و زاڤری خاوه‌نداری له ئازادیی هه‌بێت. له لایه‌كی دیكه‌وه، د.قاسملوو هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه‌زانین وناسینی دێموكراسی له حاڵه‌تی تاكه‌كه‌سی ده‌ربهێنێت و به پێكهاته، دامه‌زراوه‌و كرده‌یی بكات. چوونكه له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دا بووه كه تێگه‌یشتن له دێموكراسی وئازادی، وێرای پێگه‌یشتن، توانای ناسینی راستی، ئاگایی له هه‌لومه‌رجی هه‌بوو و راسته‌قینه، واقعبینی، دادوه‌ریی بێ لایه‌نانه و دروست و به‌ریبوون له دیماگوژی وده‌مارگرژی به‌مرۆڤ ده‌به‌خشێت. بۆیه"خراپترین دێموكراسی له باشترین دیكتاتۆری پێی باشتره" و جه‌خت ده‌كاته‌وه كه " دێموكرات له به‌ستراوه‌یی بێزاره" و "دژی تاكڕه‌وی و به‌كه‌مگرتنی هاوڕێیانی حیزبی به گشتی و مرۆڤ به تایبه‌تی یه"، " هه‌رچه‌شنه ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی و فاشیزم و مه‌زنی خوازییه‌ك مه‌حكووم ده‌كا" و "دژی هه‌رچه‌شنه چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی ئاده‌میزاد به‌ده‌ستی ئادمیزاده". ته‌نانه‌ت شه‌هید قاسملوو بۆ گشتاندنی فه‌رهه‌نگی دێموكراتیك و په‌ره‌وه‌رده‌ی كه‌سێتی دێموكراتیك كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری دیكه ده‌ستنیشان ده‌كات . بۆ نموونه ده‌ڵێ:" حیزبی ئێمه ئیمانێكی قووڵی به دێموكراسی و هاوژیانی دێموكراتی وپلورالیسمی سیاسی هه‌یه وپێمان وایه كه كوردستان ده‌بێ نموونه‌ی ئه‌م چه‌شنه هاوژیانی یه بێ"، " تۆ ئه‌گه‌ر دێموكرات بی ده‌بێ حه‌قی دیفاعی ئازاد بۆ هه‌موو كه‌س ره‌وا ببینی" و " ئێوه ده‌بێ مه‌یدان بده‌ن به‌هه‌موو بیروبۆچوونی ئه‌گه‌ریش موخالیفی ئێمه بێ و پێشی قه‌ڵس نه‌بین، ئه‌وجار ده‌توانین بڵێین دێموكراتین". هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:" نابێ له بیرمان بچێ كه ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و له ژێر پێ نانی دێموكراسی بڕۆین، تازه به‌ره‌و دێكتاتۆری رۆیشتووین وگه‌ڕانه‌وه دژواره".
له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه، له بواری كراوه بوون وكۆمه‌ڵایه‌تی بوون، جگه له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی خۆی ئه‌و پێوه‌ندییه به‌ربڵاو و دۆستانانه كه وه‌كوو رایه‌ڵه‌یه‌كی به‌رین له یه‌كتر ته‌نراون و به ده‌یان دۆستی دیار و شیاوی بۆ نه‌ته‌وكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه، نوێنگه‌ی ئه‌وتایبه‌تمه‌ندییه‌یه.
له بواری بایه‌خدان به به‌ها و پێداویستی وداخوازییه‌كانی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری، ته‌نیا ئاماژه به‌وه‌ی كه كاك دوكتور هه‌موو سامانی ماددی و مه‌عنه‌وی خۆیی ته‌رخانی به‌خته‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و دابینبوونی ماف و ئاسایشی ئه‌وان كرد، ده‌ربڕی بنه‌مای فیكری و رێزگرتن له ویست وئارمانجه‌كانی مرۆڤه. بێ گومان جیهانبینی قاسملوو له سه‌ر بنه‌ماین پاك سروشتی مرۆڤ ومتمانه به‌خۆ و به ده‌وروبه‌ر بووه و بۆیه هه‌میشه به‌رانبه‌ر به هه‌ڵه‌ی مرۆڤه‌كان زۆر لێبوورده‌و دڵفراوان بووه و ته‌نانه‌ت له هه‌مبه‌ر هه‌ڵه‌كانی ئه‌وانیشدا هه‌ستی به به‌رپرسایه‌تیه‌كی قووڵ كردووه و به‌رده‌وام ده‌رفه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بۆیان ره‌خساندووه.
به جۆرێ كه قاسملوویش وه‌كوو گاندی، بیرۆكه‌یه‌كی ئاوه‌های هه‌یه كه :" ئێمه ده‌بێ له گوناح نفره‌تمان هه‌بێت نه‌ك له گوناهكار". ئه‌مه‌ش وای لێكردبوو كه قاسملوو به‌رانبه‌ر به دوژمنانیشی زۆر به به‌زه‌یی و دلۆڤان و غه‌مخۆر بێـت. چوونكه دوژمنایه‌تیی ئه‌وانی نه‌ك بۆ خسڵه‌ت وسروشتی ناپاكی ئه‌وان به‌ڵكوو بۆ نه‌زانی وهه‌ڵخه‌ڵه‌تاوی ئه‌وان ده‌گه‌ڕانده‌وه، كه به جێگه‌ی كوشتن‌یان، پێویستیان به وریاكردنه‌ه‌و زانیاری پێبه‌خشین هه‌یه. بۆیه جه‌خت ده‌كاته‌وه كه :" دێموكرات، به‌شه‌ر دۆسته و به دۆستایه‌تی نێوان ئینسانه‌كان بێ له به‌رچاوگرتنی ره‌گه‌ز و مه‌زهه‌ب ، بایه‌خێكی زۆر ده‌دا".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، د. قاسملوو جگه له خاوه‌نبوونی كه‌سێتییه‌كی دێموكرات، كه‌سایه‌تییه‌كی شۆڕِشیگێڕی ده‌ره‌وه‌ستیش بووه. خسڵه‌تێك كه زۆر كه‌ڕه‌ت له رۆژهه‌ڵاتدا هاوكات له یه‌ك كه‌سدا كۆنه‌بووته‌وه. شۆڕشگێڕی به درێژایی مێژووی مرۆڤ خسڵه‌تێك بووه كه هه‌موو كه‌س ویستوویه‌تی بیداته پاڵ خۆی و به‌و ناوه‌وه په‌سن بكرێ و نه‌یارانیشی به دژه شۆڕش ناوه‌زد بكات. بۆیه شۆڕشگیِڕی له خۆگری هه‌موو خسڵه‌ته چاكه‌كانی مرۆڤ : گیانبازی، فیداكاری، بوێری، راستبێژی، خۆنه‌ویستی و خه‌ڵك ویستی، پێشه‌نگ بوون و پێشمه‌رگه‌بوون له پێناو به‌خته‌وه‌ری ده‌وروبه‌ردایه. به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه كه‌متر شۆڕشگێڕێك توانیویه هاوسه‌نگی و هاوته‌ریبیی نێوان شۆڕشگێڕی ودێموكراسی بپارێزێـت و وه‌كوو پره‌نسیپی بنه‌ڕه‌تی جه‌ختی له سه‌ر بكات. به‌ڵام ئه‌مه بۆ د. قاسملوو ئه‌سڵ بوو، هه‌روه‌ك گوتوویه:" بۆ ئه‌وه حیزبێكی سیاسی له كوردستاندا سه‌ركه‌وێ ده‌بێ هه‌م حێزبێكی دێموكرات وهه‌م حیزبێكی شۆڕشگێڕ بێ". ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه شۆڕشگێڕ بوون به‌ر له هه‌موو شتێك پێویستی به شۆڕشێكی جه‌وهه‌ری له هزر وناخی مرۆڤ وكۆمای شۆڕشگێڕ‌دا هه‌یه. هه‌ر بۆیه " ئیریك فرۆم"، بیرمه‌ند و ده‌روونناسی ناودار ده‌ڵێ :" چه‌مكی كه‌سێـتیی شۆرشگێڕانه واتایه‌كی سیاسی ـ ده‌روونناسانه‌یه"، یان ده‌ڵێ: " هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئیدی له ئه‌شكه‌وته‌كاندا ژیان ناكه‌ین بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێـته‌وه كه له كۆمه‌ڵگا مرۆڤییه‌كاندا هه‌میشه به راده‌ی پێویست كه‌سایه‌تیی شۆڕشگێڕ ژیانیان كردووه". به گوته‌ی ئاڵبرت شوایتزر زانای ئاڵمانی، شوڕشگێڕ " تاسه‌یه‌كی قووڵ، حه‌زێكی له راده‌به‌رده‌ر و ئه‌ڤینێكی له بنانه هاتووی به ژیان هه‌یه". عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌ك كه ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌ویندارانه له پێناوی ژیاندا گیان به‌خت بكات به‌و مه‌رجه‌ی كه مه‌رگی ئه‌و دابینكه‌ری ژیانی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری بێـت. بۆیه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ئاماده‌ن هه‌موو كه‌سێك بكوژن بۆگه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان، ئه‌م ئاماده‌یه گیان بدات له پێناو ده‌سته‌به‌ربوونی ئامانجه‌كانی ئه‌ویتردا. چوونكه له روانگه‌ی كه‌سێـتیی شۆڕشگێره‌وه خووگرتن به خۆشبژێوی، شتێكی جیاواز له‌عه‌شق به ژیانه. ئاسایی بوونی مه‌رگ ونه‌ترسین له مه‌رگ مه‌رجی بنه‌مایی شۆڕشگێڕ بوونه، به‌ڵام ئه‌مه قه‌ت به مانای مه‌رگ خۆشه‌ویستی نیه‌و به‌ڵكوو به واتای به‌هادار بوونی ژیانه. هه‌روه‌ك خودی شۆڕشگێڕانیش دوو گرووپ بوون: یه‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی كه وره‌و وزه و هانده‌ریان بۆ شۆڕش عه‌شق به‌رانبه‌ر به ژیان و ژیان خۆشه‌ویستی بووه‌وه، دووهه‌م ئه‌وانه‌ی كه ته‌نیا چه‌كیان رق و نفره‌ت وتۆڕه‌ییان بووه.ده‌سته‌ی یه‌كه‌م بیریان له‌وه‌ی كردۆته‌وه كه ده‌بێ بنیاتی بنێن وده‌سته‌ی دووهه‌م، له‌وه‌ی كه ده‌بێ بیڕۆخێنن. قاسملوو له ریزی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌یه بوو كه جگه له‌وه‌ی كه ده‌یگووت له گه‌ڵ چ شتانێكدا دژایه‌تیی هه‌یه، پرۆژه‌ی دڵخوازی خۆشی كه له سه‌ر بنه‌مایه‌كی دێموكراتیك بوو، ئاراسته وپێشكه‌ش ده‌كرد و گرینگیی به‌و شتانه‌ی ده‌دا كه ده‌بێ بنیاتی بنێت وجێگری بكات، به واتایه‌كی دیكه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك ده‌بێ سه‌ره‌تا جێگره‌وه‌و ئاڵترناتیڤه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی روون وێنا و ده‌ستنیشان بكه‌ین. رێبازێك كه له‌وێدا، بوونی دێموكراسی پاشه‌كشه به دێكتاتۆری ده‌كا، شێوازی چاك، ره‌وتی نادروست ده‌سڕێته‌وه و رووناكاییه كه ده‌توانێ دڕدان له تاریكی‌دا بكات. بۆیه كاك دوكتور ئه‌ڵێ :" ئامانجی ره‌وا به كه‌ره‌سته ومیكانیزمی ناڕه‌وا ده‌سته‌به‌ر نابێ و گاندیش ده‌ڵێ:" توند وتیژی، توندوتیژی به‌رهه‌م دێنێت و جه‌نگیش، جه‌نگ".
له لایه‌كی دیكه‌وه، شۆڕِشگیِڕ خۆی له به‌ستراوه‌یی به ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی، گرێدراوی به‌هێزی باڵاده‌ست، چینی تایبه‌ت، عه‌شیره و خزمایه‌تی ده‌رباز كردووه و ئه‌وه‌ی وا هه‌یه‌تی به‌رهه‌می تێكۆشان وبه‌هره‌كانی خۆیه‌تی. چوونكه "سه‌ربه‌خۆیی"، "ئازادی"،"ره‌خنه‌گرتن"و "وه‌رگرتنی ره‌خنه"، هه‌وێنی كه‌سێـتیی شۆڕشگێڕانه‌یه. هۆكارگه‌لێك كه توانای "بیركردنه‌وه"و "بڕیاردان" به تاك ده‌به‌خشێت. بۆیه د.قاسملوو ده‌ڵێـت:" هیچ نیعمه‌تێك له جیهاندا له ئازادی به‌نرختر نیه. ئازادی كه‌رامه‌ت و شه‌خسیه‌ت ده‌دا به ئینسان و رێگا نادا بكرێ به‌مۆره". هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سایه‌تیی شۆڕٍشگێڕ زاڤر وتوانای "نا" گوتنه، واته كه‌سێك كه ده‌توانێ خاوه‌نداری له راستی بكات وراستیه‌كان بڵێته‌وه. بۆ نموونه لێره‌دا جگه له كاك دوكتور، شه‌هید شه‌ره‌فكه‌ندی، نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و جۆره كه‌سایه‌تیه‌یه. له لایه‌كی دیكه‌وه ئێمه ده‌زانین كه ده‌سه‌ڵات هیچ كاتێك بۆ شه‌هید قاسملوو، سپیتایی و پیرۆز نه‌بووه. بۆیه هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات جێگای حه‌قیقه‌ت وئیخلاقی له لای دوكتور قاسملوو نه‌گرتوه‌ته‌وه، چونكه ئامانجی ئه‌و نه‌ك گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداریی خۆی، به‌ڵكوو سه‌ره‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ولابردنی سه‌ره‌ڕۆیی بووه. گاندی، ماندلا و چگڤارا و ... له‌و جۆره كه‌سایه‌تیانه‌ن.
بێگومان دادپه‌روه‌ری و لۆژیك له هه‌ر كار و ره‌وتێكدا ئه‌وه‌یه كه گه‌وره‌یی هه‌ر كه‌سێك به راده‌ی به‌ها و نرخێك بێـت كه داویه و ئاماده‌یه ته‌رخانی بكات. بۆیه به‌خشینی سه‌روماڵ له پێناو مسۆگه‌ربوونی ئامانجدا خسڵه‌تێكی سه‌ره‌كیی شۆڕشگێڕه. كاك دوكتور قاسملوو له‌مباره‌وه ده‌ڵێت:" ئه‌وه‌ی بۆ شۆڕشگیِڕێك گرینگه ئه‌وه‌یه كه نابێ هیچكات شه‌رمه‌زاری ویژدانی خۆی بێ و ده‌بێ هه‌رده‌م بتوانێ ئیددیعا بكا كه ئه‌وه‌نده‌ی بۆی كراوه و له ده‌ستی هاتووه، له پێناوی شۆڕش، ئازادی ورزگاریی نیشتمانه‌كه‌ی دا كردوویه‌تی".
به له به‌رچاو گرتنی ئه‌م كۆمه‌ڵه فاكته‌ره‌و هه‌روه‌ها سه‌رنجدانی ئاوێنه‌ی ژیان وخه‌باتی كاك دوكتۆر و سه‌رجه‌م كردار و هه‌ڵویست وبڕیاره‌كانی، هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك به‌و قه‌ناعه‌ت وتێگه‌یشتنه ده‌گات كه د. قاسملوو، وێنه و سه‌رنموونه‌ی راسته‌قینه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی شۆڕِشگێڕی دێموكراته.
Gerus46@yahoo.com
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر