دانپێدانانه تهلهڤیزیۆنییهكان له كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا
هه‌میشه گوتوویانه " شۆڕشه‌كان نه‌وه‌كانی خۆیان قوربانی ده‌كه‌ن "، چاره‌نووسێك كه زۆرجار له وڵاتانی نادێموكراتیكدا به‌رۆكی كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له خاوه‌ندارانی شۆڕشه‌كانی گرتۆته‌وه‌و مۆری خه‌یانه‌تی له ته‌وێڵیان كوتاوه. شایه‌د ئه‌م چه‌شنه ده‌ركه‌وته، ئه‌نجامی سرووشتیی شۆڕش بێت كه بۆ خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای توندوتیژی دێته ئاراوه‌و بیچمدهگرێ و به سه‌ركه‌وتن ده‌گات. هه‌ر وه‌ك مارتین لۆتێركینگ ده‌ڵێ:" خودی توندوتیژی له ئاكامدا به سه‌ركه‌وتن ناگات. به‌جێماوان تووشی رۆژڕه‌شی و سهركهوتووانیش دڕه‌نده‌و دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌یی ده‌كات".
لانیكه‌م مێژووی دوو شۆڕشی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه. شۆڕشی ئۆكتۆبری 1917 له رووسییه‌و شۆڕشی 1979 له ئێران‌دا، كه هه‌ر دوویان له ده‌سپێكدا مزگێنیبه‌خشی ژیانێكی ئاسووده بۆ خۆیان و كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بوون، له پراكتیكدا بوونه سیمای ناشیرینی توتالیتاریزم و دیكتاتۆرییه‌تی مۆدێڕن. ئه‌گه‌رچی خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌م دوو رێژیمه زهوهندو به‌رچاوه، به‌ڵام له‌م ماوه‌دا دیسان به هۆی دادگاییكردنه‌كان و ئیعتراف وه‌رگرتنه‌كانی پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی 22ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ، بهراوهردكردن و شوبهاندنی هه‌میسانی ئه‌م دوو سیستمه خۆسه‌پێنه‌ره له‌گه‌ڵ یه‌كدا، زیاتر له جاران بایه‌خی پێدراوه.
له سۆڤییه‌تی جاران و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی ئیستالین ئه‌وه‌ی كه پێویسته سه‌رنجێكی خێرای بده‌نێ ئه‌وه‌یه كه له نێوان ساڵانی 1936و37و38ی زایینی‌دا به فه‌رمانی ئیستالین 66 كه‌س له سیما دیاره‌كانی حیزبی كۆمۆنیست و چالاكانی سه‌ره‌تای شۆڕش كه هێندێك له‌وانیش ناوبانگی جیهانییان هه‌بوو ( زینوویۆف و كامنۆف هه‌ڤاڵانی نزیكی لنین، بۆخارین – به‌رپرسی پێشووی كۆمینترن، ریۆكووف – سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو و...) دادگایی كران، ئیعترافیان لێوه‌رگیراو پاشانیش له سێداره دران. به‌ڵگه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه سزانامهكهیان له سه‌ر بنه‌مای دانپێدانانه زۆرهملییهكانی خودی تۆمه‌ت وه‌پاڵ دراوان ئاماده كرابوو، بێ ئه‌وه‌ی كه هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی مهحكهمهپهسند پشت راستكه‌ره‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان بووبێت. تاوانی سهرهكییانیش ئه‌وه بوو كه ویستوویانه به هاوكاری ترۆتسكی و وڵاتانی سه‌رمایه‌داری ( ئاڵمان، ئینگلیستان یان ژاپۆن ) رێژیمی سوسیالیستیی سۆڤییه‌ت بڕووخێنن.
له ئێرانیشدا پاش شۆڕشی 1979، كه‌سایه‌تی و لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی دژبه‌ری شا یه‌كه‌مین قوربانیانی سیستمی تازه بوون. ئه‌و جۆره‌ی كه به‌ڵگه‌كان، بیره‌وه‌رییه جۆراوجۆره‌كان به تایبه‌ت بیره‌وه‌رییه‌كانی ئایه‌تۆڵڵا مونته‌زێری وه‌كوو جێنشینی ئه‌و كاتی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی ده‌یگێڕنه‌وه، توندوتیژی، ئه‌شكه‌نجه‌و ئیعتراف وه‌رگرتن به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك بۆ رووخان و تێكشكانی لایه‌نی بهرانبهرو ره‌واییدان به هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی داسه‌پاو، به‌شێكی هه‌ره گرینگ و جیانه‌كراوه له پێكهاته‌و چییه‌تیی كۆماری ئیسلامیی پێك ده‌هێنا. به جۆری كه مێهدی بازرگان له كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی شۆڕش پاش ته‌واوبوونی ماوه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی له مه‌جلیسی یه‌كه‌م (10ی بانه‌مه‌ڕی1363)، وه‌كوو دوایین وته‌ی خۆی له پارلمان‌دا ده‌ڵێ: روانگه‌و هه‌ڵویستی من ئه‌و شتانه‌یه كه له‌م ماوه‌دا گوتوومه، ئه‌گه‌ر سبه‌ینی ده‌ستبه‌سه‌ركرام و هێنامیانه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن و جۆرێكی دیكه قسه‌م كرد، ئه‌و من نیم و ئه‌و قسانه قسه‌ی من نیه.
تیرۆری ده‌وڵه‌تی، گولله‌باران كردنی بێ دادگایی، ته‌واب سازی (تۆبهكاركردن)و ئیعتراف لێوه‌رگرتنی ته‌له‌ڤیزیۆنی سێ ره‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی پرۆژه‌ی سه‌قامگیركردنی كۆماری ئیسلامیی له سه‌ره‌تاوه پێكهێنابوو، كه ئێستاكه‌ش به‌رده‌وامه، به‌ڵام مێتۆده‌كانی كردهییكردنی ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا هاتووه. دانپێدانانی ته‌له‌ڤیزیۆنی وه‌كوو مێتۆدێك بۆ تێكشكاندن و سووكایه‌تی پێكردن به هه‌ڤڕكان یان جیابیرانی سیستمی نوێ به ئیعترافهكانی " سادق قوتب زاده "، له یارانی خودی خومه‌ینی له 20ی خاكه‌لێوه‌ی1361دا ده‌ستیپێكرد. پاشان ئایه‌تۆڵڵا شه‌ریعه‌تمه‌داری، زانای پایه‌به‌رزو به‌ناوبانگی ئایینی له 12ی بانه‌مه‌ڕی 1361دا له ئیعترافێكی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا گوتی كه ویستوویه به هاوكاری " حیزبی گه‌لی موسڵمان " كوده‌تا بكات. له درێژه‌ی ئه‌م چه‌شنه هه‌نگاوانه‌دا، ئیعتراف له حسێن رۆحانی له دامه‌زرێنه‌رانی "رێكخراوی پهیكار "، ئیحسان ته‌به‌ری، نووره‌دین كیانووری و محه‌مه‌دعه‌لی عه‌موویی له رێبه‌رانی "حیزبی تووده"و پاشانیش مێهدی هاشمیو...وه‌رگیراو بۆ باندۆڕدانان و به لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بڵاوكرایه‌وه. هه‌ڵبه‌ت له ده‌یه‌ی یه‌كه‌مدا، پرۆژه‌ی " ته‌واب سازی "، پرۆژه‌یه‌كی گشتگیر له نێو به‌ندیخانه‌كانی ئێران بوو كه له به‌ندیخانه‌كانی تاران‌دا به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك له ژێر چاوه‌دێری " ئه‌سه‌دۆڵڵا لاجوردی "، ناسراو به " جه‌للادی ئێڤین "، جێبه‌جێ ده‌كرا. پاشان له نیوه‌ی یه‌كه‌می ده‌یه‌ی هه‌فتای هه‌تاویدا (70-75)، سه‌عید ئیمامی و حسێن شه‌ریعه‌تمه‌داری به هاوكاری ده‌نگ و ره‌نگی كۆماری ئیسلامی سێناریۆی " هوڤییه‌ت "یان كه درێژه‌ی سناریۆی ئیعترافهكانی ده‌یه‌ی شه‌ست بوو، ئاماده‌و بڵاوكرده‌وه. به‌رنامه‌یه‌ك كه زیاتر قوربانیانی خۆیی له نێو جیابیران و رۆشنبیرانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات گوڵبژێر ده‌كرد. بۆ نموونه، " سه‌عیدی سیرجانی "، نووسه‌ری ناوداری ئێرانی پاش ئیعتراف لێوه‌رگرتن، گیانیشیان لێ ئه‌ستاند. ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێن پرۆژه‌ی " قه‌تڵه زنجیره‌یی"یه‌كانیش ئاكام یان ته‌واوكه‌ری به‌رنامه‌ی " هوڤییه‌ت " بوو. پلانێك كه خۆیی له چوارچێوه‌ی گوتاری " هێرشی فه‌رهه‌نگی"ی به رۆژه‌ڤ كرا‌و له لایه‌ن ئایه‌تۆڵڵا خامنه‌ییه‌وه ده‌دۆزییه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه هاتنه سه‌ركاری رێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی پاش 2ی جۆزه‌ردانی 1376، نه‌یتوانی كۆتایی به‌مجۆره شانۆگه‌ریانه بهێنێت. چوونكه پاش رابوونه‌كانی 18ی پووشپه‌ڕی 1378ی خوێندكاران، چه‌ندین كه‌سی دیكه، بۆ نموونه، مه‌نۆچێهر محه‌مه‌دی و...ئیعترافاتهكانیان بڵاوكرایه‌وه. هه‌ڵبه‌ت دانپێدانانه‌كانی هاوسه‌ری سه‌عیدی ئیمامی كه به شێوه‌ی نافه‌رمی و له‌قاوده‌رانه گه‌یشته ده‌ستی خه‌ڵك، چیرۆكێكی جیاوازه. هه‌روه‌ها له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌دا، دانپێدانانی كه‌سانێك وه‌كوو: عه‌لی ئه‌فشاری، عیززهتۆڵڵا سه‌حابی، سیامه‌ك پوورزه‌ند، ئایه‌تۆڵڵا كازمه‌ینی برووجردی، ئیبراهیم نه‌به‌وی، مه‌سعوود بێهنوود، كیان تاجبه‌خش، هاله ئیسفه‌ندیاری، رامین جههانبهگلووو...بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه دوایین نموونه‌كانی دانپێدانانه‌كانی " ئه‌بته‌حی " و " عه‌تریان فه‌ڕ " و...هتده.
به‌ڵام پێویسته لێره‌دا ئاماژه به خاڵێكی گرینگیش بكه‌ین، راسته " ئه‌شكه‌نجه‌ی سپی "، به‌ندیخانه‌ی تاكه‌كه‌سی له رێگه‌ی تێكشكاندنی كه‌سێتیی كه‌سایه‌تییه‌كان، كوشتنی هزرو به چۆكداهێنانی ئیراده‌یان، به‌ندكراو ناچار به خۆ به ده‌سته‌وه‌دان و دانپێدانان ده‌كات. به‌ڵام ئیعترافاتی عه‌تریان فه‌ڕ و ئه‌بته‌حی و كه‌سانی سه‌ر به باڵی چه‌پی حكوومه‌تی له گه‌ڵ دانپێدانانی كه‌سانی دیكه جیاوازه‌و ته‌نیا بۆ ئه‌سته‌م بوون و دژواری گوشاره‌كانی سه‌ریان ناگه‌ڕێته‌وه، چوونكه به گوته‌ی خۆیان و به پشت به‌ستن به قسه‌ی خومه‌ینی " پاراستنی نیزام له هه‌موو شتێك واجیبتره "و هه‌روه‌ها له كاتی دادگاییكردنی " غوڵام‌حسێن كهرباسچی"دا گوتیان سه‌رده‌می قاره‌مانبازی ته‌واو بووه‌و ئێمه نامانه‌وێت ببینه قاره‌مان. پێویست به ئاماژه‌یه كه پێشتر ئه‌م مێتۆده له لایه‌ن سیستمی ستالینیستییه‌وه كرده‌یی كراوه. ئه‌وان به به‌رجه‌سته‌كردنی پێویستیی خاوه‌نداری له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی ئۆكتۆبر بۆ گیراوان و باسكردن له چاوپۆشی كردن له كهموكۆڕییهكانی، وایان تێده‌گه‌یاندن كه " ئه‌وان بۆنه‌ته قوربانیی ساویلكه‌یی و دڵپاكی خۆیان و به شێوه‌یه‌كی نه‌خوازراو خه‌یانه‌تیان به " ئارمانجی كۆمۆنیزم " كردوه‌و ته‌نیا رێگه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دانپێدانانی دڵخوازانه‌یه". راستییه‌ك كه به ئاشكرا له قسه‌و باسه‌كانی عهتریانفهڕ و ئهبتهحیدا ده‌رده‌كه‌وت. به واتایه‌كی دیكه ئه‌مجۆره كه‌سانه شایه‌د ئازادی فام بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز بوێریی به‌رگریكردن له ئازادییان نیه. بۆ نموونه بۆ چی نه‌یانتوانی مامۆستا فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر، محه‌مه‌د سدیق كهبوودوهندو...هتد ناچار به دانپێدانان بكه‌ن، بۆ چی نه‌یانتوانی شه‌هید " یه‌عقووبی مێهرنێهاد " ناچار بكه‌ن. لێره‌دایه كه جیاوازیی نێوان بانگه‌شه‌كه‌رانی راسته‌قینه‌ی ئازادی و ئۆپۆرتۆنیستهكان به جوانی ده‌رده‌كه‌وێت. كه‌سانێك كه ئاماده نین بچووكترین تێچوو و نرخێك له پێناو ده‌سته‌به‌ربوونی ئازادی و ژیانی ئازاد‌دا بده‌ن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر