رۆڵ‌و كاریگه‌ری" رۆژنامه‌ی كوردستان"
له پرۆسه‌ی بیچمگرتنی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی كورددا
پرسی شوناس یه‌كێك له‌و پرسه سه‌ره‌كی‌و بنه‌ماییانه‌یه، كه هه‌موو تاك‌و كۆیه‌كی مرۆڤی له سه‌ر گرینگایه‌تیی هاوڕان‌و له سێ ئاستی، تاك‌و كۆمایی‌و نه‌ته‌وه‌یی لێكدانه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یان لێی هه‌یه‌و هه‌ر كه‌س له ره‌هه‌نده‌ێكه‌وه بۆی ده‌چێ‌و له سه‌ر لایه‌نێكی پێداگره. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا، ده‌رئه‌نجامگیری جیاوازی لێده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێمه لێره‌دا، شوناس وه‌كوو هه‌وێن‌و كاربه‌ستی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه، كوردایه‌تی‌و ناسنامه‌ی كوردستانی ده‌خه‌ینه به‌رباس‌و له سۆنگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه، پێناسه‌و شرۆڤه‌ی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌رچی بۆ باسێكی ئاوه‌ها، پێویسته سه‌ره‌تا، توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی باسه‌كه، وه‌ك: شوناس‌و نه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست مانا بكرێته‌وه، به‌ڵام ئێمه ته‌نیا ئاوڕ له ده‌سته‌واژه‌و چه‌مكی"شوناسی نه‌ته‌وه‌یی" ده‌ده‌ینه‌وه. شوناسی نه‌ته‌وه‌یی.، تێگه‌یشتن،ناسیاری‌و ناسینی تایبه‌تمه‌ندی‌و خه‌سڵه‌ته‌كانی جیاكه‌ره‌وه‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه كه بریتیه له: به‌هاكان، شانازییه‌كان، ژێرخانه فیكری‌و فه‌رهه‌نگییه‌كانی یه‌ك كۆمه‌ڵگا، كه له ناخی جڤاكدا، به‌ستێنی یه‌كانگیرییه‌كی هه‌مه‌كی‌و گشتگیر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. شوناسێك كه پێنج ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه، واته ڕه‌هه‌نده‌كانی:" سایكۆلۆژی، كولتووری، خاك، سیاسه‌ت‌و مێژوو" له به‌رده‌گرێ‌و به دروستكردنی ویژدان‌و شعووری كۆمایی، هه‌ست، خولیا، چاره‌نووسی هاوبه‌ش‌و وێنای یه‌كه‌یه‌كی سیاسی یان پێكهێنانی كۆمایه‌كی ته‌با‌و هاوچه‌شن‌و هاوبه‌رژه‌وه‌ند، ئامانج‌و ئارمانجه‌كانیان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و، گونجاو و هاوتایان ده‌كات.
شوناسی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كوو گرینگ‌ترین پرسی نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان، وڵاتانی جیهانی سێهه‌م، وڵاتانی له حاڵی گه‌شه‌و ته‌نانه‌ت وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو له ژێر ناوی هاووڵاتیبوون، گشتگیرترین‌و هاوكات ره‌واترین ئاستی شوناس له ته‌واوی سیستمه جڤاكییه‌كانه. چونكه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، پێڤاژۆ و پرۆسه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاگایانه‌و وشیارانه‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه به پرسیاره‌كانی ده‌ورانده‌وری خۆیه‌تی، واته: رابردوو، چۆنایه‌تی، زه‌مان، پابه‌ندی، ئاخێزگه‌ی سه‌ره‌كی‌و هه‌میشه‌یی، بیاڤی شارستانی، پێگه‌ی رامیاری، ئابووری، فه‌رهه‌نگی‌و به‌ها هه‌ڵقۆڵاوه‌كانی شوناسی دیرۆكیی خۆیه‌تی. كۆمه‌ڵه روانگه، تێڕوانین، به‌ریان‌و به‌هاگه‌لێك كه به درێژایی مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ته‌شكیان گرتووه، واتاگه‌لێكی كلیدی كه زه‌ین‌و هزری مرۆڤیان په‌روه‌رده‌و، ئیراده‌گه‌رایی ده‌رهه‌ست‌و چاره‌نووسی هاوبه‌شی به‌رهه‌ستیان بۆ وێنا كردوون. وته‌زایه‌ك كه جۆرێك لێزانی، زانایی، به‌ریان‌و پێكهاته‌یه‌ك له توخمه‌كان(واته: مژاره‌كان، وێنا ده‌رهه‌ست‌و لێڕوانینه‌كان)، كه له ناخی خۆیدا، دیاریكه‌ری شێوازی هه‌ڵسوكه‌وت‌و هه‌ڵوێستی تاك له هه‌مبه‌ر پرسه تاكی‌و جڤاكییه‌كان، رووداو و ئاڵوگۆڕه پێوه‌ندیداره‌كانه.
ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی:" زمان‌و ئه‌ده‌بیات، مێژوو،میراتی كولتووری‌و جوغرافیا" له خۆ ده‌گرێ‌و چوار بیاڤی فه‌رهه‌نگ، سیاسه‌ت، حقووق‌و ئابووری ده‌توانن به رێكخستن‌و ئۆرگانیزاسیۆنی دامه‌زراوه‌كانی خۆیان له جڤاتدا، به‌ستێنی بیچمگرتن، به‌رده‌وامی‌و پێشڤه‌چوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
شوناسی نه‌ته‌وه‌یی باس‌و پرسیار له چییه‌تی‌و كێیه‌تیی ئێمه‌و فه‌لسه‌فه‌ی‌بوون‌و هه‌رمانی ئێمه‌یه. ته‌نانه‌ت به‌رده‌وامی خه‌باتی ئێمه‌و سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌و گه‌لی ئێمه، به ته‌واوی گرێدراوی ئه‌م چه‌مكه‌یه. چونكه ته‌نیا هۆكارێكه كه ره‌وایی به داخوازییه‌كانی ئێمه ده‌دات و هاوكاتیش چ وه‌كوو كاتالیزور، چ وه‌كوو دینامیزمێكی پانگراو و كرده‌یی، پێداویستییه مرۆڤی‌و ماددییه‌كانمان بۆ دابین ده‌كات. ده‌توانێ تۆكمه‌یی به بیرۆكه‌و ئه‌زموونه‌كانمان بدات‌و گوتار(دیسكۆرس)و كرداری سیاسی بۆ چێ‌بوونی نه‌ته‌وه ده‌سته‌به‌ر‌و هاوچه‌شنییه‌كان، هاوپێوه‌ند‌و هاوته‌ریب‌و رێكبخات. به واتایه‌كی دیكه، یه‌كانگیری مكانیكی( سه‌ره‌تایی) بۆ یه‌كانگیری ئۆرگانیكی( كۆمه‌ڵگای مۆدێرن) بگۆڕێت.
وه‌ڵامدانه‌وه به‌پرسیاری سه‌ره‌كیی"كێمه‌ئه‌ز"، هه‌ڵگری واتای تاكه‌كه‌سی، سۆزداری، جڤاكی‌و كولتووریه. چاره‌نووسی هاوبه‌ش، خووخده‌ی هاوبه‌ش، مێژووی هاوبه‌ش‌و داهاتووی هاوبه‌ش له جوغرافیا‌و قه‌واره‌یه‌كی هاوبه‌شدا بۆت دیاری ده‌كا‌و به‌رپرسایه‌تی‌و حه‌زێك له ناخ‌و هزردا ده‌ئافرێنێ، كه هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری‌و وڵات خۆشه‌ویستیی پێده‌ڵێن. له‌م نێوه‌دا، راگه‌یه‌نه‌كان، به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌كان وه‌كوو به‌رهه‌می ژیاری‌و شارستانییه‌ت رۆڵێكی به‌رچاویان له ده‌ركه‌وتنی ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گۆڕینی به‌ها كولتوورییه‌كان، له هه‌ر دوو ئاستی رۆنان‌و په‌ره‌ئه‌ستاندندا بووه‌و به كه‌ڵكوه‌رگرتن له دوو توخمی زانیاری‌و زانیاری به‌خشین، توانیویانه هه‌ڵسوكه‌وته جڤاكییه‌كان به‌ره‌و ئاقار‌و ئاراسته‌ی دیاریكراو رابكێشن. بۆیه زۆرێك له خاوه‌نرایان له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه راگه‌یه‌نه‌كان له قۆناغه جیاوازه‌كانی مێژوودا، لێڕوانینێكی نوێیان به‌رانبه‌ر به ژیان دروست كردووه‌و، له گه‌شه‌سه‌ندنی بنه‌ماكانی ژیانی دێموكراتیك‌و ئاوه‌ژووكردنی بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی خه‌ڵكدا، كاریگه‌ربوون و به قه‌ڵه‌مباز‌و تێپه‌ڕاندنی مرۆڤ له چه‌قبه‌ستوویی‌و ده‌مارگرژی‌و دیماگوژیی ئایینی‌و ئایینزایی، به دیهێنه‌ری رێنیسانس، سیكۆلاریزم‌و ئۆمانیزم بوون.(" بندیكت ئاندرسۆن" بڕوای وایه كه:" تێكنۆلۆژی چاپ‌و جۆراوجۆریی زمانه‌كان له كۆتایی‌یه‌كانی سه‌ده‌ی پازده‌و هه‌روه‌ها سه‌ده‌ی شازده‌ی ئورووپا، بووه ئامیانی نوشست‌و خورانه‌وه‌ی جڤاكی سپیتایی جیهانی مه‌سیحییه‌ت‌و ده‌ركه‌وتنی فره‌چه‌شنی‌و جۆراوجۆری، كه ئه‌مه‌ش به دوای خۆیدا بنه‌ماكانی بیچمگرتنی وشیاری‌و ئاگایی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌به‌ر كرد". واته بنیاتنان‌و ته‌شك گرتنی هۆكارێك كه بنه‌ڕه‌تی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی‌یه. هه‌ڵبه‌ت"ئاندرسۆن" له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه:" گه‌شه‌سه‌ندنی چاپ‌و راگه‌یه‌نه‌كان‌و ته‌كنیكی پێوه‌ندیگرتن له باشترین حاڵه‌تدا، مه‌رجی پێویست بۆ ده‌ركه‌وتنی ئاگایی نه‌ته‌وایه‌تی‌یه، نه‌ك مه‌رجی ته‌واو." هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه،" تامسۆن" رۆڵی راگه‌یه‌نه نوێیه‌كان له درێژایی پێنج سه‌ده‌ی رابردوودا، له بیچمگرتنی بیست‌و پێنج ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه، له نزیكه‌ی 500 یه‌كه‌ی سیاسی" شبه دولت" له سه‌ده‌ی پازده‌دا، به بنه‌مایی ده‌زانێت." ئه‌و ده‌ڵێت:" ته‌شك گرتنی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌كانی مۆدێڕن پێویستی به ئافراندنی هێما‌و هه‌ستیاری به‌رانبه‌ر به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی بوو، كه ئه‌مه‌ش راگه‌یه‌نه نوێیه‌كان ده‌سته‌به‌ریان كرد." هه‌روه‌ها خوێندن‌و نووسین كه به درێژایی سه‌ده‌ی نۆزده به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌نێو خه‌ڵكدا په‌ره‌ی سه‌ند، گرینگ‌ترین هۆكاری به‌هێزبوونی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی بوو، چوونكه خوێندن‌و نووسین گه‌ره‌نتی دووپاتبوونه‌وه‌ی وانه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی‌و ده‌روونی‌كردنی ئه‌و وانانه‌و، بواری وه‌رگرتنی له‌لایه‌نی ده‌روونی‌و هزریه‌وه ئاماده كرد.
به خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی به‌و ئاكامه ده‌گه‌ین كه پاش شۆڕشی فه‌رانسه، چه‌مكی مۆدێرنی نه‌ته‌وه‌و ئه‌ندێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بیچمی گرتووه‌و له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌كانی ئورووپایی پێكهاتوون، له ئێران‌دا، پرسی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن له شۆڕشی مه‌شرووته‌دا ده‌كه‌وێته رۆژه‌ڤه‌وه‌و له سه‌رده‌می ره‌زاخان دا، پرۆژه‌ی رۆنانی"ئێرانی نوێ"یان نه‌ته‌وه‌سازی به شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی تاقانه‌وه دێته ئاراوه، كه به هاتنه سه‌ركاری ئیسلامی سیاسی له ئێران‌دا، ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و" ئومه‌ت سازی" به‌راوه‌ژوو ده‌كرێت.
به‌ڵام له كوردستاندا، ئه‌گه‌رچی میرنشینه‌كانی بابان، ئه‌رده‌ڵان، موكریان، سۆران‌و بادینان هه‌بوون، یان مدحه‌ت به‌درخان له ساڵی 1898دا رۆژنامه‌ی كوردستانی له تاراوگه‌دا بڵاوكردۆته‌وه،یان سمكۆ"رۆژی كورد"ی وه‌شاندوه‌و، شێخ مه‌حموودی نه‌مریش نیمچه ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی پێكهێناوه، یان ئه‌حمه‌دی خانی له پێشه‌كی مه‌م‌و زین‌و حاجی له شیعره‌كانیدا، پرسی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ده‌وڵه‌تی كوردی‌یان هێناوه‌ته ئاراوه‌و خوازیاری تێكۆشان بۆ به‌دیهاتنی بوون. به‌ڵام نه‌یانتوانیوه بنه‌مای فیكری‌و هێمای نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بۆ كورد دروست بكه‌ن‌و ناسنامه‌یه‌كی كوردستانیی بۆ ده‌ستنیشان‌و پێناسه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بۆ بكه‌ن. یان به واتایه‌كی دیكه خه‌ڵكی كورد یان ئلیتی كورد به هۆی لاوازی‌و بێ‌توانایی له پراكتیزه‌كردنی ئیراده‌ی هاوبه‌شی خه‌ڵك له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی تایبه‌تدا، زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانیان له كه‌وشه‌نی ئه‌ده‌بی به‌رگریدا سنووردار بووه.
به‌ڵام كۆماری كوردستان، به رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكرات، خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی مه‌زن له دیرۆكی كورددا به‌ژمار دێت، چوونكه مێژووی مۆدێرنی كورد‌و هه‌وڵدانی بۆ به نه‌ته‌وه‌بوون‌و دامه‌زراندنی سه‌روه‌ری‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی یه‌كێك له سێ میكانیزمی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسدا( خودمختاری، فیدراڵی، سه‌ربه‌خۆیی) هێنایه ئاراوه‌و وه‌كوو فیكرییه‌ت‌و شوناسێكی ره‌سه‌ن جێگیری كرد. یه‌كێك له گرینگ‌ترین ئامرازه‌كانی حیزبی دێموكرات له سه‌رده‌می كۆماره‌وه تا هه‌نووكه بۆ ته‌شك به‌خشینی بیری نه‌ته‌وایه‌تی، كوردستانی بوون‌و كوردایه‌تی، یان به واتایه‌كی دیكه ته‌شك به‌خشین به شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له رێگای خودئاگایی نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه، بێ هیچ دڕدۆنگییه‌ك" رۆژنامه‌ی كوردستان" بووه.
"سه‌ید محه‌ممه‌د حه‌میدی"، سه‌رنووسه‌ری كوردستان، له ژماره‌ی یه‌ك، لاپه‌ڕه‌ی یه‌كدا، له بڕگه‌یه‌ك له بابه‌تێكدا، وه‌كوو ئامانجی رۆژنامه‌ی كوردستان، باس له چه‌ندین ته‌وه‌ری جۆراوجۆر ده‌كات. له بڕگه‌یه‌كدا ده‌ڵێ:"به ئیشاره‌تی دوژمنان، به‌ناوی مه‌نگوڕ‌و مامه‌ش‌و زه‌رزا‌و دێبوكری‌و گه‌ورك‌و گه‌ڵباغی‌و... كه‌وتبووینه گیان‌و ماڵی یه‌كتر، خوێنی یه‌كتریان ده‌مژی‌و ده‌ڕشت‌و بۆ قازانجی شه‌خسیی خۆمان هیچ شتێكمان نه‌ده‌ماته‌وه به‌رچاوو هه‌ر خه‌رێك بووین دووبه‌ره‌كی‌و ته‌فره‌قه بخه‌ینه ناو یه‌كتر،... له بیری هاونیشتمانی خۆماندا نه‌بووین‌و...، دوژمنه‌كانمان نه‌یانده‌هێشت به زمانی خۆمان بخوێنین...، بیری سه‌ربه‌ستی له لامان خه‌یاڵی پووچ بوو،... پیاوه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی كوردستان یا كوژران یا له شیراز‌و تاران‌و خۆراساندا به‌ندكرابوون... ئێستا له كوردستاندا، ناوی مه‌نگوڕ‌و مامه‌ش‌و زه‌رزا‌و دێبوكری‌و هه‌ر پیتێ كه بۆنی جودایی لێ بێ، ناگوترێ. هه‌موو به یه‌ك ده‌نگ ده‌ڵێن ئێمه كوردین كوردمان ده‌وێ. ئیمڕۆ سه‌ركزیمان به سه‌ر بڵندی‌و هه‌ژاریمان به ده‌وڵه‌مه‌ندی‌و دوو به‌ره‌كیمان به یه‌كێتی گۆڕیوه‌ته‌وه. هاونیشتمانان به چاوێك ته‌ماشا ده‌كه‌ین‌و هه‌موومان بۆ میلله‌ت كار ده‌كه‌ین‌و به زمانی شیرینی كوردی ده‌خوێنین..."
له كۆتاییدا ده‌ڵێ:" ئه‌م رۆژنامه‌یه كه له‌لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه، ده‌یه‌وێ قه‌ڵایه‌كی ئاسینین له ئیتحاد‌و برایه‌تی بێنێته به‌رهه‌م كه بناغه‌كه‌ی به زانست‌و هونه‌ر‌و له‌شساغی داندرابێ‌و بتوانێ ده‌گه‌ڵ سێڵاوی دووبه‌ره‌كی‌و بێ دینی‌و هه‌موو جۆره ره‌وشتێك كه بۆ سه‌ربه‌ستی زه‌ره‌ر بێت، به‌ربه‌ره‌كانی بكا..." له لایه‌كی دیكه‌وه كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، وێرای گرینگی‌دان به زمان‌و ئه‌ده‌بیات وه‌ك به‌شێك له ستراكتۆری شوناس كه قۆناغێكی زێرین له رۆژنامه‌نووسیی كوردی به زمانێكی په‌تی‌و ره‌وان‌و ره‌سه‌ن تۆمار كردووه. بایه‌خێكی زۆری به وه‌رگێڕان له زمانی بیانی، چیرۆك، په‌خشان‌و شێعر به نێواخنی ئه‌ده‌بی، سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، وانه‌كانی فێركاری رێنووسی زمانی كوردی، بڵاوكردنه‌وه‌ی وتار به زاراوه‌ی كرمانجی ژووروو، بڵاوكردنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی زانایان‌و ناودارانی كورد كه به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌وانه یه‌كه‌مجار بوو؟ كه له رۆژنامه‌ڤان كوردیدا، له سه‌ریان بنووسرێ‌و ناو‌و ناوبانگیان زیندوو بكرێته‌وه، داوه.
هه‌روه‌ها له بواری بایه‌خدان به مێژووی نه‌ته‌وایه‌تی كورد‌و دروستكردنی پاشخانێكی مێژوویی، بۆ نموونه له ژماره‌ی 48، لاپه‌ڕه‌ی 3دا، وتراوه:" ئیداره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستان ره‌چاوی گرتووه كه له هه‌ر ژماره‌یه‌كدا، جه‌نگێك له‌و جه‌نگانه‌ی كه له كوردستان قه‌وماو چ كۆنه چ نوێ، به تایبه‌تی ئه‌و جه‌نگانه‌ی كه ده‌گه‌ڵ دوژمنانی كورد بۆ رزگاریی كوردستان له‌ژێر نیری دیلی كراون، له ستوونێكی تایبه‌تیدا بنووسێ". یان له ژماره‌ی 68 لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا، له‌ژێر ناوی" حیزبه سیاسییه‌كان له كوردستانی گه‌وره‌دا" باسی مێژووی دامه‌زراندنی حیزبه كوردستانییه‌كان‌و یان له هێندێك ژماره‌دا په‌یمانه‌كانی سێڤه‌ر‌و سه‌عدئاباد‌و... شی ده‌كاته‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه، گرینگی هه‌واڵه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستانه، كه به‌شێكی زۆر له‌و هه‌واڵانه ئه‌مڕۆ له بڕوا پێكراوترین سه‌رچاوه‌كان بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی سه‌رده‌می كۆمار‌و ته‌نانه‌ت پاش كۆماریشه. هه‌روه‌ها له رۆژنامه‌ی كوردستاندا هه‌وڵ دراوه وێنایه‌كی راسته‌قینه له وڵاتی كوردستان بۆ خه‌ڵكی كورد، وه‌كوو نه‌ته‌وه بنوێندرێت. بۆ وێنه له كوردستانی ژماره 16، لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م له بابه‌تی" سیاسه‌تی شوم"دا، باسی موسته‌عمره‌بوونی كوردستان له لایه‌ن تورك‌و عه‌ره‌ب‌و ئێرانه‌وه هاتووه. له زۆربه‌ی ژماره‌كاندا باس له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان‌و كورد وه‌كوو نه‌ته‌وه ده‌كرێ‌و پارچه‌كانی دیكه وه‌كوو: كوردستانی رۆژئاوا‌و، كوردستانی باشوور ناو ده‌بردرێت. له ژماره‌ی 29، لاپه‌ڕه‌ی یه‌كدا، له بابه‌تی" ئه‌ی‌دنیا بزانه كورد سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێ"هاتووه:" زۆر كه‌س پێیان وایه كه هه‌ڵپه‌ڕینه‌وه‌و قه‌یامی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و داوای ئیستیقلال‌و ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی كردنی ئه‌و میلله‌ته هه‌ر له تاوی جه‌زره‌به‌و زۆری كاربه‌ده‌ستانی... بێگانه‌یه." پاشان باس له شه‌هیدكردنی كوردان له ئاگری به‌ده‌ستی ئاتاتورك‌و سه‌ركوتی كوردانی بارزان به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیستیعماری عێراق ده‌كات‌و ده‌ڵێ:" ئه‌وانه هیچیان كوردیان وادار نه‌كردووه كه داوای ئیستیقلال‌و سه‌ربه‌خۆیی بكا، به‌ڵكوو كورد میلله‌تێكی 11 میلیۆنیه‌و به هه‌موو شه‌رع‌و قانوونێك حه‌قی ئیستیقلال‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه‌و داوای ئه‌و حه‌قه مه‌شرووعه‌ی خۆی ده‌كا." هه‌روه‌ك گوتمان یه‌كێك له لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی پێكهاته‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، جوغرافیای تایبه‌ته. له ژماره‌ی 10، لاپه‌ڕه‌ی 4، ئاخێوه‌رییه‌كی پێشه‌وا له چاپ دراوه، كه له بڕگه‌یه‌كدا به‌مجۆره باس له كوردستان ده‌كات:" كوردستان موقعیتی جوغرافیاییه‌كی مه‌خسووسی هه‌یه كه بێ پسانه‌وه‌و بێ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌و میله‌تێك له نێویاندا فاسڵ‌و لێكیانی بپچڕێته‌وه، كورد به سه‌ریه‌كه‌وه‌و پێكه‌وه، سكونه‌تیان تێدا هه‌یه‌و دارای مالكییه‌تی ملین ده‌وێدا. به‌سه‌رهات‌و سوابقی تاریخییان یه‌كه‌و عمومه‌ن تێدا شه‌ریكن. خاوه‌نی ئاداب‌و عادات‌و رسومی ملییه‌كی وان كه هیچ جۆره سه‌ده‌مه‌و حه‌وادسێك نه‌یتوانیوه، سستییه‌ك له بناغه‌ی ملله‌تی ئه‌واندا په‌یدا بكا." هه‌روه‌ها له ژماره‌ی 93ی كوردستان به دواوه، ستوونێك له‌ژێر ناوی جوغرافیای كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌و له چوار خاڵدا، هۆكاره‌كانی پێویستیی شاره‌زابوون له سه‌ر جوغرافیای كوردستان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، كه جوغرافیای سروشتی، ئابووری‌و سیاسیی كوردستان له‌خۆی ده‌گرێت". ته‌نانه‌ت له ژماره‌ی 55، لاپه‌ڕه‌ی 2دا، سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاتووه:" مه‌نته‌قه‌ی كوردنشین له ئێران ته‌نیا كوردستان‌و كرماشان نیه، به‌ڵكوو كوردستانی ئێران له به‌ختیاری‌و لۆڕستانه‌وه‌یه تا ده‌گاته ئه‌رمه‌نستان" و له ژماره‌یه‌كی دیكه‌شدا، باس له كورده‌كانی قوچانیش ده‌كات.
بێجگه له‌مانه له زۆر وتاری كوردستاندا هاتووه كه:" هه‌تا یه‌كێك له نه‌ته‌وه‌ی كورد له سه‌ر دونیا زیندوو بێ بۆ سه‌ندنی حه‌قی میللی كورد‌و وه‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی خاكی كوردستان خه‌بات ده‌كه‌ین".)
له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه ئێمه ده‌بینین كۆماری كوردستان به رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكرات، كۆمه‌ڵێك سه‌مبولی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد دروست ده‌كا‌و هه‌ست‌و ئاوه‌زی خاوه‌نداری‌و باوه‌ڕمه‌ندی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و هێمایانه‌وه كه بریتین له:" ئاڵای كوردستان، پێشمه‌رگه، سروودی نه‌ته‌وه‌یی، حیزبی مۆدێرن‌و...،" ته‌نانه‌ت وێنایه‌ك له خاكی هاوبه‌ش‌و ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی كورد له زه‌ین‌و ناخی تاكی كورددا ده‌خوڵقێنیت. به سه‌رنجدانێكی مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه تا پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌و كرانه‌وه‌ی رادیۆ ده‌نگی كوردستان ئێران، رۆژنامه‌ی كوردستان وه‌كوو زمانحاڵی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد له رۆژهه‌ڵاتی نیشتماندا، سه‌ره‌كیترین رۆڵی له پێناسه‌كردن، ناساندن‌و بیچمگرتنی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تیدا بووه، كه دواییش هاوته‌ریبی رادیۆ‌و هه‌نووكه‌ش به دامه‌زراندنی TV، سێ قۆڵی ئه‌ركی تێگه‌یاندن‌و پێگه‌یاندنی په‌یامی نه‌ته‌وه‌ییان له سه‌رشانه. چوونكه زۆربه‌ی ئه‌و هاوچه‌شنی‌و هاوده‌نگییانه‌ی كه هه‌نووكه ده‌سته‌به‌ر كراوه، له ره‌وتی خه‌باتدا به‌دیهاتوون، پرسێك كه زۆرجار له ژێر ناوی" پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی"دا ناوی لێده‌به‌ن. بۆ نموونه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، رۆژنامه‌ی كوردستان به نووسراو و به شێعر، وێرای پێناسه‌ی ئاڵای كوردستان، ده‌یكاته هێمای نامووسی كورده‌كان به‌گشتی‌و به موقه‌ده‌سی ناوی ده‌بات.
لاوه‌كان ناموسی نۆ میلیۆنه ئه‌و ئاڵایه‌مان
گیان بده‌ن بۆ حیفزی ئه‌و ناموسه‌تان له‌منوكه‌وی
ره‌بی هه‌ر كه‌س دوژمنی ئه‌و میلله‌ته دڵپاكه‌یه
ژێركه‌وێ كۆستی كه‌وێ ره‌بێ سه‌عاتێك نه‌سره‌وێ
دامه‌زرێنه‌ران، كارگێڕان‌و نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی كوردستان له قۆناغی ده‌سپێكدا به سه‌رنجدان به‌وه‌ی كه بێ بوونی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆمه‌ڵگایه‌ك بوونی نابێ‌و بێ بوونی بیچمگرتنی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوونی نابێت. له رێگه‌ی هێنانه ئارای گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و كوردستانی، وێرای هه‌وڵدان بۆ بووژاندنه‌وه، په‌ره‌پێدان‌و دروستكرنی مۆراڵی هاوبه‌ش‌و خودرۆشنگه‌ری‌و خودئاگایی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها وێناكردنی به‌رجه‌وه‌ن‌و ئیده‌ئاڵی هاوبه‌ش، گۆڕینی شوناسی تاك، زه‌ینییه‌تی عه‌شیره‌یی، زاراوه‌یی‌و ناوچه‌یی بۆ شوناسێكی سیاسی ـ نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی یه‌كه‌یه‌كی سیاسی، په‌ره‌پێدان به ئاگایی رامیاری‌و جڤاكی‌و خزمه‌تی بلووغی فیكری كۆمه‌ڵگای كوردستان، قۆناغی تێپه‌ڕین له نه‌ریت بۆ مۆدێڕنیته‌و له عه‌شیره‌گه‌رییه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وێنا ده‌كات. كه هه‌نووكه وه‌كوو رێكاری پێكهێنه‌ر‌و هێنانه‌دیی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، جیهانبینیی تایبه‌ت، دارێژه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و گه‌ڕانه‌وه سه‌رخۆ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت‌و له بنه‌ڕه‌تدا، ژێده‌ر‌و دینامیزمی واتاداری، داهێنان، جووڵه‌و ته‌ڤگه‌ری نه‌ته‌وایه‌تی‌یه.
به‌پێی ئه‌و فاكتانه‌ی كه پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد رۆژنامه‌ی كوردستان چ وه‌كوو ئۆرگانی فه‌رمی حكوومه‌تی كوردستان‌و حیزبی دێموكراتی كوردستان، چ وه‌كوو شوێنی بڵاوبوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروبۆچوون، روانگه‌و ئیده نه‌ته‌وه‌یی ـ نیشتمانییه‌كانی بلیمه‌ت‌و بژارده‌ی كورد به ماوه‌ی نیوسه‌ده، توانیویه به بوون، ئاماده‌یی‌و كاریگه‌رییه‌كانی خۆی له سه‌ر لانیكه‌م چوار نه‌سڵی كۆمه‌ڵگای كوردستان، جیلێكی جیاوازتر له‌گه‌ڵ رابردوو، په‌روه‌رده بكات‌و وێرای هێنانه ئارای خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی گشتگیر‌و جیهانبینیه‌كی جیاواز، ئه‌و نه‌سلانه له قه‌یرانی شوناس تێپه‌ڕ‌و به به‌رجه‌سته‌كردنی په‌رۆشیی كۆمایی‌و حه‌ز‌و خولیای ده‌سته‌به‌ربوونی" وڵات"، نێواخن به بوونیان وه‌كوو كورد‌و نیشتمانیان وه‌كوو كوردستان ببه‌خشێت.
هه‌روه‌ها تاكه‌كانی كورد به‌و قه‌ناعه‌ت‌و باوه‌ڕه بگه‌یه‌نێت كه گرینگ‌ترین شوناس‌و ناسنامه بۆ ئه‌وان، شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییانه‌و پێویسته ئه‌وان له رێگای سه‌ركه‌وتن‌و سه‌ربه‌ستی‌و به‌خته‌وه‌ری وڵاتی خۆیاندا، ته‌نانه‌ت له خه‌بات، گیانبازی‌و گیان به‌ختكردن سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌و، پێشمه‌رگه بن. ئه‌م هه‌ستیاری، ئه‌رك‌و به‌رپرسایه‌تییه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه كۆماری كوردستان له رێگه‌ی ئامرازی پێوه‌ندیكاری وه‌كو رۆژنامه‌ی كوردستان، له پاڵ ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا، رابردووی هاوبه‌ش، كولتووری هاوبه‌ش، زمانی هاوبه‌ش‌و جوغرافیای هاوبه‌شی خه‌ڵكی كورد پێناسه‌و روون ده‌كاته‌وه، له پاڵ ئه‌وه‌شدا، داهاتووو دوارۆژێكی هاوبه‌ش بۆ خه‌ڵكی كورد وێنا ده‌كات. چوونكه جگه له پێشینه‌ی هاوبه‌ش، داهاتووی هاوبه‌ش‌و پێكه‌وه‌یی‌یه كه ده‌توانێت وره‌و وزه‌و توانایی ئه‌نجامی كاری مه‌زن‌و كرده‌وه‌ی چاره‌نووسساز‌و، ئاڵوگۆڕ‌و قه‌ڵه‌مبازی به‌رین‌و خاڵی وه‌رچه‌رخانی دیرۆكی بڕه‌خسێنێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، بیچمگرتنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ستێنساز‌و دینامۆی تێپه‌ڕین له شوناسی نه‌ریتی وه‌كوو: ناوچه، ئایینزا، تایفه، عه‌شیره‌و،گۆڕینی بۆ شوناسێكی هه‌مه‌گیرتر‌و گشتگیرتره‌و، ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی‌كه تاك به جێگه‌ی خزم‌و عه‌شیره‌ت، به‌هۆی گرێدراوی به نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت یان جوغرافیایه‌كی دیاریكراو، خۆی پێناسه بكا‌و بناسێنێت.
ئه‌گه‌رچی هه‌نووكه‌ش پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌نێو سه‌ده له خه‌باتی كورد له پێناو بیچمگرتنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌و دامه‌زراندنی كیانێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و كوردستانێكی ئازاد هێشتاكه‌ش ئه‌نجامی پێویست‌و چاوه‌ڕوانكراوی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه، هه‌نووكه‌ش بنه‌مایه‌كی فیكریی پته‌و بۆ كوردایه‌تی‌و فه‌لسه‌فه‌ی‌بوونی به شێوه‌یه‌كی پته‌وو قایم‌و گونجاو له‌گه‌ڵ قۆناغی هه‌نووكه‌یی مانا‌و ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه، هێشتا مه‌ترسی قه‌یرانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌و ناسنامه‌ی كوردستانی زه‌ق‌و به‌رچاوه‌و، ستراتیژی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی جێگای به تاڵه‌و بۆشایی‌یه‌ك به‌دی ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه نه‌رێنییانه‌ش كه نراوه‌و، ئه‌مرۆ سیما‌و واتایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌و شوناسی یه‌كانگیر‌و هاوبه‌شمان، وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌نوێنێت. به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین ئاخێزگه‌و ره‌گ‌و بنه‌ماكانی بۆ كۆماری كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و، له‌م نێوه‌شدا، به درێژایی 63ساڵی رابردوو، رۆژنامه‌ی كوردستان وه‌كوو ئۆرگانی دارێژه‌ر، بڵاوكه‌ره‌وه‌و به سیستمكردنی تیۆرییه‌كانی دامه‌زرێنه‌رانی حیزب‌و كۆمار‌و رۆژنامه‌ی كوردستان، رۆڵێكی بێ‌وێنه، ده‌گمه‌ن‌و مێژوویی له‌و پێناوه‌دا گێڕاوه. هه‌نووكه‌ش ده‌توانێ به ره‌چاوكردنی زیاتری به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ له پرسی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌رجه‌سته‌كردنی فاكته‌ره‌كانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له قۆناغی هه‌نووكه‌ییدا، دیسانه‌وه‌ش رۆڵی پێشه‌نگایه‌تی‌و پێشڕه‌وبوونی خۆی له پێناسه‌ی كوردایه‌تی، ناسنامه‌ی كوردستانی‌و ده‌سته‌ربه‌ربوونی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی كورددا، وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌ك به شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی تایبه‌ته‌وه بگێڕێت.
سه‌رچاوه:
1ـ ئینترنێت
2ـ رۆژنامه‌ی كوردستان(سه‌رده‌می كۆمار)
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر