كچانی به‌ندكراوی كورد،
چه‌وساوه‌تر له ژن‌و ته‌نیاتر له نه‌ته‌وه
بێ هیچ چه‌شنه گومان‌و دڕدۆنگییه‌ك، گرینگترین‌و به‌هادارترین سامانی هه‌موو وڵات‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، سامانی مرۆڤییه. له‌م نێوه‌شدا تاكه ئازا، بلیمه‌ت، خاوه‌ن به‌هره‌و بوێره‌كان به جۆرێك له جۆره‌كان سامانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی خۆیانن. بۆیه چۆنیه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م فاكته‌ره كاریگه‌ره، رۆڵێكی دیاریكهرو چاره‌نووسساز له ره‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی سهربهستیو به‌خته‌وه‌ری نه‌ته‌وه یان له تهریككهوتنهوهو تێداچوونیدا ده‌گێڕێت.
نه‌سڵی ئێمه‌مانان كه نه‌سڵی هاوده‌می شۆڕشی 57 یان پاش شۆڕشین ته‌نیا له گێڕانه‌وه زاره‌كییه‌كاندا باسی ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ی ژن یان به‌رخودانیان له نێو ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی بیستووه‌و به‌داخه‌وه هیچ یه‌ك له‌و شێرهژنو بهرزهمرۆڤانه نه‌بوونه هێمایه‌كی ناسراوو دیار بۆ ژنانی كۆمه‌ڵگای كوردستان‌و سهرنموونهیهك بۆ چاولێگهریو وانه وه‌رگرتنیان له دوێنی‌و ئه‌مڕۆدا. ئه‌مه‌ش دیسان كهمتهرخهمیو كهمایهسییهكی دیكه‌ی دیرۆكی ئێمه‌ی كورده.
چ پێمان خۆش بێ‌و چ ناخۆش بێ، دوكتور روئیا تلووعی ناودارترین كه‌سایه‌تی ژنی ئه‌م مه‌یدانه له سه‌رده‌می كۆماری ئیسلامییه. ناسراویو ناودارییهك كه ئه‌گه‌ر به‌شێكی به‌رهه‌می راگه‌یاندنه‌كان بێت، به دڵنیایییه‌وه به‌شێكی هه‌ره زۆری ئاكامی تێكۆشان‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانی، به‌تایبه‌ت له بواری مافی ژناندا له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بوو. چونكه دوكتور روئیا به‌ر له ده‌ركه‌وتن له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كان له بیاڤو پانتای گشتیدا دهركهوتو نه‌ترسانه بوو به رچهشكێنێك له‌هه‌مبه‌ر ترس‌و سه‌ركوتی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ردا. له روانگه‌ی منه‌وه، ده‌ركه‌وتنی ژنانێك وه‌كوو: خاتوو تلووعی، نگین شیخولئیسلامیو...له كه‌وشه‌نی چالاكیی مه‌ده‌نیدا، خۆی له خوی‌دا جمانێكی نوێ‌و زاڤرێكی پێویست‌و گونجاو له‌گه‌ڵ قۆناغی هه‌بووی ئه‌و كاتدا بوو، به جۆرێك كه كردار‌و هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك فاكتهرو به‌ستێنی ره‌خساوی دیكه‌دا، گیانی به به‌ر زه‌مه‌نیكی مه‌نددا كرد‌و گشتاندنێكی تیۆریكی لێكهوتهوه. ره‌وتێك كه فاتمه گوفتاری، زه‌ینه‌ب بایه‌زیدی، رووناك سه‌فازاده، هانا عهبدیو...ئاماده‌بوون له پێناو جێگیركردن‌و خاوهنداریكردنیدا، بێ ترس له هه‌موو لۆمه‌و تانه‌و ناتۆرهكان، به‌ندیخانه‌كانیش ئهزموونو تاقه‌ت بێنن.
له‌م نێوه‌دا كچانی خوێندكاری كورد، كه پێشتر رووناك‌و هانا وه‌كوو سه‌مبولی تێكۆشانی ئه‌وان له به‌ندیخانه‌دا بوون، هه‌نووكه سێ كچی هه‌ره چالاكی خوێندكاری دیكه‌ی كورد واته: سروه وه‌یسی "هه‌نیسك مه‌ریوانی"، په‌خشان عه‌زیزی، له‌یلا محه‌مه‌دی، له رێكه‌وتی 25/8/1388هه‌تاوی، واته پاش به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژ به له‌سێداره‌دانی شه‌هید ئیحسان فه‌تاحیان دهستبهسهرو راپیچی گرتووخانه‌ی ئیڤین كراون. ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره‌ی كه بنه‌ماڵه‌ی سروه رایانگه‌یاندووه، ناوبراو رووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه‌و داپڵۆسین بۆته‌وه.
پرسیار ئه‌مه‌یه ئاخۆ ئێمه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا چه‌نده‌ی دیكه كچی خوێندكارمان هه‌یه كه وێڕای فامكردنی ئازادی، ئاماده‌یی تێچووو نرخ دایین له پێناو ئازادییشیان هه‌بێت؟ له لایه‌كی دیكه‌وه هۆكاری بێده‌نگی ئێمه‌ی كورد بهگشتیو بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورد‌و چالاكانی مافی مرۆڤی كورد له‌هه‌مبه‌ر به‌ندكردن‌و بێبه‌شكردنی ئه‌م سێ چالاكه كورده له سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانیان پاش نزیكه‌ی سێ مانگ بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
راسته داگیركهرو دوژمن به‌رانبه‌ر به ئێمه‌ی كورد هیچ چه‌شنه نهرمو نیانییه‌ك نیشان ناده‌ن، به‌ڵام ئاخۆ ئێمه ته‌نیا زه‌لیلی ده‌ستی داگیركه‌رین یان ده‌سته‌وه‌ستانی كه‌مته‌رخه‌می، بێویژدانی، سهرساردیو نابه‌رپرسایه‌تیی نهتهوهییو مرۆڤیی خۆمانین؟ ئه‌وه‌ی كه سامانی مرۆڤی ئێمه دهتاسێنێو ئیراده‌مان لێوهردهگرێو به‌رانبه‌ر به ئازادی‌و خهباتو به‌ره‌نگاری بێ باوه‌ڕمان ده‌كات، نه‌ك وه‌یشوومه‌ی تهوژمو توندوتیژی زبر‌و مهرگتهوهری داگیركه‌ر، به‌ڵكوو خاوه‌ن نه‌بوونی خۆمان له باشترین رۆڵه‌كانمانه.
به‌راستی له مێژووی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، چه‌ند كچه خوێندكاری دیكه‌مان هه‌یه كه به بیركردنه‌وه‌و وریایییه‌وه، ده‌نگیان به‌رانبه‌ر به سه‌ره‌ڕۆیه‌تی به‌رز كردبێته‌وه‌و جینایه‌تیان له قاو دابێ. ناڵێم نه‌مانبووه، هه‌مانبووه، به‌ڵام كوشتیانیان، به هه‌ڵه لێم تێمه‌گه‌ن، دوژمن ئه‌وانی نه‌كوشت، خۆمان ئه‌وانمان، واته خۆمانمان كوشت‌و ئێستاش كه ئێستایه هه‌ر خه‌ریكی خۆكوشتنین...! ئاخۆ له بیربردنی سروه، په‌خشان‌و له‌یلا، له بیركردنی خۆمان نیه؟ سڕینه‌وه‌و نكۆڵی كردن له خۆمان نیه؟ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه توانای خاوه‌نداری‌و ده‌نگ هه‌ڵبڕین بۆ باشترین رۆڵه‌كانی خۆیی نه‌بێت، شیاوی هیچ چه‌شنه ئازادییه‌ك نیه. ئاخۆ بێده‌نگی له‌هه‌مبه‌ر سه‌ركوت‌و جینایه‌ته‌وه، واتای چییه؟ بۆ ده‌بێ ئێمه هه‌میشه شه‌رمه‌زاری مێژووی خۆمان بین...؟!
Gerus46@yahoo.com
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر