63 ساڵ سێداره هه‌ڵخستن بۆ ئازادی
جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ وه‌كوو گرینگ‌ترین به‌ڵگه‌نامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی پێوه‌ندیدار به مرۆڤه‌وه له مادده‌ی 3دا جه‌خت ده‌كاته‌وه كه "هه‌ر مرۆڤێك مافی ژیان، ئازادی‌و ئاسایش‌و ته‌ناهیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه". كاتێك وه‌كوو كوردێك بێ له پێش چاوگرتنی 29 مادده‌ی دیكه سه‌رنجی ئه‌م مادده‌یه ده‌ده‌ین ده‌زانین كه ئێمه چلۆن له هه‌موو توخمه‌كانی پێویست بۆ ژیانێكی شیاوی مرۆڤ بێبه‌ش كراوین.له پاڵ نه‌بوونی ئازادی، ئاسایش‌و ته‌ناهیی تایبه‌تیدا، له سه‌ره‌كی‌ترین مافی سرووشتی مرۆڤ‌و بنه‌مایی‌ترینی كه مافی خاوه‌نبوون‌و به‌هره‌مه‌ندبوون له حه‌قی ژیانه بێبه‌ش ده‌كرێن. پرۆسه‌یه‌ك كه هێندێك جار سڕینه‌وه‌ی گشتی، واته كۆمه‌ڵكوژیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و زۆر كه‌ڕه‌تیش رێبه‌ركوژی‌و بلیمه‌تكوژی ئاكامه‌كه‌یه‌تی. ده‌سه‌ڵاتی زاڵ له‌م رێگه‌وه به‌دوای كۆنتڕۆڵی ئیراده‌ی سه‌ربه‌ست‌و ئازادی تاك‌و كۆمای ئێمه‌یه. بۆیه كاتێك بڕیاری مه‌رگ، واته ئه‌ستاندنی زۆره‌ملێی مافی ژیانی تاكێك ده‌دات، ته‌نیا كوشتنی تاكێك‌و بڕیارێكی ئاسایی نیه، چونكه لێره‌دا، پرسی حاكم‌و مه‌حكووم‌و له حاڵه‌تێكی راسته‌قینه‌تردا، پرسی ده‌سه‌ڵات‌و خه‌ڵك له ئارادایه‌و ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی له‌سێداره‌دانی تاكێكدا، به دوای نواندنی هێزو سه‌لماندنی خۆیه‌تی. هه‌بوونێك كه به‌رده‌وامیی له گره‌وی وه‌رگرتنی ژیانی مه‌حكووم، واته خه‌ڵكدایه. مێژووی ده‌سه‌ڵاتداری له ئێران بێجگه له چه‌ند بڕگه‌یه‌كی كورتی مێژوویی به تایبه‌ت له‌و قۆناغه‌وه كه به قۆناغی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مودێڕن ده‌ژمێردرێت، هه‌میشه گوتارێكی مه‌رگ‌ته‌وه‌رو تۆقێنه‌ری به‌رهه‌مهێناوه‌و له بنه‌مادا بۆ خۆشی خاوه‌نی‌چییه‌تی‌و باگراوندێكی فیكریی وه‌ها بووه. ئه‌ندێشه‌یه‌ك كه هه‌بوونی خۆی له هاوچه‌شنی‌و وه‌كیه‌ككردن‌و كوشتنی ئه‌ویتردا ده‌بینێته‌وه‌و كولتوورێك به‌رهه‌م دێنێت كه وه‌كوو كولتووری بژارده‌كوژو كۆمه‌ڵگای بلیمه‌تكوژ پێناسه ده‌كرێ. ده‌سه‌ڵات ئیراده‌ی سیاسی حاكمه‌و بۆیه بڕیاره‌كانی سیاسین‌و له‌سه‌ر بنه‌مای دابینكردنی ئامانجی سیاسی جێبه‌جی ده‌كرێن. لێره‌دایه كه كاتێك ده‌سه‌ڵاتێك فه‌رمانی مه‌رگ له پێناو پاراستن‌و مانه‌وه‌ی خۆیدا ده‌دات، بڕیاره‌كه له‌حاڵه‌تی تاكه‌كه‌سی ده‌ربازو پێوه‌ندی به چاره‌نووسی گشتییه‌وه په‌یدا ده‌كا. چوونكه ئامانج كوشتنی مه‌حكووم نیه به‌ڵكوو بێده‌نگكردنی خه‌ڵكێكه كه وه‌كوو مه‌حكووم بیر ده‌كه‌نه‌وه. به‌م پێیه ئاراسته‌ی په‌یامه‌كه به‌ره‌و خه‌ڵكه‌و له سێداره‌دانه‌كه‌ش، ته‌نیا له‌داردانی جه‌سته‌ی تاكێك نیه، به‌ڵكوو ده‌یهه‌وێ ئیراده، ویست‌و زاڤری نه‌ته‌وه هه‌ڵ‌بواسرێ‌و بتاسێنرێت. ئه‌گه‌ر له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، ده‌سه‌ڵاتی زاڵ له كوردستان به‌رانبه‌ر به رێبه‌رانی ته‌ڤگه‌ری كورد تێرۆری سیاسیی وه‌كوو به‌شێكی سه‌ره‌كی له پێكهاته‌ی خۆی پێڕه‌و ده‌كرد، له نێوه‌ڕاستی ئه‌و سه‌ده‌یه هاوكات له‌گه‌ڵ تێرۆری سیاسی، ئێعدامی سیاسیش بوو به به‌شێك له گوتار‌و پراكتیكی رێژیم له كوردستاندا. ره‌وتێك كه به بڕیاری له‌سێداره‌دانی پێشه‌وای كوردان، له زستانی 1325 ده‌ستیپێكردوو و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی دیكه‌ی كورد به تاوانی چالاكیی سیاسی له سێداره دران. پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ئێعدامی به كۆمه‌ڵی به‌ندكراوانی سیاسی‌و به ناو ئێعدامه ئینقلابییه‌كان بوو به دیارده‌یه‌كی رۆژانه. بۆ نموونه له رێكه‌وتی 12/3/62، 59 لاوی مه‌هاباد له یه‌ك كاتدا ئێعدام ده‌كرێن، پلانێك كه له چوارچێوه‌یه‌دا، به پێی ئاماری ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگیی چاك، له‌و ده‌یه‌ی 60دا، لانیكه‌م 832 كه‌س له كوردستاندا ئێعدام كراون. ئه‌گه‌ر چی لێره‌دا، ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه‌ی هۆكارو كاریگه‌ری‌و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و ئێعدامانه‌مان نیه، به‌ڵام پرسی سه‌ره‌كی یان مه‌ترسیی سه‌ره‌كی له‌وه‌دایه كه بۆچی دیسانه‌وه به ئاسانی‌و خێرایێكی كه‌م وێنه عه‌قڵییه‌تی حاكم به‌سه‌ر كوردستان به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گات كه پرۆسه‌ی له سێداره‌دانی سیاسی به‌رهه‌م بێنێته‌وه. هۆكاری ئه‌وه‌ی كه له ماوه‌یه‌كی كورتی زه‌مه‌نیدا، دوو لاوی ته‌مه‌ن 27 ساڵه‌ی كورد (شه‌هیدان: ئێحسان فه‌تاحیان‌و فه‌سێح یاسه‌مه‌نی) له دوو ناوچه‌ی زۆر هه‌ستیاری كوردستان، كرماشان‌و خۆی ده‌كا به په‌تی سێداره‌وه‌و بڕیاری له سێداره‌دان به‌رانبه‌ر به 18 چالاكی سیاسی دیكه‌ی كورد ده‌خاته قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه چیه؟ له‌م نێوه‌دا بێ هیچ گومانێك قۆناغه‌كه بۆ كوردیش خاوه‌نی هه‌ستیاریی تایبه‌تی خۆیه‌تی‌و ئێمه‌ش له به‌رانبه‌ر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرینگداین، قۆناغێك كه هه‌ڵوێستی شیاو، پێكه‌وه‌یی‌و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ی ده‌وێت، چونكه ته‌نیا هاوهه‌ڵوێستی، خاوه‌نداری‌و وشیاری‌یه كه ئێمه به سه‌ر سیاسه‌تی مرۆڤكوژی رێژیم‌دا سه‌رده‌خات.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر