یه‌كیه‌تیی زانستگا‌و به‌ندیخانه‌ن.،
له هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركوت‌و مستی ئاسنیندا
له سه‌ره‌تای پاوانكرانی شۆڕشی ئێران له لایه‌ن ئاخونده‌كانه‌وه، هه‌میشه به‌ره‌به‌ره‌كانییه‌كی به‌رده‌وام له نێوان زانستگا‌و"حه‌وزه‌ی علمییه"یان به واتایه‌كی دیكه له نێوان نه‌ریت‌و مۆدێڕنیته‌دا له ئارادا بووه. ئیسلامییه بناژۆخوازه‌كان سه‌ره‌تا بیرۆكه‌ی"یه‌كیه‌تیی حه‌وزه‌و زانستگا" یان خسته‌به‌رباس تا له‌و رێگه‌یه‌وه هێژمۆنی خۆسه‌پێنه‌رانه‌ی خۆیان به سه‌ر زانستگاكاندا زاڵ بكه‌ن‌و هه‌وڵی چه‌سپاندن‌و جێخستنی بده‌ن. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تدا چاوه‌ڕوانییه‌كی ئاوه‌ها ره‌ها له ناوه‌ندی زانستی‌و چینی خوێنده‌واری لاو به ته‌واوی هه‌ڵه‌یه نایێته دی‌و، مێژووی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی جیهانی‌و ئێرانیش هه‌ر له ده‌یه‌ی60 ی زایینی‌یه‌وه، باشترین به‌ڵگه‌و سه‌لمێنه‌ری ئه‌م راستییه‌یه، له لایه‌كی دیكه‌وه، زانستگا‌و خوێندكاران یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌بات دژبه سیستمی پاشایه‌تی له 16ی سه‌رماوه‌زی 1332 هه‌تاوی به‌م لاوه بوون‌و پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 57یش، زانستگاكان به‌تایبه‌ت زانستگای تاران وه‌كوو گرینگ‌ترین مه‌كۆی مشت‌ومڕو دیالوگ‌و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ی ئازادی لێهاتبووـ ئازادی‌و دۆخێك كه به‌ستێنساز‌و بوار ره‌خسێنی جڤاكێكی زیندوو، پرسا، ره‌خنه‌گر‌و به باندۆر بوو. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بڕوای لاسایكردنه‌وه‌و، پۆپۆلیزمی تاقمی فه‌ره‌مانڕه‌وا ناكۆك‌و ناته‌با بوو و نیشانه‌كانیش ده‌رخه‌ر‌و ده‌ربڕی ئه‌وه بوون كه زانستگا به ئاسانی ناچێته ژێر ركێفی قوتابخانه ئایینی‌یه دۆگم،"ته‌قیه"كه‌ر‌و"فقه" ته‌وه‌ره‌كانه‌وه، كه به ته‌واوی گرێدراوی متافیزیك‌و ئاخێزگه‌كانی نه‌ریتته‌وه‌ر بوون.
هه‌روه‌ها رێژیمی نوێ به هۆی كه‌ڵكوه‌رگرتن له تیۆری‌و بیروبۆچوونه‌كانی پاشماوه‌ی ساواكییه‌كان، تووده‌یی‌یه‌كان، ئه‌زموونی سیستمی توتالیته‌ری ستالینیستیی سۆڤییه‌ت‌و مائوئیستیی چین، به‌شێكی زۆر له ئه‌زموونه دزیۆه‌كانی ئه‌وانی له ئێران‌دا كرده‌یی كرد، یه‌كێك له‌وانه"شۆڕشی فه‌رهه‌نگی"بوو كه پێشتر مائوئیسته‌كان له وڵاتی چیندا(1966ـ1968) تاقییان كردبووه‌وه، تاكوو بتوانن بنه‌ماكانی كولتوور، مێژوو‌و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگا به ته‌واوی بگۆڕن‌و جڤات‌و جه‌ماوه‌رێكی یه‌كده‌ست‌و جیاواز له جاران بخوڵقێنن. مۆره‌كانی رێژیمی ئیسلامی كه ئه‌وكات له ژێر ناوی"حیزبی جمهوری ئیسلامی" چالاكییان ده‌كرد، بڕیاریاندا كه زانستگاكان دابخه‌ن، بۆیه جێبه‌جێكردنی ئه‌م كاره‌یان به"حه‌سن ئایه‌ت"، ده‌بیری سیاسی حیزب سپارد‌و به‌پێی گه‌ڵاڵه‌یه‌كی پێشتر دارێژراو، رۆژی سێ‌شه‌ممه، 2ی بانه‌مه‌ڕی 1359ی هه‌تاوی، زانستگاكان له لایه‌ن مۆره‌كانی رێژیمه‌وه داگیركران‌و ئه‌م داگیركردنه‌یان به"شۆڕشی فه‌رهه‌نگی" ناوزه‌د كرد. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له‌م ماوه‌دا خومه‌ینی چه‌ندین كه‌ڕه‌ت زانستگا‌و خوێندكارانی به پڕمه‌ترسی ناساندبوو، ته‌نانه‌ت گوتبووی "زانستگاكان له بۆمبی خۆشه‌ییش مه‌ترسیدارترن"،"هێندێك دز و چه‌ته جل‌وبه‌رگی زانستگاییان له‌به‌ر كردووه"و... هتد.
له‌و رۆژه‌وه تا هه‌نووكه، دیرۆكی بزاڤی خوێندكاری له ئێران‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كۆلۆنیدا، هه‌وراز‌ونشێوی زۆری به خۆیه‌وه بینیوه، ده‌یان 16ی سه‌رماوه‌زی‌تر دووپات بۆته‌وه‌وه، حورمه‌تی هه‌رێمی زانستگا شكێندراوه، به‌ڵام به ته‌واوی لاوازی‌و كه‌م‌وكۆڕییه‌كانیه‌وه، بزاڤی خوێندكاری رووسوورترین‌و سه‌ره‌كیترین له‌مپه‌ڕ‌و مه‌ته‌رێزی له گیران نه‌هاتووی توتالیتاریزم‌و فاشیزمی ئاخوندی بووه.
پاش شكستی پرۆژه‌ی رێفۆرمخوازی له چوارچێوه‌ی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا، كه خوێندكاران له ئافرێنه‌ران‌و پاشان ره‌خنه‌گرانی سه‌ره‌كیی بوون، بناژۆخوازان یان به واتایه‌كی راستتر، باڵی تیرۆر‌و توند‌وتیژ ته‌وه‌ری رێژیم له درێژه‌ی به ده‌سته‌وه‌گرتنی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانی، مه‌جلیسی حه‌وته‌م، پوستی سه‌ركۆمارییشیان داگیركرد، پرۆژه‌یه‌ك كه ده‌كرێ به كوده‌تایه‌كی ئارام‌و سپی له قه‌ڵه‌م بدرێت، چونكه ته‌واوی پێكهاته‌ی مودیرییه‌تی‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی ئێران به ته‌واوی له كه‌سانی پاسدار‌و خاوه‌ن پێشینه‌ی كوشت‌وبڕ و سه‌ركوت بیچمی گرت. تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووانی ده‌زگای جێبه‌جێكار كه پێشتریش ده‌زگاكانی یاسادانان‌و دادوه‌رییان مۆنۆپۆل كردبوو، ئارمانج‌و ئامانجی سه‌ره‌كییان گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هاكانی شۆڕشی 57بوو، ئه‌مه‌ش بێ‌گومان به‌ر له هه‌موو بیاڤێك، زانستگا‌و بنه‌ماكانی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری دروست‌و ژێده‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی زانستی ده‌گرته‌وه. بۆیه به‌هاتنه سه‌ركاری ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م به‌هۆی چوونه سه‌ره‌وه‌ی كه‌لێن‌و بۆشایی له نێوان بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌و كۆمه‌ڵه جۆراوجۆره‌كانی ناخی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها به هۆی رێكار‌و رێبازی تازه‌ی رێژیم بۆ كۆنترۆڵی زانستگاكان‌و ده‌سته‌مۆكردنی خوێندكاران قۆناخێكی جیاواز، تۆقێنه‌ر‌و پڕمه‌ترسی‌و پڕتێچوو، به‌ڵام ئازایانه‌و رۆشنگه‌رانه ده‌ستی پێكرد، قۆناخێك كه تیۆریسیه‌نه‌كانی رێژیمی ناچار كرد دان به‌وه‌دا بنێن كه هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان بۆ" یه‌كیه‌تیی حه‌وزه‌و زانستگا" هه‌ره‌سی هێناوه‌و، هه‌نووكه" یه‌كیه‌تیی زانستگا‌و به‌ندیخانه" وه‌كوو به‌شێكی دانه‌بڕاو له مێژووی زانكۆ‌و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له‌م سێ ده‌یه به‌تایبه‌ت ده‌یه‌ی سێهه‌می ده‌سه‌ڵاتداری ئیسلامی هاتۆته ئاراوه. ئه‌مه‌ش بۆته ئامیانی دروست بوونی قۆناخێكی هه‌ستیار كه رێژیم پرۆژه‌یه‌كی دواكه‌وتووانه وه‌كوو سیاسه‌تی گۆڕستانی ـ پادگانی‌كردنی زانستگاكان جێبه‌جێ بكات. ئه‌وان بۆ ده‌سپێك گه‌ڵاڵه‌یه‌كیان له‌ژێر ناوی" ناشتنی ته‌رمی سه‌ربازی ون"(تدفین شهدای گمنام) له زانستگای ئه‌میركه‌بیری تارانه‌وه ده‌ست پێكرد كه رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی 20ی سه‌ماوه‌زی پولی ته‌كنیك(ئه‌میر كه‌بیر)ی لێكه‌وته‌وه. به‌ڵام رێژیم بێ گوێدان به ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بودجه‌یه‌كی زه‌وه‌ندی بۆ ئه‌و كاره ته‌رخان كرد‌و له ده‌یان زانستگای ئێران‌دا گه‌ڵاڵه‌كه‌ی خسته بواری كرداری‌و هه‌نووكه‌ش له درێژه‌دانی به‌رده‌وامه. هاوته‌ریبیش هێندێك ئاخوندی وه‌كوو سه‌رۆكی زانستگاكان(زانستگای تاران، عه‌لامه‌و...) ده‌ستنیشان كرد، له حالێكدا به‌پێی ئه‌سڵی سه‌ربه‌خۆیی زانستگاكان، ده‌بێ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی زانستگا‌و به‌رپرسانی دیكه‌ی زانستگا‌و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی زانستی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ر بێت. به‌ڵام چونكه رێژیم وه‌كوو سه‌رچاوه‌ی گێره‌شوێنی‌و پیلانگێڕی ده‌ڕوانێته زانستگا، بۆیه هه‌موو مامۆستایانی زانكۆ له لایه‌ن وه‌زاره‌تی(علوم‌و تحقیقات‌و فناوری )وه‌رده‌گیردرێن‌و مۆڵه‌تی ئه‌وه ناده‌ن كه سه‌رۆكی زانستگاكان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی زانستیی زانكۆكانه‌وه دیاریی بكرێن.
به هاتنه سه‌ركاری ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م، چالاكی ناوه‌ند‌و رێكخراوه گرێدراوه‌كان به پاڵی بناژۆخوازان وه‌كوو: حه‌راسه‌ت، كۆمیته‌ی ئینزیباتی، ناوه‌ندی نوێنه‌رایه‌تی وه‌لیی فه‌قیه‌و به‌سیجی خوێندكاری‌و گه‌شه‌یه‌كی له راده‌به‌ده‌ری سه‌ند‌و ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌سنووریان په‌یدا كرد. هه‌روه‌ها به‌رێوه‌بردنی گۆڕانكاری به‌ربڵاو له ئاسته جۆراجۆره‌كانی به‌رپرسایه‌تی زانستگاكان بێ له‌به‌رچاوگرتنی راوبیروبۆچوونی مامۆستایان‌و خوێندكاران، ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری نێوخۆی ئه‌نجومه‌ن‌و پێكهاته خوێندكارییه‌كان، بانگهێشتكردنی چالاكانی خوێندكاری بۆ كۆمیته‌ی ئینزیباتی، بێبه‌شكردن له خوێندن به پێچه‌وانه‌ی ئه‌سڵی 30ی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی رێژیم، ئه‌ستێره‌داركردنی چه‌له‌نگانی خوێندكاری، خانه‌نشینكردنی نابه‌دڵی مامۆستایانی پسپۆڕ‌و ناسراو، سه‌رنج نه‌دان به گرفته پێشه‌یی‌یه‌كان، داخستنی گۆڤاره خوێندكارییه‌كان، دانانی دووربینگه‌لی مه‌داربه‌سته‌و هه‌وڵدان بۆ یه‌كده‌ستكردنی پۆشنی خوێندكاران‌و جیاكردنه‌وه‌ی كلاسه‌كانی خوێندكارانی كچ‌و كوڕ له یه‌كتر، به‌ش بۆ دانانی جێنسی،" بومی گزینی"و...، به‌شێك له‌و هه‌وڵانه بووه‌كه رێژیم گه‌ڵاڵه‌ی كردووه‌و هه‌وڵی پراكتیزه‌كردنی داوه. واتا دروستكردنی فه‌زا، هه‌لومه‌رج‌و بارودۆخێك كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ چه‌مكی زانست‌و زانیاری‌دا یه‌ك ناگرێته‌وه. ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م كه به‌كرده‌وه شۆڕشی فه‌رهه‌نگی دووهه‌میشی بۆ به‌ره‌نگاری‌و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ڕه‌سه‌ن‌و مۆدێڕن هێناوه‌ته ئاراوه‌و به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ته‌واوی ئامرازه‌كانی به‌رده‌ستی پیاده‌ی ده‌كات‌و به وته‌ی خۆی زانستگاكان ئیسلامیزه‌وه ده‌كات، به‌ڵام بۆ نموونه سه‌رنجێكی كورتی رووداوه‌كانی 6مانگه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 1387ی هه‌تاوی، ده‌رخه‌ری سه‌ركوتێكی سیستماتێك‌و كاره‌ساتێكی دڵته‌زینه كه تووێژی خوێنده‌ڤان‌و ئاكادمیست له‌گه‌ڵی ده‌سته‌ویه‌خه‌ن. پرۆسه‌یه‌ك كه باكگراوه‌ندێك وه‌كوو: كوشتنی خوێندكاران له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه( ئه‌كبه‌ر محه‌ممه‌دی، ئیبراهیم لوتفوڵڵایی، زه‌هرا به‌نی یه‌عقووب)، یان كوشتن له زانكۆ:( ته‌وحید غفارزاده‌گان، سومه‌یه كاكاوه‌ند)، یان مه‌رگی گوماناوی به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له زانستگاكان، بۆ نموونه ته‌نیا له مانگی جۆزه‌ردانی 87دا، دوو خوێندكاری كچ له ناوه‌ندی حه‌راسه‌تی زانستگای گیلان‌و زانستگای زاهێداندا، كۆتایی به ژیانی خۆیان دێنن.
ده‌سپێكی ناڕه‌زایه‌تی خوێندكاران پاش پشوودانه‌كانی جێژنی نه‌ورۆز، له زانستگای شیرازه‌وه سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه، كه درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌رینی خوێندكارانی ئه‌م زانستگایه له مانگی ره‌شه‌ممه‌ی 86دا بوو. به‌ڵام مانگرتنی خوێندكارانی زانكۆی پێشه‌یی سه‌هه‌ندی ته‌ورێز له رێكه‌وتی 4/2/87، رێژیمی تووشی كێشه‌وبه‌ره‌یه‌كی نوێ كرد. زۆرجار باس له گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی به‌رپرسانی حكوومه‌تی به‌تایبه‌ت له‌نێو زانكۆكاندا ده‌كرا، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رپۆش دانان له سه‌ر رووداوه‌كان، هه‌واڵه‌كان به نهێنی ده‌مایه‌وه‌و، قوربانیانیش به هه‌ره‌ِشه یان خه‌پاندن بێ ده‌نگ ده‌كران. ره‌وتی روو له گه‌شه‌ی ئه‌م جۆره كردارانه له ده‌ورانی وه‌زاره‌تی زاهێدی( وزاتخانه علوم، تحقیقات‌و فناوری) گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی خۆی‌و ده‌یان كرده‌وه‌ی دزێوی ئه‌خلاقی له‌قاو دران. به‌جۆری كه جێگری خۆدی وه‌زیریش یه‌كێك له بكه‌رانی ئه‌م كاره بوو. ئاشكراكردنی ئه‌م ده‌ستدرێژیانه له ته‌ورێزه‌وه ده‌ستی پێكرد‌و له زانكۆی زه‌نجاندا به شێوه‌یه‌كی به‌ڵگه‌مه‌ند ئاراسته‌ی بیروڕای گشتی كرا. به‌پێی شاهێدی دانی قوربانیان له‌و ماوه‌دا له زانستگاكانی رازی كرماشان، ئازادی ئاشتیان، ئیسفه‌هان، سه‌هه‌ند‌و زه‌نجان خوێندكاران له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حه‌راسه‌تی زانستگاكانه‌وه ده‌ستدرێژییان كرابووه سه‌ر. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوانه له زۆربه‌ی زانكۆكانی دیكه‌ی ئێرانیش ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن له هه‌مبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی رێژیم به شێوه‌یه‌كی گشتگیر‌و هه‌مووانی له ئارادا بوو، كه به‌رچاوترینیانیش مانگرتنی خوێندكارانی ته‌ربیه‌ت موعه‌لیمی كه‌ره‌ج به به‌شداری پتر له 3500 خوێندكار بوو كه زیاتر له 160كه‌سیانیش له مانگرتن له خواردن به سه‌ریان ده‌برد. له خاڵه بایه‌خداره‌كانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ئه‌وه بووكه مۆته‌كه‌ی تۆقێنه‌ری سه‌ركوتی 18ی پووشپه‌ڕی 87، كارایی خۆیی له ده‌ستدا‌و بۆ یه‌كه‌مین جار پاش ئه‌و رووداوه، كچانی خوێندكاریش به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له مانگرتنه‌كانی شه‌وانه‌ی نێو زانستگا، هاوشان له‌گه‌ڵ كوڕانی خوێندكاردا ئاماده‌بوون‌و بێ گوێدانه هه‌ره‌ِشه‌كانی حه‌راسه‌ت‌و پێوه‌ندی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز به بنه‌ماڵه‌كانیان، داكۆكییان له مافه پێشه‌یی‌و ره‌واكانی خۆیان ده‌كرد. له‌م نێوه‌دا ئه‌گه‌رچی رێژیم زۆر ده‌نگوێ بڵاوكرده‌وه كه ناڕه‌زایه‌تی پێشه‌یی خوێندكاران‌و داخوازییه‌كانیان بكاته كێشه‌یه‌كی ئه‌منییه‌تی‌و رێگای ده‌ستێوه‌ردان‌و چوونه نێو په‌ڕانپه‌ڕی زانستگا بۆ هێزه سه‌ربازی‌و گۆپاڵ به‌ده‌سته‌كان خۆش بكات‌و له لایه‌كی دیكه‌وه به هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندنی خوێندكاران‌و بنه‌ماڵه‌كانیان‌و به‌ستێنسازی بۆ وێكه‌وتنی قه‌زایی له‌گه‌ڵ چالاكان، ئه‌گه‌ره‌كانی به‌دێهاتنی ماف‌و داواكارییه‌كانیان له‌بار به‌رێت، هه‌وڵی كه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا‌و له ئاكامدا رێژیم ناچار بوو، به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داخوازیی خوێندكاران له زانستگاكانی سه‌هه‌ندی ته‌ورێز، ته‌ریبه‌ت موعه‌لیمی كه‌ره‌ج، زه‌نجان‌و...هتد بدات. به‌ڵام ئه‌م به‌ڵێنه‌ی رێژیمیش ته‌نیا تاكتیكێكی كاتی بۆ ئارام كردنه‌وه‌ی بزاڤی خوێندكاری‌و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی له‌بار بۆ تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه له خوێندكاران بوو. بۆیه هه‌ر به‌ده‌ستپێكردنه‌ی پشوودانی هاوینه‌ی زانستگاكان، بانگهێشتكردن‌و ده‌ستبه‌سه‌ركردن‌و به‌ندكردنی چالاكانی خوێندكاری به‌تایبه‌ت خوێندكاره كورده‌كان ره‌وتێكی خێرای به‌خۆوه گرت‌و پێشڕه‌وانی بزاڤی خوێندكاری له هه‌موو زانكۆكانی وڵات‌دا، به‌تایبه‌ت مه‌شهه‌د، ته‌ربیه‌ت مه‌عه‌لیمی كه‌ره‌ج، ته‌وریز، زه‌نجان، ئیسفه‌هان‌و... راپێچی گرتووخانه‌كان كران.
یه‌كێكی دیكه له رێكاره‌كانی رێژیم له هه‌رێمه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، سیاسه‌تی ناته‌بایی‌و ناكۆكی سازكردن له نێوان خوێندكارانی سه‌ر به نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی ئێران‌دا بووه. رێژیم له 27/2/87 له زانستگای ته‌ورَیزدا به‌دنه‌دانی هێندێك له مۆره‌كانی خۆیان ویستی شه‌ڕ‌و گرژییه‌ك بۆ كورد‌و ئازه‌ری دروست بكات كه به‌هۆی وریایی خوێندكاران، توانرا دۆخه‌كه كۆنترۆڵ‌و ئارام بكرێته‌وه. به‌ڵام رێژیم به كرانه‌وه‌ی زانستگاكان له نێوه‌ڕاستی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا به‌هۆی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه پێشه‌یی‌یه‌كانی خوێندكاران له زانكۆی ورمێ هه‌وڵی په‌راوێزخستنی كورده‌كان ده‌دات كه شه‌پۆلێكی به‌رین له ناڕه‌زایه‌تی‌و مانگرتن به دوای خۆیدا دێنێت. له‌م ماوه‌دا سه‌یرتر له هه‌موو ئه‌م رووداوانه، هێرشی تاقمه گۆپاڵ به‌ده‌سته‌كان‌و چه‌قۆكێشانی حكوومه‌تی(هێزه لیباس شه‌خسییه‌كان) بۆ سه‌ر خوێندكارانی زانستگای زاهێدان‌و داپڵۆسین‌و برینداركردنی چه‌ندین خوێندكاری لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م كاره‌ساته له حاڵێكدا رووده‌دات كه پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌مجۆره له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حه‌راسه‌تی زانكۆوه‌وه له چالاكانی خوێندكاری زانكۆی زاهێدان كرابوو، ته‌نانه‌ت له‌كاتی هێرشی گۆپاڵ به‌ده‌سته‌كان هیچ چه‌شنه برگرییه‌ك له‌لایه‌ن ئینتیزاماتی زانكۆوه نه‌هاتوته ئاراوه‌و، پشتگیری له خوێندكاران نه‌كراوه. چونكه كۆماری ئیسلامی بوونی خوێندكاری ئازا‌و ره‌خنه‌گر‌و جووڵانه‌وه‌ی خوێندكاری به پیلان‌و دارده‌ستی دوژمنان‌و ئه‌نجامده‌رانی به به‌رێوه‌به‌رانی"شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین" بۆ رووخانی رێژیم ناودێڕ ده‌كات. له‌م باره‌وه وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێران، مۆحسینی ئێژه‌یی له رێكه‌وتی 7ی ئاگۆستی 2007دا،به شێوه‌ی فه‌رمی بزاڤی ژنانی‌و خوێندكارانی وه‌كوو" به‌رنامه‌ی نوێی دوژمنان" ناوزه‌د كرد‌و گوتی:" سیاسه‌تی نویێ دوژمن گه‌ڵاڵه داڕشتن بۆ بزووتنه‌وه جۆراجۆره‌كان له ژێر ناوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان‌و بزاڤی خوێندكاری دایه". ئه‌گه‌رچی گوشار‌و هێرشی هه‌مه لایه‌نه بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ئێران‌و كوردستانی به هه‌موو شێواز‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ك كرده‌یی ده‌كرێ‌و رێژیمیش ئاماده‌ی پاشه‌كشه‌و سڵكردنه‌وه له كرده‌وه توند‌وتیژه‌كانی خۆێ نیه، به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه‌كه خوێندكارانی كورد‌و بزاڤی خوێندكاری كورد گه‌وره‌ترین تێچووی له‌م بواره‌دا داوه، به واته‌یه‌كی دیكه راده‌ی گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر خوێندكارانی كورد چه‌ندقات زێده‌تر له خوێندكارانی ئێرانی‌یه. بۆ نموونه كۆی ده‌ستبه‌سه‌ر بوونه‌كانی خوێندكارانی كورد له 6مانگه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 87ی هه‌تاوی، دوو هێنده‌ی قۆڵبه‌ست بوونی خوێندكاران له ته‌واوی ئێراندایه، یان له كاتی ده‌ستگیركردنه‌كانی هاویندا،11كه‌س له چالاكانی خوێندكاری زانستگای ته‌ربیه‌ت موعه‌لیمی كه‌ره‌ج ده‌ستبه‌سه‌ر‌و له خوێندن بێبه‌ش ده‌كرێن، كه 10كه‌س له‌و 11خوێندكاره كورده‌كانن. هه‌روه‌ها ئه‌و بڕیارانه‌ی كه دادگاكانی شۆڕشی ئێران دژبه خوێندكاره كورده‌كان بڕیویانه‌ته‌وه، خۆی له خۆیدا ده‌رخه‌ری پرۆسه‌یه‌كه كه هه‌وڵی سرێنه‌وه‌و ژینۆسایدی سپیی سامانه مرۆڤییه‌كانی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ده‌دات. بۆ نموونه(ـ حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی‌ـ ئێعدام، 2ـ یاسر گوڵی ـ 15ساڵ زیندان‌و دوورخرانه‌وه بۆ بافتی كرمان،3ـ ستار په‌رویزی ـ 16ساڵ زیندان‌و دوورخرانه‌وه، 4ـ خه‌بات یوسفی ـ 13ساڵ زیندان‌و دوورخرانه‌وه، 5ـ حسێن ره‌حمانی ـ 16 ساڵ زیندان، 6ـ سه‌باح نه‌سیری ـ 5/1 ساڵ زیندان، 7ـ هێدایه‌ت غه‌زاڵی ـ 5/1 ساڵ زیندان، 8ـ خدر ره‌سوڵ مروه‌ت ـ 3ساڵ زیندان، 9ـ جه‌ماڵ ره‌حمانی ـ 6 ساڵ به‌ند‌و دوور خرانه‌وه، 10ـ ئه‌میر ره‌زا ئه‌رده‌ڵان ـ 6 مانگ، 11ـ رووناك سه‌فازاده‌ـ شه‌ڕٍكردن له‌گه‌ڵ خودا، 14ـ ژیان زه‌فه‌ری ـ چاره‌نووس نادیار،15ـ په‌یام حوسێنی ـ چاره‌نووس نادیار،16ـ سه‌یوان فه‌رۆخ نێژادـ چاره‌نووس نادیار، 17ـ وریا مروه‌تی ـ چاره‌نووس نادیار، 18ـ محه‌مه‌د ساڵیح عیومه‌ن ـ 4ساڵ زیندان، 19ـ ره‌حمان ره‌حیم پوورـ چاره‌نووس نادیار، 20 شه‌هاب سلێمانی ـ چاره‌نووس نادیار،21ـ یاسر به‌هادوری ـ زیندان،22ـ زیاتر له 50خوێندكاری كوردیش به دانانی بارمته‌ی 50تا 150میلیۆن تمه‌نی به شێوه‌ی كاتی ئازادكراون‌و چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگاكانی شۆڕشن)
سه‌رنجێكی خێرای دۆخ‌و كه‌ش‌وهه‌وای زاڵی هه‌نووكه‌یی به‌سه‌ر زانستگاكانی ئێران‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا پیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه كاره‌ساتێك له پانتایی زانست‌و زانایی‌ته‌وه‌ری له حاڵی بیچمگرتن دایه، كاره‌ساتێك كه 109ئه‌ندامی لێژنه‌ی زانستیی زانستگاكانیش له راگه‌یه‌ندراوێكدا به بۆنه‌ی كرانه‌وه‌ی زانستگاكان بڵاویان كردۆته‌وه‌و، سه‌باره‌ت به دۆخی ناله‌باری په‌ره‌ئه‌ستاندنی زانستی له ئێران‌دا، رووكه‌ش گه‌رایی، روانینی ناته‌كۆزمه‌ندانه، له به‌رگرتنی شێوازی پرۆپاگه‌نده‌یی له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئامار‌و زانیاریی زانستی، له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌رزكردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تی فێركاری‌و توێژینه‌وه‌یی، به‌زاندنی سنووری زانست‌و سه‌ربه‌خۆیی زانكۆ، دابه‌زینی بایه‌خ‌و گرینگی زانست‌و پێگه‌ی زانایان، هه‌روه‌ها وێكه‌وتنی ئه‌منییه‌تی‌و له‌نێوبردنی ئاسووده‌یی هزری‌و زه‌ینی زانستگاییه‌كان، هۆشدارییان به رێژیم داوه‌و، باسیان له ئاكامه مه‌ترسیداره‌كانی كردووه.
هه‌نووكه پاش 30ساڵ‌و دوو شۆڕشی دژه فه‌رهه‌نگی‌و له ئارادابوونی گه‌ڵاڵه‌ی ستراتیژێكی به ئیسلامی‌كردنی زانستگاكان له سه‌ر سێ ته‌وه‌ری"مامۆستا، ده‌قه وانه‌یی‌یه‌كان‌و خوێندكاران" به سه‌رپه‌رستی ئایه‌توڵڵا میسباح یه‌زدی‌و له‌لایه‌ن" مۆسسه پژوهشی خمینی"یه‌وه، ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ‌و دڵخوشكه‌رانه‌ی بۆ رێژیم نه‌بووه‌و، وه‌زیری علوومی رێژیم باس له‌وه ده‌كات كه به‌جێگه‌ی گوتنه‌وه‌ی وانه خوازراوه‌كانی ئێمه، له هێندێك له زانستگاكاندا، چه‌مكگه‌لێك وه‌كوو: سیكۆلاریزم، فیمینیزم، ئۆمانیزم‌و ماتریالیزم ده‌گوترێته‌وه. دوایینترین هه‌ڵوێست له‌م باره‌وه، هه‌ڵوێستی"قربانعلی دری نجف ێ‌بادی"، دادستانی گشتیی ئێرانه، كه به‌شێوه‌ی فه‌رمی به خوێندكاران هۆشداریی‌دا كه له" جریان ێ‌فرینی" به‌تایبه‌ت"جریان ێ‌فرینی سیاسی" دووری بكه‌ن، یان خۆیان بۆ وێكه‌وتن‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دادوه‌ری ئاماده بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌رچی له‌نێوان قوتابخانه ئایینی‌یه‌كان‌و زانستگاكاندا یه‌كیه‌تیی دڵخوازی رێژیم به‌دی نه‌هات، به‌ڵام به‌ندیخانه‌كان هه‌میشه ده‌رگاكانیان به رووی خوێندكاران‌دا ئاوه‌ڵا بوو، به‌مجۆره به‌ندیخانه‌كان بوونه‌ته جێگه‌ی خوێندكاران‌و زانستگا كراوه‌ته به‌ندیخانه‌یه‌ك كه هه‌موو جموجۆڵی خوێندكاران به‌وردی كۆنترۆڵ ده‌كات‌و، سزابڕینه‌وه‌و، سزادان به شێوه‌یه‌كی سیستماتێك پراكتیزه ده‌كرێت، راستییه‌ك كه یه‌كیه‌تییه‌كی نادڵخوازانه‌ی له‌نێوان زانستگا‌و گرتووخانه‌دا دروست كردووه. نرخ‌و تێچوویه‌ك كه خوێندكاران له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕن، كه بۆ به‌ره‌نگاری له هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركوت‌و مستی ئاسنینی رێژیمی ئیسلامی‌دا ده‌بێ ته‌رخان بكرێ‌و بدرێ...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر