22ی پووشپه‌ڕ،
پێناسه‌یه‌ك بۆ میتۆدێكی سه‌ره‌كیی به‌ره‌نگاری
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌كانی مۆدێرن‌و دێموكراتیك كه خاڵی به‌رامبه‌ری بزووتنه‌وه ده‌مارگرژ‌و ئیدئۆلۆژیكه‌كانه، توانای گۆڕانی به‌رده‌وامی مێتۆدی به‌ره‌نگاری‌و هه‌ڵوێست‌و هه‌ڵسوكه‌وت به پێی هه‌لومه‌رج‌و دۆخی زه‌مه‌نی‌و ئه‌گه‌ر‌و بواره‌كانی به‌رده‌سته. ته‌ڤگه‌ڕی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كوردیش كه بزاڤێكی نه‌ته‌وه‌یی دێموكراتیكه‌و سێ ره‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی خه‌باتی "نه‌ته‌وایه‌تی"، "چینایه‌تی"و "سیاسی"ی له سه‌ر بنه‌مای دێموكراسی له‌پێش گرتووه، هه‌رگیز خۆی له یه‌ك شێوازی خه‌باتدا به‌رته‌سك نه‌كردۆته‌وه. بۆیه بینه‌ری ئه‌وه‌ین كه پاش هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، گه‌لی كورد به رێبه‌رایه‌تی حیزبی پێشه‌نگ‌و پێشڕه‌وی گه‌ل، خه‌باتی نه‌رێنیی بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ پراكتیزه‌كردن‌و چه‌سپاندنی سیستم‌و یاسای نادادپه‌روه‌رانه‌و هه‌ڵاواردنكار پێڕه‌و كرد‌و به‌دوور له هه‌ر جۆره توندویژییه‌ك رێفراندۆمی "كۆماری ئیسلامی، به‌ڵێ یان نه"و هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری یه‌كه‌میشی بایكۆت كرد، مانگرتنی ئه‌شكه‌وتی "قۆری قه‌ڵا"، مانگرتنی خه‌ڵكی كامیاران‌و.... به‌ڕێوه برد‌و هه‌روه‌ها لاوانیش ئاماده نه‌بوون مل بۆ یاسای رێژیم كه‌ج بكه‌ن‌و وه‌كوو "سه‌رباز" ئاماده‌ی ریزی سوپاكه‌ی بن‌و... له لایه‌كی دیكه‌وه، جووڵانه‌وه‌ی كورد به پێكهێنان‌و چالاك كردنی هێزی "پێشمه‌رگه"، پاش ئه‌وه‌ی كه مێتۆدی "سه‌رپێچی مه‌ده‌نی" شكستی خوارد‌و وتووێژه‌كان بێ ئه‌نجام مایه‌وه‌و ته‌نیا رێكارێكی ده‌سه‌ڵات بۆ كات كوشتن بوو‌و هاوته‌ریبیش خه‌باتی ناتوندوتیژیی خه‌ڵك رووبه‌ڕووی تووندوتیژیی زبر هات، به‌ره‌نگاریی چه‌كدارانه‌ی له‌پێش گرت. هه‌نووكه‌ش پاش ئه‌زموونێكی چه‌ندین ساڵه، ئه‌مجاره بزووتنه‌وه‌ی كورد مێتۆدی "به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی" یان "به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه"ی وه‌كوو میكانیزمی سه‌ره‌كیی شۆڕش به دروشمی "گه‌شه كردن‌و به‌جه‌ماوه‌ریتركردنی خه‌بات" هه‌ڵبژاردووه‌و پێش له‌وه‌ش به‌ستێنه‌كانی ئاماده‌و تاقی كردۆته‌وه. له‌م پێناوه‌دا، رۆژی "22ی پووشپه‌ڕ"، ساڵڕۆژی تیرۆری رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد، "دوكتور قاسملوو"، وه‌كوو "رۆژی به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی" له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا دیاریكراوه.
بێگومان بۆ جێگربوونی خه‌باتێكی ئاوه‌ها وه‌كوو پرنسیپێكی نه‌ته‌وه‌یی، هێما، نیشانه‌و دروشمه‌كان، كات، بۆنه، بۆچی؟ بۆ كێ؟ ئه‌و پرسیار‌و ره‌هه‌ندانه‌ن كه ده‌بێ ره‌چاو بكرێن. له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه به له‌به‌رچاوگرتنی خه‌باتێكی به‌مجۆره له لایه‌ن هێندییه‌كان دژ به بریتانیا، ته‌ڤگه‌ری دژه ره‌گه‌زپه‌ره‌ستیی ئافریقای باشوور، بزاڤی مافی مه‌ده‌نی ره‌ش پێستانی ئامریكا‌و بزووتنه‌وه‌كانی ئاشتیخواز‌و شۆڕشه مه‌خمه‌ڵین یان ره‌نگییه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و راستی‌یه‌یه كه رێبه‌رییه‌ت رۆڵێكی هه‌ره گرینگ ده‌گێڕێت. به‌تایبه‌ت رێبه‌رێك كه هێزی سه‌ركوت‌و چه‌وسێنه‌ریش نه‌توانێ نكۆڵی له توانا‌و گه‌وره‌یی‌یه‌كانی بكات.
له نێو كورددا، قاسملوو، ئه‌و كه‌سه‌یه كه دۆست‌و دوژمن دانی پێدا ده‌نێن‌و ئه‌گه‌رچی به جه‌سته ئاماده‌ی گۆڕه‌پانه‌كه نیه به‌ڵام چوونكه قاسملوو، ته‌نیا تاكێك نه‌بووه، به‌ڵكوو ئه‌ندێشه‌یه‌ك، مه‌كته‌بێك‌و رێبازێكی سه‌رده‌میانه‌و هه‌رمانه‌و به هۆی نێوه‌ڕۆكی دێموكراتێك‌و ئۆمانی په‌یامه‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی زه‌مه‌ن به‌ندیدا به‌رته‌سك ناكرێته‌وه، له ژێر رووناكیی ئه‌و جیهانبینی‌و پرنسیپانه‌ی كه دایهێناوه‌و ده‌ستنیشانی كردووه، ده‌كرێ هه‌نگاوی شێلگیرانه‌و نوێ بهاوێژێ. له لایه‌كی دیكه‌وه، دوكتور قاسملوو له سه‌ر مێزی وتووێژ‌و له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی له رێگای ناتوندوتیژییه‌وه وه‌كوو ئه‌سڵێكی سه‌ره‌كی له به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی، گیانی خۆیی به‌خت كردووه. ئه‌گه‌رچی دوكتور قاسملوو هاوكات فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌می هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش بوو. به‌ڵام ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی لۆژیكی ره‌تكه‌ره‌وه‌ی ئه‌سڵی ناتوندوتیژیی بزووتنه‌وه‌ی كورد به رێبه‌ریی دوكتور قاسملوو نه‌بووه. چوونكه ئه‌و دۆخه‌ی كه دوكتور قاسملووی تێدا بوو، له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی مارتین لۆتركینگ‌و گاندی جیاوازه‌و دۆخێكی نزیك به هه‌لومه‌رجی به‌رهه‌ڵستكاریی نیلسۆن ماندێلا بووه. بۆیه ماندێلا‌و دوكتور قاسملوو، وێڕای كرده‌ییكردنی مێتۆده جۆراوجۆره‌كانی به‌ره‌نگاری ـ نافه‌رمانی مه‌ده‌نی‌و خه‌باتی چه‌كداری ـ وه‌كوو مافی سه‌ره‌تایی‌و ئینسانی خۆیان، به‌رده‌وام ره‌وشتی ئاشتیخوازانه‌ی خۆیانیانیش پارێزرا‌و‌و به‌هێز هێشتۆته‌وه. چوونكه كێشه‌ی كورد، ته‌نیا گرفتی هێندێك بڕگه‌ی نادادپه‌روه‌رانه‌ی یاسایی نه‌بووه، به‌ڵكوو كێشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی، واته كێشه‌ی پێكهاته‌یی‌و ناڕه‌وایی سیستمی زاڵی خۆسه‌پێنه‌ر بووه كه ئه‌وی له مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بێبه‌شكردووه. له‌مباره‌وه ماندێلا ده‌ڵێ: "له هێندوستان گاندی له‌گه‌ڵ هێزێكی بیانی رووبه‌ڕوو بوو كه له ئاكامدا زۆر رئالیست‌و دوورئه‌ندێش بوو. له حاڵێكدا سپی پێستانی ئافریقای باشوور به‌م چه‌شنه نه‌بوون. نه‌رێنیی به‌دوور له توندوتیژی، كاتێك كاریگه‌ره كه هێزی به‌رامبه‌ریشتان به‌و رێسایانه‌ی كه ئێوه وه‌فادارن پێی، پێبه‌ند بێت". وێكچووی دیكه‌ی نێوان شێوازی شۆڕشگێڕانه‌ی ماندێلا‌و قاسملوو، ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوویان بوونی هێزی پاراستنی گه‌ل به پێویست ده‌زانن. ماندێلا رێكخراوی "نێزه‌ی نه‌ته‌وه"، به فه‌رمانده‌یی خۆی پێك دێنێت كه دوایی ده‌بێته لقی سه‌ربازیی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئافریقا، دوكتور قاسملووش هێزی "پێشمه‌رگه" رێكده‌خاته‌وه. چوونكه هه‌روه‌ك ماندێلا‌و قاسملوو ده‌ڵێن: "دوو رێگا زیاترمان بۆ نه‌مابوو، خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان یان شه‌ڕكردن، كه‌واته رێگایه‌ك بێجگه له شه‌ڕكردن نه‌مابووه‌وه". ته‌نانه‌ت هه‌ردووكیان وێڕای ژیان خۆشه‌ویستی جه‌خت له سه‌ر "ئاماده‌گییان بۆ مه‌رگ" ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام له‌م نێوه‌دا، ماندێلا‌و قاسملوو "خه‌باتی خۆیان له رێگه‌ی رێكخراوه‌ییكردنی خه‌ڵك، نه‌ك كرده‌ییكردنی كرداری توندوتیژانه" (بزووتنه‌وه‌ی دێموكراتیك) پێشده‌خه‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌و گوته‌ی مارتین لۆتركینگ بۆمان وێنا ده‌كات كه: "ئێمه‌ی ره‌شپێست شانازی به خۆمان ده‌كه‌ین، چوونكه تا هه‌نووكه‌ش ئه‌شكه‌نجه دراوین، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌شكه‌نجه‌مان نه‌داوه".
شۆڕشی كورد به رێبه‌رایه‌تی دوكتور قاسملوو، هه‌رگیز نه‌بووه شۆڕشێكی كوێر‌و توندئاژوانه، ته‌نانه‌ت تیرۆری دوكتور قاسملوو‌و دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندییش به هۆی قایمی پێكهاته‌ی سیاسی‌و بنه‌مای فیكریی دێموكراتیك ئاراسته‌ی سڕینه‌وه‌و كاولكارانه‌ی بۆ ساتێكیش پێڕه‌و نه‌كرد. ئه‌م مێژووه خاوێن‌و شۆڕشه دێموكراتیكه‌شه كه هه‌وێنی سه‌ره‌كیی‌و هۆكاری دڵنیایی‌و گه‌ره‌نتیی به‌رخۆدانی مه‌ده‌نیی هه‌نووكه‌ییمان.
هه‌نووكه كۆماری ئیسلامی وه‌كوو رێژیمه سه‌ره‌ڕۆكانی دیكه به‌دوای بیانوویه‌كدا ده‌گه‌ڕێت كه به پشت به‌ستن به‌وه مستی ئاسنین‌و توندوتیژیی زبری خۆی پراكتیزه بكات بۆیه ئه‌مڕۆ به‌رپرسایه‌تی شۆڕشگێڕانه ئه‌وه‌یه كه ده‌رفه‌تی مانۆڕدانی كوشت‌وبڕ‌و خوێنرشتن كه‌ده‌سه‌ڵات سه‌خت تینویه‌تی لێ بستێنیته‌وه‌و به‌و پانتایه‌دا ته‌ریك‌و ده‌سته‌وه‌ستانی بكه‌یت. رێگا‌و میكانیزمی ئه‌وه‌ش له‌م قۆناخه‌دا، به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی ساڵانی رابردوو به‌تایبه‌ت له 22ی پووشپه‌ڕه كه تۆ هاوكات دوژمنه‌كه‌ت ئیدانه ده‌كه‌ی، ره‌وایی ره‌تده‌كه‌یته‌وه، هێز‌و توانای خۆتی به سه‌فه‌ربه‌ركردنی خه‌ڵك پیشان ده‌ده‌ی، سام‌و ئۆتۆریته‌ی درۆینی ده‌شكێنی، هاوكاتیش هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ته‌نانه‌ت وێڕای جیاوازی بیر‌وبۆچوونی سیاسیش له یه‌ك به‌ره‌دا كۆده‌كه‌یته‌وه‌و وه‌فاداری‌و سۆزی نه‌ته‌وه‌ییتیش بۆ رێبه‌ر‌و جووڵانه‌وه‌كه‌ت دووپات ده‌كه‌یته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت‌و ئیمكانی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌و توندوتیژی نواندنیش به دوژمنه‌كه‌ت بده‌ی. بۆیه لۆتركینگ ده‌ڵێ: "ئێمه ده‌بێ له زه‌مان به شێوه‌یه‌كی خوڵقێنه‌رانه كه‌ڵك وه‌رگرین. ئێمه ده‌بێ یارمه‌تیی زه‌مان بده‌ین، چوونكه بێ بوونی ئه‌م یارمه‌تییه، زه‌مان وه‌كوو ئامیاری هێزه ملهۆڕ‌و سه‌ره‌تاییه‌كانی مه‌ندكه‌ر‌و وه‌ستێنه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی لێدێت". بۆیه به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شمان پێده‌دات كه وێڕای یه‌كانگیری‌و تۆكمه‌یی ریزه‌كانی گه‌ل، ئامووزشی مه‌ده‌نی به‌هێز‌و هاوكات له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی زانیاری‌و ئاگایی گشتیی خه‌ڵك‌و دروستكردنی هاوئاهه‌نگی له نێوان ویژدانی ئینسانی‌و به‌رپرسایه‌تییه‌كانی وه‌كوو تاكێكی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست، ئیخلاق‌و سیاسه‌ت له یه‌كتردا گرێبده‌ین. هۆكارێك كه دوكتور قاسملوو وه‌كوو توخمێكی سه‌ره‌كیی خه‌باتی ناتوندوتیژانه جه‌ختی له سه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها ناتوندوتیژی كه نێواخنی به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی‌و چه‌شنه‌كانی دیكه‌ی خه‌باتی ناتوندوتیژانه‌یه، ته‌نیا به‌رگری له مافه پێشێلكراوه‌كان‌و راوه‌ستان له‌هه‌مبه‌ر سه‌ره‌ڕۆییدا نیه، به‌ڵكوو ناچاركردنی ئه‌ویش به قبووڵی دادپه‌روه‌ری‌و ئازادییه. واته تۆ ده‌بێ خاوه‌نی ئیخلاق‌و بڕوایه‌كی ئه‌وه‌نده پته‌و‌و قورس‌و قایم بی كه بتوانی هێزی به‌رامبه‌رت كه به‌تاڵ له ئیخلاق‌و ویژدان‌و به‌رپرسایه‌تیی مرۆڤانه‌یه، ناچار به تێڕامان، بیركردنه‌وه‌و هه‌ستیار به به‌رپرسایه‌تی ویژدانی بكه‌یت. له لایه‌كی دیكه‌وه، ناتوندوتیژی به‌ر له هه‌موو شتێك كوشتنی ترس له ناخی تاك یان كۆمای نه‌ته‌وه‌یه‌كه. چوونكه توتالیتاریزم له رێگای ترس‌و تۆقانێكی شۆڕشگێڕانه‌وه كه سه‌پاندوویه وێڕای په‌رته‌وازه‌كردن، په‌راوێز خستن، لاوازكردن، ده‌سته‌وه‌ستانی‌و وێناكردنی فه‌زای بێ‌متمانه‌یی، مانه‌وه‌و خاوه‌نداریه‌تی خۆیی دابینكردووه. ترسێك كه مهاتما گاندیی ئاشتیخواز ناچار ده‌كات بڵێ: "به ته‌واوی له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م كه له هه‌ر شوێنێكدا له نێوانی توندوتیژی‌و ترس‌دا قه‌رارمان گرت، ده‌بێ توندوتیژی قبووڵ بكه‌ین". بۆیه به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی وێڕای دروستكردن‌و به‌هێزكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، خه‌باته‌كه ده‌خاته سه‌ر ره‌وتی راسته‌قینه‌ی خۆی یان به گوته‌ی كاك دوكتور ده‌چینه‌وه سه‌ر رێچكه‌ی ئه‌سڵیی خه‌بات: "خه‌باتی ئه‌سڵی، خه‌باتی خۆمانه له نێوخۆی كوردستاندا".
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر