گاندی‌و قاسملوو،
رۆحی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌و هێماكانی ئاشتیخوازی
مێژووی مرۆڤایه‌تی به جۆرێك مێژووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤته‌وه‌ر‌و سه‌ره‌ڕۆیه‌تیی مرۆڤی چه‌وسێنه‌ره. هێزی یه‌كه‌م ته‌واوی توانای خۆیی ته‌رخانی وشیاری مرۆڤـ‌و عه‌قڵانیكردنی كردووه تاكوو تاك‌و جڤاك بتوانن شێوه‌ژیانی دڵخوازی خۆیان هه‌ڵبژێرن‌و بایه‌خ به ژیان‌و پێكه‌وه‌ژیانێكی ئازاد‌و دڵخوازانه بده‌ن. كولتور‌و تێگه‌یشتنێك كه ئاشتی، خۆشه‌ویستی، گیانی مرۆڤـ‌و رێزگرتن له خواست‌و گه‌وره‌ییه‌كانی بنه‌مای پراكتیك‌و فه‌لسه‌فه‌ی بوون‌و مانه‌وه‌یه‌تی. له به‌رامبه‌ریشدا، هێزی دووهه‌م بنه‌مای فیكری‌و كرداری له سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤـ، ورووژاندن، ترساندن‌و تۆقاندن، په‌یامی مه‌رگ خۆشه‌ویستی‌و كرده‌ییكردنی كوشت‌وبڕ داڕشتووه. فیكرییه‌تێك كه مه‌شخه‌ڵدارانی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی به شێوازێكی تراژیك قوربانی كردووه.
سوقرات، مه‌سیح، گاندی‌و له نێو نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا پێشه‌وا قازی‌و دوكتور قاسملوو له ریزی لایه‌نگرانی به‌رجه‌سته‌ی دووری‌كردن له توندوتیژی بوون كه رووبه‌ڕووی مه‌رگێكی توندوتیژ هاتوون. له‌م نێوه‌دا ماهاتما گاندی (1984 ـ 1869)، رێبه‌ری سه‌ربه‌خۆیی هیند، كه‌سایه‌تییه‌كی دیار‌و مه‌زنی ئه‌م گۆڕه‌پانه‌یه كه له ساڵی 2007یشدا رۆژی له‌دایكبوونی (2ی ئۆكتۆبر ـ 10ی ره‌زبه‌ر) له لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه وه‌كوو رۆژی جیهانیی "ناتوندوتیژی" دیاری كراوه. له لایه‌كی دیكه‌وه له نێو نه‌ته‌وه‌ی كورددا، دوكتور قاسملوو (1989 ـ 1930)، هێمای سه‌ره‌كیی ئاشتیخوازی بووه‌و وه‌كوو "پێغه‌مبه‌ری ئاشتی" ناوی لێده‌به‌ن‌و بڕوایان پێی هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت له ئاستی ناوچه‌یی‌و جیهانیشدا كه‌سایه‌تییه‌كی ناوداره، ئه‌گه‌رچی هه‌نووكه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی كه شیاو‌و شایانیه‌تی نه‌ناسێندراوه. به‌ڵام موتاڵای ژیان، خه‌بات، ئه‌ندێشه‌و هه‌ڵوێست‌و كرداره‌كانی گاندی‌و قاسملوو‌و به‌راوردێكی خێرای ره‌وتی خه‌باتی ئه‌م دوو رێبه‌ره نه‌ته‌وه‌یی‌یه وێڕای هێندێك جیاوازی، كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌شی‌و تایبه‌تمه‌ندیی وه‌ك یه‌كمان پیشان ده‌دات. مێتۆدی سیاسی، فه‌لسه‌فه‌ی به‌ره‌نگاری، نیشتمانپه‌روه‌ری‌و خزمه‌ت‌و هه‌وڵه‌كانیان له پێناو ئاماده‌كردن‌و رۆنانی ژێرخانی فیكری‌و سیاسی‌و پێگه‌یشتنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كانیان به جۆرێكه كه ده‌توانین گاندی‌و قاسملوو به هاوڕێباز‌و سه‌ربه یه‌ك قوتابخانه‌ی فیكری ناوزه‌د بكه‌ین.
هه‌ردووكیان له‌دایكبووی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خاوه‌ن پرستیژ‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون كه ده‌یانتوانی به ئاسانی له خۆشبژێویی ژیان به‌هره‌مه‌ند بن. به‌ڵام گه‌ڕَان به‌دوای حه‌قیقه‌ت‌و به‌رپرسایه‌تی له ئاست ویژدان‌و ئه‌رك‌و خسڵه‌ته مرۆڤی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیان ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ده‌ست له ژیانی تاكه‌كه‌سی خۆیان هه‌ڵگرن‌و به‌خته‌وه‌ری خۆیان به به‌خته‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌كانیانه‌وه گرێ بده‌ن. هه‌روه‌ك گاندی ده‌ڵێت: "خۆ ته‌رخانكردنی من بۆ حه‌قیقه‌ت په‌لكێشیكردم بۆ نێو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت". گاندی هه‌موو سامانی خۆی پێشكه‌شی كۆنگره‌ی هێندییه‌كانی نیشته‌جێ له ئافریقای باشوور ده‌كا‌و قاسملووش هه‌موو سامانی ته‌رخانی حیزبی دێموكرات. بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز هه‌وڵی سه‌پاندنی خۆیان به سه‌ر خه‌ڵك یان رێكخراوی سه‌ره‌كیی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا بده‌ن. چونكوو تا كۆتاییش هه‌موو سامانی ماددی‌و مه‌عنه‌وی ئه‌وان بۆ نه‌ته‌وه بووه‌و هیچكات له ره‌وتی خه‌باتدا هیچ شتێكیان نه‌كرد به مڵكی خۆیان.
هه‌ردووكه‌سیان به هۆی هه‌ڵوێستی بوێرانه‌یان له هه‌نده‌رانیش رووبه‌ڕووی گوشار ده‌بنه‌وه، گاندی له ئافریقا‌و قاسملوو له چێكۆسلواكی. له به‌ر ئه‌وه‌ی كه له دیدی ئه‌وانه‌وه سته‌م‌و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤـ، توند‌وتیژی‌و بێ‌ڕێزی به كه‌رامه‌تی ئینسانه، جا چ رێژیمێكی سه‌ره‌ڕۆ بیكات یان له ژێرناوی ئازادی، دێموكراسی‌و حكوومه‌تی سوسیالیستی‌دا به‌ڕێوه بچێت. چوونكه به بڕوای گاندی ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن رێگای "ساتیاگرا"كان (تێكۆشان له پێناو گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت) له‌پێش بگرن كه خۆیانیان له ترس، سامان، شانازیی درۆین، خزمایه‌تی، ده‌سه‌ڵات، هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌سته‌یی‌و مه‌رگ ئازاد كرابێ. تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێك كه پێناسه‌و نێواخنی ژیانی قاسملوویه. قاسملوو هه‌ر له سه‌رده‌می لاوه‌تییه‌وه بێ‌ئه‌وه‌ی خۆی به میرات‌و شانازییه بنه‌ماڵییه‌كانی ببه‌ستێته‌وه، هه‌وڵده‌دات له سه‌ر پێی خۆیه‌وه راوه‌ستێت‌و له رێگای توانا‌و به‌هره ناوازه‌كانی تاكه‌كه‌سی خۆیه‌وه له پانتایی گشتیدا ده‌ركه‌وێت.
واته سیمایه‌كی جیاواز كه جگه له‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی خاوه‌ن ئۆتۆریته‌و ره‌وایی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه، هاوكاتیش خاوه‌نی كه‌سێتییه‌كی خودساخته‌شه. ئه‌و چه‌مكه‌ی كه گاندی به توانای حكوومه‌تكردن له سه‌ر خۆ ناوی ده‌بات‌و به بنه‌مای سه‌ربه‌خۆیی له هه‌ردوو ئاستی تاكه‌كه‌سی‌و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌یزانێ‌و قاسملووش به هه‌وێن‌و ئه‌سڵی سه‌ره‌كیی مرۆڤـ بوون‌و خۆبوون. بۆیه قاسملوو هه‌میشه جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه مرۆڤـ نابێ ببێته مۆره‌و به‌رنامه‌ی حیزب‌و رزگاریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه بنیات ده‌نێ‌و گاندیش ده‌ڵێ بۆ سه‌قامگیر كردنی یاسایه‌ك تێده‌كۆشم كه هێندییه‌كان له ملكه‌چی‌و ژێرده‌ست په‌روه‌ری رزگار بكات.
باس له‌وه ده‌كه‌ین كه گاندی له‌حاڵێكدا ئینگلیس به جێده‌هێلێت كه هیندیتر بۆته‌وه‌و له رێگای رۆژئاواوه، رۆژهه‌ڵاتی زیاتر ناسیوه. ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كیی قاسملوویه كه كاتێ له ئوروپا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵات، كوردتر، نه‌ته‌وه‌ییتر‌و بڕوامه‌ندتر به نیشتمانه‌كه‌ی بۆته‌وه‌و رۆژئاوا نه‌ته‌نیا نه‌بۆته هۆكارێك بۆ دابڕانی ئه‌و له وڵات‌و بێگانه‌گیی نێوانیان، به‌ڵكوو له واقێعدا ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه ده‌كاته پرد‌و بیانویه‌ك بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له یه‌كتر‌و به‌ربڵاوتركردنی ته‌وه‌ره‌كانی پێگه‌یشتنه‌وه‌و هاوخه‌باتی. بۆیه ده‌بینین قاسملوو به سیمایه‌كی كوردانه‌تره‌وه له هه‌نده‌ران دێته‌وه وڵات‌و هه‌ر وه‌كوو گاندی ده‌بێته سیمای راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی چ له نێو خودی نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌و چ له ئه‌ودیوی كه‌وشه‌نی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا. چوونكه ئه‌وان له سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته بوون كه ده‌بێ خودی ئه‌وان سیمای راسته‌قینه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه بن كه ئاواتیانه له نێو نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا به‌دیبهێنن. بۆیه ئه‌گه‌ر گاندی بۆته سیمایه‌ك بۆ پێناسه‌ی هێند‌و مرۆڤی ده‌روه‌ستی هێندی، له كوردستانیشدا قاسملوو خاوه‌نی ئه‌و پله‌و پایه‌یه. كاتێك ده‌ڕوانیته وێنه‌كانی گاندی، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ی كه تۆ ده‌توانی له رووی وێنه‌كانی ئه‌وه‌وه كولتووره‌كه‌ی بناسی، هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا تێبگه‌ی، خه‌می ئینسان له چاوه‌كانیدا بخوێنیته‌وه‌و... به گشتی ته‌نانه‌ت جل‌وبه‌رگ‌و شێوه‌ی رۆیشتن‌و دانیشتنی گاندیش په‌یامی تێدا هه‌یه‌و ئه‌و وێنانه له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌په‌یڤن. هه‌روه‌ك خودی گاندی ده‌ڵێ: " ژیانی من په‌یامی منه". ئه‌م چه‌شنه په‌یامه به شێوه‌ی راسته‌قینه ته‌نیا له وێنه‌كان یان ئاوێنه‌ی ژیانی مارتین لۆتێركینگ، نێلسۆن ماندێلا‌و زیاتر له هه‌مووی له سیمای قاسملوودا ده‌رده‌كه‌وێت چوونكه گاندی‌و قاسملوو هه‌ردووكیان جگه له‌وه‌ی كه جل‌و به‌رگی نه‌ته‌وه‌ییان له‌به‌ر ده‌كرد‌و له نه‌ریته ره‌سه‌ن‌و گونجاوه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان رێزیان ده‌گرت. تواناییان، توانا‌و هێزی بێ‌وێنه‌ی ئه‌وان له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌و به‌ڕۆژكردنی كولتووری نه‌ته‌وه‌كه‌یانه. كارێك كه له رێگه‌ی ناسین‌و زانینی فه‌رهه‌نگه جۆراوجۆره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان‌و جیران‌و جیهانه‌وه، وێڕای جه‌خت كردن له سه‌ر ئارمانجه نیشتمانییه‌كانیان‌و به‌هێزكردنی ئیراده‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری، یه‌كیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مرۆڤی‌و به بنه‌ماگرتنی ئازادی، مافی دیاریكردنی چاره‌نووس‌و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی جێگیریان ده‌كرد. بێ‌گومان شاره‌زایی‌و ئاشنایه‌تی ته‌واو‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌وان له سه‌ر ره‌هه‌نده‌كانی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یان (سایكۆلۆژی، كولتوور، خاك، سیاسه‌ت، مێژوو، زمان‌و ئه‌ده‌بیات، ئابووری)، هۆكاری سه‌ركه‌وتن‌و پێشڤه‌چوونی بیرۆكه‌و ئامانجه‌كانیان بوو. بۆیه هه‌نووكه ده‌توانرێت ته‌نیا له رووی ئه‌و وێنانه‌ی كه له قاسملوو به یادگار ماوه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵێك زانیاری به‌نرخ به‌ده‌ست بخه‌یت‌و چه‌ندین كتێبی له سه‌ر بنووسیت.
په‌یامی نێو وێنه‌كانی قاسملوو ته‌نیا له نێو وێنه‌كانی گاندیدا ده‌دۆزرێته‌وه. وێنه‌گه‌لێك كه ئه‌گه‌رچی به كه‌ره‌سته‌ی زۆر ئاسایی وه‌رگیراون به‌ڵام له ریزی زیندووترین وێنه‌كانی به‌رده‌ست له رێبه‌رانی گۆڕان خوڵقێنی جیهانن. به جۆرێ كه هیچ كه‌س جگه له قاسملوو وه‌كوو نه‌ته‌وه‌كه‌ی نیه. تا ئه‌و راده‌یه كه مرۆڤـ هه‌ست ده‌كات قاسملوو بێجگه نه‌ته‌وه‌و فه‌رهه‌نگی خۆی‌و وڵاتی خۆی ئاشنایه‌تیی له سه‌ر هیچی‌تر نیه، بۆ گاندیش هه‌روه‌هایه. له حاڵێكدا ئه‌م وه‌كوو خۆبوون‌و وه‌كوو خه‌ڵكی خۆبوونه ده‌قاوده‌ق به‌رهه‌می تێگه‌یشتنی قووڵ‌و فره‌ره‌هه‌ندی ئه‌وان له خۆیان‌و جیهانی به‌رینی ده‌ورووبه‌ری خۆیانه. خاكه‌ڕایی له عه‌ینی گه‌وره‌ییدا تایبه‌تمه‌ندیی دیكه‌ی هه‌ردووی ئه‌وانه. خۆیانیان جیاواز له خه‌ڵك نه‌ده‌زانی‌و بێ ته‌شریفات ژیان‌و هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كرد‌و به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی خۆیان، لێبورده، دڵسۆز‌و دلۆڤان بوون‌و له هه‌مبه‌ر دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا خاوه‌نی بوێری‌و غروورێكی تایبه‌ت بوون. بۆیه به‌رده‌وامیش جه‌ختیان له سه‌ر گه‌وره‌یی نه‌ته‌وه‌یی‌و پێویستی خه‌بات بۆ سه‌ربه‌رزی‌و شایی به‌خۆیی ده‌كرد‌و هه‌ردوویانیش له به‌ردڵان بوون‌و دڵڕاكێشییه‌كی له راده‌به‌ده‌ریان بوو‌و خه‌ڵكیان راكێش‌و شه‌یدای خۆیان ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌وان هه‌رگیز مۆڵه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌دا كه بتیان لێ دروست بكرێ‌و پێگه‌ی بان مرۆڤییان پێبدرێت. چوونكه له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون كه ئێمه خۆمانیش به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له به كویله‌كردنی خۆماندا به‌شدارین. بۆیه ئه‌وان هه‌میشه وه‌كوو خه‌ڵكی ئاسایی كۆمه‌ڵگای خۆیان ده‌رده‌كه‌وتن، تێكه‌ڵ به خه‌ڵك بوون‌و وێڕای زانیاریی به‌ربڵاو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا به زمانی ئه‌وان قسه‌یان ده‌كرد‌و ئیزنیان نه‌ده‌دا هیچ چه‌شنه دیوار‌و مه‌ودایه‌كی ده‌سكرد له نێوان خۆیان‌و گه‌له‌كه‌یاندا ببێت. ته‌نانه‌ت له هه‌موو قۆناغه‌كان به‌تایبه‌ت له قۆناغه پڕمه‌ترسییه‌كاندا پێشه‌نگ‌و پێشمه‌رگی نه‌ته‌وه بوون‌و نموونه‌ی هه‌ره‌به‌رچاوی كرده‌گه‌رێتی، به‌رپرسایه‌تی قبووڵكردن‌و به‌رپرس بوون، بوون. به پێچه‌وانه‌ی زۆر رێبه‌ر یان شۆڕشگێڕی دیكه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان بوو، له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ته‌نیا كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی باشتر‌و سڕینه‌وه‌ی مۆره‌بوون‌و ژێرده‌سته‌یی‌و مسۆگه‌ر بوونی حه‌قیقه‌ت، واته ئازادیی مرۆڤی یه‌خسیر بوو. بۆیه خه‌باتی ئه‌وان هاوكات سێ بیاڤی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤـ به ده‌ستی مرۆڤـ، سه‌ره‌ڕۆیی نێوخۆیی‌و كۆلۆنیالیزمی بیانی ده‌گرته‌وه.
ئه‌وان یه‌كگرتوویی‌و یه‌كانگیریی ته‌واوی چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگایان كرده ئامانجی خۆیان‌و بۆ یه‌كه‌مجار رێك‌و پێكییه‌كی به‌هێزیان به شێوه‌یه‌كی ئۆرگانیزه‌كراو پێكهانی‌و له رێگه‌ی كه‌سایه‌تیی به‌هێزی خۆیان‌و خودئاگایی به‌خشین‌و قه‌ناعه‌ت پێهێنانه‌وه، پێشیان له پرش‌و بڵاوی‌و سه‌رگه‌ردانی خه‌ڵكی ئارمانجخوازه‌وه گرت‌و له رێگه‌ی سڕَینه‌وه‌ی ترس، لاوازیی‌و نامتمانه‌یی، ئازایه‌تی، زاڤربوون‌و بڕوا به خۆبوونیان پێبه‌خشین‌و نه‌ترسان‌و پاكبوون له نفره‌تیان وه‌كوو پره‌نسیپی سه‌ره‌كی تێكۆشان جێگیر كرد. چوونكه به بڕوای ئه‌وان دێموكراسی هێزێكی په‌نگراو له نێو ناخ‌و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌كانه كه له رێگه‌ی گۆڕانكاری له زێهنییه‌ت‌و رۆحییه‌و ئیخلاقی گه‌ل‌و خه‌بات دژ به پاشڤه‌ڕۆیی‌و پڕكردنه‌وه‌ی به گیانی برایه‌تی، راستێتی‌و پاكی وه‌كوو كولتوورێك بیچمده‌گرێ‌و گشتگیر ده‌بێت. بۆیه گاندی میعماری دێموكراسی له هێند‌و قاسملوو تیۆریسییه‌نی فه‌رهه‌نگی دێموكراسی‌و گوتاری دێموكراتیك له كوردستانه. هه‌روه‌ها هه‌ردوویان بڕوایان وابوو كه تا نه‌ته‌وه بڕوایان به به‌ها كۆییه‌كان‌و هێزی گشتی خۆیان نه‌بێ، ناتوانن به ئازادی راسته‌قینه بگه‌یه‌ن.
یه‌كێكی دیكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گاندی‌و قاسملوو گرینگی‌دانی ته‌واو به راگه‌یاندن به‌تایبه‌ت راگه‌یاندنی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ره‌وایی‌و ده‌رخستنی ره‌واڵه‌تی بێ ده‌مامكی دوژمنانیان‌و گه‌یاندنی په‌یامی بزووتنه‌وه‌كه‌یان بوو. ته‌نانه‌ت هه‌ریه‌ك له‌وانیش بۆ ماوه‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ره‌كیی رۆژنامه‌ی زمانحاڵی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بوون. له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ردوویان جگه له توانای لێدوان‌و قسه‌و باس‌و لێكدانه‌وه‌و دیالۆگ، خاوه‌نی به‌رهه‌می به‌هادار‌و قه‌ڵه‌مێكی به‌هێز بوون. شێوه‌ی لێدوان‌و نووسینی هه‌ردووكیان، كه هه‌ر دوویانیش كه‌سانی ئاكادمیست‌و ده‌رچووی زانستگاكانی رۆژئاوا بوون، ره‌وان، روون، ئاسان، پڕنێوه‌ڕۆك‌و راشكاوانه بووه. به جۆرێ كه نووسراوه‌كانیشیان نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی نووسینی په‌تی به زمانی نه‌ته‌وه‌ییانه.
هه‌ردوو رێبه‌ر جگه له په‌رۆشیه مرۆڤییه‌كان، بایه‌خێكی بێ‌وێنه‌یان به پێویستیی پاراستنی ژینگه‌و به‌تایبه‌تی ئازارنه‌دان‌و خه‌سار نه‌گه‌یاندن به گیانله‌به‌ران‌و بوونه‌وه‌ران داوه‌و زۆر له خه‌می شێواندنی ئیكۆسیستمه‌وه بوون. چوونكه له دیدی ئه‌وان مرۆڤی به‌رپرس‌و خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی مرۆڤانه به‌رانبه‌ر به هه‌موو سامانێك به‌رپرس، خۆدان‌و ئه‌مه‌كناسه. فه‌لسه‌فه‌یه‌ك كه خۆشه‌ویستی‌و ئه‌ڤینداری نێواخنی سه‌ره‌كییه‌تی.
هاوبه‌شییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م دوو رێبه‌ره جه‌خت كردنیان له سه‌ر سیاسه‌تی ئیخلاق ته‌وه‌ر یان زه‌رووره‌تی ئیخلاق‌و ده‌روه‌ستی له سیاسه‌تدا بووه. له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌رگیز نابێ بۆ گه‌یشتن به ئامانجه ئینسانی‌و سپیتایییه‌كانمان له ئامێر‌و میكانیزمی نائنسانی كه‌ڵكوه‌رگرین. بۆیه هه‌میشه مێتۆدی سیاسی، وتووێژ‌و ئاشتیخوازانه‌یان به باشتر‌و گونجاوتر له مێتۆدی چه‌كداری‌و توندئاژۆیانه زانیوه‌و نرخی هه‌ره‌مه‌زنیان له‌و پێناوه‌دا داوه. ته‌نانه‌ت هه‌ردوویان ناوی "سازشكار"یان لێنراوه‌و رووبه‌ڕووی پاڵه‌په‌ستۆ‌و گوشار بوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌وان زۆرجار به هاوڕێیان‌و هاوسه‌نگه‌رانی خۆیان هۆشدارییان ده‌دا كه نایانه‌وێت تاكپه‌ره‌ستی بێته ئاراوه، به‌ڵكوو ئه‌م باوه‌ڕمه‌ندی‌و وه‌فاداری‌و عه‌شق‌و پێبه‌ندییه ته‌نیا‌و ته‌نیا ده‌بێ بۆ نه‌ته‌وه، نیشتمان‌و ئازادی بێت نه‌ك تاكێك، ئه‌گه‌رچی ئه‌و تاكه رێبه‌ری كاریزمای نه‌ته‌وه‌ش بێت، بۆیه گوتبوویان "ئازادی یان مه‌رگ".
سه‌باره‌ت به رێبه‌رایه‌تی جووڵانه‌وه‌ی چه‌كداراییش له لایه‌ن قاسملووه‌وه، ته‌نیا ئاماژه به وته‌یه‌كی گاندی ده‌كه‌ین كه ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر ته‌نیا رێگای ده‌سته‌به‌ربوونی ماف، توندوتیژی بێت بێ هیچ تێڕامانێك ده‌بێ چه‌ك هه‌ڵبگرین".
جیاوازیی قاسملوو‌و گاندی له‌وه‌دا بوو كه دژبه‌ری گاندی ده‌وڵه‌تی بریتانیا بوو، به‌ڵام دوژمنی قاسملوو رێژیمی دڕنده‌ی كۆماری ئیسلامی بوو. ئه‌گه‌رچی گاندی‌و قاسملوو له ئاكامدا هه‌ردوویان وه‌كوو سوقرات‌و مه‌سیح بوونه قوربانی فیكرییه‌ت‌و ئیدئۆلۆژییه‌كی مۆنیسم‌و ناجوانمێرانه تیرۆر كران، به‌ڵام هه‌نووكه ئه‌وان "مهاتما" (رۆحی گه‌وره)ی نه‌ته‌وه، "پێغه‌مبه‌ری ئاشتی"و هێماكانی دێموكراسی‌و وڵاتپارێزیی مرۆڤته‌وه‌رن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر