عه‌ره‌به‌كان
له نێوان به‌رداشی ته‌فریس‌و سه‌ركوتدا
سه‌ركوتی نه‌ته‌وه‌كان‌و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران‌دا، ته‌نیا پێوه‌ندیی به سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی كۆماری ئیسلامی‌یه‌وه نیه. سیاسه‌تێكی له‌و شێوه لانیكه‌م له‌و كاته‌وه كه ره‌زاخان پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی‌و ده‌وڵه‌تی به‌ناو مۆدێڕنی ده‌ست پێ‌كرد، وه‌كوو ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی‌و ئامانجێكی ستراتژیك له لایه‌ن رێژیمه‌كانی خۆسه‌پێنه‌ره‌وه تا هه‌نووكه پراكتیزه كراوه. ئێران به‌درێژایی مێژووی خۆی وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌و فره‌كولتوور‌و فره‌ئایین بووه، به‌ڵام ئه‌م فره‌چه‌شنی‌یه به‌جێگه‌ی بایه‌خ‌پێدان‌و لێڕوانینی وه‌كوو ده‌رفه‌ت‌و سامانێك بۆ دروستكردنی وڵاتێكی سه‌رنموونه له بواری پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌شداری پێكه‌وه‌یی له به‌ڕێوه‌بردن‌و دیاریكردنی چاره‌نووس، وه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی‌یه‌ك پێناسه‌و وێنا كراوه. به‌م پێیه هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی‌و ئیسلامی، داخوازیی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس‌و بزاڤی شوناسپارێزیی نه‌ته‌وه‌كانیان به جودایی‌خوازی‌و دوژمنایه‌تی ناساندوه. تۆمه‌تێك كه مافی به‌كارهێنانی هێزی به‌شێوه‌ی ناڕه‌وا‌و توند‌وتیژانه بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوه‌ندی له ئێران‌دا ئاسایی‌و یاسایی كردۆته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی حاكم هه‌میشه به پرۆپاگه‌نده‌ی چه‌واشه‌كارانه‌و ژه‌هراوی راستی‌یه‌كانی شێواندوه‌و ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی به نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست هێناوه كه ئاسایش‌و به‌خته‌وه‌ریی ئه‌وان پێوه‌ندیی به سیاسه‌تی كۆنتڕۆڵ‌و سه‌ركوتی سیستماتیكی نه‌ته‌وه‌كان له هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ی ئێران‌دا هه‌یه‌و مه‌خابن دووپاتكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌م بانگه‌شه بێ‌بنه‌ما‌و دوور له راستی‌یه‌ش تا راده‌یه‌كی به‌رچاو به‌سه‌ر بیروڕای گشتیی كۆمه‌ڵگای ئێرانی‌دا سه‌پێندراوه. ده‌سه‌ڵاته‌كان به پیرۆزی‌به‌خشین به یه‌كپارچه‌یی سه‌رزه‌وینی، بوونه‌ته‌وه ئامیانی ئه‌وه‌ی كه به‌ناوی پاراستنی ئه‌م وه‌همه، مرۆڤه‌كان، واته نه‌ته‌وه‌كانی نیشته‌جێ له‌سه‌ر خاكی ئێران له بیر بكرێن. له‌حاڵێكدا، خاك‌و خه‌ڵك دوو شتی لێك جیاواز نین‌و بوونیان پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه.
نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له ئێران‌دا كه له هه‌رێمی ئه‌لئه‌هواز (خوزستان) نیشته‌جێن، نه‌ته‌وه‌یه‌كی 5 میلیۆنی به تایبه‌تمه‌ندیی جوغرافیایی، زمانی، فه‌رهه‌نگی‌و دیرۆكیی تایبه‌ت به خۆیانن كه ئه‌وانیش وه‌كوو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران ئامانج‌و قوربانیی هه‌میشه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوه‌ندی بوون. هه‌رێمی ئه‌هواز، یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه نه‌وتی‌یه‌كانی جیهانه كه زیاتر له 90%ی نه‌وتی ئێرانیش له‌وێوه دابین ده‌كرێ. هه‌روه‌ها 90%ی وزه‌ی كاره‌بای ئاویی ئێرانیش له خوزستاندا به‌رهه‌م دێت.
به‌ڵام هیچیه‌ك له‌م سامانانه نه‌كه‌وتۆته خزمه‌تی پێشكه‌وتنی پیشه‌یی، ئاوه‌دانی، گه‌شه‌ی ئابووری‌و خۆشبژێویی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌وه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه بوونی كانگا ژێرزه‌وینی‌یه‌كان‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ناوچه‌كه ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاندوه كه پێویسته به شێوه‌ی شێلگیرانه‌و خێرا‌و بێبه‌زه‌یی‌یانه سیاسه‌تی كۆچی ناچاری، ئاسیمیلاسیون، پاقژی ئتنیكی، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وی‌و زاری جووتیاری، گۆڕینی پێكهاته‌ی حه‌شیمه‌تی‌و وه‌ك یه‌ككردنی زۆره‌ملیانه‌و... له پێش بگرێت. راستی‌یه‌ك كه ئاشكرابوونی نامه‌ی محه‌ممه‌دعه‌لی ئه‌بته‌حی، راوێژكاری سه‌ركۆماری ئه‌وكات له ساڵی 84 كه باسی له بڕیارنامه‌ی شوورای باڵای ته‌ناهیی نه‌ته‌وایه‌تی سه‌باره‌ت به گۆڕینی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی ئه‌هواز كردبوو، به ته‌واوی سه‌لماندی. بۆ نموونه، جگه له سه‌ركوت‌و هه‌ڵاواردنی نه‌ژادی، هه‌ژاری‌و بێكاری‌و نه‌خوێنده‌وارییش له ئاستێكی به‌رزدایه. به جۆرێ كه 80%ی منداڵانی عه‌ره‌بی ئه‌هوازی تووشی به‌دخۆراكی بوون‌و رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری چوارقات زیاتر‌و رێژه‌ی بێكاری پێنج قات زیاتر له نێونجی وڵاته‌و هیچ پشكێكی تایبه‌ت له داهاتی نه‌وتی بۆ عه‌ره‌به‌كان‌و هه‌رێمه‌كه‌یان ته‌رخان ناكرێ‌و داخوازیی ته‌رخانكردنی 5/1% داهاتی نه‌وت بۆ ئاوه‌دانی هه‌رێمی ئه‌هواز بۆ چه‌نده‌مین جار له مه‌جلیسی ئێران‌دا ره‌ت كراوه‌ته‌وه. ساڵی 84، سه‌رهه‌ڵدانێكی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی ئه‌هواز هاته ئاراوه كه رێژیم به شێوه‌یه‌كی توند‌وتیژانه سه‌ركوتی كرد‌و وێڕای قۆڵبه‌ستكردنی چه‌ندین هه‌زار كه‌س، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له چالاكڤانانی عه‌ره‌بیشی له‌سێداره دا، ره‌وتێك كه تا ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه. له‌م باره‌وه، ئه‌حمه‌دره‌زا ره‌شیدی، جێگری دادستانی شۆڕشی ئه‌هواز رایگه‌یاندوه كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، 38 كه‌سیان له هه‌رێمی ئه‌هواز ئیعدام كردووه. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه به پێی راپۆرتی كومیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ له سێداره‌دان، 12 چالاكی مه‌ده‌نیی دیكه‌ی عه‌ره‌ب، مه‌ترسیی به‌ڕێوه‌چوونی ئیعدامیان له‌سه‌ره. شایانی ئاماژه‌یه كه زۆربه‌ی له سێداره‌دراوانی عه‌ره‌ب له چه‌ند ساڵی رابردوودا، چالاكانی مه‌ده‌نی، سیاسیی‌و نه‌ته‌وه‌یی بوون.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر