مۆته‌كه‌ی مه‌رگی توتالیتاریزم له ئێرانی ئاخوندی‌دا
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی پاش شه‌ڕی سارد، به تایبه‌ت ده‌یه‌ی دووهه‌م كه هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ده‌یه‌كی نوێ بوو، گۆڕانكاری قووڵ‌و به‌رین به سه‌ر میتۆد‌و شێوازی خه‌بات دژ به سه‌ره‌ڕۆیی‌و توتالیتاریزم له نێوخۆی وڵات‌دا بوو. تا كۆتایی ده‌یه‌ی 80ی زایینی، رێژیمه دیكتاتۆره‌كان (1 ـ سه‌ربازی 2 ـ سوڵتانی 3 ـ فاشیستی‌و توتالیتێر) له رێگای خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی پارت‌و رێكخراوه شۆڕشگێڕه‌كان، واته به هۆی شۆڕٍشی كلاسیكی یان كوده‌تاوه گۆڕانیان به سه‌ردا ده‌هات. له ده‌یه‌ی 90 جگه له كۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد، ره‌وتی به‌جیهانی بوون‌و شۆڕشی راگه‌یه‌نه‌كان‌و پێوه‌ندییه‌كان به هۆی مانگیله‌كان، ئینتێرنێت، موبایل‌و...، یه‌كێك له گرینگترین‌و به‌باندۆڕترین ئامرازه‌كانی سه‌ره‌ڕۆیی‌و كۆیله كردن، كه سانسۆر‌و نه‌دانی زانیاری دروست به بیر‌وڕای گشتی بوو، كه‌م ره‌نگ كرده‌وه، هه‌روه‌ها سنووره به ناو نه‌ته‌وه‌یی‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی‌و ناونانی ئاریشه‌و ته‌ڤگه‌ره نێوخۆیی‌یه‌كان به پرسی نێوخۆیی وڵاتان باو‌و قۆروی جارانی نه‌ما. له لایه‌كی دیكه‌وه هاتنه خواره‌وه‌ی رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری، گه‌شه‌سه‌ندنی ئامووزشی دواناوه‌ندی‌و ئاكادمیك، په‌ره‌سه‌ندنی شارنشینی، پێكهاته‌ی لاوی حه‌شیمه‌ت‌و دروست بوونی چینێكی مامناوه‌ندی به خواست‌و خولیای جیاوازتر له نه‌سڵه‌كانی پێشوو‌و سه‌رده‌می هه‌نووكه‌یی خۆیان، كه‌ش‌و هه‌وا‌و ئیده‌و بیرۆكه‌گه‌لێكی مودێڕن‌و پێكهاته‌شكێنی له وڵاتانی جیهانی سێهه‌م یان له حاڵی په‌ره‌سه‌ندندا هێنایه ئاراوه. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌م دیاردانه ئاست‌و داوێنه‌ی به‌كاركردنی هێز‌و هێژمۆنیی ده‌وڵه‌ته به ناو نه‌ته‌وه‌یی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان به‌رته‌سكتر‌و له به‌رامبه‌ریدا هێز‌و بڕشتی ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندوو، بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و رێكخراوه ناده‌وڵتییه‌كان (NGO) له وڵاتانی له حاڵی گه‌شه‌دا په‌ره‌ی سه‌ند.
ئه‌م گۆڕانكارییانه له ئاستی جیهانی‌و ناوچه‌یی‌و نێوخۆیی، له‌م سێ ده‌یه‌ی دواییدا بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه چه‌مك‌و دیارده مۆدێڕنه‌كانیش له ئێران‌دا تاقی بكرێته‌وه یان هه‌وڵ بۆ كرده‌یی كردنیان بدرێت. یان ده‌توانین بڵێین له پاڵ مێتۆده كلاسیكه‌كانه‌وه، پارادایمه‌كانی پێشووی ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له پێكهاته‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدا به هۆی ئه‌زموون‌و ئاكامی خوێناویی پاش شه‌ڕی 57، بۆته ئاكامی ئه‌وه‌ی كه جموجووڵه‌كان ئاراسته‌یه‌كی دیكه به خۆیانه‌وه بگرن، كه ئه‌وه‌ش نه‌ك گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكوو هه‌وڵدان بۆ گۆڕانكاری له هه‌ر دوو ئاستی كۆمه‌ڵگا‌و ده‌وڵه‌ت به شێوه‌ی هاوكات‌و هاوته‌ریبه .
پاش پاوانی شۆڕش له لایه‌ن ئاخوونده‌كانه‌وه، زۆركه‌س پێیان وابوو، به‌ره‌ی یه‌كه‌می شۆڕش ئه‌م رێژیمه ده‌ڕوخێنێت، واته ده‌بوا پاش 15 ساڵ (هاتنه ئارای جیلێكی نوێ) شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری سه‌ری هه‌ڵبهێنابا، به‌ڵام هه‌نووكه جگه له نه‌سڵی یه‌كه‌م‌و دووهه‌م، پێمان ناوه‌ته ده‌سپێكی ته‌مه‌نی نه‌سڵی سێهه‌میش، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی شۆڕشێكی ئه‌وتۆ له كورتخایه‌ندا ناكرێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی زه‌مه‌نی خۆیدا به هۆی شه‌ڕی 8 ساڵه‌و توندوتیژیو سه‌ركوتی به‌رینی رێژیم‌و گرینگتر له هه‌مووی نه‌بوونی ئاڵترناتیڤێكی به‌هێز، ئه‌و ئه‌گه‌ره له نێوچوو. قۆناخێكی زێڕینی دیكه، كاتی راگه‌یاندنی بڕیاری دادگای میكونووس‌و ده‌ركردنی بڕیاری تاوانباربوونی به‌رپرسانی پله به‌رزی رێژیم‌و بانگهێشت كران‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵوێزی وڵاتانی ئورووپایی له ئێران‌دا بوو، كه له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر چه‌شنه خه‌باتێكی جه‌ماوه‌ری، یان راپه‌ڕینێكی چه‌كدارانه دژ به ئێران، ده‌یتوانی پشتیوانی‌و بیر‌وڕای گشتی جیهانی به‌ره‌و لای خۆی راكێشێت، ئۆپۆزیسیۆن‌و خه‌ڵك نه‌یانتوانی ئه‌م ده‌رفه‌ته به قازانجی خۆیان بقۆزنه‌وه، به‌ڵام رێژیم به به‌رجه‌سته‌كردنی خاته‌می‌و هێنانه ئارای باسی "وتووێژی شارستانییه‌كان" له هه‌مبه‌ر تێزی سامۆئێل هانتینگتۆن به ناوی "پێكدادانی شارستانییه‌كان" گرژی نێوان ئێران‌و وڵاتانی دێموكراتی هێور كرده‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی به‌رین‌و بێ‌وێنه‌ی خوێندكاریی ساڵی 78 له تاران‌و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران‌دا به‌هۆی لاوازی‌و پرش‌و بڵاوی‌و دۆشدامانی به‌شێكی به‌رچاوی ئۆپۆزیسیۆن به هۆی چه‌ك كرانی فیكری‌و سه‌ربازی له به‌رامبه‌ر گوتاری چاكسازی‌و قووڵی رێفۆرمخوازی نێو ده‌سه‌ڵات، تێچووه‌كه‌ی له ده‌سكه‌وته‌كانی زێده‌تر بوو‌و بێ هیوایی‌و كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی مردوویی به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵ كرد. بێ‌شك سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی هاوینی 84ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ده‌رفه‌تێكی له‌كیسچوو بوو.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئه‌زموونانه له ئێران‌دا مێژوویه‌كی درێژی بۆ خۆی هه‌یه. له "بزووتنه‌وه‌ی تووتن" تاكوو شۆڕشی 57، ئێران له ریزی ئه‌و وڵاتانه‌ی بووه كه زۆرترین ژماره‌ی خه‌بات‌و بزاڤی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌بووه. به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌م خه‌باتانه ئه‌نجام‌و ئاكامێكی ئه‌وتۆی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه، چونكه كاتی‌و له ناكاو‌و به بێ پلان‌و ئاماده‌كاری پێشتر بووه‌و پاش ماوه‌یه‌ك نیشتۆته‌وه، واتا هه‌رگیز هاوسه‌نگییه‌كی ئه‌وتۆ له نێوان تێچوو‌و ده‌ستكه‌وته‌كاندا پێك نه‌هاتووه.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كه پرۆژه‌ی رێفۆرمخوازی فه‌شه‌لی هێنا‌و خاته‌می ئیدئۆلۆگی رێفۆرمیسته‌كانی حكوومه‌تی، "كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی"ی گۆڕییه‌وه به "مدینه النبی"و لایه‌نگرانیشی بیرۆكه‌ی "تێپه‌ڕ بوون له خاته‌می"و هێندیكیشیان خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی بوون، سێ ئه‌گه‌ری دیكه بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی هاته ئاراوه. یه‌كه‌م، به هۆی روودانی كاره‌ساتی 11ی سێپتامبری 2001، گه‌ڵاڵه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینی گه‌وره له نوامبری 2003 له لایه‌ن ئامریكاوه وه‌كوو ستراتیژیی ده‌وڵه‌تی بووش بۆ به‌ره‌نگاری تیرۆریزم‌و به‌رگری له ته‌ناهیی نێوخۆی ئامریكا‌و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سێ ته‌وه‌ری یاغیگه‌ری (ئێران، عێراق، كووریای باكوور) هاته ئاراوه. له‌م نێوه‌دا ده‌بوو ئێران وه‌كوو له‌مپه‌رێكی سه‌ره‌كی به ته‌واوی په‌راوێز بخرێ‌و هاوكات ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازییش بۆ سه‌ری، هه‌میشه له به‌رده‌ستدا بێت. به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه كه شه‌ڕی ئه‌فغانستان‌و عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی فلستین‌و میسر، شه‌ڕی هاوینی 2006ی ئیسرائیل‌و حیزبوڵڵای لوبنان، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕه جیهانییه‌كان‌و شكستی مۆشه‌ڕه‌ف له پاكستان‌دا، نه ته‌نیا مه‌به‌سته‌كانی گه‌ڵاڵه‌كه‌ی له هه‌مبه‌ر ئێران‌دا نه‌پێكا، به‌ڵكوو له روانگه‌ی ستراتیژییه‌وه به قازانجی ئێران ته‌واو بوو، چونكه به بڕوای رێژیمی ئێران، ئا‌مریكا هه‌رچه‌ند زیاتر تێكه‌ڵی دۆخی ئاڵۆز‌و پڕ له توندوتیژیو خوێناویی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بێ، گه‌زنگازی ئه‌م وڵاته‌ش زۆرتر ده‌بێ‌و ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌وڵ‌و ده‌رفه‌ته بۆ ئێران ده‌ڕه‌خسێنێت كه له نه‌بوونی هێرشی سه‌ربازی دڵنیا بێت‌و به بێ سڵكردنه‌وه، په‌ره به پرۆژه ناوكییه‌كانی خۆی بدات‌و ره‌وتی سه‌ركوتی نێوخۆیش خێراتر بكاته‌وه.
ده‌سته‌ی دووهه‌م له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌زموونی رووخانی سۆڤییه‌ت له ئێرانیش دووپات ده‌بێته‌وه. واته، له سۆڤییه‌ت شۆڕش رووی نه‌دا، هێرشی ده‌ره‌كیشی نه‌كرایه سه‌ر، به‌ڵام گوشاری ده‌ره‌كی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ نه‌شیاوی‌و گه‌نده‌ڵی به‌رپرسایه‌تیی رێبه‌رانی وڵات، ئابووری‌و سیاسه‌تی سۆڤییه‌تی به جێگه‌ی گه‌یاند، كه خودی رێبه‌رانی سۆڤییه‌ت به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتن كه درێژه‌دان‌و به‌رده‌وام بوون له سه‌ر ئه‌و دۆخه لوا‌و نیه. چونكه له سۆڤییه‌تی ئه‌وكاتیشدا به‌رنامه‌ی كاری هه‌بوو، بودجه‌ش هه‌بوو، به‌ڵام خه‌ڵك ئه‌نگیزه‌ی به‌شداریكردن له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانیان نه‌بوو‌و هاوكاریی ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ده‌كرد.
ئه‌گه‌ری سێهه‌م كه ئۆپۆزیسیۆنی خاوه‌ن پێگه‌و جه‌ماوه‌ری‌و دێموكرات‌و سێكۆلار جه‌ختی له سه‌ر ده‌كه‌ن‌و له سه‌ری پێداگرن، پشتیوانی له جووڵانه‌وه‌ی خه‌ڵكی نێوخۆی وڵاته، كه وه‌كوو ته‌نیا هێزی كاریگه‌ر‌و هه‌وێنی گۆڕان باسی لێده‌كه‌ن.
له‌م نێوه‌شدا، كۆماری ئیسلامی بۆ خۆیشی له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه ئه‌گه‌ری سێهه‌م، سه‌ره‌كیترین مه‌ترسی له به‌رده‌می رێژیمدایه‌و بۆیه چالاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به "دوژمن"و "سیخوڕ"و كار‌و تێكۆشانی ئه‌وان به "شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین" یان "براندازی نرم"و "ناتۆی فه‌رهه‌نگی" ناوزه‌د ده‌كات. له‌م باره‌وه لێدوانه فه‌رمییه‌كانی دوو وه‌زیری ئیتلاعات‌و نێوخۆ وه‌كوو به‌ڵگه ده‌هێنینه‌وه.
"مۆحسێنی ئێژه‌یی" وه‌زیری ئیتلاعات باس له ستراتیژی نوێی دوژمن ده‌كات‌و سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئامانجه‌كانیان ده‌ستنیشان ده‌كات كه بریتین له: 1 ـ دروستكردنی جیاوازی‌و كه‌لێن له نێوان هێزه‌كانی شۆڕش‌و وه‌فادارانی حكوومه‌ت 2 ـ دنه‌دان‌و له‌ناوبردنی جه‌سته‌یی‌و كه‌سێتیی هێزه‌كانی شۆڕش 3 ـ بێ‌توانا نواندنی حكوومه‌ت‌و "برندازی نرم"، هه‌ر له‌م راستایه‌دا ناوبرا‌و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌و بزووتنه‌وه‌ی ژنان به "براندازی نرم"و "پلانی نوێی دوژمنان دژ به ده‌وڵه‌ت" ناو ده‌بات‌و ده‌ڵێ: "سیاسه‌تی نوێی دوژمن، به‌رنامه داڕشتن بۆ بزووتنه‌وه جۆراوجۆره‌كان له ژێر ناوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان‌و خوێندكاراندایه". كه ده‌توانین گرتن‌و له به‌ند كردن‌و به له سێداره‌دان مه‌حكووم كردنی ده‌یان چالاكی بواره‌كانی ژنان، خوێندكاران، مامۆستایان، كرێكاران، رۆژنامه‌وانان‌و رووناكبیران‌و ته‌نانه‌ت پسپۆڕانی بواری پزیشكی (ئاره‌ش‌و كامیار عه‌لایی)و ده‌رویشه‌كانیش له‌و ریزه‌دا دابنین. دوایینترین لێدوان له‌م باره‌وه، وه‌زیری نێوخۆی ئێران (عێوه‌زعه‌لی كوردان) داویه، كه له ئاخرین رۆژه‌كانی مانگی ره‌زبه‌ردا بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به پێكۆڵ‌و كێشه‌وبه‌ره‌ی ئه‌منییه‌تی ئێران ده‌ناسێنێت‌و ده‌ڵێ: "دوژمنان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماده‌كاری عه‌مه‌لیاتێكی ده‌روونی قورسیان كردووه، دوژمنان هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران به كرده‌یی نازانن، بۆیه به كه‌ڵك وه‌رگرتن له عه‌مه‌لیاتی نه‌رم، دزه‌یان بۆ نێو پێكهاته‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌ست پێكردووه‌و له نێوه‌وه به‌دواداچوونی مژاره‌كه ده‌كه‌ن"، ناوبرا‌و "بزووتنه‌وه‌ی ئتنیكی، مه‌زهه‌بی(وه‌هابی‌و به‌هایی)، تاقم گرایی، دێموكراسی‌خوازی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵك سه‌روه‌ری دینی، سێكۆلاریزم، بزووتنه‌وه‌ی مه‌جازی‌و ئینتێرنێتی، بزووتنه‌وه‌ی رووناكبیریی نه‌خۆش، خورافه‌گه‌رایی، ژینگه، پرسی فمینیزم‌و مۆدێڕنیزم له به‌رامبه‌ر نه‌ریت، هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌كانی مافی مرۆڤـ، كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ندیكای كریكاری‌و جموجووڵه خوێندكاریه‌كانی به كێشه‌وبه‌ره‌ی ئه‌منییه‌تی ئێران ناو برد‌و ئاماژه‌شی كرد كه: "فه‌زای راگه‌یه‌نه‌كانیش ده‌توانێ پێكۆڵی ئه‌منییه‌تی بێ‌و...".
A ـ شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین:
شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری سیاسی ده‌گوترێ كه به هۆی كرده‌وه‌ی گشتیی خه‌ڵك‌و پشتیوانی راگه‌یاندن‌و بیر‌وڕای جیهانی، ئاڵوگۆڕێكی دێموكراتیك له سیستمی وڵات‌دا دێنێته دی، بێ ئه‌وه‌ی سیستم به ته‌واوی بڕوخێنێت. له پارادایمی شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین دا، بزووتنه‌وه‌كان، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و تایبه‌تمه‌ندییه ناتوندوتیژییه‌كان‌و پرسه‌كانی مافی مرۆڤـ، جێگه‌ی حیزب‌و رێكخراوه شۆڕشگێڕییه‌كان ده‌گرێته‌وه، به‌مجۆره له پاڵ به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی كولتووری چین‌و توێژه جۆراوجۆره‌كانی خه‌ڵك، ناوه‌نده‌كانی مه‌ده‌نی، رێكخراوه‌كانی ناده‌وڵه‌تی(NGO)، راگه‌یه‌نه‌كان، رۆشنبیران‌و بزووتنه‌وه‌كان كاناڵی سه‌ره‌كی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌و راگه‌یاندنی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك ده‌بن. هه‌روه‌ها پێویسته رێبه‌ری یان رێبه‌رایه‌تی شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین، ئاڵترناتیڤی خۆی بۆ جێگرتنه‌وه‌ی حكوومه‌ت پێشكه‌ش بكات، ئه‌م ئاڵترناتیڤه ده‌بێ لانیكه‌م جێگه‌ی په‌سه‌ندی زۆرینه‌ی شه‌به‌نگه سیاسیه جۆراوجۆره‌كانی دژبه‌ری حكوومه‌ت قه‌رار بگرێت تاكوو بتوانێ وه‌كوو ده‌نگی نه‌ته‌وه‌و وته‌بێژی ئه‌وان‌و لایه‌نگری "به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی" به فه‌رمی بناسرێ‌و پشتیوانیی لێبكرێت. تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌مجۆره جووڵانه‌وانه، خه‌باتی نه‌رێنی‌و به‌رگری‌و پێداگری له سه‌ر دێموكراسی‌و ئازادی به‌دوور له توند‌وتیژی به به‌شداری لاوان‌و رێكخراوه‌كانی قوتابیان، هاوڕێ له‌گه‌ڵ شارۆمه‌ندانی دیكه بووه. له لایه‌كی دیكه‌وه له ره‌وتی شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین دا، ده‌نگێك یان گوڵێكی تایبه‌ت وه‌كوو هێمای خه‌باته‌كه ده‌ستنیشان كراوه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه زۆرجار ئه‌م شۆڕشانه به "شۆڕشه ره‌نگییه‌كان" ناو ببردرێن.
یه‌كه‌مین جار، شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین له ئورووپا له ساڵی 2000دا له بێلگراد به مه‌به‌ستی به‌زاندنی سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ به‌كار هێنرا، پاشان له گورجستان بووه هۆی لابردنی ئێدوارد شواردنادزه (شۆرشِی رۆژ)، له ئۆكراین له ساڵی 2004دا بووه هۆی رووخانی ویكتۆر یانۆكۆڤیچ (شۆڕشی نارنجی)و له قرقیزستان "شۆڕشی مێلاقه"، هه‌ڵاتنی عه‌سكه‌ر ئاقایۆفی لێكه‌وته‌وه. به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێكی گرینگ دێته ئاراوه كه ئاخۆ له ئێران‌دا، كه ده‌وڵه‌ت رۆڵی كارفه‌رمای هه‌یه‌و 60 تا 70 له سه‌دی موچه‌خۆران بۆ ده‌وڵه‌ت كار ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها رێژیم به هۆی خاوه‌ن بوون له داهات‌و سامانی له راده‌به‌ده‌ری نه‌وت، پشتبه‌ستن به پێكهاته‌ی ئیدئۆلۆژیك، بێ سه‌رنجدان به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی‌و بیر‌وڕای گشتیی نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كی (سه‌ركوت له نێوخۆ‌و موعامله له ده‌ره‌وه)، هیوادار‌و دڵگه‌رم به پشتیوانیی ئه‌كتیڤی به‌شێك له خه‌ڵكی ئێران كه كارنامه‌یه‌كی ره‌ش‌و ناشیرینیان له بواری سه‌ركوت‌و یاریدانی رێژیم‌دا هه‌یه، چلۆن ده‌كرێ به له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كان‌و پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات‌و كۆمه‌ڵگای ئێرانی، وه‌ها ئه‌زموون‌و رێكارێك تاقی بكرێته‌وه‌و به سه‌ركه‌وتن بگات. ئه‌گه‌رچی یه‌كێك له رێكاره‌كانی شۆڕشێكی مه‌خمه‌ڵین به‌ڕێوه‌چوونی رێفراندۆم له ژێر چاودێری نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری قبووڵكردنی وه‌ها مه‌رجگه‌لێك له سیستمی توتالیتێردا نه‌لواوترین چاوه‌ڕوانییه...؟!
B ـ بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان:
بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتی له رێكخراوێكی به ته‌واو ته‌شك گرتوو‌و دیاره، كه به مه‌به‌ستی به‌رگری‌و په‌ره‌سه‌ندن یان ده‌ستڕاگه‌یشتن به ئامانجگه‌لێكی تایبه‌ت گرووپ به‌ندی ده‌كا‌و ئه‌ندامانی رێك ده‌خات. چونكه جگه له خوازیار‌و داواكار بوون، تێده‌كۆشێ تاكوو ئه‌ندێشه‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌و به‌هاگه‌لێكی تایبه‌ت بناسێنێ‌و به‌رجه‌سته‌و پیرۆزیان بكات.
ئامانجی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌توانێ گۆڕان یان رووخانی ته‌كوزمه‌ندیی قه‌ده‌غه‌كردنی سزای له سێداره‌دان، قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ناوكی یان به فه‌رمی ناسینی مافی یاسایی‌و سیاسییه‌كانی ژنان‌و...، له خۆی بگرێت. به پێی رای "ئالێن تۆرێن" ( Alain touraine)، كۆمه‌ڵناسی هاوچه‌رخی فه‌رانسه‌یی، بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ر سێ بنه‌مای: 1 ـ ئه‌سڵی شوناس 2 ـ ئه‌سڵی دژبه‌ری یان دژایه‌تی 3 ـ ئه‌سڵی گشتییه‌ت، بنیات نراون. هه‌ر له‌م راستایه‌دا "ئێستێفا واگوو" بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به چوار ده‌سته پۆلێنبه‌ندی ده‌كات: 1 ـ بزووتنه‌وه‌كانی شۆڕشگێڕی 2 ـ بزووتنه‌وه كۆنه‌په‌ره‌سته‌كان 3 ـ بزووتنه‌وه‌كانی چاكسازی 4 ـ بزووتنه‌وه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین. به‌ڵام زۆرجاریش ئه‌م بزووتنه‌وانه پرسگه‌لێكی نوێ ده‌خه‌نه رۆژه‌ڤه‌وه كه لێكه‌وته‌ی ناكارایی سیستمی سیاسی نیه، وه‌كوو بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌رگری له مافی فمینیسته‌كان‌و هێمۆسێكسڤاڵه‌كان، یان زۆرجاران ئه‌م بزووتنه‌وانه تایبه‌تمه‌ندیی جیهانیان هه‌یه‌و له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كاندا پێناسه ناكرێن‌و ناخوێندرێنه‌وه. هه‌روه‌ها قه‌واره‌و ئۆرگانیزاسیۆنی ئه‌م بزووتنه‌وانه وه‌گه‌ڕ، خێرا‌و كراوه‌یه. به جۆرێ كه بوونی ئه‌م بزووتنه‌وانه بۆته ئامیانی ئه‌وه‌ی كه دابه‌شكردنی چینایه‌تی كۆمه‌ڵگا به پێی كه‌لێنه چینایه‌تییه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا گۆڕانی به سه‌ردا بێت‌و جۆرێك زه‌ینییه‌تی هاوبه‌ش پێكبێت كه خۆی له خۆیدا بنه‌ما‌و هه‌وێنی خه‌باتی هاوبه‌ش‌و چاره‌نووسی هاوبه‌ش‌و گرێ‌خواردوو به یه‌كتر له كۆمه‌ڵگایه‌كی فره‌چه‌شن دایه. به‌ڵام به گشتیی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سێ كاركردی سه‌ره‌كییان هه‌یه: 1 ـ كاركردی پێوه‌ندیدار 2 ـ كاركردی دروستكردن‌و بردنه سه‌ری ئاگایی كۆمایی 3 ـ كاركردی دروستكردنی گوشار. به‌م پێیه بزووتنه‌وه‌كان له ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیاندا هه‌نگاو به هه‌نگاو پاشه‌كشه به رێژیمه سه‌ره‌ڕۆكان ده‌كه‌ن‌و به‌ره‌به‌ره به كه‌ڵك وه‌رگرتن‌و پراكتیزه كردنی مێتۆد‌و شێوازی ناتوندوتیژی‌و ئاشتیخوازانه‌و هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی‌و هاوسۆزی‌و هاوڕایی بیر‌وڕای گشتی‌و راگه‌یه‌نه‌كانی سه‌ربه‌خۆی جیهانی به هۆی چییه‌تیی مرۆڤـ دۆستانه‌ی خه‌باته‌كه، سه‌ره‌ڕۆیی‌و سته‌مگه‌ری له ده‌سه‌ڵات دا لاده‌به‌ن‌و دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاتدار‌و جۆری سیستم بۆ ده‌نگی ئازادی خه‌ڵك ده‌هێڵنه‌وه.
له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستیی به دروشمگه‌لێكی كلیدی هه‌یه كه بتوانێ به‌رهه‌ڤكه‌ری هه‌موانی خه‌ڵك بكا‌و له چوارچێَوه‌ی ئۆرگانیزه‌یه‌كی تایبه‌ت یان پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش‌و هاوئامانج به شێوه‌ی پێویست رێكیان بخات تاكوو توانای ده‌نگ هه‌ڵبڕین‌و خۆ نواندنیان له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تدا هه‌بێ، چونكه ته‌نیا ناڕه‌زایه‌تی گشتی یان ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌س نیه‌و ده‌بێ تۆكمه‌و به‌رێكخراو بێت‌و په‌ره بستێنێ‌و وێڕای دروستكردنی جۆری پێكه‌وه‌یی‌و هاوبه‌شی، گه‌ڵاڵه‌یه‌كی ئاڵترناتیڤیش كه ره‌زامه‌ندیی لانیكه‌م زۆرینه‌ی له سه‌ر بێ، له ئارادا بێت.
ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی هه‌مه‌چه‌شن له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و ئێران بوونی هه‌یه، ته‌نانه‌ت گوشاره‌كانی رێژیم، ده‌رویشه‌كانی گونابادی كه له ئارامترین توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بوون، كردۆته بزووتنه‌وه‌یه‌كی چالاك‌و خۆڕاگر، به‌ڵام به داخه‌وه به هۆی نه‌بوونی ستراتیژیی هاوبه‌ش‌و ئاڵترناتیڤێكی دیار‌و نه‌بوونی پێوه‌ندییه‌كی هارمۆنیك، گه‌زنگازترن. رێژیم له كوردستاندا چالاكان به جیایی خوازی‌و له ئێران‌دا به بكه‌رانی شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین تاوانبار ده‌كات. ته‌نانه‌ت له سێ ساڵی رابردوودا چه‌ندین چالاكی وه‌ك: رامین جه‌هانبه‌گلوو، هاله ئیسفه‌ندیاری، كیان تاجبه‌خش‌و سیامه‌ك پوورزه‌ندیان ناچار كردووه كه بێن له تی ڤی‌یه‌كانه‌وه خۆیان وه‌كوو بكه‌ران‌و بوارخۆشكه‌رانی شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین بناسێنن.
به هه‌موو ئه‌م زه‌خت‌و گوشارانه‌وه، هه‌م ئۆپۆزیسیۆن گرینگی‌و كاریگه‌رییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كانی بۆ ده‌ركه‌وتووه‌و هه‌م رێژیم بوونی ئه‌وان به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێ‌و بزووتنه‌وه‌كان بوونه‌ته پاشنه‌ی ئاژیلی رێژیم‌و شمشێری دامۆكلسی ئاخوونده‌كان ئیدی ناتوانێ به ته‌واوی كۆتاییان پێ بێنێت. به‌ڵام خه‌سارێكی جیددی دیكه‌ش له‌م نێوه ئه‌وه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆن زۆرجار به جیگه‌ی خاوه‌نداری له بزووتنه‌وه‌كان، خۆیی كردۆته خاوه‌نیان، له حاڵێكدا ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆن له‌م حاڵه‌دا پاڵپشتی‌و پاراستنی هه‌ستیارانه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی گوتارێكی هاوبه‌ش‌و سه‌رانسه‌ری بۆ نزیككردنه‌وه‌و هاوته‌ریب كردن‌و هاوئاهه‌نگی داخوازییه‌كان‌و كانالیزه كردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌و هه‌نگاو هه‌ڵهێنانی پێكه‌وه‌یی بۆ ئامانجێكی دیاریكراو، واتا ده‌سته‌به‌ربوونی دێموكراسی، ئازادی، پلۆرالیزم‌و فره‌چه‌شنی‌و فره‌ده‌نگییه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر