قه‌تڵه زه‌نجیره‌یی‌یه‌كان
سزادان پێش له ئه‌نجامدانی هیچ چه‌شنه تاوانێك
یه‌كێك له رووداوه تۆقێنه‌ر‌و تراژیكه‌كانی مانگی سه‌رماوه‌ز له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا، تیرۆری چه‌ندین نووسه‌ر، سیاسه‌تمه‌دار‌و بیرمه‌ند له ماوه‌یه‌كی كورتی زه‌مه‌نی له پاییزی ساڵی 77ی هه‌تاوی‌دایه، كۆمه‌ڵه كوشتنێك كه به "كوشتنه زه‌نجیره‌یی‌یه‌كان" ناودێر كراوه.
له مێژووی ده‌سه‌ڵاتداریی كۆماری ئیسلامی‌دا، لانیكه‌م ده‌كرێ سێ قۆناغی كوشتنی سیستماكی جیابیران ناو به‌رین، به پێی ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه، یه‌كه‌م قۆناغ: سێ ساڵی یه‌كه‌می پاش شۆڕش بوو كه هه‌زاران كه‌س به تۆمه‌تی هاوكاری رێژیمی پاشایه‌تی، بێ دادگایكردنێكی دادوه‌رانه گولله‌باران كران،
قۆناغی دووهه‌م: ساڵه‌كانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران ـ عێراق بوو كه به كۆمه‌ڵكوژی هاوینی 67 كۆتایی پێ‌هات، قۆناغی سێهه‌م كه كۆتایی ده‌یه‌ی 60 تا كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی 70 (واتا سه‌رده‌می سه‌ركۆماری ره‌فسه‌نجانی و دوو ساڵی سه‌ره‌تایی سه‌ركۆماری خاته‌می) له‌خۆ ده‌گرێت. رێژیم له‌م قۆناغه‌دا به شێوه‌ی هاوته‌ریب هه‌وڵی پاكتاو‌و تیرۆری دژبه‌رانی خۆی له نێوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌دات‌و هاوكاتیش به‌دی هاوێژی‌و نكۆڵی كردن له راستییه پێوه‌ندیداره‌كان به‌و رووداوانه، خۆی له به‌رپرسایه‌تی تیرۆره‌كان ده‌دزیه‌وه، كه ده‌توانین تیرۆری د. قاسملوو، د. شه‌ره‌فكه‌ندی، به‌ختیار، كازم ره‌جه‌وی‌و...، له‌و ریزه‌دا دابنین.
له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه، دیوی ناوه‌وه‌ی رووداوه‌كان له نێوخۆی ئێرانه. به پێی سروشتی رێژیمه توتالیتێر‌و ئیدئۆلۆژیكه‌كان، هه‌موو كرده‌وه، سه‌ركووت‌و پاكتاوێك خاوه‌نی ره‌وایی‌و باكگراوه‌ندی تایبه‌تی خۆیه‌تی، ئه‌مجۆره رێژیمانه پێش له هه‌موو هه‌نگاوێك، پاساو‌و پاكانه‌ی خۆیان ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌م راستایه‌دا، خامنه‌یی، رێبه‌ری رێژیم، له خه‌رمانانی ساڵی 1371ی هه‌تاویدا به ورووژاندنی باسی "شه‌بیخوون فه‌رهه‌نگی"، "خه‌بات له دژی هێرشی فه‌رهه‌نگیی رۆژئاوا"ی راگه‌یاند، بیرۆكه‌یه‌ك كه بنه‌ما‌و هه‌وێنی دروست بوونی فه‌زایه‌كی ژاراوی له كۆمه‌ڵگای لێكه‌وته‌وه، ناونانێك كه مۆرك‌و شه‌قڵی خۆی له هه‌موو نوێخوازی‌و ئافراندنێكی جیاواز ده‌چه‌سپاند. پاش كه‌وتنه رۆژه‌ڤی ئه‌م بیرۆكه‌یه، فه‌زای داخراوی فه‌رهه‌نگی به ته‌واوی ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه رووبه‌ڕووی گوشارێكی له راده‌به‌ده‌ر بووه‌وه، نووسه‌ران‌و رووناكبیران‌و به گشتی چالاكانی فه‌رهه‌نگی به سانایی تۆمه‌تبار‌و وه‌كوو دوژمنی وڵات پێناسه ده‌كران. پێناسه‌كردنێك كه خۆی له خۆیدا مۆڵه‌تی توند‌و تیژیی ده‌ره‌خساند. ته‌نانه‌ت له نێو هێندێك له بڕگه‌ی یاساكانی كۆماری ئیسلامی‌دا، مۆڵه‌تی وه‌ها دراوه‌و رێگا بۆ توند‌وتیژی نواندن له هه‌مبه‌ر نه‌یارانی رێژیم خۆشكراوه، بۆ نموونه به پێی مادده‌ی 226ی یاسای سزادانی ئیسلامی، هه‌ركه‌س كه‌سێكی دیكه به "مهدورالدم" بزانێ، ده‌توانێ ئه‌و كه‌سه له نێوبه‌رێت، به‌و مه‌رجه‌ی له دادگادا بتوانێ "مهدورالدم" بوونی كوژراوه‌كه بسه‌لمێنێت، سزا نادرێت، واتا سزادان به‌ر له ئه‌نجامدانی هیچ چه‌شنه تاوانێك. بۆیه ئاخێزگه‌ی كوشتنه زه‌نجیره‌ییه‌كانی ده‌یه‌ی 70ی هه‌تاوی، كه لیسته‌ی زیاتر له 80 كوژراو له‌خۆ ده‌گرێ بۆ فه‌رمانی خامنه‌یی‌و هۆشدارییه‌كانی ناوبراو له مه‌ڕ هێرشی فه‌رهه‌نگی رۆژئاوا‌و پێویستیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونكه پێش له رووداوه‌كانی پاییزی 77، زۆربه‌ی كوژراوه‌كان‌و زۆرینه‌ی رۆشنبیران‌و نووسه‌ران، به تۆمه‌تی "گرێدراوی به رۆژئاوا"، "سازكردنی به‌ستێنی هه‌لوه‌شانه‌وه له پانتایی‌یه‌كانی هزر"و "تێكۆشان بۆ پێشخستنی ئامانجه پێوه‌ندیداره‌كان به هێرشی فه‌رهه‌نگی"، به شێوه‌ی كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر‌و وه‌كوو تاوانبار ده‌ناسێندران. ناوزه‌دكردنێك كه هه‌وڵی كۆمه‌ڵكوژكردنی 21 نووسه‌ری ناوداری ئێرانی له كاتی سه‌فه‌ری ئه‌رمه‌نستان له ساڵی 1374دا لێكه‌وته‌وه‌و به كوشتنه زه‌نجیره‌ییه‌كان له سه‌رماوه‌زی 77دا، پلانه‌كان ئاشكرا‌و "واجا" له رێكه‌وتی 15/10/77، ناچار به دانپێدانان به جینایه‌ته‌كه بوو، به‌ڵام ته‌نیا كوشتنی "داریوش فرووهه‌ر، په‌روانه ئه‌سكه‌نده‌ری، محه‌ممه‌د موختاری‌و محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر پوویه‌نده"ی راست كرده‌وه‌و بكه‌رانی ئه‌و كاره‌شی به مۆره‌ی بێگانه له‌قه‌ڵه‌م دا‌و، تا هه‌نووكه كه ده‌یه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌و جینایه‌تانه‌یه، هێشتاش تاوانبارانی سه‌ره‌كی‌و فه‌رمانده‌رانی قه‌تڵه زه‌نجیره‌یی‌یه‌كان ده‌ستنیشان نه‌كراون.
به داخه‌وه به درێژایی نزیك به یه‌ك ده‌یه كوشتنی به‌رده‌وامی جیابیران له قۆناغی پاش شه‌ڕی 8 ساڵه‌دا، به هۆی ناڕوونی‌و ته‌م‌و مژاوی بوونی رووداوه‌كان، نه ته‌نیا خه‌ڵك هیچ دژكرده‌وه یان ناڕه‌زایه‌تییه‌كیان پیشان نه‌دا، به‌ڵكوو رێژیم هێندێك له نووسه‌رانیشی وه‌كوو (سه‌عیدی سیرجانی)ی به‌ر له كوشتن هێنایه سه‌ر تلویزیۆن‌و ناچار به دانپێدانانی دژ به خۆی كرد. له‌م نێوه‌دا نموونه‌ی ده‌گمه‌ن خاوه‌ن ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵكی كوردستان له تیرۆری "مامۆستا محه‌ممه‌د ره‌بیعی" له رێكه‌وتی 13/9/75دا بوو، كه دوای چه‌ند رۆژ سه‌ركوت‌و تێكهه‌ڵپرژان كۆتایی پێ‌هات.
هه‌نووكه ماوه‌ی دوو ساڵیك ده‌بێ كه بیرۆكه یان ناونانێكی نوێ به ناوی "ناتۆی فه‌رهه‌نگی" هاتۆته ئاراوه‌و له‌م راستایه‌دا چالاكانی فه‌رهه‌نگی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به "سه‌ربازانی ناتۆی فه‌رهه‌نگی" ناوزه‌د ده‌كرێن.
بۆ جاری یه‌كه‌م، له رێكه‌وتی 18/8/86دا، خامنه‌یی له كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێندكاران‌و مامۆستایانی زانستگا له پارێزگای سمنان ده‌سته‌واژه‌ی ناتۆی فه‌رهه‌نگیی خسته به‌رباس‌و گوتی: "ده‌سه‌ودایه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی زێڕ‌و زۆر كه بۆ زاڵبوون به سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، رێكخراوه‌كانی سه‌ربازیی ناتۆیان پێكهێنابوو، هه‌نووكه بۆ له نێوبردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆیی‌و به‌دیهاتنی زۆرتری ئامانجه‌كانیان به دوای سازكردنی ناتۆی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ن، تا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئیمكاناتی زه‌نجیره‌یی، فره‌چه‌شن‌و به‌رینی راگه‌یاندنی، جڵه‌وی گۆڕانكارییه سیاسی، ئابووری، جڤاكی‌و فه‌رهه‌نگیی وڵاته‌كان‌و نه‌ته‌وه‌كان به ده‌سته‌وه بگرن". سه‌رانی كۆماری ئیسلامی له سه‌ر ئه‌و رایه‌ن كه پاش رووخانی بلووكی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت، په‌یمانی ئاتلانتیكی باكوور (ناتۆ) كه له ساڵی 1949ی زایینی‌یه‌وه به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاری هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی سۆڤیه‌ت دامه‌زرابوو، ئێستا كه ئاراسته‌كه‌ی بۆ شه‌ڕێكی ساردی فه‌رهه‌نگی له هه‌مبه‌ر ئیسلام، به تایبه‌ت كۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕٍدراوه‌و پێیان وایه كه ئه‌وان به دوای ئه‌وه‌دان له رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رسووڕهێنه‌ری راگه‌یاندنه‌كانه‌وه، به‌ها هاوبه‌شه رۆژئاواییه‌كانی خۆیان له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌جیهانی بووندا جێگیر بكه‌ن، شه‌ڕێكی گشتگیر كه وڵاتانی ناته‌با‌و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ سیستمی نوێی جیهانی، نه‌ك له رێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵكوو به رێكاری "رووخاندنی بێ ده‌نگ" هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه رێژیم رۆژنامه‌كان، كتێب، فیلم، مانگیله، زانستگا، NGOو... به پڕمه‌ترسی ناو ده‌بات‌و باس له‌وه ده‌كات كه په‌ره‌سه‌ندنی بیری نوێخوازی، زانست خوازیی زێده‌ڕۆیانه، گه‌ڵاڵه‌ی به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی رووناكبیری، دنیاگه‌رایی، بنه‌ماته‌وه‌ری چێژ، تاك گه‌رایی زێده‌ڕۆیانه، فیمینیزم‌و...، میكانیزمه‌كانی ناتۆی فه‌رهه‌نگین، كه شێوه‌ی پێگه‌یشتوو‌و پێشكه‌وتووی ناتۆی سه‌ربازییه.
رێژیم بۆ جێخستن‌و جێگركردنی بیرۆكه‌ی ناتۆی فه‌رهه‌نگی له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، دوو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ریی له ژێر ناوی "كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناتۆی فه‌رهه‌نگی" به‌ڕێوه بردووه، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی كتێب‌و راگه‌یه‌ندراوه‌كانی دیكه‌وه گرینگیی پێداوه، كه به‌رچاوترینی ئه‌وانه بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی "شوالییه‌كانی ناتۆی فه‌رهه‌نگی"، له ساڵی 1386دا له لایه‌ن "په‌یام فه‌زڵی نه‌ژاد"و به پێشه‌كیی "حوسێن شه‌ریعه‌تمه‌داری"، به‌رپرسی كه‌یهان‌و نوێنه‌ری خامنه‌ییه‌وه‌یه. له‌م باره‌وه، محه‌ممه‌د حوسێن سه‌فار هه‌ره‌ندی، وه‌زیری فه‌رهه‌نگی رێژیم، رۆژی 24/8/87 وتوویه: "ئه‌مڕۆ هێندێك له ناودارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی پانتایی فه‌رهه‌نگ له ریزی بێ‌فه‌رهه‌نگترین كه‌سانن...، ئه‌وانه له به‌رانبه‌ر باوه‌ڕمه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه ریز ده‌به‌ستن‌و پێوه‌ندیگه‌لێكی واتاداریان له‌گه‌ڵ ئه‌ودیوی سنووره‌كانه‌وه هه‌یه".
ئه‌م جۆره ده‌ربڕین‌و بڕیارانه هۆكار‌و به‌ستێنسازی كوشت‌وبڕ‌و توند‌وتیژین‌و بكه‌ران‌و ئه‌نجامده‌رانی وه‌كوو ئه‌ركێكی شه‌رعی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، تاقمگه‌لێكی دیكه‌ش له ژێر ناوی"حیزبوڵڵا"و "گرووپی شه‌هاده‌ت" دامه‌زراندنی خۆیانیان راگه‌یاندووه‌و وتوویانه كه وێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سانی "هه‌ڵگه‌ڕاوه له دین"و "دژه ئایین، دژه ئیسلام‌و دژه حكوومه‌ت" به ئه‌ركی خۆیان ده‌زانن‌و جه‌ختیان كردۆته‌وه كه: "قۆڵبه‌ست بوون‌و له سێداره دران قه‌ت بۆ برایانی ئێمه گرینگ نیه، چونكه شه‌هاده‌ت نه‌ك كۆتایی به‌ڵكوو سه‌ره‌تا‌و ده‌ستپێكه". له لایه‌كی دیكه‌وه لایه‌نی سه‌ره‌كیی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له كۆماری ئیسلامی‌دا، نه ئه‌وكات‌و نه ئێستاش دژ به سه‌عید ئیمامی‌و كه‌سانی وه‌ك ئه‌و هه‌ڵوێستیان نه‌گرت‌و ته‌نانه‌ت هێندێكیشیان ئه‌ویان به شه‌هید‌و قوربانی بێ تاوان ناساند‌و ده‌ناسێنن، بۆیه ده‌كرێ بڵێین پاش تێپه‌ڕبوونی 10 ساڵ، دیسانه‌وه رۆحی سه‌عید ئیمامی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و مۆته‌كه‌ی مه‌رگ هه‌ڕه‌شه له گیانی خاوه‌ن بیران‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌و كوردستان ده‌كات.
بۆیه هه‌روه‌ك كانوونی نووسه‌رانی ئێرانیش، رۆژی 13ی سه‌رماوه‌ز وه‌كوو "رۆژی خه‌بات دژی سانسۆر" ناودێر كردووه، له ئاوه‌ها دۆخ‌و هه‌لومه‌رجێكدا، روونی‌و هه‌ستیاری به‌رامبه‌ر به رووداوه‌كان‌و ورووژاندنی ده‌توانێ تا راده‌یه‌ك ئاستی مه‌ترسییه‌كان نزم بكاته‌وه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر