حیزبی دێموكرات
رێنسانسێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و مانیفیستی خه‌باتێكی ره‌وا
هه‌نووكه 64 ساڵ به سه‌ر دامه‌زراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بێ، له‌م نێوه‌دا، چوار نه‌وه‌ی نوێ هاتوونه‌ته پانتای ژیان‌و هه‌وڵیان داوه سه‌رله‌نوێ مانیفیستی چالاكی، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، فه‌لسه‌فه‌ی بوون‌و بنه‌ما فیكری‌و سیاسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌یان پێناسه، ده‌وڵه‌مه‌ند‌و گشتگیرتر بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام بوونی وه‌ها پاشخانێكی به‌هادار‌و مودێڕن بێ هیچ دوودڵییه‌ك هه‌ڵقوڵاوی ژێرخانێكی ئۆمانی‌و شارستانیانه‌یه كه وه‌كوو كولتوور‌و قوتابخانه‌یه‌كی فیكری ـ سیاسی به میرات ماوه‌ته‌وه‌و جێگر بووه‌و بێ هیچ چه‌شنه به‌رته‌سكی‌و دوگمییه‌تێك به‌رده‌وام له نوێبوونه‌وه‌دایه. ره‌سه‌نییه‌ت‌و رێنسانسێك كه خۆی له بنج‌و بناوانی بیچمگرتن‌و دامه‌زرانی حیزبی دێموكرات‌دا، وه‌كوو ده‌گمه‌نترین، جیاوازترین‌و مۆدێڕنترین حیزبی كوردی له ئه‌وكات‌و ئه‌مێستادا ده‌بینێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه‌ش به واتای دابڕانی حیزب له مێژوو‌و باكگراوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نیه، به‌ڵكوو حیزب، تێگه‌یشتوویی‌و پێگه‌یشتوویی خه‌بات‌و ئامانج‌و ئارمانجی هه‌موو شۆڕشه‌كانی پێش خۆیه كه دامه‌زرێنه‌رانی له چوارچێوه‌ی رێكخراوێكی خاوه‌ن پره‌نسیپ‌و دێموكراتیكدا گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كه‌ن. چوونكه له سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته بوون كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سیستمه‌كانی داگیركاریی زاڵ به سه‌ر كوردستاندا، پێویستیی به خه‌باتێكی سیستماتیك هه‌یه. شایه‌د هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه بێت كه دوكتور قاسملوو ده‌ڵێت: "رێكخراو چه‌كی هه‌ره گرینگی ئێمه‌یه".
حیزبی دێموكرات یه‌كه‌مین‌و ئاخرین رێكخراوی كوردی نه‌بووه. به‌ڵام كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر به درێژایی 64 ساڵی رابردوو، جۆرێك له ره‌سه‌نایه‌تیی تایبه‌ت‌و ناوازه بوونیان به‌م حیزبه‌و مێژووه‌كه‌ی به‌خشیوه. پێش له حیزبی دێموكرات لانیكه‌م سێ رێكخراوی "كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان (1898)، "خۆیبوون" (1927)، "هیوا" (1941)، دامه‌زراون. ده‌كرێ بڵێین هیچ یه‌ك له‌م رێكخراوانه نه‌یانتوانیوه ببنه حیزبێكی جه‌ماوه‌ری‌و خاوه‌ن پلان به تاكتیك‌و ستراتیژیی دیاری خۆیانه‌وه. ئه‌گه‌رچی قه‌ت حاشا له كاریگه‌ری‌و كاردانه‌وه ئه‌رێنییه‌كانی بوونی ئه‌و رێكخراوانه له سه‌ر پاراستنی بوونییه‌تی كورد‌و توخمه‌كانی هزری نه‌ته‌وه‌یی وه‌كوو واتایه‌كی دینامیكی ناكرێت. به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه كه له داڕشتن‌و ده‌ستنیشانكردنی بنه‌ماكانی فیكری ـ سیاسی، رێچگه‌و ئاراسته‌ی خه‌بات‌و دیاریكردنی ستراتیژیدا سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆیان كه بتوانێ گه‌ره‌نتیی مانه‌وه‌یان بكات به ده‌ست نه‌هێنا. ئه‌مه وێنایه‌كی خێرای بوونی حیزب له كوردستاندا تا سه‌ره‌تای چله‌كانی زایینی بوو.
پاش 25ی خه‌رمانانی 1320و هه‌ره‌سهێنانی دیكتاتۆرییه‌تی ره‌زاخان‌و ئارایی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له ئێران‌دا، بۆشایی‌و ده‌رفه‌تێكی مێژوویی ده‌ڕخسێنێت كه كۆمه‌ڵه كه‌سێكی خاوه‌نبیر‌و به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی كه له چین‌وتوێژی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵگا پێك هاتبوون له 25ی گه‌لاوێژی 1321(16ی ئووتی 1942) به ئامانجی رزگاریی نه‌ته‌وه‌ی كورد، یه‌كه‌م رێكخراوی به‌هێزی سیاسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به ناوی "كۆمه‌ڵی ژیانه‌وه‌ی كورد" (ژ ـ كاف) پێك بێنن. واته یه‌كه‌م رێكخراو كه خه‌ڵك وه‌كوو خۆیان هه‌ست به زه‌رووره‌تی بكه‌ن‌و پێكی بێنن. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌وجۆره‌ی كه به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌ریده‌خه‌ن، جۆرێك له جیاوازی له نێوان ژێكاف‌و رێكخراو‌و ته‌ڤگه‌ره‌كانی پێشتردا هه‌بووه. بۆ نموونه له گۆڤاری نیشتمان، زمانحاڵی ژ ـ كاف، پووشپه‌ڕی 1322، له لاپه‌ڕه‌ی 2دا، ته‌نیا رێگه‌ی سه‌ربه‌ستی‌و ئازادیی به خه‌باتی شارستانیانه گرێ داوه". هه‌روه‌ها له سه‌روتاری ژماره 2ی گۆڤاری نیشتماندا هاتووه: "كورد ته‌نیا به خه‌باتی مه‌ده‌نی به مێرگی سه‌ربه‌ستی‌و ئازادی شاد ده‌بێت".
به‌ڵام له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه، ژ ـ كاف، رێكخراوێكی ته‌سكبین، داخراو‌و نهێنی بووه، كه ئه‌م فاكتانه توانای په‌ره‌گرتنی هه‌مه لایه‌نه‌و گشتگیربوونی لێ ئه‌ستاندبووه‌وه. به‌ڵام هه‌روه‌ك دوكتور قاسملوو ده‌ڵێت: "كۆمه‌ڵه توانی... ببێ به سه‌ره‌تا‌و بناغه‌یه‌ك بۆ دامه‌زرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان"، بۆیه له ساڵڕۆژی دامه‌زرانی ژ ـ كاف له 25ی گه‌لاوێژی 1324دا، ژ ـ كاف هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و به جێگه‌ی حیزبێكی نه‌ته‌وه‌یی به چییه‌تی و سیمای دێموكراتیكه‌وه پێكدێت. حیزبێك كه هۆكاره‌كانی دامه‌زراندنی به گشتی‌و له ده‌ستپێكدا له سێ خاڵدا: "1 ـ پێویستیی خه‌بات بۆ وه‌رگرتنی ماف‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، 2 ـ پێویستیی یه‌كیه‌تی‌و هاوده‌نگی‌و یه‌كڕه‌نگی له خه‌باتدا، 3 ـ پێویستیی رێكخراو‌و پێشه‌نگایه‌تی"، هه‌روه‌ها دابینكردنی ئازادییه دێموكراتیكه‌كان‌و پێكهێنانی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان، كۆ ده‌كرێته‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ پێناسه‌كردنی هۆكاره‌كانی پێكهێنانی ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانیشی له سێ خاڵدا: "1 ـ رێكخستنی كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستان له ژێر به‌رنامه‌یه‌كی رێك‌و پێك‌و روونی سیاسی‌دا، 2 ـ گرێدانی خه‌باتی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ خه‌باتی سه‌رانسه‌ریی گه‌لانی ئێران بۆ دێموكراسی‌و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فاشیزم، 3 ـ راكێشانی پشتیوانیی هێزه ئازادیخواز‌و دژه فاشیسته‌كان" به‌رجسته‌و ده‌خرێته بواری پراكتیكه‌وه.
به‌م پێیه به ئاسانی ده‌رده‌كه‌وێت كه فه‌لسه‌فه‌ی پێكهێنانی حیزب، فه‌لسه‌فه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، مۆدێڕن‌و سه‌رده‌میانه بووه كه بوونی حیزب وه‌كوو بنه‌ماییترین به‌شی پێكهاته‌ی سیاسیی كۆمه‌ڵگای مۆدێڕن به له‌به‌رچاوگرتنی به‌ستێنه تایبه‌تییه هزرییه‌كان، تایبه‌تمه‌ندییه فه‌رهه‌نگی، نه‌ته‌وه‌یی، جڤاكی‌و دیرۆكییه‌كان به پێویست ده‌زانێ. فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دوور له شه‌ڕ، كه به‌رهه‌می عه‌قڵییه‌تی سیاسی‌و ئه‌ندێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی روو له گه‌شه‌ی سه‌رده‌م بوو. حیزبی دێموكرات له بنه‌مادا له سه‌ر ئه‌ساسی خه‌باتی شار‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك‌و شێوازمه‌ندكردنی داخوازی‌و هه‌نگاوه‌كان پێكهات، بۆیه دیالۆگ، لۆژیك، واقێعبینیی سیاسی، سه‌ربه‌خۆیی له بڕیار‌و كردار له دنیای دووجه‌مسه‌ری‌و هه‌ستیاری ئه‌وكاتدا به پراكتیك ده‌سه‌لمێنێت. حیزبی دێموكرات له سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی ئه‌ویتر یان بانگه‌شه‌ی مه‌رگ‌و سڕینه‌وه‌ی گه‌لێكی دیكه پێك نه‌هاتبوو، به‌ڵكوو به‌رده‌وام دۆستایه‌تیی نێوانی گه‌لان‌و نه‌هێشتنی گرژی‌و ناته‌باییه‌كانی به ئامانج گرتووه‌و رزگار بوونی نه‌ته‌وه‌ی كوردی له وشیاری‌و ئیراده‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆدی نه‌ته‌وه‌دا زانیوه، واته هۆكاری پێكهاتن، ئارایی‌و به‌رده‌وامیی نه‌ك بوونی "دوژمن"، به‌ڵكوو بوونێتی خۆی وه‌كوو میكانیزمی پێشخستن‌و سه‌رخستنی "نه‌ته‌وه"یه‌كه. بۆیه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه ده‌بێ به‌ر له هه‌موو شتێك پشت به هێزی خۆ ببه‌ستین‌و "كورد وه‌كوو فاكته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ" به‌رجه‌سته بكه‌ین.
حیزبی دێموكرات له سه‌رده‌مانێكدا كه هێشتا جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤـ‌و په‌یماننامه‌كانی دیكه‌ی مافه سیاسی‌و مه‌ده‌نییه‌كان په‌سه‌ند نه‌كرابوون، بنه‌مای فیكری ـ سیاسیی خۆی له سه‌ر بناغه‌ی دێموكراسی، ئازادی، دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، پلورالیزم، پێكه‌وه هه‌ڵكردن، مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، ئازادیی ئایینی‌و زمانی، گه‌شه‌ی كولتووری له سه‌ر بنه‌مای هزرمه‌ندی‌و رۆشنگه‌ریی تاك، نائیدئۆلۆژیك بوون، میراتی خه‌باتی رابردوو، سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی، كۆماری دێموكراتیك‌و جۆرێك له سیكۆلاریزم داڕشتبوو، پلاتفۆرمێك كه چ له قۆناغی كۆماری كوردستان‌و چ له قۆناغه‌كانی دیكه‌دا، له پراكتیكدا هه‌وڵی چه‌سپاندن، پێبه‌ندی‌و جێبه‌جێكردنی‌داوه. وێڕای ئه‌وه‌ی كه هاوكات كۆمه‌ڵگای نه‌ریتیی كوردستانیش، لانیكه‌م له رۆژهه‌ڵاتی وڵات‌دا، له پاوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌و رێبه‌ریی نه‌ریتی، عه‌شیره‌یی، بنه‌ماڵه‌یی، كاریزمایی‌و ئایینی ده‌رباز كرد‌و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، سه‌ربه‌خۆیی‌و واقێعبینیی سیاسیی وه‌كوو نێواخن‌و به‌ردی بناغه‌ی تیۆری‌و كرداری فره‌ره‌هه‌ندی حیزب به‌رجه‌سته كرد. راستییه‌ك كه شێواز‌و جۆری خه‌بات‌و هه‌ڵوێستی ئه‌م حیزبه وه‌كوو چییه‌تیی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌ریخستووه. ستراتیژییه‌ك كه گه‌شه‌سه‌ندن‌و پێگه‌یشتنی مرۆڤی، شوناسی نه‌ته‌وایه‌تیی هاوبه‌ش‌و مرۆڤته‌وه‌ر، به‌هاو بایه‌خه تاكه‌كه‌سی‌و جڤاكییه‌كان‌و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان به واتایه‌كی دیكه نه‌هێشتنی هه‌ر چه‌شنه"دواكه‌وتوویی"یه‌ك‌و دژایه‌تیی هه‌ر چه‌شنه "چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی مرۆڤـ به ده‌ستی مرۆڤـ"ی به ئامانج گرتووه‌و هه‌رگیزیش به‌هێزكردنی "هزری نه‌ته‌وایه‌تیی" له پێناو گه‌شه‌پێدان‌و هه‌مووانیكردنی به‌ها نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی وه‌لا نه‌ناوه. هه‌نووكه‌ش پاش زیاتر له شه‌ش ده‌یه له ژێر رۆشنایی بیرۆكه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی حیزب‌دا، میراتداران‌و میراتپارێزانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ـ دێموكراتیك: "كه‌رامه‌تی مرۆڤـ به گرینگ‌ترین به‌های ژیان ده‌زانێ كه وه‌ك بناغه‌ی ئازادی، دادپه‌روه‌ری‌و ئاشتی له جیهاندا جه‌ختی له سه‌ر كراوه". میكانیزم، به‌هاو بنه‌ما فیكری‌و سیاسیگه‌لێك كه ده‌توانێت گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ راستیی گوتاری دێموكراتیكی هه‌نووكه‌یی‌و پێكه‌وه ژیانی به‌خته‌وه‌رانه‌ی مرۆڤـ، وێڕای ته‌واوی جیاوازی‌و تایبه‌تمه‌ندییه تایبه‌ته‌كانیان له‌م به‌شه‌ی جیهاندا بێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر