مێرمنداڵان،
سامانی نه‌ته‌وه‌و قوربانیانی تۆتالیتاریزم
كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به پێچه‌وانه‌ی رێژیمه سه‌ره‌ڕۆكانی كلاسیكی كه هه‌وڵی په‌راوێزخستنی خه‌ڵكیان داوه، ته‌واوی هه‌وڵی ئه‌وه بووه كه كومه‌ڵانی خه‌ڵك به‌شداری رووداوه‌كان بكات. به‌ڵام ئه‌م به‌شداری دانه به واتای به‌شداربوونیان له پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات‌و كه‌سایه‌تی‌و به‌رپرسایه‌تی به‌خشین به تاك‌و كۆما نه‌بووه، به‌ڵكوو به خزمه‌تگرتن‌و به‌كارهێنانی هه‌ست‌و بڕوای مه‌زهه‌بی‌و هه‌ستیاریی سیاسی ئه‌وان له پێناو داسه‌پاندنی ترس‌و تۆقاندنی شۆڕشگێڕانه‌دایه. تا له‌و رێگه‌یه‌وه به ده‌ستی به‌شێك له خه‌ڵك، به‌شێكی دیكه له خودی خه‌ڵك بسڕێته‌وه، یان بێده‌نگ‌و سه‌ركوتیان بكات، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات نوێنه‌ری خه‌ڵكه و خه‌ڵكی له‌گه‌ڵه‌و، به‌مجۆره ره‌وایی به ناڕه‌وا بوونی خۆی بدات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شێوازه نموونه‌ی دیكه‌ی مێژوویشی له رێژیمه فاشیسته‌كاندا بووه. پالمیروو توولیاتی، سیاسه‌تڤانی ئیتالیایی سه‌باره‌ت به ئۆرگانیزاسیۆنی فاشیزم له ئیتالیادا ده‌نوسێت، دروشمی فاشیسته‌كان ئه‌مه بوو "خه‌ڵك به رێكخراوه‌یی بهێڵنه‌وه، به‌ڵام به رێكخراوه‌كان خسڵه‌تێكی دوواكه‌وتووانه بده‌ین". ئه‌م پێناسه‌یه له توتالیتاریزمی ئیتالی، ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ چییه‌تی‌و كارنامه‌ی كاریی كۆماری ئیسلامی‌دا دێته‌وه.
له حاڵێكدا له وڵات‌دا ئه‌رته‌ش هه‌بوو، سوپای پاسداران له 2ی بانه‌مه‌ڕی 58دا به فه‌رمانی خومه‌ینی دامه‌زرا‌و پاش ئه‌وه له رێكه‌وتی 5ی سه‌رماوه‌زی 1358، به پێی خواستی خومه‌ینی "هێزی به‌رگریی به‌سیج" به ناوی "به‌سیجی موسته‌زعه‌فین" پێكهات. رێكخراوێك كه خومه‌ینی وه‌ك ئه‌رته‌شی 20 میلیۆنی باسی لێده‌كرد. ئه‌م هێزه به یه‌كێك له 5 هێزی سوپای پاسداران ده‌ژمێردرێت‌و هه‌نووكه‌ش چ له بواری پشتیوانی‌و چ له بواری فه‌رمانده‌یی‌یه‌وه له ژێر فه‌رمان‌و بڕیاری فه‌رمانده‌یی سپا دایه. بێجگه له گوردانه‌كانی الزه‌هرا(ژنان)و عاشوورا (پیاوان)، له بواری ئۆرگانیزاسیۆنه‌وه، به‌سیجی قوتابیان، خوێندكاران، دام‌و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان، عه‌شیره‌كان، كرێكاران، مزگه‌وته‌كان، خوشكان‌و... له‌خۆ ده‌گرێ. له لایه‌كی دیكه‌وه، یاسای پێكهاتن‌و په‌ره‌ئه‌ستاندنی به‌سیجی قوتابیان كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و راهێنان‌و هێزی به‌رگریی به‌سیج گه‌ڵاڵه كرابوو له رێكه‌وتی 9/2/75دا به په‌سه‌ندی مه‌جلیس گه‌یشتووه. گه‌ڵاڵه‌و هه‌نگاوێك كه به له‌به‌رچاوگرتنی راستییه‌كان‌و به‌ڵگه حاشا هه‌ڵنه‌گره‌كانی به‌رده‌ست، به میلیشیا كردنی مێرمنداڵان‌و لاوانه. چوونكه له سه‌رده‌می شه‌ڕی 8 ساڵه‌دا، به پێی ئاماره‌كانی خودی رێژیم زیاتر له 550 هه‌زار قوتابی له رێگه‌ی رێكخراوی به‌سیجه‌وه ره‌وانه‌ی مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ كراون. له‌و ژماریه 36 هه‌زار كه‌س كوژراو‌و بزر بوون، زیاتر له 2853 كه‌سیان كه‌م ئه‌ندام‌و زیاتر له 2433 كه‌سیان له لایه‌ن ئه‌رته‌شی عێراقه‌وه به‌دیل گیران. له لایه‌كی دیكه‌وه، رێژیم، 8ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، رۆژی مه‌رگی حسێن فه‌همیده، خۆكوژی 13 ساڵه‌ی وه‌كوو رۆژی "مێرمنداڵان"و "به‌سیجی قوتابیان" دیاریكردووه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌بێ مێرمنداڵی ئێرانی بیكه‌ن به هێما‌و سه‌رمه‌شقی خۆیان. له‌م راستایه‌دا، رێژیم به له پێش گرتنی رێكار‌و هانده‌ری سه‌رنجڕاكێش‌و ته‌نانه‌ت گوشاری جۆراوجۆریش 4 میلیۆن‌و 600 هه‌زار قوتابیی له به‌سیجدا ناونووس كردووه، كرده‌وه‌یه‌كی دژ به پرنسیپه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان كه ناوه‌نده پێوه‌ندیداره‌كان‌و یونیسفیش خۆیانیان لێ بێده‌نگ كردوه. له حاڵێكدا كه ئه‌وه به پێی كۆنوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی منداڵ، به‌تایبه‌تی مادده‌كانی 38و 19، ئه‌ندامه‌تی‌و به‌شداری منداڵانی ژێر 18 ساڵ له ناوه‌نده‌كانی سه‌ربازی‌و میلیشیایی قه‌ده‌غه‌یه. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵناسان ئه‌م پرسه به كه‌ڵك ئاوه‌ژوو وه‌رگرتن له منداڵان ناوزه‌د ده‌كه‌ن‌و له ریزی توندوتیژی دژ به منداڵان له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن. چوونكه چ پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده‌و چ كۆمه‌ڵناسان له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه ئه‌م كاره به‌رهه‌مهێنان، گه‌شه‌و په‌ره‌پێدانی توندوتیژی له نێو نه‌سڵێكه كه سبه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و كارگێڕیی كۆمه‌ڵگا به ئه‌ستۆ ده‌گرێت، به‌م پێیه به‌سیجی قوتابیان‌و هێما‌و ئامانجه‌كانی له خزمه‌ت جێگر كردنی توندوتیژی‌و دوگماتیزم وه‌كوو كولتوورێك له نێو جڤاكدایه. چوونكه هێزێكی توندئاژوو‌و راهاتوو له‌گه‌ڵ توندوتیژی نواندن‌و گوتاری دوژمن‌و دوژمن تاشین ئامراز‌و ئامێری په‌ره‌ئه‌ستاندنی سیستمی كۆنترۆڵ له بیاڤی تاكه‌كه‌سی، بنه‌ماڵه‌یی‌و گشتی‌یه‌و هه‌میشه وه‌كوو هێزێكی ئه‌كتیڤی كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسی له خزمه‌ت جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدان. دیارده‌یه‌ك كه وه‌كوو كۆنترۆڵی فاشیزمیانه‌ی ژیانی سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران‌دا ناوی لێ ده‌بردرێت. چوونكه خودی به‌سیج باس له بوونی 13 میلیۆن‌و 600 هه‌زار ئه‌ندام ده‌كات كه نزیكه‌ی 5 میلیۆنی ژن‌و 4میلیۆن‌و 700هه‌زاریشی قوتابین، هه‌روه‌ها به پێی لێكۆلێنه‌وه‌ی "ناوه‌ندی ستراتیژی‌و توێژینه‌وه‌ی ئینترناسیۆناڵ" له واشینگتۆن، به‌سیج 900 هه‌زار هێزی چالاك‌و 300 هه‌زار هێزی جێگره‌وه‌ی هه‌یه. كه به‌شێكی به‌رچاو له سامانی وڵاتیش ته‌رخانی ئه‌وان ده‌كرێ، بۆ نموونه به پێی قانوونی چواره‌می په‌ره‌ئه‌ستاندن، ده‌بێ هه‌ر ساڵ 400 میلیارد تمه‌ن بۆ به‌سیج له به‌رچاو بگیردرێ، كه له ساڵی 88دا، بوودجه‌ی به‌سیج 45 میلیارد‌و 238 میلیۆن تمه‌ن به‌رز بۆته‌وه. هه‌روه‌ها به پێی راپۆرتی BBC له ساڵی 83دا بۆ ئاماده كردنی پێداویستییه‌كانی گوردانه‌كانی عاشوورا‌و ئه‌لزه‌هرا، هاوكێشی 350 میلیۆن دۆلار له حیسابی "پاشكه‌وتی ئه‌رزی" ته‌رخانی به‌سیج كراوه. هێزێك كه له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا ئه‌ركی پاراستنی كه‌ش‌و هه‌وای میلیتاریستی‌و په‌ره‌پێدانی تۆقاندن به سه‌ر وڵات‌دا بووه.
ره‌وتی باو ئه‌وه‌یه كه منداڵان، مێرمنداڵان‌و لاوان له هه‌موو وڵات‌و سیستمێكی په‌روه‌رده‌ییدا به شێوه‌یه‌كی دێموكراتیك‌و به‌دوور له گوتار‌و كولتووری مه‌رگدۆستی‌و شه‌ڕئه‌نگێزانه په‌روه‌رده بكرێن‌و به‌ها مرۆڤی‌و ئاشتیخوازانه‌كان كه كولتووری پێكه‌وه هه‌ڵكردن‌و لێبوورده‌یی‌یه، پێیان بناسێنرێت تاكوو روانگه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئۆمانییان به‌رانبه‌ر به تاكه‌كان‌و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی هه‌بێت. به‌ڵام كۆماری ئیسلامی مێرمنداڵان به هه‌وێن‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ك ده‌زانێ كه پێویسته به پێی حه‌ز‌و ئامانجه پاوانخواز‌و ئیدئۆلۆژیكییه‌كانی خۆی شكڵیان پێبدات‌و به‌كاریان بێنێت. سه‌ره‌كیترین میكانیزمی ئه‌م ئامانجه‌ش به‌سیجی قوتابیانه. رێكخراوێك كه له‌وێدا، مێرمنداڵ‌و لاو به‌ره‌و بناژۆخوازی راده‌كێشرێن‌و له ئه‌نجامدا به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گه‌ن كه گه‌وره‌یی‌و ئه‌ركی مرۆڤ ئاماده‌یی‌و خواستی "عه‌مه‌لیاتی ئیستشهادییه"، بێجگه له‌وه‌ی كه هاوكاتیش به‌هاندانیان بۆ كاروباری سیخوڕی له بنه‌ماڵه‌و كۆمه‌ڵگادا، جه‌وهه‌ری مرۆڤییان له‌كه‌دار‌و ئاستی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تا نزمترین راده داده‌به‌زێنن. هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌تی له به‌سیج، وه‌كوو ژێركۆكه‌ی سوپای پاسداران كه هێزێكی تیرۆریستییه، ئاگایانه یان نائاگایانه به واتای هاوكاریكردن‌و یارمه‌تیدانی تیرۆر له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ت له‌م دواییانه‌شدا، به فه‌رمانی خامنه‌یی ئه‌ركی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "هه‌ڕه‌شه‌كانی نه‌رم"، یان به واتایه‌كی دیكه سه‌ركوتی سه‌رهه‌ڵدان‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شارۆمه‌ندان راده‌ستی به‌سیج كراوه، كه بێ‌گومان قوتابیان‌و خوێندكارانی به‌سیجی (مێرمنداڵان‌و لاوان)، هه‌روه‌ك له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران‌دا ده‌ركه‌وت ده‌بێ رۆڵی سه‌ره‌كی بگێڕن. بۆیه له‌قاودانی ئامانج له به به‌سیج كردنی مێرمنداڵان ئه‌ركێكی هه‌ره گرینگی چالاكڤانانی مه‌ده‌نی‌و ئۆپۆزیسیۆنی دێموكراتیكه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر