مافیا‌و جمانی ئۆختاپووسیی پاسداران
له پانتای ده‌سه‌ڵات‌و ئابووریدا
له ئێران‌دا، وه‌كوو نموونه‌ی وڵاتێكی دیكتاتۆری، ئاماده‌یی‌و ئارایی سوپای پاسداران له پانتای سیاسی‌و ئابووریدا دزێوترین توتالیتاریزمی هاوچه‌رخی پێك هێناوه. سوپای پاسداران كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بۆ كوشتاری خه‌ڵك دامه‌زرا، ئێستا نزیك به دوو ده‌یه‌یه تێكه‌ڵ به كاروباری ئابووریی وڵات بووه‌و هه‌نووكه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ شیركه‌تی نه‌وت‌و "ئاستانی قوودسی ره‌زه‌وی"، زۆرترین سامانی وڵات‌و به‌ربڵاوترین كه‌وشه‌نی چالاكیی ئابوورییان له ده‌ستدایه. به پێی زانیارییه جه‌خت له سه‌ر كراوه‌كان سوپا زیاتر له له 500 كۆمپانیای هه‌یه كه لقه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، ئورووپا، ئاسیای رۆژهه‌ڵات، ئافریقا‌و ئامریكای لاتین چالاكن. ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه سوپای پاسداران هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه توانیویه له نێوخۆی ئێران به پاوانكردن‌و به خزمه‌تگرتنی سامانی سروشتی‌و مرۆڤیی وڵات، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات به سه‌ر ده‌زگاكانی به‌ڕێوه‌به‌ری، یاسادانان، دادوه‌ریی‌و پشتیوانیی ره‌های رێبه‌ریی رێژیم‌و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت سێبه‌ر‌و ده‌ركه‌وتنی به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌ته نهێنیی‌و حیزبی پادگانییه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م‌و ده‌هه‌می رێژیم‌و تۆڕی تیرۆریستیی سوپای قودس له ئاستی ناوچه‌یی‌و جیهانیدا، هاوكاتیش له رێگه‌ی رایه‌ڵه‌یه‌كی به‌ربڵاوی ئابووری، شاده‌ماره‌كانی ئابووری وڵات‌و پێوه‌ندییه بازرگانییه‌كان له ئاستێكی به‌ریندا قۆرخ‌و كۆنتڕِۆڵ بكا. بۆیه ده‌بینین كه "هێنری پاڵسون"، سكرتێری خه‌زانه‌داریی ئا‌مریكا كاتێك كه گه‌مارۆی ئابووریی دژ به سوپای پاسداران راگه‌یاند، گوتی: "ئه‌گه‌ر خه‌ریكی كاروباری بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێرانن، بێ‌گومان به جۆرێكیش له‌گه‌ڵ سوپادا له دان‌و ستان دان".
راستییه‌ك كه ده‌رخه‌ری ئه‌وپه‌ڕی كاره‌سات‌و قه‌یران‌و جینایه‌ت له وڵاتێكدایه كه ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربازی به حه‌شاردانی خۆی له پشت به ناو حكوومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌ی یاسایی‌یه‌وه، سیاسه‌ت، كولتوور‌و ئابووریی وڵات به ته‌واوی چاوه‌دێری‌و پاوان‌و كارگێڕی ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری دروستبوونی چینی مامناوه‌ندیی راسته‌قینه، بیاڤی گشتیی به‌هێز‌و به‌ستێن سازیی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و رۆڵ گێڕانی كه‌رتی تایبه‌ت به ته‌واوی ته‌ریك‌و نه‌زۆك ده‌كات. بۆیه ده‌بینین رێژیم به پشت به‌ستن به جێبه‌جێكردنی ئه‌سڵی 44ی یاسا بنچینه‌ییه‌كان‌و به ناو راده‌ستكردنی كاروباره‌كان به كه‌رتی تایبه‌ت، سامانی وڵاتی راده‌ستی سوپا كردووه.
ئه‌م ئیمپراتووریه بازرگانییه كه سوپای پاسداران پێكیهێناوه، به گوته‌ی مێهدی كه‌ڕووبی 60 ئیسكێله‌ی نایاسایی له باشووری ئێران‌دا ساز كردوه كه ناودارترینیان ئێسكله‌ی ره‌جایی هۆرمۆزگانه. هه‌روه‌ها جگه له زاڵ بوون به سه‌ر هه‌ناردنی نه‌وت‌و گازی ئێران‌و رێكه‌وتنه‌كانی په‌ره‌پێدانی مه‌یدانه نه‌وتییه‌كانی باشووری ئێران، پرۆژه‌ی فازه‌كانی 15و 16ی مه‌یدانه گازییه‌كانی پارسی باشووری، كێشانی خه‌تی لووله‌ی عه‌سه‌لوویه ـ ئێرانشار، په‌ره‌پێدانی به‌نده‌ری به‌هه‌شتی چابه‌هار، خه‌تی لووله‌ی گواستنه‌وه‌ی گاز له نێوان ئێران، پاكستان‌و هێندوستان، 31 له سه‌دی هه‌نارده‌ی نانه‌وتیی ئێران‌و 68 له سه‌دی هه‌نارده‌ی ئێران به گشتی‌و 60 له سه‌دی هاورده‌ی ئێران له لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت. دوو فڕۆكه‌خانه‌ی خومه‌ینی له تاران‌و په‌یام له نزیكی كه‌ره‌ج بۆ كاروباری قاچاخی شتومه‌ك‌و به‌شێك له فرۆكه‌خانه‌ی مێهرابادیان له ده‌ستدایه. به جۆرێ كه به گوته‌ی موحسێنی ئارمین: "قاچاخی سوپای پاسداران ساڵانه تا ئاستی 12 میلیارد دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه". هه‌روه‌ها سوپا له پاڵ كاروباری رێگاوبان‌و بیناسازی، داروسازی، پێوه‌ندییه‌كان، ئاوبه‌ند، دامه‌زراوه‌ی ماڵیی مێهر‌و ئه‌نسار، بونیادی موسته‌زعه‌فان، بیاڤی پیشه‌یی‌و كانزایی‌و جووتیاری له‌م ساڵانه‌شدا، شیركه‌تی "اورینتال كیش ئۆویل"، كشت‌و سه‌نعه‌تی خوراسان، خزمه‌تگوزاییه ئاسمانییه‌كانی پارس، پیشه خۆراكییه‌كانی مائیدا، تاید واتر، ماشین سازی به‌همه‌ن، ئازراب، په‌ره‌ئه‌ستاندنی كانزای رووی، تراكتۆرسازیی ته‌ورێز، لووله‌سازیی ئه‌هواز، كومپانیای نه‌وتیی سه‌درا، به‌شێك له سه‌هامی گرووپی سایپا‌و پترۆشیمیی كرماشان‌و... به نرخێكی زۆر نزم له ده‌وڵه‌ت كڕیوه.
به جۆرێ كه رۆژنامه‌ی "ئێعتماد میللی"، له ژماره‌ی 12ی گه‌لاوێژی 87ی خۆیدا نووسیبووی: "ئارایی سپا له چالاكییه ئابوورییه‌كان له‌م مانگانه‌ی دواییدا به خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی كه‌م وێنه گه‌یشتووه". هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی ئۆكۆنۆمیست له‌م رۆژانه‌دا به پشت به‌ستن به زانیاریی یه‌كێك له نوێنه‌رانی مه‌جلیس نووسیبووی: "سپا له رێگه‌ی قاچاغی خواردنه‌وه ئه‌لكولییه‌كان، جگه‌ره‌و دیشی مانگیله‌یی ساڵانه 12 میلیارد دۆلار داهاتی هه‌یه".
له لایه‌كی دیكه‌وه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، رۆژنامه‌ی "تارانی ئه‌مڕۆ"، له ژماره‌ی 4ی خه‌رمانانی خۆیدا بڵاوی كردۆته‌وه كه شیمانه‌ی ئه‌وه هه‌یه سه‌هامی كۆمپانیای "موخابرات" له لایه‌ن "بونیادی ته‌عاونی سپا"وه بكڕدرێت. له ئه‌گه‌ری ئه‌نجامی وه‌ها كارێكدا، ته‌واوی به‌شه‌كانی ژێر كۆگه‌ی كۆمپانیا بریتی له: ته‌له‌فوون، مۆبایل، پێوه‌ندییه‌كانی دیتا‌و ژێرخانه‌كان، هه‌روه‌ها 32 شیركه‌تی ژێر كۆگه‌و 47 هه‌زار كارمه‌ندی، ده‌كه‌وێته ژێر پاوانی سپای پاسدارانه‌وه. مه‌عامله‌یه‌ك كه وه‌كوو گه‌وره‌ترین موعامله‌ی مێژووی بوورسی ئێران ناوی لێده‌بردرێت. مه‌عامه‌له‌یه‌ك كه زیاتر له هه‌میشه ئامانجه ئه‌منییه‌تییه‌كانی سپا له ره‌وتی چالاكی ئابووریدا به‌رجه‌سته ده‌كات. له ئه‌گه‌ری توند‌و تۆڵتربوونی گه‌مارۆكانی شوورای ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هه‌میسانیش سپای پاسداران قازانجی زۆرتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها چوونكه ئه‌وكاتیش ته‌واوی پێداویستییه‌كانی وڵات ده‌بێ له رێگه‌ی قاچاغه‌وه دابین بكرێت كه سپا رۆڵگێڕی سه‌ره‌كی ئه‌و بواره‌یه‌و له كورتخایه‌ندا ده‌توانێ به قازانجی سپا ته‌واو بێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر