سوپای پاسداران حكوومه‌تی له سێبه‌رو مافیای ئابووری
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی كه به هۆی بێ متمانه‌یی به‌رپرسانی ئه‌و كاتی حكوومه‌تی ئیسلامی به سوپای سه‌ره‌كی وڵات، واته " ئه‌رته‌ش " له 2ی بانه‌مه‌ڕی ساڵی 1358ی هه‌تاوی پێكهات، هه‌ر له ده‌ستپێكدا رۆڵی هێزێكی فاَڵانژی بۆ ئیسلامییه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات گێڕا‌و، هه‌موو دژبه‌رانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وانی به توند‌وتیژترین شێوه سه‌ركوت كرد. سڕینه‌وه‌و كوشت وبڕو كاولكارییه‌ك كه هه‌م جیابیرانی ئێرانی و پارته سه‌رانسه‌ریه‌كان و هه‌میش بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد‌و سه‌رهه‌ڵدانی توركمه‌ن سه‌حراو...هتدی له خۆگرت. ئه‌وان به كه‌ڵك ئاژوو وه‌رگرتن له هه‌ستیاری و ده‌مارگرژیی ئایینزایی خه‌ڵك و گۆڕوتین و شه‌وقی شۆڕشگێڕانه‌ی زاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و لاساییكردنه‌وه‌و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی كه‌سایه‌تیی كاریزماتیكی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی، هه‌زاران كه‌سیان سه‌فه‌ربه‌ر كرد‌و، وه‌كوو مۆره‌گه‌لێكی چاوو گوێ به‌سراو هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی ناته‌با له گه‌ڵ ئایین و وێژدانی مرۆڤییان پێی جێبه‌جێ كردن. باندۆڕی ئه‌م گه‌مژه‌ییه تا ئاستێك بوو كه پاسدارانی ئێرانی كاتی هێرشیان بۆ سه‌ر كوردستان، كلیل له گه‌رده‌ن هاتبوون تا به‌ڵكوو به‌خت یارییان بكات و به كوژرانیان شانسی كرانه‌وه‌ی ده‌رگای به‌هشتیان بۆ مسۆگه‌ر بێت.
پاش كۆتایی هاتنی شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران، به هۆی به‌هره‌مه‌ندی له سامانێكی زه‌وه‌ندی ماددی و هێزێكی گه‌وره‌ی مرۆڤی، تێكه‌ڵ به كاروباری ئابووریی وڵات بوون و په‌ره‌یان به ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له هه‌موو بیاڤه‌كانی ئابووریی وڵات‌دا دا. له لایه‌كی دیكه‌وه‌ش ئه‌گه‌رچی خومه‌ینی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌یدا " داوای له نیزامییه‌كان كردوه له تێكه‌ڵبوون به سیاسه‌ت دووری بكه‌ن"، به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئه‌مڕۆ به پێچه‌وانه‌ی جاران كه سوپاییه‌كان ته‌نیا ده‌وڵه‌تی له سێبه‌ر بوون، ئێستاكه زۆربه‌ی چاوه‌دێران و كارناسانی بواری سیاسه‌ت و كاروباری ئێران له سه‌ر ئه‌م رایه هاوڕان كه ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م و ده‌یه‌م به سه‌ركۆماریی ئه‌حمه‌دی نژاد، كوده‌تایه‌كی ئارامی سه‌ربازی بووه‌و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی كابینه‌ی هه‌ر دوو ده‌وره‌كه‌ش ئه‌ندامانی سوپا بوون، كه ئه‌م ره‌وته ده‌قاوده‌ق له پارلمانیشدا دووپات بۆته‌وه. ره‌وتێك كه بۆته ئامیانی ئه‌وه‌ی كه له ئێران‌دا، وه‌كوو نموونه‌ی وڵاتێكی دیكتاتۆری، ئاماده‌یی سوپای پاسداران له پانتای سیاسه‌ت و ئابووریدا، دزێوترین توتالیتاریزمی هاوچه‌رخ پێكبێنێت. سوپای پاسداران كه نزیك به دوو ده‌یه‌یه تێكه‌ڵ به كاروباری ئابووریی وڵات بووه، هه‌نووكه هاوته‌ریب له گه‌ڵ شیركه‌تی نه‌وت و " ئاستانی قودسی ره‌زه‌وی "، زۆرترین سامانی وڵات و به‌ربلڵاوترین كه‌وشه‌نی چالاكیی ئابوورییان له ده‌ستدایه. به پێی زانیارییه جه‌خت له سه‌ر كراوه‌كان سوپا زیاتر له 500 كۆمپانیای هه‌یه كه لقه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، ئورووپا، ئاسیای رۆژهه‌ڵات، ئافریقاو ئه‌مریكای لاتیندا چالاكن. بۆیه ده‌بینین كه " هێنری پاڵسۆن "، سكرتێری خه‌زانه‌داریی ئه‌مریكا كاتێك كه گه‌مارۆی ئابووریی دژ به سوپای پاسداران راگه‌یاند، گوتی:" ئه‌گه‌ر خه‌ریكی كاروباری بازرگانی له گه‌ڵ ئێرانن، بێ گومان به جۆرێكیش له گه‌ڵ سوپادا له دان و ستان دان".
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، پاش قووڵتربوونه‌وه‌ی كێشه‌وبه‌ره‌كان و كه‌ڵێنی نێوان باڵه‌كانی رێژیم و ده‌ركه‌وتنی ئاشكرای سوپاییه‌كان له پانتای سیاسه‌ت و، پشتیوانیی بێ ئه‌م لاوئه‌ولای ئایه‌تۆڵڵا خامنه‌یی له‌وان و ره‌خساندنی مه‌یدانی مانۆڕ‌و شانتاژیان وه‌كوو باڵی به‌هێزو پشتیوانی سه‌ره‌كیی بناژۆخوازان و بیرۆكه‌ی ویلایه‌تی فه‌قیه، چییه‌تیی میلیتاریستیی كۆماری ئیسلامی به ته‌واوی ئاشكرا كرد. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی پله‌به‌رزی كۆماری ئیسلامی له ژێر ناوی جێبه‌جێكردنی ئه‌سڵی 44ی یاسا بنچینه‌ییه‌كان و راده‌ستكردنی كاروباره‌كان به كه‌رتی تایبه‌ت، ته‌واوی سامانی وڵاتیان راده‌ستی سوپا كردووه. له حاڵێكدا ئامانج له به كه‌رتی تایبه‌ت سپاردن، چه‌شناوچه‌شنی له خاوه‌ندارێتی و ده‌رهێنانی كۆجێی خاوه‌نبوون له پاوانی به‌شی ده‌وڵه‌تی یان نیمچه ده‌وڵه‌تییه. به‌ڵام هه‌روه‌ك حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌ڵێ:" به ناوی ناده‌وڵه‌تیكردن، به‌شێك له ده‌وڵه‌تیان راده‌ستی نیمچه ده‌وڵه‌ت كرد...، به جۆری كه ئه‌گه‌ر تا دوێنێ به‌شی تایبه‌ت گرفتاری ده‌وڵه‌ت بوو، هه‌نووكه گرفتاری به‌شی نیمچه ده‌وڵه‌تی و نیمچه سه‌ربازی بووه". ئه‌مه‌ش بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه هیچ ده‌رفه‌ت و پاڵنه‌رێك بۆ كه‌رتی تایبه‌ت نه‌یێته ئاراوه‌و خه‌ڵك و كۆمپانیاكان نه‌توانن به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له ده‌سه‌ڵات و سیستمی رانت خۆری و ده‌ڵاڵی ده‌وڵه‌تی توانای رۆڵگێڕانیان له بازاڕ‌و ئابووریدا هه‌بێت. چوونكه لانیكه‌م پاش دوو ده‌یه له سیاسه‌تی ناده‌وڵه‌تیكردن، هێشتاش 70 له سه‌دی ئابووریی وڵات ده‌وڵه‌تییه‌و به‌شی سه‌ره‌كیی ئابووریی ده‌وڵه‌تی و به‌شی گرینگی كه‌رتی تایبه‌تیش له پاوانی كۆمپانیا زنجیره‌ییه‌كانی سوپای پاسداران دایه كه چاوه‌دێری و باجی ده‌وڵه‌تیش نایانگرێته‌وه. ئه‌م ئیمپراتۆرییه بازرگانییه كه سوپای پاسداران پێكیهێناوه، به گوته‌ی مێهدی كه‌ڕووبی 60 له‌نگه‌رگه‌ی نایاسایی له باشووری ئێران‌دا ساز كردوه، دوو فڕۆكه‌خانه‌ی خومه‌ینی له تاران و په‌یام له نزیكی كه‌ره‌جیان له ده‌ستدایه‌و له رێكه‌وتنه نه‌وتی و گازییه‌كانی ئێران پشكی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌و هه‌روه‌ها، 31 له سه‌دی هه‌نارده‌ی نانه‌وتیی ئێران، 68 له سه‌دی هه‌نارده‌ی ئێران به گشتی و 60 له سه‌دی هاورده‌ی ئێران له لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت. به جۆری كه به گوته‌ی موحسێن ئارمین " قاچاخی سوپای پاسداران ساڵانه تا ئاستی 12 میلیارد دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه". هه‌روه‌ها له‌م راستایه‌دا، رۆژنامه‌ی ئۆكۆنۆمیست له‌م رۆژانه‌دا به پشت به‌ستن به زانیاریی یه‌كێك له نوێنه‌رانی مه‌جلیس نووسیویه" سوپا له رێگه‌ی قاچاخی خواردنه‌وه ئه‌لكولییه‌كان، جگه‌ره‌و دیشی مانگیله‌یی ساڵانه 12 میلیارد دۆلار داهاتی هه‌یه".
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌رچی سوپا له‌م ساڵانه‌دا زۆربه‌ی كارخانه گرینگه‌كانی وڵاتی به نرخێكی زۆر نزم له ده‌وڵه‌ت كڕیوه، رۆژی 27/9/2009یش، له گه‌وره‌ترین موعامه‌له‌ی مێژووی بوورسی ئێران‌دا، 51 له سه‌دی سه‌هامی شیركه‌تی " موخابرات"(به‌داله)ی به نرخێكی كه‌م وه‌ده‌ستخست، موعامه‌له‌یه‌ك كه زیاتر له هه‌میشه ئامانجه ئه‌منییه‌تییه‌كانی سوپا له ره‌وتی چالاكی ئابووریدا به‌رجه‌سته ده‌كات. هاوته‌ریب له گه‌ڵ ئه‌م مامه‌ڵه بێ وێنه‌و پڕسووده‌ش، به بڕیار‌و په‌سندكردنی " شوورای دراو‌و ئیعتیبار "، سوپای پاسداران به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مۆڵه‌تی دامه‌زرانی بانكی پێدراوه‌و له‌مه به دواوه " دامه‌زراوه‌ی ماڵیی ئه‌نسار "ی سوپا ده‌توانێت وه‌كوو بانكێكی سه‌ربه‌خۆ چالاكی بكات.
سوپای پاسداران به حه‌شاردانی خۆی له پشت به ناو حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ی یاساییه‌وه، سیاسه‌ت، كولتوور‌و ئابووریی ئێران به ته‌واوی چاوه‌دێری و پاوان و كارگێڕی ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری دروستبوونی چینی مامناوه‌ندیی راسته‌قینه، بیاڤی گشتیی به‌هێزو به‌ستێن سازیی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و رۆڵگێڕانی كه‌رتی تایبه‌ت به ته‌واوی ته‌ریك و نه‌زۆك ده‌كات. چوونكه ئابووریی بازاڕی ئازاد و كه‌رتی تایبه‌ت له پارامێترو ئامرازه پێویستییه‌كانی په‌ره‌ئه‌ستاندنی مرۆڤین.
له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه، تیۆریسییه‌نه‌كانی كۆماری ئیسلامی وێڕای ئه‌وه‌ی كه مۆڵه‌تی به‌شداریی خه‌ڵك له كارگێڕیی سیاسی وڵات‌دا ناده‌ن، له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ری رۆڵگێڕانی خه‌ڵك له بازرگانی و بازاڕدا به‌رته‌سك و لاواز ده‌كه‌نه‌وه تاكوو خه‌ڵك به هۆی ناسه‌ربه‌خۆبوون له بواری ئابووری و گرێدراویی هه‌موو كاروباره‌كانیان به ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌توانن گوشار‌و مه‌ترسییه‌ك رووبه‌رووی ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه. كۆماری ئسلامی له لایه‌كه‌وه به هۆی داهاتی زۆری نه‌وتی، بێ نیاز له ماڵیاتی خه‌ڵكه‌و له لایه‌كی دیكه‌وه به هۆی پاوانكردن و كۆنتڕۆڵی شاده‌ماره‌كانی ئابووریی وڵات، ته‌نانه‌ت داهاتی خه‌ڵكیش ئه‌ندازیاری ده‌كات. ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری توندوتۆڵتربوونی گه‌مارۆكانی شوورای ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هه‌میسانیش سوپای پاسداران قازانجی زۆرتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. چوونكه ئه‌و كاتیش ته‌واوی پێداویستییه‌كانی وڵات ده‌بێ له رێگه‌ی قاچاغه‌وه دابین بكرێت كه سوپا رۆڵگێڕی سه‌ره‌كی ئه‌و بواره‌یه‌و له كورتخایه‌ندا ده‌توانێ به قازانجی سوپا ته‌واو ببێت. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه هاوكات له گه‌ڵ گه‌مارۆی ئابووری، گه‌مارۆی سیاسی و دیپلۆماسیی كۆماری ئیسلامی‌یش سه‌ره‌نج و بایه‌خی تایبه‌ت و ته‌واوی پێبدرێت.
Gerus46@yahoo.com
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر