ئاخێزگه‌ی تیرۆر؛
كۆماری ئیسلامی یان قوتابخانه‌ی سوننه‌كان
له دنیای ئه‌مڕۆدا یه‌كێك له پێشمه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی دێموكراسی، بڕوا به سێكۆلاریزم، یان به واتای دیكه جیایی دین له حكومه‌ته. چوونكه تیئۆكراسی به هیچ چه‌شنێك ناتوانێت له گه‌ڵ پلۆرالیزم‌و تۆلێرانس وه‌كوو جه‌وهه‌ری دێموكراسی هه‌ڵبكات. به‌ڵام سیستمێكی دێموكڕاتیك‌و سكۆلار، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ماف‌و ئازادییه‌كانی ئایینی‌و مه‌زهه‌بی خه‌ڵك گه‌ره‌نتی ده‌كات‌و رێز له بیر‌و بۆچوونی جیاوازیان ده‌گرێت.
كۆماری ئیسلامی ئێران نموونه‌ی به‌رچاوی پێكناكۆكیی تیئۆكراسی‌و دێموكراسی له گه‌ڵ یه‌كدایه‌و هاوكات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین زه‌برو خه‌ساریشی به ئایین وه‌كوو باوه‌ڕێكی تاكه‌كه‌سی، خاوێن‌و سپیتایی گه‌یاندووه.
كۆماری ئیسلامی له لایه‌كه‌وه به ده‌ستێوه‌ردان له كار‌وباری قوتابخانه ئایینیه‌كانی ته‌شه‌یوع له ئێراندا‌و به‌ستنه‌وه‌یان به ده‌سه‌ڵات‌و ته‌نانه‌ت به حكوومه‌تی كردنی ده‌ستنیشانكردنی "مراجع تقلید" گورزێكی كوشه‌نده‌ی له په‌یكه‌ری مه‌زهه‌بی "ته‌شه‌یوع" كه هه‌میشه شانازیی به‌وه ده‌كرد سه‌ربه‌خۆ له ده‌سه‌ڵاته، وه‌شاند.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هاوكات له گه‌ڵ سته‌م به‌رانبه‌ر به یارسانه‌كان، به‌هاییه‌كان، مه‌سیحییه‌كان، جووله‌كه‌كان، زه‌رتۆشتییه‌كان، ئاشوورییه‌كان، ده‌روێشه‌كانی گونابادی، سوننه‌كان كه رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له حه‌شیمه‌تی ئێران پێكدێنن به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك رووبه‌ڕووی ئازار‌و بێبه‌شكردن‌و سنوورداریی مه‌زهه‌بی كردۆته‌وه. هه‌ڵبه‌ت رێژیم له‌م رێگه‌وه به چاندنی تۆمی نفره‌ت‌و په‌ره‌پێدان به دووبه‌ره‌كی‌نانه‌وه‌و گرژیی ئایینی له نێوانی خه‌ڵك به شێوازێكی ماكیاولیانه‌وه، ویستوویه بناغه‌ی كۆڵه‌كه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی قایم بكا. هه‌وڵه‌كانی رێژیم له‌م پێناوه‌دا، دوو لایه‌نی هه‌بووه، ره‌هه‌ندێك كه به شێوه‌ی نهێنی یان له لایه‌ن كه‌سان‌و ناوه‌ندگه‌لێكی به رواڵه‌ت سه‌ربه‌خۆ له ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ كراوه، ره‌هه‌ندێكی دیكه به شێوه‌ی راسته‌وخۆ‌و به ناوی خزمه‌ت به رێڕه‌وانی مه‌زهه‌بی سوننی له ئێران‌دا ئه‌نجام دراوه. له‌م پێناوه‌دا "ناوه‌ندی گه‌وره‌ی ئیسلامیی رۆژئاوای وڵات" له ساڵی 59دا به فه‌رمانی خومه‌ینی پێكهات‌و له ساڵی 60دا به سه‌رپه‌ره‌ستی "سه‌ید مو‌سا موسه‌وی"، نوێنه‌ری خومه‌ینی له كوردستاندا ده‌ستی به كار كرد. ناوه‌ندێك كه له گه‌ڵ سوپا‌و ئیتلاعاتدا سێ كۆچكه‌ی تایبه‌تی رێژیم له كوردستاندا پێكده‌هێنن.
له حاڵێكدا خه‌ڵكی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی رێژیمه‌كان، هیچ‌كات له بواری مه‌زهه‌بییه‌وه تووشی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی نه‌هاتوون، به‌ڵام رێژیم هه‌میشه ویستوویه وه‌ها له ناخی خه‌ڵكدا جێی بخات كه شه‌ڕ یان ململانییه‌كی وه‌ها له ئارا دایه، ئه‌مه‌ش شایه‌د گرینگ‌ترین میراتێك بێ كه له سه‌فه‌وییه‌وه بۆیان به یادگار ماوه‌ته‌وه. رێژیم بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ستیارییه‌كی وه‌ها، هێندێك جاریش قوتابخانه ئایینیه‌كان‌و مزگه‌وتی سوننه‌كانیشی له شارگه‌لێك وه‌كوو: سیستان‌وبه‌لۆچستان، زابوڵ، مه‌شهه‌د، نه‌غه‌ده‌و...رووخاندووه. بێجگه له‌مه‌ش تا ئێستاكه ده‌یان كه‌سایه‌تی سوننه مه‌زهه‌بیشی تیرۆر كردووه. به‌ڵام بانگه‌شه‌ی درۆینی رێژیم له‌وه‌دایه كه هاوته‌ریبیش كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی پله‌به‌رزی شیعه‌ی ته‌ریك‌و به‌ند كردووه، ته‌نانه‌ت له‌م ساڵانه‌دا، حوسینییه‌ی ده‌روێشه شیعه‌كانیشی وێران كردووه. كرده‌وه‌یه‌ك كه چییه‌تی‌و سیمای راسته‌قینه‌ی رێژیم زیاتر له هه‌میشه ئاشكرا ده‌كات.
هه‌ر له‌م راستایه‌دا، "شوورای به‌رزی شۆڕشی فه‌رهه‌نگیی" رێژیم له دانیشتنی 613ی خۆی له رێكه‌وتی 8ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 86دا، "پێڕه‌وی شوورای گه‌ڵاڵه‌داڕشتنی قوتابخانه‌ی زانسته ئایینیه‌كانی سوننه"ی په‌سه‌ند‌و له 11ی ره‌شه‌مه‌ی 86دا به په‌سه‌ندی سه‌ركۆماری رێژیمی گه‌یاندووه.
خاڵی سه‌رنجڕاكێش له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌یه كه به‌رپرسی سه‌ره‌كی شوورای پلاندانانی قوتابخانه‌كانی سوننه‌كان، ئاخوند "حه‌یده‌ر موسڵحی"، وه‌زیری ئیتلاعاتی كابینه‌ی ده‌هه‌می رێژیمه. به پێی ئه‌م پێڕه‌وه، پێكهاته‌ی شوورای پلاندانان له 11 كه‌س پێكدێت كه 8 كه‌سیان غه‌یره سوننه‌ن، كه بریتین له: نوێنه‌رانی وه‌لی فه‌قیه، شوورای باڵای شۆڕشی فه‌رهه‌نگی، رێكخراوی "ئه‌وقاف‌و كار‌وباری خێرخوازی"، به‌رپرسی زانكۆی مه‌زهه‌به ئیسلامییه‌كان، له‌م نێوه‌دا ته‌نیا سێ كه‌سیان سوننی ده‌بن كه پێویسته ئه‌وانیش له لایه‌ن نوێنه‌رانی وه‌لی فه‌قیه‌و له نێو ئه‌ندامانی مه‌جلێسی خۆبره‌گانی رێژیم‌دا دیاری بكرێن. هه‌روه‌ها به پێی به‌ندی 2ی مادده‌ی ده‌هه‌م له پێڕه‌و، ده‌بێ گوتنه‌وه‌ی وانه ئایینیه‌كان به زمانی فه‌رمی وڵات بێت.رێژیم له ماوه‌ی زه‌مه‌نیی پاش ئه‌م ئاماده‌كاریانه‌دا هه‌وڵێكی زۆری‌دا كه به دروستكردنی فه‌زایه‌كی ژه‌هراوی‌و بۆمه‌لێَڵی، به‌ستێنی كرده‌ییكردنی گشتگیری پلانه‌كه‌ی بڕه‌خسێنێت. بۆ نموونه نێواخنی سه‌ره‌كی قسه‌كانی خامنه‌یی له سه‌فه‌ری بانه‌مه‌ڕی رابردووی خۆی بۆ كوردستان‌و جه‌ختكردنی له سه‌ر مه‌ترسیی سه‌له‌فییه‌كان‌و بناژۆخوازیی ئایینی كه خۆیان پشتیوانی سه‌ره‌كیین له كوردستان‌و ناوچه‌كه‌دا، له‌و راستایه‌دا هه‌ڵبسه‌نگێنین، هه‌روه‌ها ده‌توانین كوژرانی دوو مه‌لای سوننیی مۆره‌ی رێژیم له شاری سنه‌دا، وه‌كوو بوار خۆشكردن‌و بیانوویه‌ك بۆ سه‌پاندنی پڕۆژه‌كه ناو به‌رین.
ناوچه‌یه‌كی دیكه كه رێژیم هه‌نگاوێكی ئاوه‌های له‌ویدا هه‌ڵێناوه، ناوچه‌ی به‌لووچستانه. له‌وێدا پلانه‌كه خه‌ریكه به ناوی "گه‌ڵاڵه‌ی پێڕاگه‌یشتن به ناوه‌نده‌كانی فێر كردنی زانسته ئایینیه‌كان‌و قوتابخانه‌كانی سوننه مه‌زهه‌ب" پیاده ده‌كرێ. كرده‌وه‌یه‌ك كه دژكرده‌وه‌ی توندی مه‌لاكانی به‌لووچی لێكه‌وتۆته‌وه‌و زیاتر له 12 مه‌لای ناسراو به‌و هۆیه‌وه ده‌سته‌به‌سه‌ر كراون. رێژیم ده‌ڵێت له‌م رێگه‌وه ده‌یه‌وێت له ده‌ستێوه‌ردانی بێگانه‌كان له كار‌وباری قوتابخانه ئایینیه‌كان پێشگیری بكات. بۆیه ده‌بینین كه له چاوپێكه‌وتنی ئه‌م دواییانه‌ی ئایه‌توڵڵا مه‌كارم شیرازی، له مه‌لایانی پله‌به‌رزی حكوومه‌تی له گه‌ڵ مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌مید، ئیمام جومعه‌ی زاهیداندا، قوتابخانه‌كانی ئایینی ئه‌وان تۆمه‌تبار به بڵاوكردنه‌وه‌ی تێرۆریزم‌و شاردنه‌وه‌ی مه‌وادی ته‌قینه‌وه ده‌كا‌و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێ ئێوه ده‌تانه‌وێ "له رێگه‌ی زاوزێی مناڵی زۆره‌وه پێكهاته‌ی حه‌شیمه‌تی ناوچه‌كه بگۆڕن‌و به كڕینی زه‌وین‌و خانووبه‌ره‌ی شیعه‌كان ناچار به كۆچی زۆره‌ملییان بكه‌ن" هه‌روه‌ها ئایه‌تووڵڵا شیرازی "هۆكاری سه‌ره‌كی كوشت‌وبڕ‌و توند‌وتیژییه‌كانی ئه‌م دوایی‌یه به ئه‌نجامی فێركردنه ئایینیه‌كان له قوتابخانه‌كانی سوننه‌كانی زاهیداندا ده‌زانێ".
به‌ڵام حه‌قیقه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه رێژیم ده‌یه‌وێت له‌م رێگایه‌وه سه‌ربه‌خۆیی قوتابخانه ئایینیه‌كانی سوننه‌كان له نێو ببات‌و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كانی به ته‌واوی پاوان بكات تاكوو ئه‌و قوتابخانه سونه‌تیانه‌ش وه‌كوو شوێن‌و بیاڤه‌كانی دیكه له ژێر كۆنتڕۆڵی سه‌داسه‌دی ده‌سه‌ڵاتدا بن. ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی رێژیم له لایه‌كه‌وه، پێشێلكردنی "مافی شارۆمه‌ندی"، "جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ"و ته‌نانه‌ت مادده‌ی 12ی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خودی رێژیمه‌و، له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه، هۆكاری راسته‌قینه‌ی توند‌وتیژی له‌و ناوچانه‌ی كه كه‌مایه‌تییه ئایینیه‌كان نیشته‌جێن، سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕی پڕوپووچ‌و بێ رێزی‌و سووكایه‌تی به بڕوا ئایینیه‌كانی خه‌ڵكه كه له لایه‌ن رێژیم‌و مۆره‌كانیه‌وه پراكتیزه كراوه. له‌م نێوه‌دا قوربانیانی سه‌ره‌كی توند‌وتیژی كه‌مایه‌تییه مه‌زهه‌بییه‌كان بوون، كه هاوكات له گه‌ڵ بێ حورمه‌تی به‌رانبه‌ر به كه‌رامه‌تی ئینسانی‌و قه‌ده‌غه‌كردنی باوه‌ڕی ئایینیان، گیانیشیان لێ‌ئه‌ستێندراوه، كه ئیعدامه زه‌نجیره‌ییه‌كانی به‌لووچستان نموونه‌یه‌كی بچووكی هۆڤانییه‌تی رێژیمه. هاوكات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه نابێ له‌بیر بكه‌ین كه بێكاری، ئیعتیاد، قاچاغی مادده سڕكه‌ره‌كان، سته‌می نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی، دواكه‌وتوو هێشتنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی، زانستی، پیشه‌یی‌و...، به‌ستێن‌و ئاخێزگه سه‌ره‌كییه‌كانی روودانی توند‌وتیژی له به‌لووچستان‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك به‌لووچستانن. بۆیه هۆكار ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتێره‌و شته‌كانی دیكه هه‌موو به به‌رهۆ له قه‌ڵه‌م ده‌درێن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر