ئه‌نفال
پڕۆسه‌یه‌ك بۆ سڕینه‌وه، ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌بوون
ئه‌نفاڵ كۆمه‌ڵه ئۆپه‌راسیۆنێك بوو كه به شێوه‌یه‌كی له‌پێشدا داڕێژڕاو‌و ئامانجدار، ده‌یه‌ویست به قڕكردنی خه‌ڵكی كوردستان، وێران كردنی سیستماتیكی ژێرخانی ئابووری، ئاوه‌دانی‌و مێژوویی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه به ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیه‌وه، وڵاتێكی تاك نه‌ته‌وه، له‌ژێر هێژموونی رێژیمێكی ره‌های ناوه‌ندگه‌رادا، پێك بێنێت. چونكه ئه‌نفال به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ چه‌مكی كۆمه‌ڵكوژی سێ قۆناغی سه‌ره‌كیی هه‌بووه: شناسایی، كۆكردنه‌وه‌و له‌نێوبردن.
پڕۆسه‌یه‌كی به‌رنامه دڕێژراوی پاكتاوی ره‌گه‌زی‌و كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ‌و سڕینه‌وه‌ی كولتوری‌و نه‌هێشتنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی كورد بوو، كه باكگراوندێكی وه‌كوو كۆمه‌ڵكوژی كورده فه‌یلییه‌كان (1980)، بێسه‌روشوێنكردنی 9هه‌زار كورد (1979 ـ 1980)، كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی 8هه‌زار بارزانی (1983)، ده‌ركردن‌و راگواستنی 700هه‌زار كورد تا سه‌ره‌تای ساڵی 1979، كیمیابارانی خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كانی شێخ وه‌سان‌و بالیسان (16/4/1987)و... هه‌بوو.
ئه‌نفال ناوی هه‌شته‌مین سووره‌ی قورئانه‌و به واتای ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كافرانه، كه به‌عسییه‌كان له‌سه‌ر زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆیان له 23ی فێوریه تا 6ی سێپتامبری 1988 دایان نابوو. له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا (8 قۆناغ)، 182 هه‌زار كوردی سڤیل، كه پێك هاتبوون له زارۆك‌و لاو‌و پیر، زینده‌به‌چاڵ كران، كه تاكوو ئێستا زیاتر له 284 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌نفال له‌نێوبردنی سیستماتیكی پیاوان‌و لاوان به سوود وه‌رگرتن له دوو فاكته‌ری گرینگی ئایینی‌و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بوو، به‌ڵام له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان ته‌رمی منداڵان‌و ژنان رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌خۆ ده‌گرێت. به‌پێی نووسراوه‌یه‌كی عه‌لی كیمیاوی به رێكه‌وتی ژوئه‌نی 1987، "مه‌رگ سزای ئۆتۆماتیكی هه‌ر كه‌سێكی نێرینه‌یه كه پانگراوانه توانای هه‌ڵگرتنی چه‌كی هه‌بێت". هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زۆر كچی ته‌مه‌ن 18 تا 29 ساڵه‌یان، ره‌وانه‌ی كاباره‌كانی میسر‌و وڵاتانی ئیسلامی(!؟) ناوچه كرد. هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان تا كۆتایی شاڵاوی ئه‌نفال، زیاتر له 4000 گوند، 1745 قوتابخانه، 270 نه‌خۆشخانه، 2450 مزگه‌وت‌و 27 كلیسا وێران كران، بێجگه له هه‌ڵه‌بجه (16/3/1988)، 40 گوندی دیكه‌ش كیمیاباران كران. له‌م راستایه‌دا، ساڵی رابردوو، دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق (24/6/2007) پاش دادگایی كردنی به‌شێك له تاوانبارانی سه‌ره‌كی پڕۆسه‌ی ئه‌نفال، ئه‌م تاوانه‌ی به ژینۆساید ناساند. پێشتریش له ساڵی 2005 دادگایه‌ك له لاهه‌ی هۆله‌ند، عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفالی وه‌كوو پڕۆسه‌ی كۆمه‌ڵكوژی كورده‌كان ناسیبوو. هه‌روه‌ها چه‌ندین پارتی سویدیش وه‌ها پڕۆژه بڕیارێكیان ئاراسته‌ی پارلمان‌و حكوومه‌ت كردبوو‌و كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تیش له ساڵی 2008 له له‌نده‌ندا به‌ڕێوه‌چوو. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌وڵی جۆراوجۆر‌و پێكهێنانی ده‌یان سمینار‌و یه‌ك له‌وان، پێكهێنانی كۆنگره‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ناساندنی ژینۆسایدی گه‌لی كورد به جیهان (26ی ژانوویه‌ی 2008) به‌ڕێوه برد كه له ئاكامدا له رۆژی یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال له كوردستان (14/4) ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی گه‌لی كوردی به ژینۆساید ناساند كه ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتێكی بێ‌وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌یه. كۆمه‌ڵكوژی یان ژینۆساید به‌پێی رێكه‌وتننامه‌ی لاهه، په‌سندكراوی 1948، بریتیه له: "كرده‌وه‌گه‌لێك كه به ئامانجی له‌نێوبردنی ته‌واوی یان به‌شێك له گرووپێكی میللی، ئیتنیكی یان ره‌گه‌زی ـ مه‌زهه‌بی ئه‌نجام ده‌درێت"، هه‌روه‌ها ئه‌سڵی یه‌كه‌می په‌یمانی ژینۆساید ده‌ڵێت: "ژینۆساید چ له كاتی شه‌ڕ‌و چ له كاتی ئاشتی به‌پێی رێكه‌وتننامه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، جینایه‌ته". به‌هۆی به‌تاوان ناسینی ئه‌نفال له‌لایه‌ن پارلمانی عێراقه‌وه، ئه‌و ده‌رفه‌ته ره‌خساوه كه كورد وه‌كوو: جووله‌كه‌و ئه‌رمه‌نی، ژینۆسایدی گه‌لی كورد له ئاستی جیهانیدا بخاته رۆژه‌ڤه‌وه‌و، به په‌سندی پارلمان‌و حكوومه‌ته دێموكراته‌كانی بگه‌یه‌نێت. گه‌ر كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژینۆساید كرا‌و بناسرێ، ده‌توانێ داوای ئه‌و مافانه بكات كه گه‌لانی ژینۆسایدكراوی دیكه پێگه‌یشتوون، بۆیه ده‌بێ پرسی كورد‌و كۆمه‌ڵكوژی كورد له ئاستی جیهاندا بناسرێت‌و به جیهانی بكرێت. ئێمه ده‌توانین به پشتیوانی ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤـ‌و هاوكاری هێزه كوردییه‌كان‌و دۆسته‌كانی گه‌لی كورد‌و رای گشتیی رۆژئاوا، به‌و شێوه‌ی یاسایی، زانستی‌و به‌ڵگه‌مه‌ند‌و له رێگای پسپۆڕان‌و كارناسانی شاره‌زا، نه‌ك ته‌نیا كه‌یسی ئه‌نفال، به‌ڵكوو ژینۆسایدی گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات، باكوور‌و رۆژئاوای كوردستانیش له چوارچێوه‌ی یاسا‌و كونوانسیۆنه‌كانی سزادانی جینایه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵكوژی، به له‌به‌رچاو گرتنی بڕیاری دادگای نورنبرگ له ساڵی 1945و كونوانسیۆنه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بخه‌ینه به‌ر باس‌و وێڕای له‌قاودانی جینایه‌ته‌كانیان، هه‌وڵی په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ به‌رده‌می دادگای نێوده‌وڵه‌تی بده‌ین. بۆیه بوونی به‌ره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزو تواناكان، تاكه گه‌ره‌نتییه بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسی دووباره بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لی كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر