شه‌ڕی كوردستان،
پێكدادانی نێوان ئۆمانیته‌و هۆڤانییه‌ت
26 ساڵ به‌ر له ئێستا، واتا له نێوان مانگه‌كانی خه‌رمانان‌و خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1361ی هه‌تاوی شه‌ڕێكی سه‌رانسه‌ری‌و خوێناوی له پانتایی خاكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له ئارادا بوو، شه‌ڕێك كه تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وامه، ئه‌گه‌رچی شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه. پاش راگه‌یاندنی په‌یامی خومه‌ینی له پاییزی 58و كۆتایی هاتنی شه‌ڕی سێ‌مانگه، جارێكی‌تر له خاكه‌لێوه‌ی 59دا، هێرشێكی به‌ربڵاو و هه‌مه‌لایه‌نه ده‌ست پێده‌كات، له‌م قۆناخه‌دا پێشمه‌رگه له به‌ر پاراستنی گیانی دانیشتووانی شاره‌كان، شار به‌جێ ده‌هێڵێت‌و رێگای خه‌باتی شاخ‌و به‌ره‌نگاری له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی شاره‌كان له به‌ر ده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌م پاشه‌كشانه‌ی پێشمه‌رگه له لایه‌ن دوژمنه‌وه وه‌كوو سه‌ركه‌وتنی خۆیان ده‌ژمێردراو، ئه‌وان له ماوه‌ی چه‌ند ساڵدا، جگه له دانانی نزیكه‌ی 3000 هه‌زار پایه‌گا، 23 پادگانی سه‌ربازیشیان له شاره‌كانی كوردستاندا جێگیر كرد كه به پێی ئاماره‌كانی ئه‌و كات زیاتر له 200 هه‌زار هێزی چه‌كدار له‌و شوێنانه‌دا مۆڵ درابوون. له لایه‌كی دیكه‌وه تێكه‌ڵبوونی دوو بیری شۆڤێنیزمی ئێرانی‌و ئیدئۆلۆژیی دوگمی ئیسلامی بناژۆخواز، وێنایه‌كی له خه‌ڵكی كوردستان بۆ به‌شێك له خه‌ڵكی ئێران ساز كردبوو كه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون كه ده‌توانن كلیل له گه‌رده‌ن به كوشتن یان كوژران له كوردستاندا، قفڵی داخراوی ده‌رگای به‌هه‌شت بكه‌نه‌وه. كۆمه‌ڵێكی دیكه له‌م سوپا زه‌به‌لاحه نێردراوه بۆ كوردستان كه له ژێر ناو‌و په‌رده‌ی "جیهادی سازندگی" خۆیانیان به دڵسۆز‌و پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌دایه قه‌ڵه‌م‌و به چاوی دواكه‌وتوو‌و سووكه‌وه له كورد ده‌یانڕوانی ـ وه‌ك بڵێی كورد خۆی كه‌سێ نه‌بێ كه هه‌وڵ بۆ پێشخستنی وڵاته‌كه‌ی بدا ـ ئه‌م كه‌سانه له راستیدا دارێژه‌ران‌و باوه‌ڕمه‌ندان به "گه‌ڵاڵه‌ی په‌تاته" بوون، واتا پێیان وابوو ده‌بێ گونده‌كانی كوردستان له دانیشتووانی چۆڵ بكرێ‌و له شاره‌كاندا نیشته‌جێ بكرێن‌و پاشان گونده‌كان بڕووخێنرێت‌و له جێگه‌ی "په‌تاته" بكێڵدرێت، چۆن په‌تاته له كورد خێر‌و به‌ره‌كه‌تی زۆرتره. لایه‌نێكی دیكه‌ی مه‌سه‌له‌كه كاربه‌ده‌ستانی پله‌به‌رزی رێژیم بوون، كه جگه له فتوای پێشووتری جیهاد، فه‌رمانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی ئێران بوو كه گوتبووی: "خاكی كوردستان بۆ ئێمه گرینگه، نه خه‌ڵكه‌كه‌ی، خاكه‌كه‌مان بۆ بگرن"، ئه‌مه‌ش به واتای قه‌ڵاچۆكردنی خه‌ڵكی كوردستان له پێناو داگیركردنی خاكه‌كه‌یدا بوو. دیوێكی دیكه‌ی هه‌وڵه‌كانی رێژیم چه‌واشه‌كردنی داخوازییه ره‌واكانی كورده‌كان‌و نواندنی سیمایه‌كی هۆڤانه له به‌رگری مرۆڤانه‌ی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستان بوو، رێژیم پاش ئه‌وه‌ی پاسدار‌و به‌كرێگیراوانی له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كاندا ده‌كوژران، خودی رێژیم جه‌سته‌ی مردووه‌كانی خۆیی ده‌شێواند، سه‌رو گوێ‌و ده‌ست‌و قاچیانی ده‌بڕییه‌وه، یان گولله‌بارانی ده‌كرد تا پاش ناردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیان بتوانێت هه‌ستی كه‌سانی ده‌وروبه‌ریان هه‌ڵخرێنێت‌و رانه‌مه‌ڕانه سه‌فه‌ربه‌ریان بكات بۆ كوردكوژی‌و كوردستان كاول كردن. كرده‌وه‌یه‌ك كه نه‌ته‌نیا له كورت خایه‌ندا به‌ڵكوو تا هه‌نووكه‌ش كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی له سه‌ر دڵ‌و ده‌روونی خه‌ڵكی ره‌شۆكی ئێران به ته‌واوی نه‌سڕاوه‌ته‌وه. له حاڵێكدا كه دوكتور قاسملوو جگه له پێناسه‌ی شه‌ڕ، وه‌كوو "نه‌قیزه‌دان له دوژمن"و "شه‌ڕ له پێناوی ئاشتی"و ... ده‌ڵێت:"ئه‌وه هێرش‌و ده‌ستدرێژیی رێژیمه كه ئێمه‌ی ناچار به په‌لامار‌و هێرش كردووه، به‌ڵام هێرش‌و په‌لاماری شۆڕشگێڕانه نابێ له هێندێك سنوور تێپه‌ڕ بن. ده‌بێ هێرش بكرێته سه‌ر پێگه نیزامی‌و ستراتیژییه‌كان‌و هێزه چه‌كداره‌كانی رێژیم، به‌ڵام هه‌نگاو هه‌ڵێنانه‌وه دژی خه‌ڵكی بێ دیفاع ده‌بێ به‌رگریی لـێ‌بكرێ".
هه‌ر له‌م راستایه‌دا، یه‌كێك له قۆناخه هه‌ره پرشنگداره‌كانی خه‌باتی چه‌كداری كورد له ساڵی 61دا دێته ئاراوه، له‌م ساڵه‌دا له لایه‌ن ته‌ڤگه‌ری رزگاریخوازی كورده‌وه، 20ی خه‌رمانان تاكوو 20ی ره‌زبه‌ر وه‌كوو مانگی دیفاع له ئازادی‌و مه‌وجوودییه‌تی گه‌لی كورد"و 21ی ره‌زبه‌ر تاكوو 20ی خه‌زه‌ڵوه‌ر به ناوی "مانگی هێرش بۆ سه‌ر دوژمنان" به دروشمی: "هه‌موو شتێك بۆ جه‌بهه‌و هه‌موو ئیمكاناتێك بۆ سه‌نگه‌ر" ناو ده‌نرێ‌و به‌رگری‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی سه‌رانسه‌ری پێكدێت. دوكتور قاسملوو له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: "له مانگی دیفاع له ئازادی، نیشانمان دا كه گه‌لێكی زیندووین‌و ئاماده‌ین بۆ ئازادی فیداكاری بكه‌ین، بێگومان له مانگی هێرش بۆ سه‌ر دوژمنیشدا، ئیسبات ده‌كه‌ین كه گه‌لێكی خه‌باتگێڕ‌و ئازاین‌و بۆ ده‌ركردنی دوژمنی خوێنمژ له خاكی پاكی كوردستان له هیچ گیانبازییه‌ك درێغ ناكه‌ین ...، چونكه ته‌نیا خه‌بات بۆ مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد نیه، ته‌نیا خه‌بات بۆ ئازادی‌و دێموكراسی نیه، به‌ڵكوو خه‌بات بۆ دیفاع له ئینسانییه‌ته..."
به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی شۆڤینی‌و توتالیتێر به شێوه‌یه‌ك حه‌قیقه‌ت‌و راستیی رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چه‌واشه‌و ئاوه‌ژۆ كردووه كه پاش دوو ده‌یه رۆژنامه‌یه‌كی سه‌ر به رێفۆرمخوازانی ئێرانی به ناوی "صبح امروز"، له به‌شێك له سه‌روتاری خۆیدا له رێكه‌وتی 2/11/78 ده‌نووسێت: "خه‌ڵكی ئێمه، به‌ره‌ی شۆڕش‌و رێفۆرمخوازانی خه‌ڵك سه‌روه‌ری ئێمه، هیچ قه‌رزدارییه‌كیان به خه‌یانه‌تكاران، جینایه‌تكاران‌و جیایی‌خوازان نیه كه ئه‌مڕۆ بیانه‌وێت قه‌ره‌بووی بكه‌نه‌وه‌و، داوای لێبوردنیان لـێ‌بكه‌ن ....، بیره‌وه‌ری شه‌ڕڤانان‌و قاره‌مانانێك كه سه‌ری ئه‌وانیان به مێخ له دره‌خته‌كان ده‌كوتاو، چاوه‌كانیانیان به میله ئاسنینه سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان له ئاگردا كوێر ده‌كرد، له بیرمان ناچێته‌وه".
ئه‌م جۆره وێنا‌و باوه‌ڕه هه‌ڵه‌یه له هه‌مبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد جگه له به‌كگراوه‌نده دیرۆكییه‌كه‌ی، به‌رده‌وام به درێژایی سێ ده‌یه‌ی رابردوو له رێگه‌ی راگه‌یه‌نه جۆراوجۆره‌كانی رێژیم به تایبه‌تی ده‌نگ‌و ره‌نگی كۆماری ئیسلامییه‌وه پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ كراوه‌و، ته‌ڤگه‌ری كورد وه‌كوو گرووپگه‌لێكی ئانارشیستیی به كرێگیراوی بێگانه‌و چه‌ته‌و رێگر نوێندراون، كه به هۆی ده‌سته‌وه‌ستانی رۆشنبیری كورد‌و لاوازی راگه‌یه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن نه‌توانراوه راستییه‌كانی شه‌ڕی كوردستان بۆ بیروڕای ئێرانی ئاشكرا بكرێت.
راسته كه هه‌نووكه چییه‌تی راسته‌قینه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ خه‌ڵك ده‌ركه‌وتووه‌و ئه‌و رق‌و دوژمنایه‌تیی‌و مه‌ترسییه‌ی جاران به‌رامبه‌ر به كورد نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌ڵگری ئه‌و پرسیاره‌یه كه ئاخۆ كرده‌وه نامرۆڤییه‌كانی رێژیم ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی دروست كردووه یان فامكردنی حه‌قیقه‌تی پرسی كورد‌و قه‌ناعه‌تی خه‌ڵكی ره‌شۆكیی ئێران به خه‌بات‌و مافی ره‌وای كورده‌كان، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا ته‌نیا له‌به‌ر هۆڤانییه‌تی رێژیمی زاڵ بێت له ئه‌گه‌ری هاتنه سه‌ركاری هه‌ر چه‌شنه حكوومه‌تێكی به‌ناو گه‌لی له ئێران‌دا، ده‌توانێت به ئاسانی به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و پێشخانه فكرییه، هه‌ستی جه‌ماوه‌ری ئێرانی بجووڵێنێت‌و به ناوی به‌ره‌نگاری له دوژمنانی ئێران زه‌مین جارێكی دیكه ئه‌گه‌ری ده‌سته‌به‌ربوونی مافی ره‌وای كورده‌كان له‌گه‌ڵ له‌مپه‌ر‌و كه‌ند‌و كۆسپی درێژخایه‌ن‌و ره‌وتێكی خوێناویدا به‌ره‌و ڕوو بكاته‌وه. بۆیه له‌م دۆخه زێڕینه‌دا كه خه‌ڵكی به هۆی وه‌زاڵه‌هاتن له رێژیم ئه‌و ئاماده‌یی‌یانه هه‌یه كه گوێ بۆ ده‌نگه جیاوازه‌كانی نێو ئێران رابگرن‌و لێكدانه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌یان له سه‌ری بێت، پێویسته خاوه‌ن قه‌ڵه‌مانی نێوخۆ، رۆشنبیرانی ده‌ره‌وه‌و راگه‌یه‌نه كوردییه‌كان به تیشك خستنه سه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌و كاته به شێوه‌ی به‌ڵگه‌مه‌ند‌و روونكردنه‌وه‌ی راستییه‌كان، به‌ر به خه‌سارو زیانه‌كانی داهاتوو بگرن، چونكه هێشتاكه‌ش به‌شدارانی شه‌ڕی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه نه‌ك كرده‌وه‌و هه‌ڵوێستێكی هۆڤانه‌یان دژ به مافه مرۆڤییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد پێڕه‌و نه‌كردووه، به‌ڵكوو سه‌ركوتی جیایی‌خوازانی دنه‌دراوی بێگانه‌و به‌رگری له ئاو‌و خاك‌و نامووس‌و شه‌ره‌فی ئێرانی‌یان كردووه، واته تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌و پێچه‌وانه له حه‌قیقه‌تی داخوازییه‌كانی كورد‌و رووداوه‌كانی ده‌یه‌ی 60ی كوردستان.
***
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر