ئیمامی خوێن‌و بڕیاری ئه‌هریمه‌نی
كۆماری ئیسلامیی ئێران كه خومه‌ینی وه‌كوو رێبه‌ر‌و دامه‌زرێنه‌ری ده‌ناسرێ‌و تیۆریی "ویلایه‌تی فه‌قیه"یش له لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه له ساڵی 1970دا هاته ئاراوه‌و، له ژێر ناوی "حكوومه‌تی ئیسلامی‌و ویلایه‌تی فه‌قیه" بڵاو كرایه‌وه، داڕشتنی بنه‌مای ئیدئۆلۆژییه‌كی نوێ‌و دوگم بوو كه به‌دوای پێناسه‌و دروستكردنی مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی جیاوازتر له جیهانی سه‌رده‌م بوو. ئه‌گه‌رچی ئه‌و تیۆرییه به‌هۆی ناته‌بابوون له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م‌و پاشڤه‌ڕۆبوون‌و سه‌له‌فییه‌تگه‌ری به راده‌ی پێویست له لایه‌ن بیرمه‌ندانه‌وه سه‌رنجی پێ نه‌دراوه، مه‌ترسییه‌كانی هه‌ست‌و ده‌ستنیشان نه‌كران، به‌ڵام خومه‌ینی‌و لاساییكه‌ره‌كانی به پێڕه‌وی‌كردنی ئه‌سڵی "ته‌قیه"و روون نه‌كردنی هه‌ڵوێسته‌كانیان له هه‌مبه‌ر چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران‌و ته‌نانه‌ت سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری داهاتووی ئێرانیش، به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌وڵی پراكتیزه‌كردن‌و جێگیركردنی ئه‌و بیرۆكه‌یاندا، بیرۆكه‌یه‌ك كه به‌دوای دروستكردنی "ئۆمه‌تی ئیسلامی"و "مرۆڤی ئیستشهادی"یه‌وه بوو. هاوچه‌شنكردنێك كه پێشتر له رێژیمی ئیسلامیشدا، مێژوویه‌كی ره‌شی وه‌كوو (ئوردووگای مه‌رگی نازییه‌كان، گولاگی ئیستالینی، كوشتنی ئه‌رمه‌نه‌كان، كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی دۆڵی زیلان‌و خه‌ڵكی ده‌رسیم‌و...) هه‌بوو. هه‌روه‌ك له پێشه‌كیی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێران‌دا هاتووه كه "سیاسه‌ت له ئێران‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای "امت واحده"ی ئیسلامی دانراوه."
له‌به‌ر ئه‌وه بۆ ناسینی چییه‌تیی راسته‌قینه‌ی كۆماری ئیسلامی، چاوخشاندن‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرای هه‌ڵوێست‌و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و رێژیمه له 6 مانگی یه‌كی ساڵی 1358ی هه‌تاویدا، به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی كورد، ده‌رخه‌ر‌و ده‌ربڕی هه‌موو راستییه‌كانه.
له نه‌ورۆزی ساڵی 58دا، یه‌كه‌م شه‌ڕی رێژیمی ئیسلامی دژی گه‌لیی كورد‌و داخوازییه‌كانی ده‌ست پێ ده‌كا‌و به كوشتنی زیاتر له 400 كه‌س له خه‌ڵكی سڤیل، نه‌ورۆزی خوێناویی "سنه" ده‌خوڵقێنێت، پاش ئه‌مه له 31ی خاكه‌لێوه‌ی 58دا، به ته‌قه‌كردن له میتینگی جه‌ماوه‌ریی حیزبی دێموكرات له شاری نه‌غه‌ده، جگه له چاندنی تووی دوژمنایه‌تی‌و هه‌وڵدان بۆ سازدانی شه‌ڕی ئیتنیكی، ده‌یه‌وێت ئاماده‌كاری بۆ ره‌خساندنی بوار‌و به‌ستێنی پێویست بۆ سه‌ركوتێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌تر بكات، چوونكه رێژیمه تۆتالیتێر‌و سه‌ركوتكه‌ره‌كان بێ ئاماده‌گی‌و بیانووتاشینی پێویست‌و پشت به‌ستن به بیانووه بێ‌بنه‌ما‌و دوور له راستییه‌كانیان هه‌نگاو هه‌ڵ‌ناهێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێت جۆره ره‌وایی‌یه‌ك به جینایه‌ت‌و كرده‌وه دژه‌مرۆڤییه‌كانی خۆیان ببه‌خشن. بۆیه ئێمه ده‌بینین له حاڵێكدا كه كاره‌ساتی سنه‌و نه‌غه‌ده به فه‌رمان‌و ره‌زامه‌ندی‌و گه‌ڵاڵه‌ی له پێشدا داڕێژراوی به‌رپرسانی باڵای رێژیم جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وان به ته‌واوی خۆیانیان بێ‌ئاگا نیشان ده‌دا‌و، ته‌نانه‌ت به ناردنی لێژنه‌ی نێوبژیوانی‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، وایان نیشان ده‌دا كه خواستی ئه‌وان به‌رگرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م گرژییانه‌و سه‌قامگیربوونی ته‌ناهی له ناوچه‌كه دایه.
به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه بوو كه رێژیم به‌شێكی زۆری هێزی خۆی ته‌رخانی هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردبوو، چونكه خه‌ڵكی كورد به بایكوتكردنی رێفراندۆمی یاسای بنه‌ڕه‌تیی كۆماری ئیسلامی له 12ی خاكه‌لێوه‌ی 58دا، رای خۆیانیان به‌رانبه‌ر به رێژیم ده‌ربڕیبوو، ئه‌م نه‌گونجان‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانه‌ی گه‌لی كوردیش شتێك نه‌بوو كه خومه‌ینی‌و رێڕه‌وانی به ئاسانی چاوپۆشیی لـێ بكه‌ن، چونكه سه‌ره‌كیترین له‌مپه‌ڕ‌و هه‌ڕه‌شه له به‌رانبه‌ر پرۆژه‌ی ئه‌وان كه له‌نێوبردنی چه‌شناوچه‌شنیه مرۆڤییه‌كان‌و وه‌كوو یه‌ككردنی مرۆڤه‌كان به یه‌ك جۆره مرۆڤ بوو، كورده‌كان بوون. بۆیه كاتێ كه "مسته‌فا چه‌مران"و هێزه‌كه‌ی له پادگانێكی شاری پاوه، له گه‌مارۆی خه‌ڵكدا بوون‌و بێجگه له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان رێگایه‌كی دیكه‌یان بۆ نه‌مابوو، خومه‌ینی وه‌ك رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان، پێشه‌وای مه‌زهه‌بیی ئێران‌و خاوه‌ندار‌و فه‌رمانده‌ری موسوڵمانانی جیهان!؟ رێكه‌وتی 28/5/58، بیانووی پێویستی ده‌ست كه‌وتوو‌و فتوای جیهادی (فتوا: بڕیاری پێشه‌وای دینی له‌مه‌ڕ پرسه ئایینییه‌كان، جیهاد: شه‌ڕی موسڵمانان له‌گه‌ڵ كافران)، دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و به پێویست‌و به ره‌وازانینی رشتنی خوێنی كورده‌كانی ده‌ركرد‌و فه‌رمانی به هێزه زه‌مینی، ئاسمانی‌و ده‌ریایی‌یه‌كان!؟ دا كه به ته‌واوی هێز‌و توانایانه‌وه هێرش به‌رنه سه‌ر كوردستان‌و بیگرن. به‌م فتوایه، شه‌ڕی كورده‌كان جیا له ده‌ستووری حكوومه‌تی، ره‌وایی‌و ره‌نگ‌و بۆنی ئایینیشی پێ به‌خشرا، واتا شه‌ڕی كوردستان كه پێش له فتوای جیهاد، جه‌نگی نێوان حكوومه‌ت‌و خه‌ڵكی كوردستان بوو، به ده‌رچوونی بڕیاری جیهاد، له روانگه‌ی لاساییكه‌ران‌و پشتیوانانی رانه‌مه‌ڕانه‌ی ئه‌وانه‌وه، بوو به ئه‌ركێكی ئایینی‌و شه‌ڕی نێوان ئیسلام‌و بێ‌دین، كه پێویست بوو بۆ هه‌ر موسڵمانێك كه توانای هه‌ڵگرتنی چه‌كی هه‌بێت، ئاماده‌ی گۆڕه‌پانی جیهاد‌و به‌ره‌نگاری بێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ فتوای جیهاد، هه‌ر له‌و رۆژه‌دا كه رۆژی كرانه‌وه‌ی مه‌جلیسی "خێبره‌گان"ی رێبه‌رییش بوو، تێكۆشانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران قه‌ده‌غه‌كراو‌و بڕیاریش درابوو كه له ئه‌گه‌ری به‌شداریی دوكتور قاسملوو له دانیشتنی مه‌جلیسی "خێبره‌گان"دا وه‌كوو نوێنه‌ری ئوستانی ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها خومه‌ینی به پێسپێردراوكردن‌و ناردنی مۆره جینایه‌تكار‌و بێ‌به‌زه‌ییه‌كانی خۆی وه‌كوو: چه‌مران، سه‌یادی شیرازی، برووجێردی، خاڵخاڵی، حه‌سه‌نی له ئازه‌ربایجان‌و سه‌فده‌ری له سنه، شه‌پۆلێكی به‌رین له مه‌رگ‌و سه‌ركوتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ره‌وانه‌ی كوردستان كرد. فتوایه‌ك كه بووه هۆكاری كاره‌سات‌و شه‌ڕێكی سه‌رانسه‌ری له كوردستاندا، كه به شه‌ڕی سێ مانگه ناسراوه. مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی كه خومه‌ینی به ده‌ربڕینی رسته‌گه‌لێك وه‌كوو: "شه‌ڕ له كوردستاندا باشترین عیباده‌ته"، "شه‌ڕی ئێمه له دژی كوفره، نه‌ك كورد"، "ته‌واوی رۆژه‌كان عاشوورایه‌و ته‌واوی ئه‌رزه‌كان كه‌ربه‌لا"و ناوزه‌دكردنی "خۆفرۆشانی كورد ـ جاشه‌كان" به پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان‌و ... هتد، ئاگری شه‌ڕی خۆشتر ده‌كرد‌و مزگێنیی به‌هه‌شت‌و "حه‌وزی كه‌وسه‌ر"ی به كوژراوان ده‌به‌خشێ. ئه‌م فتوایه به‌ڕاده‌یه‌ك هانده‌ر‌و ورووژێنه‌ر بوو كه له 11ی خه‌رمانانی 58دا، واتا 13 رۆژ پاش ئه‌وه، ژینۆساید‌و كۆمه‌ڵكوژیی قاڕنێ‌و قه‌ڵاتانی لـێ‌كه‌وته‌وه، جینایه‌تێك كه له‌وێدا سه‌ری كۆرپه‌ی 4 مانگه‌شیان له ژێر پێ‌و پوتینه‌كانیاندا پان كرده‌وه، له شاره‌كاندا ده‌یان رۆڵه‌ی ئاكادمیستی كورد به بێ تاوان گولله‌باران كران‌و ته‌نانه‌ت چه‌ندین كه‌م ئه‌ندام‌و نه‌خۆشیش به ویلچر‌و برانكارده‌وه ره‌وانه‌ی جۆخه‌كانی ئێعدام كران. گه‌لی كورد له‌و ماوه‌دا، بێ‌ئه‌وه‌ی كه خۆی تووشی شه‌ڕێكی كوێرانه بكات‌و وه‌كوو رێژیم په‌لاماری خه‌ڵكی سڤیل بدات، زۆر ئازایانه‌و ژیرانه له رێگه‌ی شه‌ڕی پارتیزانییه‌وه، به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی رێژیم بۆوه‌و له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستاندا زه‌بری جه‌رگبڕ‌و گورزی قورسی لێیان وه‌شاند. ژماره‌ی كوژراوان‌و دۆڕاندن‌و شكسته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانیان بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه خومه‌ینی له 26ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 58دا، به ده‌ركردنی په‌یامێك سه‌باره‌ت به كوردستان‌و پاشه‌كشه‌كردنی ئاشكرا له فتوای 28ی گه‌لاوێژی خۆی، به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ دان به شكستی هێزه‌كانی رێژیم‌دا بنێت‌و به‌مجۆره كۆتایی به شه‌ڕی سێ مانگه بێت. به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و شه‌ڕه سێ مانگه قه‌ت كۆتایی پێ نه‌هات‌و ئێستا خه‌ریكه 29هه‌مین ساڵی خۆیشی تێپه‌ڕ ده‌كات‌و هه‌نووكه‌ش خومه‌ینییه‌كان خه‌ریكن به ناوی خودا‌و ئایینه‌وه، رۆڵه ئازا‌و زاناكانی گه‌لی كورد به تاوانی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ خودا، به مه‌رگ‌و سێداره مه‌حكووم ده‌كه‌ن. چونكه هه‌روه‌ك شه‌هید قاسملوو گوتوویه: "تاوانی خه‌ڵكی كوردستان، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه ئاماده نین دان به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ده‌نێونجیی ئاخوونده‌كاندا بنێن‌و له به‌شێكی نیشتمانه ئازیزه‌كه‌مان، واته كوردستاندا، ئاڵای خه‌باتیان شه‌كاوه راگرتووه، بۆیه كه‌وتوونه‌ته به‌ر رق‌و تووڕه‌یی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خومه‌ینی‌و ده‌ست‌و پێوه‌ندییه‌كانی. خومه‌ینی رقی له خه‌ڵكی كوردستانه، چونكه ئازادی‌و دێموكراسییان ده‌وێ، خومه‌ینیش له ئازادی هه‌راسانه."
بێگومان ئه‌مڕۆ ئه‌ركی ئێمه وه‌كوو كورد ئه‌وه‌یه كه وێڕای كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌ڵگه پێوه‌ندیداره‌كان به ئاكامی ئه‌و فتوایه‌و هه‌روه‌ها ژینۆساید‌و كۆمه‌ڵكوژیی قاڕنێ‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، جگه له زیندووڕاگرتنی بیره‌وه‌ریی ئه‌و كاره‌ساتانه، ده‌بێ هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین كه چلۆن ده‌توانین له رێگای دادگایه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه، كۆمه‌ڵكوژیی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بسه‌لمێنین‌و تاوانبارانی ئه‌و جۆره كرده‌وانه، كه له ئێران‌دا وه‌كوو "قاره‌مان"و "مه‌سیحی كوردستان"(!؟) ناویان لـێ ده‌برێت، ریسوا بكه‌ین.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر