به‌رخۆدان
له نێوان بازنه‌ی مه‌رگ‌و تۆقاندا
وڵاتی ئێران یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه كه له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌هۆی كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری ره‌وتی رووداوه جیهانییه‌كان، ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆی دا كه "ممالك محروسه"ی ئێران بكاته یه‌كه‌یه‌كی یه‌كانگیر كه له‌وێدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتوی ئه‌و وڵاته له ده‌ره‌نجامی پرۆسه‌و پلانی نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی‌دا ببنه یه‌ك نه‌ته‌وه، یه‌ك ده‌وڵه‌ت‌و یه‌ك زمان. به‌ڵام له‌م راستایه‌دا كورده‌كان وه‌كوو سه‌ره‌كیترین له‌مپه‌ر‌و هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی سه‌داسه‌دی ئه‌و ئاواته‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستان‌و ناوه‌ندگه‌رایی ئێرانی له قه‌ڵه‌م دراون، ئه‌مه‌ش بۆته ئامیانی ئه‌وه‌ی كه جۆرێك هاوڕایی‌و هاوبیری‌و گرێبه‌ستێكی نه‌نووسراو له مه‌ڕ نه‌ته‌وه‌ی كورد له نێوان رێژیم‌و رووناكبیران‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ره‌شۆكی ئێرانیش به نیسبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه بیچم بگرێ.
له لایه‌كی دیكه‌وه كورده‌كان بۆ گه‌یشتن به مافی دیاریكردنی چاره‌نووس‌و هه‌روه‌ها مافه مرۆڤییه‌كانی خۆیان به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی زه‌مه‌نی، گونجاوترین میكانیزم‌و شێوازی به‌ره‌نگارییان پێڕه‌و كردوه. بۆ نموونه له كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له ئێران‌دا زاڵه، كورده‌كان كۆماری دێموكراتیك راده‌گه‌یه‌نن، كاتێ رێژیم به داسه‌پاندنی كه‌ش‌و هه‌وای ترس‌و تۆقانی ساواك هه‌موو ده‌نگێكی بێ‌ده‌نگ ده‌كرد، شۆڕشگێڕانی كورد به سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی 46 ـ 47، سامی شه‌وه‌زه‌نگ ده‌شكێنن، كاتێك پاش رووخانی پاشایه‌تی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئێران نازانن چی‌یان ده‌وێ، خه‌ڵكی كورد به بایكۆتی به‌ناو رێفراندۆمی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی وێڕای "نا" گوتن به‌و رێژیمه، داوای دێموكراسی بۆ ئێرانیان كرد، زیاتر له یه‌ك ده‌یه به‌ره‌نگاری چه‌كدارانه‌یان به‌ڕێوه‌برد‌و هاوكات له‌گه‌ڵ كوده‌تای شاراوه‌ی سوپای پاسداران له هاوینی 84، خه‌ڵكی كوردستان به تێكڕایی‌و به بیانووی پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤـ رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و نزیكه‌ی یه‌ك مانگ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان شار به شار درێژه‌ی كێشا، چه‌ند ساڵیشه كه به مانگرتنی گشتی‌و داخستنی دووكان‌و بازاڕ له ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆری دوكتور قاسملووی رێبه‌ریاندا، رووبه‌ڕووی سه‌ره‌ڕۆیی‌و داگیركه‌ری ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ر‌و پیشانده‌ری ئاستی به‌رزی وشیاری سیاسی‌و گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی‌و تێگه‌یشتن‌و ئاشنایی له‌گه‌ڵ پرنسیپه مرۆڤـ ته‌وه‌ره‌كان، به‌تایبه‌ت جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤه، به جۆرێ كه توانیویانه مێتۆدی شیاو‌و مۆدێڕنی رێكخستن، چالاكی كۆمایی‌و ناده‌وڵه‌تی ئه‌زموون بكه‌ن، جووڵانه‌وه‌یه‌ك كه راده‌ی به‌رینی كاریگه‌رییه‌كانی بووه هۆكاری دروستبوونی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ توتالیتاریزمی ده‌سه‌ڵاتدار‌و هه‌ڵوێست‌و كرده‌وه‌ی توند‌وتیژانه‌ی رووتی سه‌ره‌ڕۆیی له هه‌مبه‌ر خاوه‌ن هزران‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مان‌و یه‌كسانیخوازان‌و ژینگه‌پارێزانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. هه‌نووكه‌ش ده‌بینین كه له هه‌ریه‌ك له‌و بوارانه‌دا، چه‌ند كه‌سێكی دیار راپێچی گرتووخانه‌كان كراون‌و پاش له ته‌نگانه دانان‌و زه‌خت‌و گوشارێكی له راده‌به‌ده‌ر، وه‌رگرتنی دانپیدانانی زۆره‌ملێ‌و دادگایی كردنێكی چه‌ند خوله‌كی، سزای مه‌رگ‌و زیندانی درێژخایه‌نیان به سه‌ردا سه‌پاوه. به‌ڵام له راستیدا ئامانجی كۆماری ئیسلامی له زه‌قكردنه‌وه‌و نواندنی سیما‌و رواڵه‌تێكی هێنده هۆڤانه، نه‌ته‌نیا سزادانی كۆمه‌ڵێك له چالاكانی مه‌ده‌نی به‌ڵكوو خه‌سیوكردنی ره‌وتی روو له گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندووی خه‌باتی ناتوندوێژانه‌و به‌رخۆدانی شۆڕشگێرانه‌ی چین‌و توێژه جۆراوجۆره‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه. چالاكانی مه‌ده‌نیی تاوانباركراو له گرتووخانه‌كانی كوردستان‌و ئێران وه‌كوو كۆمه‌ڵه كه‌سانێكی زانا‌و ئازادیخوازی كۆمه‌ڵگا به خوێندنه‌وه‌ی دروست له ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی خه‌بات‌و كه‌ش‌و هه‌وای زاڵ‌و كه‌ند‌و كۆسپه‌كانی سه‌ر رێگای خاوه‌نداری كردنیان له لایه‌نی نه‌ته‌وه‌ی خۆیانه‌وه، به‌و ئاكامه گه‌یشتوون كه پێویسته قۆناخێكی دیكه له خه‌بات‌و به‌ره‌نگاریی هه‌میشه ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان كرده‌یی بكه‌ن، بۆیه هاوكات له‌گه‌ڵ بیسته‌مین ساڵرۆژی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی به‌ندكراوانی سیاسی كورد‌و ئێرانی له هاوینی ساڵی 67، به راگه‌یاندنی راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌ش، وێڕای ره‌خنه‌ی سیستمی دژه‌مرۆڤیی ده‌سه‌ڵاتدار، داخوازییه‌كانی خۆیانیان له سه‌ر بنه‌مایه‌كی په‌سه‌ندكراوی جیهانی‌و یاسایی‌و ویژدانی له شه‌ش خاڵدا ئاراسته‌ی بیر‌وڕای گشتیی كرد. ئه‌م جووڵه‌یه كه له رۆژی 4/6/87 ده‌ست پێكراوه، مانگرتن له خواردنی به‌ندكراوانی سیاسیی كورد له گرتووخانه‌كانی (سنه، ورمێ، مه‌هاباد، سه‌قز، تاران، ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج‌و ماكۆ) له‌خۆ ده‌گرێ، كه نزیكه‌ی 100 چالاكی كوردی به‌ندكراو زیاتر له چل رۆژه بۆ دابینكردنی مافه سه‌ره‌تایی‌یه‌كانی خۆیان‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی كپكراوی نه‌ته‌وه‌كه‌یان به له‌مه‌ترسی خستنی گیانی خۆیان، گوشاره‌كانی سه‌ر خه‌ڵك‌و هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی‌و ئاپارتایدی ئاخوندیی ئێران ده‌خه‌نه روو‌و له قاوی ده‌ده‌ن. به‌ندكراوانی كورد به‌م كاره‌یان جگه له به‌رخۆدان‌و كۆڵنه‌دان له هه‌مبه‌ر داگیركه‌ر، سام‌و ترس‌و مۆته‌كه‌ی زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌یانیش پووچه‌ڵ كرد‌و سه‌لماندیان كه ئه‌گه‌ر متمانه‌و تۆكمه‌یی‌و یه‌كیه‌تییه‌كی بچووك بیچم بگرێ، هیچ دیوار‌و هیچ به‌ندیخانه‌یه‌ك ناتوانێ كۆتایی به ده‌نگه ره‌واكان بێنێت، واتا چالاكانی به‌ندكراوی كورد ئه‌مجاره زیندانه‌كانیان كرده بنه‌ما‌و هه‌وێنێك بۆ یه‌كتر بینینه‌وه‌و هاوده‌نگی، كرده‌یه‌ك كه گه‌ر بتوانرێ به راده‌ی پێویست‌و له قه‌واره‌ی خۆیدا به‌رجه‌سته بكرێ‌و تێگه‌یشتنێكی گشتی به‌رامبه‌ری دروست بێت، بێ‌گومان خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له خه‌باتی نێوخۆیی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری‌و سیاسیی كورددایه. چونكوو ئێمه وه‌كوو كورد له به‌ر زۆر هۆكاری جیاواز نه‌مانتوانیوه تا هه‌نووكه جۆره شۆڕش‌و به‌ره‌نگارییه‌ك له نێو گرتووخانه‌كانی داگیركه‌رانه‌وه هه‌ڵگیرسێنین، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه كه خودی زیندانیان پاش ئه‌زموونێكی نزیك به سێ ساڵان له سه‌ری ساق بوونه‌ته‌وه‌و، بۆ خۆیان داهێنه‌ری بوون، ده‌توانی كرانه‌وه‌ی فه‌زایه‌كی نوێ‌و جیاواز به‌ره‌وڕووی خه‌باتی كورد بێت‌و ئیتر به پێچه‌وانه‌ی رابردوو، زیندان خاڵًی كۆتایی یان زه‌مه‌نێك له بێ‌ده‌نگی‌و قه‌تیسمان نه‌بێ، به‌ڵكوو سه‌ره‌تا‌و ده‌ستپێكی خه‌بات له هه‌لومه‌رجێكی جیاوازتر‌و كاریگه‌رتردا بێت.
مانگرتن له خواردن كه هه‌نووكه كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له به‌ندكراوانی مه‌ده‌نی كورد زیاتر له چل رۆژه پێڕه‌وی ده‌كه‌ن، نموونه‌ی به‌رچاوی ده‌ستپێكردنی، ساڵی 86 له لایه‌ن عه‌دنان حه‌سه‌نپوور‌و هیوا بووتیمار بوو كه پاشان چالاكانی دیكه‌ی كوردیش وه‌كوو تاكتیكێكی شۆڕشگێڕانه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژ به دۆخی هه‌بوو‌و ده‌سته‌به‌ربوونی هێندێك له داخوازییه‌كانیان له‌به‌ریان گرت، به‌ڵام ئه‌مجاره بزاڤه‌كه جۆره گشتییه‌ت‌و هاوپێوه‌ندییه‌كی كوردستانیی به خۆیه‌وه گرتووه، له رۆژهه‌ڵات، به‌ندكراوان له شه‌به‌نگی جۆراوجۆر‌و به بیر‌وڕاو ئۆلی جیاواز به‌شدارن، له باشووردا خۆپیشاندان‌و كه‌مپه‌ینی پشتیوانی بۆیان رێكخراوه، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات زۆربه‌ی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه له رێگای جۆراوجۆره‌وه په‌یامی مانگران به بیر‌وڕای گشتی‌و ده‌وڵه‌تانی دێموكرات‌و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤـ بگه‌یه‌نن. له نێوخۆی نیشتماندا جۆره پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیك له نێوان بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكاراواندا دروست بووه كه تێده‌كۆشن، وه‌كوو دۆزێكی هاوبه‌ش بڕواننه چاره‌نووسی رۆڵه‌كانیان له بازنه‌ی تاكه‌كه‌سی‌و بنه‌ماڵه‌یی تێپه‌ڕ‌و ڕه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی پێ ببه‌خشن. به‌ڵام له‌م نێوه‌دا سێ خاڵی جێگای داخ ئه‌وه‌یه كه حیزبه كوردستانیه‌كان نه‌یانتوانیوه به پێی پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش هه‌وڵه‌كانیان له ئاستی جیهانیدا یه‌ك بخه‌ن، له لایه‌كی دیكه‌وه، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا به هۆی مانگرتن له خواردنی ئه‌كبه‌ر گه‌نجی ره‌خنه‌ی توند‌و به‌رده‌وامیان رووبه‌ڕووی ئێران ده‌كرده‌وه، به‌ڵام هێشتا پاش تێپه‌ڕ بوونی زیاتر له چل رۆژ پشتیوانییه‌كی له‌و چه‌شنه له به‌ندكراوانی سیاسی ـ مه‌ده‌نی كورد ناكرێت، هه‌روه‌ها دزێوترین دیارده له‌م نێوه، بێ‌ده‌نگی بیر‌وڕای گشتی كۆمه‌ڵگای ئێرانی به‌تایبه‌ت رووناكبیران، چالاكانی سیاسی ـ مه‌ده‌نی‌و به‌شێكی زۆر له ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌یه كه له هه‌مبه‌ر ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌ی سامانه مرۆڤیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێ‌ده‌نگییه‌كی واتاداریان هه‌ڵبژاردووه، بێ هه‌ڵوێستییه‌ك كه به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ په‌سه‌ندی كرده‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی لێده‌كه‌وێته‌وه، هه‌روه‌ك "گاندی" ده‌ڵێت: "به‌شداری نه‌كردن له خه‌بات دژ به نادادپه‌روه‌ری‌و یاساكانی نادادپه‌روه‌رانه، خۆی له خۆیدا كرده‌وه‌یه‌كی توند‌وتیژانه‌یه".
به‌ڵام هه‌نووكه ئه‌گه‌رچی رێژیم نه‌ته‌نیا به‌ده‌م داوای مانگرتووانه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكوو گوشار‌و ئه‌شكه‌نجه‌كانیشی ئه‌سته‌متر‌و به‌ربڵاوتر كردۆته‌وه‌و ئازار‌و تۆقاندن‌و تیرۆری بنه‌ماڵه‌ی گیراوانیشی كردۆته به‌شێك له پرۆسه‌ی سه‌ركوت‌و داپڵۆسانی خۆی، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه ئه‌م به‌رخۆدانه شۆڕشگێڕانه‌یه، دینامیزمێكی نوێ‌و خوێنێكی تازه‌تری به جووڵانه‌وه‌ی نێوخۆ به‌خشی، یه‌كڕیزی‌و هاوپێوه‌ندی جه‌ماوه‌ری پته‌وتر كرد‌و له داهاتووشدا ئه‌نجامه به‌نرخ‌و كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌كانی به ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پێویسته بنه‌ماڵه‌ی گیراوان، ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤـ‌و لایه‌ن‌و حیزبه كوردستانییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن كه مانگرتووان به شێوه‌ی كاتی ده‌ست له مانگرتن هه‌ڵ بگرن، چوونكه گیانی ئه‌وان سامانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وسێنراو‌و كۆلۆنیاله‌و بوونی هه‌ریه‌ك له‌وان گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی به‌رخۆدان‌و هه‌وێنی سه‌ركه‌وتن‌و ده‌سته‌به‌ربوونی ئازادی‌و دابین بوونی مافه مرۆڤیه‌كانمانه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر