به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه،
تاكتیكی هه‌نووكه‌یی‌و ستراتێژیی سبه‌ی
خه‌بات دژ به چه‌وسێنه‌ر‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه‌و سه‌ره‌ڕۆیی، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی مێژووی مرۆڤایه‌تی‌و توانای بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ چ وه‌ك تاك چ وه‌ك كۆمه‌ڵ له ئارادا بووه. چونكه تێفكرین له مرۆڤ توانای ناسین‌و فامكردنی شه‌ڕ‌و نه‌زانی ده‌دات‌و ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه تاك یان جڤاك به دوای رێگای ده‌ربازبوون یا تێپه‌ڕكردنی قۆناخی هه‌بوو، هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لا بدات. له‌م سۆنگه‌وه شێوازی جۆراوجۆری به‌ره‌نگاری هاتۆته ئاراوه، كه به‌رچاوترینی ئه‌وانه خه‌باتی چه‌كداری، خه‌باتی ناتوند‌وتیژی یان تێكه‌ڵێك له هه‌ر دوو شێوازه‌كه بووه.
به پێی سه‌رچاوه دیرۆكییه‌كان، مانگرتنی دانیشتوانی رۆم بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژ به دۆخی ناله‌باری ژیانیان له ساڵی 494ی پێش زایین یان سه‌رپێچیی ژنانی "ئیرۆكویز" له نزیكی‌كردن له‌گه‌ڵ هاوسه‌رانی شه‌ڕڤانی خۆیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه بتوانن به به‌رگرتن له له‌دایكبوونی منداڵانی شه‌ڕڤان، كۆتایی به درێژه‌دانی شه‌ڕه‌كان بێنن، ئه‌م نموونانه خۆی له خۆیدا باس له بیرۆكه‌یه‌ك ده‌كات كه له سه‌ره‌تای مێژووی مرۆڤایه‌تی‌یه‌وه هاوڕێی مرۆڤه‌كان بووه. به‌ڵام ناتوند‌وتیژی وه‌كوو چه‌مك یان بیرۆكه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌و بنیاتنراوه له‌سه‌ر ئاوه‌زمه‌ندی‌و تێگه‌یشتن‌و ئه‌زموونكردنێكی تاكه‌كه‌سی‌و كۆمایی، كه به پێی شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری‌و سیستمه حكوومه‌تییه‌كان ناو‌و پێناسه‌ی هاوچه‌شن، به‌ڵام ئامانج جیاواز له خۆ ده‌گرێت، به نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی، خه‌باتی نه‌رێنی یان به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه ناوزه‌د ده‌كرێ، بۆ ساڵی 1846ی زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك كه "هینری ده‌یڤید سۆریۆ" (Henry David Thoreau) به‌هۆی سه‌رپێچی له یاسای زاڵ‌و نه‌دانی باج بۆ پشتیوانی له شه‌ڕ دژ به مێكزیكییه‌كان قۆڵبه‌ست‌و ده‌كه‌وێته به‌ندیخانه‌وه. ناوبراو پاش ئازادبوون، كتێبێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسێت‌و ده‌ڵێ: "ئێمه ده‌بێ فێر بین كه له‌و یاسایانه‌ی كه هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤن، گوێداری بكه‌ین‌و باشترین حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه كه كه‌متر حكوومه‌ت بكات"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێمه له هه‌مبه‌ر یاسا نادادپه‌روه‌ره‌كاندا سێ رێگامان له پێشدایه: 1ـ فه‌رمانبه‌ریی یاسا نادادپه‌روه‌ره‌كان بكه‌ین، 2ـ له یاسا نادادپه‌روه‌ره‌كان فه‌رمانبه‌ری بكه‌ین‌و هاوكات بۆ گۆڕانیان تێ‌بكۆشین، 3ـ گوێڕایه‌ڵی یاسا نادادپه‌روه‌ره‌كان نه‌بین"، یان ئه‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌سێك به ناحه‌ق له گرتووخانه‌دا بێ، ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر ئه‌و به‌ندبوونه نه‌كرێ، ئه‌م گرتنه راستی په‌یدا ده‌كا‌و به دروست ده‌زانرێ." هه‌ر له‌م باره‌وه، گاندی بڕوای وابوو كه: "به‌شداری‌نه‌كردن له خه‌بات دژ به نادادپه‌روه‌ری‌و یاسا نادادپه‌روه‌رانه‌كان، خۆی له خۆیدا كرده‌وه‌یه‌كی توند‌وتیژانه‌یه."
ناتوند‌وتیژی به ته‌واوی شێوه‌كانیه‌وه، سه‌ره‌كی‌ترین تاكتیك له بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی: هیندوستان، ئه‌فریقا، بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی ره‌شپێستانی ئه‌مریكا‌و بزووتنه‌وه كرێكاری‌و دژه شه‌ڕه‌كانی زۆرێك له وڵاتان بووه. له به‌ناوبانگترینی ئه‌م بزووتنه‌وانه ده‌توانین به خه‌باتی نه‌رێنیی گاندی له ره‌وتی نه‌دانی باجی "خۆی"و دژایه‌تی نواندن به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتداریی ئینگلیس له ساڵی 1930، كه له ئاكامدا رزگاربوونی هێندی له ساڵی 1947ی لـێ كه‌وته‌وه، یان له ساڵی 1955دا، خاتوو "رۆزا پارك" (Rosa Park) له ئا‌مریكا، له دانیشتن له‌سه‌ر كورسیی تایبه‌ت به ره‌شپێسته‌كان له نێو پاسه‌كاندا، دووریی كرد‌و له‌سه‌ر شوێنێكی دیكه دانیشت، كه ئه‌م كاره بووه هۆی دابه‌زاندن‌و پاشانیش ده‌سته‌به‌سه‌ركردنی، ئه‌م كرده‌وه تاكه كه‌سییه بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی به رێبه‌رایه‌تیی "دوكتور مارتین لووتێركینگ"ی لـێ كه‌وته‌وه‌و له ئاكامدا، له 13ی نوامبری 1956دا بزاڤه‌كه سه‌ركه‌وت، یان به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه‌ی نیلسۆن ماندێلا، كه ئاپارتایدی ره‌گه‌زیی له ئافریقای باشوور هه‌ڵ‌پێچییه‌وه. له رێبه‌رانی ناوداری دیكه‌ی ئه‌م بواره، "دالایی لاما"، "دایه ترزا"و ...، بزووتنه‌وه‌ی دایكانی قاوله‌مه وه‌ده‌س له به‌رانبه‌ر كۆشكی سه‌ركۆماریی ئارژانتینه.
هه‌روه‌ها له ده‌یه‌ی 1980ـه‌وه تا ئێستا، ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كانی له‌هێستان، چێكۆسلۆواكی، رووسیه، بولغارستان، ئاڵمانی رۆژهه‌ڵات، رۆمانی، مه‌جارستان، ئێتیووپی، لاتوویا، لیتوانی، شیلی، ئارژانتین، برێزیل، نیكاراگوئه، پاناما، تایله‌ند، ئه‌ندونێزی، ئیسلوانی، ئاڵبانی، زه‌ئیر، سه‌نگاڵ‌و ... له هه‌مبه‌ر بزووتنه‌وه ناتوند‌وتیژییه‌كان نوشستیان هێناوه‌و خۆیان به‌ده‌سته‌وه داوه.
له به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه‌دا، نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی یه‌كێك له لقه‌كانی پراكتیزه‌كردنیه. سه‌رپێچیی مه‌ده‌نی (Dience Ciriv dixobe)، هاوكاری‌نه‌كردن‌و گوێداری‌نه‌كردنی خه‌ڵك له داخوازییه‌كان، بڕیاره‌كان‌و یاسا ده‌وڵه‌تییه‌كانه، كه خاڵی به‌رانبه‌ری گوێڕایه‌ڵی‌و فه‌رمانبه‌رداری (Gehorsam)یه. ئه‌م كاره ده‌توانێ حكوومه‌ت له گرینگ‌ترین سه‌رچاوه‌ی هێزداری، واته قبووڵكردن‌و ره‌وایی خه‌ڵكی‌بوون، داببڕێت‌و وێڕای لاوازكردنی ده‌سه‌ڵات، به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و رووخانی بكێشێت. هه‌ڵبه‌ت جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه ئامانجی نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی له وڵاتێكی خاوه‌ن یاسا یان نیمچه دێموكراتیك ریفۆرمخوازانه‌یه‌و مه‌به‌ستی ئه‌نجامده‌ران ته‌نیا گۆڕانكاری له یاسا نادادپه‌روه‌ره‌كاندایه‌و له‌گه‌ڵ گشتییه‌تی پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدا كێشه‌یان نیه، كه ده‌توانێ به پێی پۆلێن به‌ندیی "رۆنالد دروكین"، مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ی یاسا له زانكۆی ئاكسفۆرد به سێ ده‌سته‌ی نافه‌رمانیی له‌سه‌ر سیاسه‌ت بنیاتنراو، عه‌داڵه‌ت بنیاتنراو‌و ئه‌خلاق بنیاتنراو، دابه‌ش بكرێ، كه به‌م پێیه خاوه‌نی سێ تایبه‌تمه‌ندیی دیكه وه‌كوو: 1ـ راشكاوانه بوون، 2ـ له‌خۆگرتنی ئامانجی سیاسی‌و 3ـ نه‌ترسان له لێپرسینه‌وه‌و سزا تووشبوونه. به‌ڵام له كۆمه‌ڵگا دیكتاتۆره‌كاندا نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر گۆڕان بنیات نراوه‌و، وه‌كوو یه‌كێك له ژێركۆگه‌كانی به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه ئامانجی ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی رێژیمی زاڵ‌و له‌قاودانی ناڕه‌وابوون‌و زه‌قكردنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه بۆ بیر‌وڕای گشتی‌و رووخاندوویه‌تی. هه‌روه‌ها تێ‌ده‌كۆشێ كه رێگاگه‌لی تازه‌تر‌و جیاوازتر له جاران ده‌ستنیشان بكات. بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستیی به هیوا، وره، به‌رده‌وامی، راوه‌ستان‌و به‌رخۆدانه، كه كه‌مترین ده‌سكه‌وتی ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگای كه‌مته‌رخه‌م له‌و بێ‌هه‌ڵوێستییه رزگار ده‌كات‌و به هێنانه‌خواری خه‌ساری مرۆڤی، ئه‌گه‌ری ده‌سته‌به‌ربوونی خێراتری وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، حقووقی‌و دێموكراسی گه‌ره‌نتی ده‌كات. ئه‌گه‌رچی زۆركاتیش وێكه‌وتنی فیزیكی پێشدێت‌و به‌كرده‌یی‌كردنی توند‌وتیژی له لایه‌ن هێزه‌كانی گرێ‌دراو به ده‌سه‌ڵاته‌وه، كوشت‌و بڕیش روو ده‌دات‌و كاردانه‌وه‌ی ناخۆشیشی به‌دواوه ده‌بێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناڕازییان به شێوه‌یه‌كی ئاگایانه‌و به بیركردنه‌وه‌و بڕیاردانه‌وه، یاساكانیان پێشێل‌و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵ‌بژاردوه، راوه‌ستان‌و پێداگری‌و كۆڵنه‌دان ده‌توانێ رێگای سه‌ركه‌وتن‌و پێشڤه‌چوون هه‌موارتر بكات‌و وێڕای به پیكۆڵ‌كێشانی ده‌سه‌ڵات، رێِژه‌ی خه‌ساره‌كان‌و ئاستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیش گۆڕانی به‌رچاو به‌خۆوه ببینێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، یه‌كێكی دیكه له مێتۆده‌كانی ئه‌م شێوازه خه‌باته كه له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا په‌ره‌ی سه‌ندووه، مێتۆدگه‌لی "چه‌مكی‌و جوانیناسانه‌یه"، كه زیاتر له فیلم، مۆسیقا، تیاتر، كاریكاتۆر‌و ...دا ده‌ركه‌وتووه. یان مێتۆدگه‌لی "ناناوه‌ند" كه سه‌ره‌كی‌ترین پارادایمی خه‌باتی ئێلێكترۆنی‌و پێوه‌ندی‌گرتن له‌سه‌ر بنه‌مای ئێنتێرنێت‌و مۆبایله كه له ساڵی 1994دا له لایه‌ن گرووپێك به ناوی "گرووپی هونه‌ری ره‌خنه‌یی" كه‌وته به‌رباس‌و له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌گه‌لێك وه‌كوو لایه‌نگرانی "زاپاتیسته‌كان" له مێكزیك كه‌وته بواری كردارییه‌وه‌و له‌م رێگایه‌وه توانراوه سه‌رنجی به‌شێكی زۆر له خه‌ڵك بۆ تیرۆر، ئه‌شكه‌نجه، ژینۆساید‌و توند‌وتیژیی ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌ڕۆ‌و تۆتالیتاره‌كان له ته‌واوی جیهاندا رابكێشرێت. یه‌كێكی دیكه له مێتۆده‌كانی خه‌باتی نه‌رێنی، كه‌ڵكوه‌رگرتن له شێوازگه‌لی سه‌مبۆلیك بۆ سه‌رنجڕاكێشانی خه‌ڵك‌و زانیاری به‌خشین به كۆمه‌ڵگایه، كه به‌رچاوترینی كه‌ڵكوه‌رگرتن له نه‌واری ره‌نگییه، بۆ نموونه، رۆبانی سپی له ساڵی 1989دا بۆته هێمای خه‌بات بۆ راوه‌ستاندنی توند‌وتیژی دژ به ژنان، رۆبانی شین (پشتیوانی له مافی راده‌ربڕین‌و باوه‌ڕ)، رۆبانی خۆڵه‌مێشی (پشتیوانی له زیان لێكه‌وتوانی تیرۆر)، رۆبانی زه‌رد (پشتیوانی له بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوانی سیاسی، بێ‌سه‌ر‌و شوێنان‌و به بارمته‌گیراوان)، رۆبانی سوور (بزووتنه‌وه‌ی خه‌بات له‌گه‌ڵ ئیدز)و... هتد. به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه له ئێران، كوردستان‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، مێژوو‌و ئه‌زموونی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، بۆ نموونه سه‌رهه‌ڵدانی ناتوند‌وتیژانه‌ی خه‌ڵكی ئێران كه سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا، بزووتنه‌وه‌ی بایكوتی تووتن له سه‌رده‌می ناسره‌دین شای قاجاڕ‌و به نه‌ته‌وه‌یی‌بوونی كانگا نه‌وتییه‌كان له زه‌مانی دوكتور موسه‌دێقدا بوو. له كوردستان، به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه به ته‌واوی لقه‌كانییه‌وه زیاتر له هه‌موو پارچه‌یه‌ك له باكووری كوردستاندا جێبه‌جێ كراوه، چه‌ند نموونه‌ی به‌رچاوی سوێندخواردنی له‌یلا زانا به زمانی كوردی له پارلمانی توركیا، ئه‌ویش له حاڵێكدا كه سێ ره‌نگی قه‌ده‌غه‌كراوی "سوور، سه‌وز‌و كه‌سك"ی به قژه‌كه‌یه‌وه به‌ستبوو، یان به فه‌رمی‌كردنی نه‌ورۆز له‌و رێگه‌وه، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تاش به شه‌هیدبوونی زیاتر له 130 شارۆمه‌ندی سڤیلی كوردستان له ساڵی 1991دا ده‌ستی پێ‌كرد، یان دوایین نموونه‌ی دروستكردنی دیواری مرۆڤی له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ له نێوان ئه‌رته‌شی تورك‌و پێشمه‌رگه‌كانی باكوور له ساڵی 2008دا. له لایه‌كی دیكه‌وه رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش خاوه‌ن ئه‌زموونێكی به‌نرخه كه دوایین‌و به‌رچاوترینی ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هیدبوونی رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد، دوكتور قاسملوویه.
له‌گه‌ڵ خۆسه‌پاندنی كۆماری ئسیلامی به‌سه‌ر گه‌لانی ئێران‌دا، گه‌لی كورد هه‌وڵی دا كه ته‌واوی رێگاكانی ناسراو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و سه‌قامگیركردنی ئاشتی، پێڕه‌و‌و تاقی بكاته‌وه. یه‌كێك له‌و رێگایانه، به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه یان خه‌باتی نه‌رێنی بوو، به جۆرێ كه له ساڵی 58دا، خه‌ڵكی كورد له ناوچه‌ی پاوه، به مانگرتن له ئه‌شكه‌وتی "قوڕی قه‌ڵا"دا خوازیاری راده‌ستكردنی به‌ڕێوه‌به‌ری كار‌وباری ناوچه‌كه به ده‌ستی خه‌ڵكی ناوچه بوون. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا كاتی هاتنی ئه‌رته‌شی ئێران بۆ پارێزگای كوردستان، خه‌ڵكی كامیاران به مانگرتن له سه‌ر شه‌قامه‌كانی شار، رێگه‌ی رۆیشتنیان له ئه‌رته‌ش‌و تانك‌و چه‌ك‌و چۆڵی سه‌ربازیی رێژیم به‌ربه‌ست كرد، یان گرینگترینی ئه‌و كارانه، بایكوتی ریفراندۆمی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ساڵی 58دا بوو. پاش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی ئێران ـ عێراق، به‌هۆی سیاسه‌تی كوشت‌و بڕی بێ‌پسانه‌وه‌و به‌رده‌وامی رێژیم، گه‌لی كوردیش ته‌واوی قورسایی خه‌باتی خۆی خسته كاناڵی چه‌كداری‌و وه‌كوو پێویستییه‌كی ئه‌وكات، باشترین وه‌ڵام‌و رێگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێژیمی پێڕه‌و كرد.
هه‌ڵبه‌ت جێی ئاماژه‌یه كه له‌و ساڵانه‌دا خه‌ڵك شێوه‌گه‌لێك له خه‌باتی نه‌رێنییان به‌ڕێوه ده‌برد، بۆ نموونه له شارێك وه‌كوو سنه‌ی خوێناویدا، خه‌ڵك بۆ دژایه‌تیی رێژیم شه‌قامه‌كانی شاریان به پێی دڵخوازی خۆیان ناو نابوو، ناوگه‌لێك كه به پێچه‌وانه‌ی ناوه ده‌ستنیشانكراوه‌كانی رێژیم بوو، یان گرینگییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان به جلوبه‌رگی شاد‌و سه‌رنجڕاكێشی كوردی‌و بۆنه كوردییه‌كان ده‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌شه له خه‌ڵكیش كه پۆششی كوردی‌یان نه‌ده‌پۆشی، شێوازی جلوبه‌رگه‌كه‌یان جۆرێك دژایه‌تی‌نواندن له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی باو‌و داواكراوی رێژیم بوو. له ساڵانی هه‌فتای هه‌تاوی بۆ دواوه، ئه‌م ره‌وته ئاراسته‌ی نوێتر‌و جیاوازتری به‌خۆیه‌وه بینی، بۆ نموونه، خه‌ڵكی پاش ئه‌وه‌ی كه رێژیم دیهه‌ویست به پیشاندانی فیلمگه‌لێك وه‌كوو: "كانی مانگا"و "گلها و گلوله‌ها" بێ‌ڕێزی به كورد‌و پێشمه‌رگه بكات، رۆیشتنه نێو سینه‌ماكان‌و به دانانی دروشمی شۆڕشگێڕانه جگه له به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره فیلمانه، پیلانه‌كانی رێژیمیشیان پووچه‌ڵ كرده‌وه، یان پاش بێ‌ڕێزیی "حه‌وتوونامه‌ی پێنج شه‌ممه‌كان"ی تاران له هه‌مبه‌ر ژنانی كورد، شه‌پۆلێكی به‌رینی ناڕه‌زایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ری هه‌ڵ‌دا‌و گرینگ‌ترین به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌یه‌ی هه‌فتاش سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی هاوكاتی زۆربه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات له ره‌شه‌مه‌ی 77ی هه‌تاویدا بوو. یان ئاگركردنه‌وه‌ی "كوڵه چوارشه‌ممه"، "نه‌ورۆز"و "25ی گه‌لاوێژ" ناو به‌رین.
وه‌رزی زێڕینی به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه له هاوینی 84دا ده‌ستی پێ‌كرد، كاتێك خه‌ڵك به بیانووی شه‌هیدكردنی لاوێكی كورد (شوانه سه‌ید قادر)، ده‌ستیان به ناڕه‌زایی ده‌ربڕین كرد، پاشان خه‌ڵك له 22ی پووشپه‌ڕی 84دا، بۆ ئه‌مه‌گداری به‌رانبه‌ر به شه‌هید قاسملوو له مه‌هاباد‌و چه‌ند شارێكی دیكه‌دا دوكانه‌كانیان داخست، له شاری سنه نوێنه‌رانی NGOكانی شاره‌كه له‌به‌ر ده‌م پارێزگای ئه‌و شاره‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ده‌یان كه‌سییان پێك هێنا‌و پاشان خه‌ڵكی كوردستان له 16ی گه‌لاوێژدا به تێكڕایی دووكان‌و بازاڕه‌كانیان داخست‌و، هێژمۆنیی تۆقێنه‌ری رێژیمیان به ته‌واوی خسته ژێر پرسیاره‌وه. له زستانی 84دا، رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان داوای له خه‌ڵك كرد بۆ پشتیوانی له گیراوانی سیاسی‌و دژایه‌تی‌نواندن له‌گه‌ڵ پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له كوردستاندا، خه‌ڵك رۆژانی 28، 29و 30ی به‌فرانبار، رۆژووی سیاسی بگرن‌و له هاوینی 86دا به ده‌رچوونی بڕیاری له سێداره‌دان بۆ عه‌دنان حه‌سه‌نپوور‌و هیوا بووتیمار، خه‌باتی نه‌رێنی وه‌كوو گونجاوترین رێگای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین پێڕه‌و كرا، هه‌ر له‌و راستایه‌دا، بازاڕیانی شاری مه‌ریوان به داخستنی دووكانه‌كانیان له رۆژانی 1، 2و 3/5/86دا ئه‌و بڕیاره‌یان ئیدانه كرد، شایانی باسه خه‌ڵكی مه‌ریوان له نێوه‌ڕاستی خاكه‌لێوه‌ی 86شیدا بۆ شه‌رمه‌زاركردنی كوشتنی لاوێكی شۆڕشگێڕی كوردی مه‌ریوانی‌و برینداركردنی كه‌سێكی دیكه، پاش رێپێوانێكی جه‌ماوه‌ری، بۆ ماوه‌ی یه‌ك رۆژ دووكانه‌كانیان داخستبوو. هه‌روه‌ها ده‌كرێ ئاماژه به بایكوتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی حه‌وته‌م‌و هه‌شته‌م، سه‌ركۆماریی نۆهه‌م‌و ته‌واوی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆبره‌گان له كوردستاندا بكرێ. به‌ڵام ئه‌م كولتووره سه‌رده‌میانه كه گه‌لی كورد هه‌نووكه به ئاگایی ته‌واو له‌سه‌ر لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی وه‌كوو شێوازێكی پێویستی خه‌بات، هاوكات له‌گه‌ڵ شێوازه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كات، خاڵی دیار‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی بۆته 22ی پووشپه‌ڕ. دوژمن به تیرۆری دوكتور قاسملوو، ته‌نیا مه‌به‌ستی له‌نێوبردنی رێبه‌رێك یان زه‌برلێدان له حیزبێك نه‌بوو، به‌ڵكوو دوژمن به زانیاریی ته‌واوه‌وه ویستی شۆڕشی كورد له ئاوه‌زمه‌ندی‌و ئه‌ندێشه‌ی سه‌رده‌میانه‌و جیهانی هاوچه‌رخ دابڕێ، ویستی شۆڕشی كورد به ئاقارێكی جیاوازتر له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شۆڕشێكی مۆدێڕن به لاڕێدا به‌رێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نه‌وه‌كانی قاسملوو، رۆژی شه‌هیدبوونی دوكتوریان كردۆته رۆژی وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تی، چونكه خه‌باتی نه‌رێنی جگه له به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، وشیاریی گشتی‌و نه‌ته‌وه‌ییش به‌دی دێنێت. به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه‌ی 22ی پووشپه‌ڕ كه له هاوینی 84دا ده‌ستی پێ‌كردوه، هه‌ر ساڵه وێڕای په‌ل‌وپۆ هاویشتنی زیاتر، شێوازی نوێتر، كاریگه‌رتر‌و كه‌م نرختر له بواری مرۆڤییه‌وه ئه‌زموون ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك كه 22ی پووشپه‌ڕی 87ی هه‌تاوی بێگومان له مێژووی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا وه‌كوو ترۆپك‌و چڵه‌پۆپه‌ی به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه‌و ده‌ركه‌وتنی باوه‌ڕمه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له رۆژه ئه‌سته‌م‌و ته‌نگانه‌كاندا تۆمار ده‌كرێت. هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی كورد به‌م كاره به‌ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ره‌وتی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌و باوه‌ڕمه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی كورد، سیاسی‌بوونی زانستیانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و هاوپێوه‌ندیی جه‌ماوه‌ری‌و تۆكمه‌یی ریزه‌كانی خه‌ڵكی پێش خست. له لایه‌كی دیكه‌وه ئێمه ده‌بینین مانگرتنه‌كه ته‌واوی چین‌و توێژه‌كانی گرتۆته‌وه، بازاڕی دووكانه‌كانی داخستووه، خه‌ڵكی گوند به‌ره‌و شاره‌كان نه‌هاتوون، قوتابیان نه‌چوونه‌ته قوتابخانه، وه‌رزشكاران ئاماده‌ی گۆڕه‌پانی كێبه‌ركێ نه‌بوون، چرای هه‌موو ماڵه‌كان له شه‌ودا كوژاونه‌ته‌وه‌و هه‌روه‌ها خه‌ڵك له‌و رۆژه‌دا وه‌كوو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه كه ره‌چاوكردنی فه‌رهه‌نگ‌و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگایه، جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی‌یان پۆشیوه‌و ره‌نگ‌و سیمای كوردستانیان به هه‌موو كار‌وباره‌كانیان داوه. له لایه‌كی دیكه‌وه، یه‌كێك له هۆكار‌و گرفته‌كانی خه‌باتی كورد، تێچووی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خه‌بات بۆ كورد‌و هاوكاتیش ئه‌م خه‌ساره گه‌وره‌یه خۆی له خۆیدا ئامیانی مانه‌وه‌ی داگیركاری بووه، چونكه له گۆڕه‌پانی میلیتاریزه‌و سه‌ركوتكه‌ری سه‌ربازیدا به‌هۆی ته‌یاربوون به چه‌ك‌و چۆڵی قورس، رێژیمه‌كان زه‌بری جه‌رگبڕیان له خه‌ڵكی سڤیل داوه، به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه كه رێژیم وێڕای ترس‌و تۆقان له پانتاكانی ناچه‌كداری‌و به‌رخۆدان كارانه، توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تا ئاستێكی به‌رچاو داده‌به‌زێ كه نموونه‌ی به‌رچاویشی مانگرتنی ئه‌مساڵ بوو كه به‌خته‌وه‌رانه هیچ گیان له ده‌ستدانێكی مرۆیی به‌دواوه نه‌بوو.
هه‌روه‌ك هه‌لومه‌رج‌و پێوانه جیهانی‌و پێویستییه‌كانی سه‌رده‌می نوێی خه‌بات كاناڵی ناتوند‌وتیژی‌و ئاشتیخوازانه‌یه‌و كۆماری ئیسلامیش له‌به‌ر ترسێك كه هه‌یه‌تی به‌شدارانی ئه‌مجۆره خه‌باته به بكه‌رانی "شۆڕشی مه‌خمه‌ڵین"و "براندازی نرم"و "ناتۆی فه‌رهه‌نگی" ناوزه‌د‌و تاوانبار ده‌كات، له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌وه‌یه كه ده‌توانین به به‌رده‌وامی‌و سه‌قامگیربوونی درێژخایه‌نتری ئاكامه‌كانی ئاماژه بكه‌ین كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری سڕینه‌وه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ دواوه نیه‌و هاوته‌ریبیش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ردوولایه‌نی ده‌سه‌ڵات‌و خه‌ڵك داده‌نێ‌و نه ته‌نیا شێوازه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات پاسیڤ‌و له په‌راوێز ناخات، به‌ڵكوو پاڵنه‌ر‌و هێزێكی پانگراویشه بۆ په‌ره‌سه‌ندن‌و بووژاندنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و به‌ره‌نگاری‌و ته‌نانه‌ت به‌رگریی چه‌كداریش كه وه‌كوو مافێكی ره‌وا له چوارچێوه‌ی به‌رگریی ره‌وادا پێناسه‌و دانی پێدا نراوه.
هه‌نووكه ده‌بێ حیزب‌و لایه‌نه كوردستانییه‌كان به گه‌ڵاڵه‌و پلان داڕشتنی ورد‌و ته‌كوزمه‌ندیی شیاو‌و پێویستی ستراتیژی‌و تاكتیكه‌كانی به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕانه، وێڕای رێبه‌رایه‌تی‌كردن‌و پێشه‌نگی له خه‌بات، بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چلۆن ده‌توانن ئه‌م چالاكییانه به ته‌واوی له حاڵه‌تی بێ‌به‌رنامه ده‌رباز‌و له چوارچێوه‌یه‌كی كانالیزه‌كراو‌و ئۆرگانیكدا به‌رده‌وامیی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، خاڵه لاواز‌و به‌هێزه‌كانی خه‌ڵك‌و رێژیم بناسن، تێ‌بكۆشن به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ پێداویستییه‌كانی خه‌باتی نه‌رێنی له نێوخۆی وڵات‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا، وه‌كوو ئاژانسی ده‌نگوباس، كانوونی پارێزه‌ران‌و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ دابمه‌زرێت، ناسینی هه‌لومه‌رجه‌كان‌و هه‌ڵسوكه‌وت به پێی ده‌رفه‌تی گونجاو‌و له‌بار، تاقیكردنه‌وه‌ی شێوازی جۆراوجۆر بۆ په‌یداكردنی ساناترین‌و به ئاكامترین رێكار، گرینگی‌دانی ته‌واو به په‌روه‌رده‌و راهێنان له پێناو زاڵبوون له‌سه‌ر ترس، هه‌ڕه‌شه، پیلانه‌كانی دوژمن‌و به‌رزڕاگرتنی وره‌ی شۆڕشگێڕانه‌و ئیراده‌ی پۆڵایین‌و متمانه‌و باوه‌ڕمه‌ندیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی به‌شداربووی خه‌بات، هه‌روه‌ها هێما‌و نیشانه‌و دروشمه‌كان، كات، بۆنه، بۆچێ؟ بۆ كێ؟ ئه‌و پرسیار‌و ره‌هه‌ندانه‌ن كه ده‌بێ ره‌چاو بكرێن. گرینگتر له هه‌موو ئه‌مانه‌ش پۆششی راگه‌یاندنی خه‌باته‌كه‌یه كه ده‌توانێ زیاتر له هه‌موو هۆكارێك به‌ئاكامتر‌و درێژدارتری بكات، هه‌روه‌ها ئێمه ده‌بێ ته‌واوی بیردۆزییه‌كانمان بخه‌ینه بواری كردارییه‌وه، چونكه دێموكراسی بێ خه‌باتی كرداری ده‌سته‌به‌ر نابێ، هه‌روه‌ك كاك دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ: "ئازادی نرخی ده‌وێ".
خه‌ڵك له‌م ساڵانه‌دا ئه‌وه‌ی بۆیان لوابێت‌و كرابێ، كردوویانه، هه‌نووكه‌ش جڵه‌ودار‌و پێشه‌نگ، وه‌كوو جاران حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتن كه به كانالیزه‌كردنی ئه‌م پۆتانسیه‌له، ئاسۆیه‌كی گه‌ش ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش بێگومان له ساڵانی داهاتوو‌و رۆژانی به‌رده‌مماندا، به جوانی‌و به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر