8ی مارس‌و هێزی په‌نگراوی ژنانی كورد
151 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، واته له رۆژی 8ی مارسی 1857ی زایینی‌دا، ژنانی كرێكاری كارخانه‌ی رستن‌و چنینی شاری نیۆیۆركی ئه‌مریكا، دژ به چه‌وساندنه‌وه‌یان له لایه‌ن خاوه‌ن كارانیانه‌وه، خۆپیشاندانێكی به‌رینیان به‌ڕێوه برد كه كوشتن‌و برینداربوونی چه‌ندین كرێكاریشی لـێ‌كه‌وته‌وه. ئه‌م رووداوه بووه هه‌وێنێك بۆ به‌خۆداهاتنه‌وه‌و، به خۆداچوونه‌وه‌ی ژنان له شوێنه جیاوازه‌كانی جیهاندا، تا ئه‌وه‌ی كه به‌هۆی زیندووڕاگرتنی بیره‌وه‌ریی 8ی مارسی نیۆیۆرك‌و هه‌روه‌ها رێزدانان بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ژنانی كرێكاری پتێرزبوورگی دژ به حكوومه‌تی رووسیه‌ی تێزاری له رۆژی 8ی مارسدا‌و بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له هه‌ر چوار گۆشه‌ی دنیادا، له ساڵی 1921دا ئه‌م رۆژه وه‌كوو "رۆژی جیهانیی ژن" له ئاستی جیهاندا ناودێر كرا‌و، له لایه‌ن زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه قبووڵ كراوه.
ژنانی جیهان له ماوه‌ی 151 ساڵ خه‌باتی به‌رده‌وام‌و بێ‌پسانه‌وه‌دا، بێجگه له سڕینه‌وه‌ی زۆر بیرۆكه‌ی ناڕاست به‌رانبه‌ر به ژنان‌و هاوته‌ریب كردنی خۆ له گه‌ڵ پیاوان‌و ناگوتن به هه‌ڵاواردنی جینسی، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتداریی هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت‌و ده‌زگا‌و ناوه‌ندی سه‌ره‌كیی بڕیاردانی جیهانیان له ئه‌ستۆ‌و له ده‌ست دایه.
به‌ڵام له كوردستانی كۆلۆنیال، ژنی كورد بێجگه له سته‌می جینسی، سه‌ره‌كیترین قوربانیی هه‌میشه‌یی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی‌و پاكتاوی ره‌گه‌زی بووه. ئێمه ئه‌گه‌ر به خێرایی چاوێك به مێژووی ئه‌م 200 ساڵه‌ی دواییه كورددا بخشێنینه‌وه، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه له ئه‌نجامی سیاسه‌تی راگواستن، ته‌عریب، ئه‌نفال، دۆزینه‌وه‌ی حیجابی ره‌زاخانی‌و نه‌ته‌وه‌سازیی ئاتاتورك، كیماباران‌و كۆڕه‌وه‌كان، ژنان‌و منداڵان تووشی ترسناكترین كاره‌ساته‌كان بوونه‌ته‌وه، كه ئه‌م دۆخه داسه‌پاو‌و هه‌لومه‌رجه خولقاوه، كاریگه‌ریی زۆر خراپ‌و نه‌رێنیی له‌سه‌ر كه‌سێتی تاكی كورد‌و كۆمه‌ڵگای كورد به‌گشتی‌و ناوچه قه‌یراناوییه‌كان به‌تایبه‌تی داناوه، به جۆرێ كه به‌ڵگه مێژوویی‌یه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن، كه له كۆمه‌ڵگای هه‌نووكه‌یی كورددا، بڕێك دیارده‌ی ناحه‌ز‌و كرده‌وه‌ی دژه‌مرۆیی له ژێر سێبه‌ری ئایین‌و شه‌ره‌ف پارێزیدا روو ده‌ده‌ن، كه له‌گه‌ڵ كولتووری كوردی‌و خووخده‌كانی مرۆڤی كورددا ناكۆك‌و ناته‌بایه.
هه‌رچه‌ند هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، پێشڕه‌وانی خه‌باتی رووناكبیری‌و فه‌رهه‌نگی به پێی توانایان هه‌وڵی رێكخستن‌و ئۆرگانیزه‌كردنی هێزی ژنانیشیان داوه، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه نیشتمان‌و ماف‌و ژن‌و پیاو، هه‌موو پێكه‌وه بوونه‌ته ئامانجی نكۆڵی‌و توند‌وتیژی‌و كاولكاری، ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆ بۆ گرنگیدان به‌و پرسه پێویستی‌و سه‌ره‌كییه حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌ستی نه‌داوه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه یه‌كه‌مین رێكخراوی ژنانی كورد له ئه‌ستانبۆل دامه‌زراوه‌و له پێناو وشیاریی ژناندا ده‌ستی به‌كار كردووه، هه‌روه‌ها له سه‌رده‌می كۆماری كوردستانی 1946دا، یه‌كه‌مین رێكخراوی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ژێر ناوی "یه‌كیه‌تیی ژنانی دێموكراتی كوردستان" پێك هێنرا، یان بانگه‌واز‌و داخوازی سه‌رنجدان به پرسی ژن‌و له‌به‌رچاوگرتنی ماف‌و به‌شداركردنی له كار‌وباری كۆمه‌ڵگادا، له ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی نۆزده‌و بیسته‌می كوردیدا به جوانی ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ك ده‌زانین روویه‌كی دیكه‌ی داگیركراوی، نه‌خوێنده‌واری‌و داخراویی كۆمه‌ڵگا‌و دواكه‌وتوویی‌یه، به‌و هۆیه‌وه به داخه‌وه كۆمه‌ڵگای كوردستان نه‌یتوانیوه هه‌له‌كان به دروستی بقۆزێته‌وه‌و، بیانخاته خزمه‌تی خۆیه‌وه. له سۆنگه‌یه‌كی دیكه‌وه تێنه‌گه‌یشتنی دروست له ئایین‌و باوه‌ڕمه‌ندی به شرۆڤه‌ی چه‌واشه‌و پێچه‌وانه‌ی هێژایی مرۆڤ، كۆسپ‌و له‌مپه‌رێكی دیكه‌ی به‌رده‌می ژنی كورد بووه‌و، ئه‌مه بۆته ئامیانی ئه‌وه‌ی كه هاوكات له سێ لایه‌نی: 1ـ ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری سه‌ره‌ڕۆ، 2ـ خودی ژنان‌و بنه‌ماڵه‌یان‌و 3ـ كۆمه‌ڵگاوه، بكه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی‌و به جۆرێك له جۆره‌كان مافیان پێشێل بكرێت.
ژنانی كورد كه ساڵانێكی به‌رده‌وام به‌شداری خه‌باتی رێكخراوه‌یی نێو شار‌و شۆڕشی چه‌كداریی شاخ بوون‌و سه‌ر نموونه‌گه‌لێك وه‌كوو: "مینا خانم"و "دایه زه‌ڕه‌وشان خانم"و شه‌هید "له‌یلا قاسم"و هه‌زاران نموونه‌ی دیكه‌یان بووه‌و هه‌یه، پاشانیش به‌هۆی گۆڕانكاری له شێوازه‌كانی خه‌باتدا‌و بایه‌خدانی سه‌ره‌كی به خه‌باتی شار‌و كانالیزه‌كردنی پۆتانسیه‌له‌كانی نێوخۆ‌و چالاكیی رۆشنبیری‌و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌راوێزخستنی ژنان‌و كولتووری باوكسالاری‌و مه‌زنخوازیی پیاوان، كه ده‌قاوده‌ق ره‌نگدانه‌وه‌ی یاسا‌و سیاسه‌تی سیستمه‌كانی زاڵ به‌سه‌ر كوردستاندا بووه، ژنی كوردیش پاش په‌روه‌رده‌و خوێندنی ئاكادمیك یان خۆپێگه‌یاندن‌و په‌روه‌رده‌ی شۆڕشگێڕانه، بوێرانه‌و لێبڕاوانه هاتنه مه‌یدانه‌وه. ژنانی كورد له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا هه‌م له ئورووپادا، هه‌م له سه‌نگه‌ره‌كانی شۆڕشدا‌و هه‌م له نێوخۆی وڵات‌دا توانییان رۆڵی باش‌و كاریگه‌ر‌و كارا بگێڕن، به‌ڵام به هیچ له‌ونێك‌و به پێی رێژه‌ی ژنان‌و هه‌لومه‌رجی زه‌مه‌نی‌و كه‌ره‌سته‌كانی به‌رده‌ست، ناتوانین خه‌بات‌و ئاماده‌بوونی ژنانی كورد چ له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و چ رۆشنبیری‌و فیمینیستیدا، به ته‌واو هه‌ڵسه‌نگێنین، چونكه ژنان خاوه‌نی هێزێكی په‌نگراوی كارا نه‌كراون، كه ده‌توانن به هاتنه مه‌یدانی به‌ربڵاوتر، ده‌ستكه‌وتی به‌نرخ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن، وه‌كوو زۆر بۆنه‌ی دیكه له ئێران‌دا، به فه‌رمی نه‌ناسراوه‌و جۆرێك له قه‌ده‌غه‌كاریی له‌سه‌ره، به‌ڵام ژنانی چاونه‌ترسی كوردستانی‌و ئێرانی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بێ‌گوێدان به هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌كانی رێژیم به كۆبوونه‌وه له ناوه‌نده‌كانی ژنان یان باخچه‌ی گشتیی شاره‌كان، ئه‌و رۆژه‌یان پیرۆز راگرتووه، ئه‌گه‌رچی رووبه‌ڕووی سه‌ركوتیش بوونه‌ته‌وه‌و، كۆبوونه‌وه‌كانیان تێك دراون، كه دوا نموونه‌ی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و ده‌ستێوه‌ردان له سێ كۆبوونه‌وه‌ی جیاوازی 8ی مارسی 85 له شاری سنه‌دا بوو.
ژنانی نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له‌م یه‌ك ده‌یه‌ی دواییدا شانبه‌شانی چین‌و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌شداری خه‌باتی مه‌ده‌نی به ته‌واوی لق‌و پۆپه‌كانیه‌وه بوون، هه‌وڵی ئۆرگانیزه‌كردنی چالاكییه‌كانیشیان داوه، كه دامه‌زراندنی، "ناوه‌ندی ژنانی كورد بۆ داكۆكی له ئاشتی‌و مافی مرۆڤ" به دروشمی: "مافی ژنان، مافی كه‌مینه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان = مافی مرۆڤ"، دامه‌زراندنی "ئه‌نجومه‌نی ژنانی ئازه‌رمێهر"، "ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگیی ژنان"و ...، به‌شداریی چالاكانه‌ی ژنانی كورد له كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ بۆ كه‌مپه‌ینی یه‌ك میلیۆن واژۆ له‌مه‌ڕ یه‌كسانی‌و هاوتایی مافی ژن‌و پیاودا‌و له به‌ندبوونی چه‌ندین ژنی رۆشنبیر‌و هه‌ڵسووڕاوی كورد له به‌ندیخانه تاكه‌كه‌سییه‌كانی رێژیم‌دا به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و راستییه‌ن. هه‌روه‌ها كچان‌و ژنانی كوردی نێوخۆ، وێڕای ئاسته‌نگه‌كانی رێژیم به بیانووی جۆراوجۆر، وه‌كوو گه‌ڵاڵه‌ی ته‌ناهیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و حیجابی ئیسلامی‌و...، توانیویانه له بواری خوێندنی باڵا‌و به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسی‌و وه‌رزشییه‌كاندا ده‌ستكه‌وتی به‌نرخ به ده‌ست بخه‌ن، كه نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌وانه، وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی جیهانی له لایه‌ن خاتوو په‌روینی ئه‌رده‌ڵانه.
به‌ڵام به‌گشت ئه‌مانه‌وه، بۆشایی‌و كه‌لێنێكی به‌رین له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه، كه پڕكردنه‌وه‌ی به‌شداری‌و تێكۆشان‌و ماندووبوونی زیاتری ده‌وێت، به‌تایبه‌ت بنه‌ما كولتووری‌و هزرییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه له هه‌مبه‌ر پرسی ژن‌دا، به‌هۆی چه‌واشه‌بوونێكی درێژخایه‌ن، پێویستی به وردبوونه‌وه‌ی زیاتر‌و هه‌نگاوی ژیرانه‌و ئازایانه‌تری خودی ژنان هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای ئێمه له راستیدا كۆمه‌ڵگایه‌كی رۆژهه‌ڵاتی‌و ئایین ته‌وه‌ر‌و داگیركراوه، هێشتاكه‌ش دۆزی ژن كوشتن، خۆسووتاندنی ژنان، ئاستی به‌رزی نه‌خوێنده‌واری له نێو ژناندا، رێگره ئایینی‌و فه‌رهه‌نگییه‌كان، خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان، ژن به ژن، سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی ئابووریی ژنان، ده‌ستكورتی ئابووری‌و رێژه‌ی به‌رزی ته‌ڵاق‌و گیرۆده‌بوون به مادده بێهۆشكه‌ره‌كان‌و... له رۆژه‌ڤ دایه. سڕینه‌وه‌ی ئه‌م رواڵه‌ته دزێوانه‌ش به فه‌رهه‌نگ سازی‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگا له‌مه‌ڕ هاوتایی جینسی‌و گرینگتر له هه‌مووی متمانه به‌خۆكردنی ژنان‌و ئاماده‌بوونیان له مه‌یدان دایه، چونكه هه‌روه‌كوو ماركس ده‌ڵێت: "گه‌وره‌ترین كاره‌سات بۆ كۆیله، ئه‌وه‌یه كه قه‌ناعه‌ت به كۆیله‌یی خۆی بكات."
***
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر