هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ ئاسۆ ساڵح، رۆژنامه‌وان‌و چالاكی مه‌ده‌نی
پ: كاك ئاسۆ، وێڕای سپاس بۆ ئاماده‌بوونتان له‌م وتووێژه، هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌م ماوه‌دا گوشار بۆ سه‌ر چالاكانی رۆژنامه‌وانی كورد له زێده‌بوون دایه‌و هه‌واڵی ئه‌وه هه‌یه كه حوكمی ئێعدامی عه‌دنان حه‌سه‌نپووریش په‌سند كراوه، جه‌نابتان وه‌كو چالاكێكی رۆژنامه‌وانی له‌و بواره‌دا لێكدانه‌وه‌تان چۆنه‌و دوایین زانیارییه‌كانتان چین؟
سه‌ره‌تا منیش زۆر سپاسی ئێوه‌و رۆژنامه‌ی "كوردستان" ده‌كه‌م، دیاره رۆژنامه به پێی ئه‌و شته‌ی كه له مێژوودا هاتوه‌و به پێی ئه‌و شته‌ی كه تا ئێستا بووه، دوو ئه‌ركی هه‌یه، دوو ره‌ساله‌تی له سه‌رشانه، رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووس، كه یه‌كێكیان رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وی دیكه‌یان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگا. دیاره ئه‌وه‌ی كه رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه وه‌كوو چاوێكی ده‌سه‌ڵات، وه‌كوو گوێیه‌كی ده‌سه‌ڵاته، كه ئه‌و شتانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه رابگه‌یه‌نی به ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه له لایه‌كه‌وه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دێت ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرێ، ئه‌م كه‌م‌وكوڕییانه‌ی كه له نێو ده‌سه‌ڵاتدایه ده‌ڵێ و، به گشتی رۆڵێكی ره‌خنه‌گری هه‌یه. له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بینین رێژیمی ئێران كه هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی رێژیمێكی توتالیتاری هه‌یه، ناتوانێ ته‌حه‌موڵی بكا كه كه‌سێك ره‌خنه‌ی لێده‌گرێ. به واته‌یه‌كی دی هه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئێرانه‌وه ده‌ستی پێ‌كرد و هێندێ شتیان جیاكرده‌وه، ئه‌یانگوت "خودی‌و غیرخودی"، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كات ئه‌و بازنه‌یه‌ی كه پێیان ده‌گوت"خودی" زۆر زۆر گه‌وره بوو، واته له پرۆسه‌یه‌كدا كه له‌م 29 ساڵه‌دا به‌سه‌رچووه، ئه‌و بازنه‌یه زۆر چوكه‌كراوه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به جۆرێك ره‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵات بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له سه‌رده‌مێكدا خۆیان به‌شێك له‌و ده‌سه‌ڵاته بوون، به‌ڵام ئێستا بوونه‌ته ره‌خنه‌گری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، له‌و بازنه‌یه‌ی كه پێیان ده‌ڵێن "خودی" هاتنه ده‌ر‌و كه‌وتنه ریزی "غیرخودی"یه‌كان. به پێی ئه‌م هێڵبه‌ندییانه كورده‌كان به گشتی له بازنه‌ی "غیرخودی" دان، واته كورده‌كان له سه‌ره‌تادا وه‌كوو كورد تاوانبارن، به‌ڵام كه كوردێك هات چالاكی ده‌ست پێ‌كرد، به فه‌رمی ده‌بێته تاوانبار. له‌م روانگه‌وه ده‌بینین كه رۆژنامه‌وانی كورد به پێی یاسایه‌كی نهێنی كه له نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران‌دا هه‌یه دوو تاوانی له‌سه‌ره. یه‌كه‌می ئه‌وه‌یه كه كورده، تاوانی دووهه‌می ئه‌وه‌یه كه رۆژنامه‌نووسه. ئێستا ده رۆژنامه‌نووس له ئێران به پێی دوایین زانیاری له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامیدان‌و ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌م ژماره گه‌یشتبوو به حه‌وت كه‌س، ئێران بوه گه‌وره‌ترین زیندان بۆ رۆژنامه‌نووسان، ئێستا 10 رۆژنامه‌نووس له زیندانه‌كانی ئێراندان، 5 كه‌س له‌و رۆژنامه‌نووسانه به داخه‌وه كوردن، ئیجلال قه‌وامی، محه‌ممه‌د سدیق كه‌بودوه‌ند، كاوه جه‌وانمه‌رد، ئاكۆ كوردنه‌سه‌ب، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، به‌داخه‌وه لقی 32ی، "دیوانی عالی كیشوه‌ر" به پێی هه‌واڵێكی نافه‌رمی كه وه‌كیڵه‌كه‌یان ساڵح نیكبه‌خت، سه‌ردانێكی دیوانی كردوه، ئه‌و حوكمه‌یان تأیید كردوه‌و ئاغای نیكبخت گوتوویه كه ئێمه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕین، ئیدی ئاگادار نیم كه به شێوه‌یه‌كی یاسایی رێگه ماوه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی حوكمێكی وه‌ها كه سه‌پێنراوه، یان نه، هیوادارم كه ئه‌م حوكمه هه‌ڵ وه‌شێته‌وه.
پ: هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به خوێندكارانی كوردیش ئه‌م گوشاره به‌رده‌وامه، هۆكاری ئه‌و جۆره سه‌ركوتانه چیه؟
ئه‌گه‌ر له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌و خوێندكار بڕوانین، ده‌بینین كه بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری، بزووتنه‌وه‌یه‌كی رادیكال‌و ره‌خنه‌گر بووه، له لایه‌كی دیكه‌وه رێژیمی ئێران، رێژیمێكی توتالیتاره، ته‌نانه‌ت دێته نێو ماڵه‌كانیش به تۆ ده‌ڵێ چی بكه‌ی، نابێ چی بكه‌ی، ده‌بێ چی بكه‌ی...، وه‌ها رێژیمێك ناتوانێ ته‌حه‌موول بكا كه تۆ بزووتنه‌وه‌یه‌ك پێك بێنی، بزووتنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ‌و ره‌خنه‌گر بێ، ئێمه له مانگی گوڵانی ئه‌مساڵدا سیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م، به سه‌رۆك كۆماری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ، له زمانی وه‌زیری ئیتلاعاته‌كه‌یدا بیستمان كه گوتی ئه‌و بزووتنه‌وانه كه به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی، به ناوی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری، ژنان، رۆژنامه‌نووس‌و ... دێته ئاراوه هه‌موویان له هه‌وڵی "شۆڕشی نه‌رم"، یان "شۆڕشی مه‌خمه‌ڵی"ین، واته وه‌ها بزووتنه‌وه‌گه‌لێ كه سه‌ربه‌خۆ‌و بێ‌لایه‌نن ده‌ستێك له پشتیانه‌وه‌یه‌و كه به‌و قسه‌ی موحسێنیی ئێژه‌یی ده‌ستی رۆژئاوایه كه ده‌یانهه‌وێ له ئێران‌دا شۆڕشێكی نه‌رم به‌رپا بكه‌ن. دیاره وه‌ها سیاسه‌تێكی گشتی كه ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌یه‌تی، زۆر سروشتییه كه وه‌ها هه‌ڵوێستێكی هه‌بێ به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری، وه‌كوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ‌و ره‌خنه‌گر، سروشتییه خوێندكاره‌كان زیندانی‌و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن‌و باس له شۆڕشی فه‌رهه‌نگی دێته‌گۆڕێ.
پ: ئێوه‌و كۆمه‌ڵێك خوێندكاری كورد له به‌هاری 84ی هه‌تاویدا، "یه‌كیه‌تیی دێموكراتیكی خوێندكارانی كورد" تان دامه‌زراند، ئامانج له دامه‌زراندنی ئه‌و یه‌كیه‌تییه چی بوو؟
ئێمه ده‌مانبینی كه هێزێكی زۆر له‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه به ناوی ئێرانییه‌وه خه‌ریكی چالاكین، به‌شێكی زۆریان كوردن. خۆمان بنكه‌یه‌كی كوردیمان هه‌بوو له زانكۆكاندا، گۆڤاری كوردیمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و چالاكییانه هه‌موویان له ژێرناوی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی ئێران ده‌ناسران. ئه‌و چالاكییانه‌ی كه له زانكۆی كرماشان، تاران، هه‌مه‌دان، ته‌ورێز ده‌كرا، خۆپیشاندان ده‌كرا، به ناوی ده‌فته‌ری ته‌حكیم وه‌حده‌ت ده‌نوسرا، نه به ناوی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردی. به‌ڵام له‌م لاوه خویندكاره كورده‌كان نرخیان ده‌دا ئێمه وه‌ها پۆتانسیه‌لێكمان له نێو زانكۆكانی ئێران‌دا ده‌بینی،ئه‌و پوتانسیێله به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو بوو، ئێمه هاتین له سه‌ره‌تایی‌ترین ئامانجماندا، گوتمان بێین ئه‌م پوتانسێله، كۆبكه‌ینه‌وه‌و له ژێر چه‌تری یه‌كیه‌تییه‌كی گشتگیردا رێكیان بخه‌ین. سه‌ره‌تا باس له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كرا كه ئێمه ناوی بنێین سه‌ندیكا یان یه‌كیه‌تییه‌ك یان ناوی بنێین بزووتنه‌وه، شوێنێك بێ كه ئێمه بتوانین كۆبینه‌وه‌و باس بكه‌ین‌و شتێك پێك بێنین كه هاوشێوه‌ی ئه‌و شته‌ی بێ كه له ئێران‌دا پێی ده‌ڵێن ده‌فته‌ری ته‌حكیمی وه‌حده‌ت یان یه‌كیه‌تییه‌ك كه كۆكراوه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كان بێ. دوای چه‌ندجار دانیشتن له گوڵانی 84دا ئێمه گه‌یشتین به‌وه كه یه‌كیه‌تیی دێموكراتیكی خوێندكارانی كورد له زانكۆكانی ئێران‌دا پێك بێنین. ئه‌م یه‌كیه‌تییه سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌كی "سه‌نتراڵ ـ دێموكرات" پێكهات، تاكه‌كه‌س نه‌یده‌توانی بێته ئه‌ندام، به‌ڵكوو گۆڤار یان بنكه، یان ئه‌نجوومه‌نه‌كان كه له نێو زانكۆكاندا بوون به شێوه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی حقووقی هاتنه نێو ئه‌م یه‌كیه‌تییه. دیاره به شێوه‌كی فه‌رمیش ئێمه دوامان كردوه له كۆمسیۆنی ماده 10ی ئه‌حزاب، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامی نه‌هاتۆته‌وه.
پ: كاك ئاسۆ له روانگه‌ی به‌ڕێزتانه‌وه، بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورد خاوه‌نی شوناسی تایبه‌تی خۆیه‌تی؟
كاتێك كه باس له بزووتنه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، به چالاكییه‌كانی ده‌زانین كه ئه‌و بزووتنه‌وه بوونی هه‌یه یان نه، دیاره ئه‌مه جیا له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه كه ئه‌و بزووتنه‌وه هه‌یه‌تی وه‌كوو سه‌ره‌كیی‌ترین شتێك كه بواری رێكخستنیه‌تی. ئێمه له بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردیدا هێندێك هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی ئێرانیشدا هه‌یه، بۆ نموونه مافی مرۆڤ، دێموكراسی‌و كولتووری دێموكراسی، به‌ڵام شتێكی جیاواز كه شوناسێك ده‌دات به خوێندكاره كورده‌كان، ئێمه له یه‌كیه‌تییه‌كه‌دا هاتین ئه‌و شوناسه‌مان بۆ خۆمان پێناسه بكه‌ین، له به‌رنامه‌و پێڕه‌وێكدا كه 12 خاڵمان هه‌بوو، هاتین له یه‌كه‌م خاڵدا باسی شوناسمان بۆ خوێندكاری كورد كرد، خوێندكاری كورد به شوناسێكی تایبه‌ت خۆی ده‌ناسێ، دیاره هێندێك كه‌س ئاماژه ده‌كه‌ن به‌وه كه بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردیش به‌شێكه له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد، تا راده‌یه‌ك ئه‌وه راسته، چوونكه ئه‌و ئامانجانه‌ی كه بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی خوێندكاریی كوردی ئێستا هه‌یه بۆ ده‌ستپێكردنی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورد له ساڵی 58 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌و بزووتنه‌وه خوێندكارییه‌یان له ئێران‌دا پێك هێنا، پاشان چوونه نێو حیزبێكی سیاسی‌و كاری سیاسیان ده‌ستپێكرد. به‌ڵام به پێی پێناسه‌ی ئێمه بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری جیایه له كاركردنی سیاسی و حیزبایه‌تی كردن. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری هه‌وڵ نادات بۆ ده‌سه‌ڵات، واته ئه‌مه ئه‌و جیاوازییه‌یه كه له‌گه‌ڵ حیزبێكی سیاسی‌دا هه‌یه‌تی، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین كه ئێمه له ئێران‌دا ده‌سه‌ڵاتێكمان نیه به ناوی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، بۆیه ده‌توانین بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كوردیش به به‌شێك له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد بزانین، چونكه ده‌سه‌ڵاتێك نیه ره‌خنه‌ی لێ‌بگرێ، بۆیه هه‌ندێ له‌و پێناسانه‌ی كه بۆ بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ده‌كرێ‌و هه‌ندێ له‌و بیرمه‌ندانه‌ی وه‌كوو "هابرماس"و "دریدا" كه هاتن باسی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان كرد، ئه‌و شتانه به‌ڕای من له بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی كورددا ناكرێ تێكه‌ڵاوییان بكه‌ین، هێندێ جیاوازییان هه‌یه.
پ: كاك ئاسۆ ئێوه وه‌كوو كه‌سێكی نزیكی رێكخراوی داكۆكی له مافی مرۆڤی كوردستان رۆڵی ئه‌و رێكخراوه‌یه له‌ماوه‌ی زیاتر له 2 ساڵ چالاكیدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟و دوایین پێشهاته‌كان له‌مه‌ڕ ئه‌و رێكخراوه‌یه چین؟
ئێمه هێندێك جار باس له بڕێك شت له نێو كۆمه‌ڵگای خۆماندا ده‌كه‌ین، كه گه‌وره‌ترینی پێشێلكردنی مافی مرۆڤه، به‌ڵام تا ئێستا رێكخراوه‌یه‌كی تایبه‌تمان نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و شتانه رابگه‌یه‌نین. من له‌م رۆژانه‌دا چه‌ند كه‌س له دۆستانم بینی كه له تاران چالاكن، ده‌یانگوت كه ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی كه له كوردستان ده‌كرێ به‌رامبه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی كه له تاران‌دا ده‌كرێ، به‌ڵام ئێمه چونكه كاناڵێكمان نیه ئه‌مانه رابگه‌یه‌نین‌و بیگه‌یه‌نینه بیروڕای گشتی‌و هێندێ رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤـ، ئه‌و شتانه راناگه‌یه‌ندرێ، وا ده‌زانن له كوردستاندا هیچ خه‌به‌رێك نیه، دامه‌زرانی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان پێموایه هه‌نگاوێكی زۆر باش بوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، پێشێلكاریی ده‌كرێ، ئه‌مه شتێكی زۆر روونه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه رێكخراو بۆ خۆی بڵاوی كرده‌وه هه‌ر پێنج خوله‌ك جارێك له كوردستاندا مافی تاكێكی مرۆیی پێشێل ده‌كرێ، ئاوه‌ها ئامارێكمان هه‌یه، به‌ڵام ناگه‌نه گوێی هێندێ رێكخراو له ده‌ره‌وه، با لانیكه‌م هه‌نگاوی بۆ به‌رگری‌و چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵێنین. رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان له‌و راستایه‌دا دامه‌زرا. له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، به داخه‌وه ئێستا ئه‌بینین كه به‌رپرسی ئه‌و رێكخراوه‌یه، كه كه‌سێكی ماندوو نه‌ناس بوو، به گیان‌و به دڵ له هه‌موو شتێكی خۆی مایه‌ی داده‌نا له رێگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌دا، كاك محه‌ممه‌د سدیق كه‌بوودوه‌ند ئێستا له زینداندایه‌و به پێی دوایین زانیارییه‌كان زۆر له ژێر گوشاردایه كه هه‌لًوه‌شانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه رابگه‌یه‌نێ و بڵێ رێكخراوێكی وه‌ها بوونی نیه، كه ئه‌وه‌ش خه‌یاڵی خاوه، چونكه رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان ئێستا به شێوه‌یه‌كی كاناڵیزه دامه‌زراوه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاوه‌ها رێكخراوێك ئه‌سته‌مه، ئێستا ده‌بینین كه كاك سدیق له ژێر گوشاردایه‌و به پێی دوایین زانیارییه‌كان ئه‌یانه‌وێ كه ئه‌م رێكخراوه‌یه هه‌ڵوه‌شێنێ‌و بڵێ ئه‌و راپۆرتگه‌له‌ی كه دراوه، دروست نه‌بوونه، به پێی دوایین به‌یاننامه كه ئه‌منێسی ئێنترناسیوناڵ (لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی) بڵاوی كرده‌وه ئه‌وه‌نده له ژێرگوشاردایه كه ته‌نانه‌ت بۆ چوونه ده‌ستشوییش ده‌بێ به نووسراوه داوا له كاربه‌ده‌ستانی زیندان بكا.
پ: وه‌كوو كه‌سێك كه له بواری رۆژنامه‌گه‌ریی خوێندكاریی كورده‌وه یه‌كێك له كه‌سانی چالاك بووبێت، رۆڵی رۆژنامه‌گه‌ریی خوێندكاری له ماوه‌ی ئه‌م ده ساڵه‌ی دواییدا له پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و بیری نه‌ته‌وه‌یی كورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئه‌و بڵاڤۆكانه تا چ راده‌یه‌ك كاریگه‌رییان له سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستانی رۆژهه‌ڵات هه‌بووه؟
له كۆتایی‌یه‌كانی ده‌یه‌ی 70دا یه‌كه‌م گۆڤار‌و بنكه كوردییه‌كان له نێو زانكۆدا پێك هاتن، كه یه‌كه‌م بنكه‌و گۆڤار له زانكۆی تاران به ناوی بنكه‌ی "كازیوه"و گۆڤاری "كازیوه"، پاش یه‌ك ساڵ هه‌موویان داخران. هه‌روه‌ها له ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی 70دا بزووتنه‌وه‌یه‌كی روناكبیری‌و خوێندكاری پێكهاتبوو، سه‌ره‌تا گۆڤاره كوردییه‌كان له زانكۆدا پێكهاتن‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو چونه نێو كۆمه‌ڵگاوه. نێوه‌رۆكیان چ له وتاره كوردییه‌كان‌و چ وتاره فارسییه‌كاندا چه‌ند فاكته‌رێكیان تێدا بوو كه ده‌توانم بڵێم ئه‌و فاكته‌رانه زیندووكردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردیدا بوو. بۆیه رۆڵێكی زۆر مه‌زنیان هه‌بوو، چ بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری، چ بزووتنه‌وه‌ی روناكبیری‌و چ بزووتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری، ئه‌م سێ كوچكه هه‌ر كامێكیان به جۆرێك به‌هێزكردنی ئه‌و كاناڵه بوون. ئه‌م سێ‌كوچكه به‌ڕای من له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كه هه‌ر سێكیشیان وه‌كوو سێ دیارده‌ی مودێڕن باسی لێده‌كرێ، هه‌رسێكیان له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی زۆر كاریگه‌ربوون.
پ: كاك ئاسۆ، دوایین بارودۆخی رۆژنامه‌گه‌ریی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه، چۆنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ؟
ده‌مهه‌وێ ئاماژه به مێژوویه‌كی 8 ساڵه بكه‌م كه پاش ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی حه‌وته‌م، ده‌وڵه‌تی خاته‌می هاته‌سه‌ركارو فه‌زایه‌كی له‌بار له ئێران به گشتی بۆ پێكهاتنی رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ هاته ئاراوه، له كوردستانیشدا ئه‌و فه‌زایه خوڵقا كه چه‌ندین رۆژنامه ئیمتیازیان پێ‌درا، یه‌ك دانه رۆژنامه كه تا ئێستا له مێژووی ئێران‌دا بێ‌پێشینه بوو و چه‌ندین حه‌وتوونامه‌ی كوردی ـ فارسی دامه‌زران كه به داخه‌وه هه‌موویان داخراون. رۆژنامه‌ی "ئاشتی"، حه‌وتوونامه‌ی "پیام مردم"، حه‌وتوونامه‌ی"پیام كردستان"، حه‌وتوونامه‌ی "دیدگاه"، حه‌وتوونامه‌ی "ئاسۆ"، حه‌وتوونامه‌ی "رۆژهه‌ڵات"، كه ئێستا داخراون‌و هێندێ له‌و رۆژنامه‌وانانه سزا دراون‌و هێندێكیشان ئێستا له زینداندان. ئه‌توانم بڵێم ئێستا رۆژنامه‌یه‌كی كوردی له ئێران‌دا بوونی نیه كه بڵێم بارودۆخی رۆژنامه‌وانی كوردی چۆنه، به‌ڵام ئێمه هه‌ر رۆژنامه‌نووسمان هه‌یه له كوردستاندا. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسیی كورددا هێندێ جیاوازیی هه‌بوو. ده‌سه‌ڵات نایهه‌وێ ئه‌و نرخه هه‌ڵگرێ و بێ له لایه‌ن كۆمیته‌ی چاودێری به‌سه‌ر بڵاوكراوه‌كانه‌وه، حه‌وتوونامه یان گۆڤارێك دابخا. له رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه بۆ ئه‌و شته ده‌كات، وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه گوشاری ده‌خسته سه‌ر مودیرمه‌سئوول، ده‌یگوت ئه‌و كه‌سانه نابێ له‌و حه‌وتوونامه‌یه‌دا بن، ئه‌و شته‌ی كه بۆ ئێمه له حه‌وتوونامه‌ی "دیدگاه" هاته ئاراوه، بۆ وێنه "ئیتلاعات" چه‌ندین جار گوشاری خستبوه‌سه‌ر به‌رپرسه‌كه‌مان كه من‌و ئیجلال قه‌وامی‌و ئومید ئه‌حمه‌دزاده نابێ له‌و حه‌وتوونامه‌یه‌دا بمێنین‌و ده‌بێ ده‌ربكرێین. یان نه‌دانی "سوبسید"ه به حه‌وتوونامه‌كان، چونكه به پێی یاسای ئێران هێندیك كاغه‌زی سوبسیدی پێ ده‌ده‌ن. چونكه به‌های چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه له ئێران‌دا زۆر زۆره. ده‌وڵه‌ت هێندێ سوبسید له به‌رده‌ستی رۆژنامه‌كان داده‌نێ له كوردستاندا به داخه‌وه ئه‌و شته زۆر كه‌م بوو یان بوونی نه‌بوو، یان به دروستكردنی كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی ترس‌و تۆقاندن كه ئاكامه‌كه‌ی شتێك بوو به نێوی "خودسانسۆری". رۆژنامه‌نووس ده‌هات به‌رله‌وه‌ی بابه‌ته‌كه بچێ بۆ رۆژنامه‌و بڵاوی بكاته‌وه، هه‌ر بۆ خۆی سانسۆری ده‌كرد، كه ئاكامی خودسانسۆری، دابه‌زینی ئاستی نیوه‌رۆكی بابه‌ته‌كان بوو، ئێستاكه‌ش رۆژنامه‌نووسه‌كانمان یان له گرتووخانه‌گانن یان له ژێرگوشارێكی زۆر دان.
پ: كاك ئاسۆ، به‌ڕێزت یه‌كێك له‌و كه‌سانه بووی كه له كوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا به‌رده‌وام گوشار كه‌وتۆته سه‌رت‌و له لایه‌ن رێژیمه‌وه به‌ندكراوی‌و له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئێرانه‌وه حوكمی زیندانت بۆ ده‌رچووه‌و له‌م رۆژانه‌شدا دووباره بانگهێشتكراوی بۆ دادگای به‌ناو شۆڕشی سنه، هۆی ئه‌م دادگایی‌و به‌ندكرانانه چی بوو؟
من سه‌ره‌تا ساڵی 84 بانگهێشتی دادگای سنه كرام و به تاوانی "نشر اكاژیب" له لایه‌ن لقی 101ی دادگای شاری سنه‌وه به شه‌ش مانگ زیندانی، كه ئه‌و شه‌ش مانگه بوو به ساڵێ "ته‌علیق" حوكم درام. پاشان كه وه‌كوو به‌رپرسی به‌شی كوردیی حه‌وتوونامه‌ی "دیدگاه" كارم ده‌كرد، له 8ی مارسدا كه بڕیار وابوو له شاری سنه سێ‌كۆبوونه‌وه به‌ڕێوه بچێ، منیش وه‌كوو هه‌واڵنێرێك له یه‌كێك له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌شدار بووم‌و راپۆرتێكم ئاماده ده‌كرد كه له لایه‌ن ئیتلاعاتی شاری سنه‌وه بۆ ماوه‌ی 12 رۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر كرام‌و پاشان دوو په‌روه‌نده‌م له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ ساز كرا، له په‌روه‌نده‌یه‌كدا پێنج تاوانم له‌سه‌ر بوو: كاركردن دژی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، شێواندنی بیروڕای گشتی، پڕوپاگه‌نده دژی رێژیم، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ره‌كان، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه دژبه‌ره‌كانی رێژیم، من كاتێك به‌م پێنج تاوانه بانگهێشت كرام‌و 6 مانگه‌كه‌ی دیكه‌شم هه‌بوو ئه‌ویش به‌ڕێوه‌چوو، واته به یه‌ك ساڵ‌و شه‌شه مانگ زیندان سزا درام‌و، ئێستاش له دوایین په‌روه‌نده‌دا، به تاوانی سیخوڕی بانگهێشتی دادگا كرام، كه ئه‌مه به پێی یاسای كۆماری ئیسلامیی ئێران به "محارب"ه ده‌ناسرێ‌و به پێی یاسای ئێران "محارب"ه حوكمی ئێعدامه.
به‌داخه‌وه به هۆی ئه‌و گوشارانه‌ی كه له‌سه‌رم بوو پاش ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سزایانه‌م به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، ناچاربووم وڵات به‌جێبهێڵم‌و ئێستا ماوه‌ی 3 مانگ‌و نیوه وڵاتم به‌جێ هێشتوه‌و له باشووری كوردستاندا نیشته‌جێم.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر