ده‌وڵه‌تی دلۆڤانی‌و هێژمۆنیی مه‌رگ
ده‌ستپێكی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد له سه‌ره‌تای هاوینی 84 به كوشتنی دڕندانه‌ی لاوانی كورد‌و كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ خه‌ڵكی مه‌هاباد‌و سه‌قز‌و شنۆ‌و ... بوو. پاشان به دانانی دوو كه‌س له بكوژانی‌و جێبه‌جێ‌كه‌رانی جووخه‌كانی مه‌رگی كۆماری ئیسلامی له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی شه‌ست ـ به تایبه‌ت له‌سێداره‌دانی به‌ندكراوانی رامیاری له خه‌رمانانی 67 دا ـ له‌سه‌ر كورسی وه‌زاره‌تی نێوخۆ‌و ئیتلاعات، سێ‌كۆچكه‌ی دزێوی مرۆڤكوژان (ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد، مسته‌فاپوور محه‌ممه‌دی‌و موحسێنی ئێژه‌یی) پێك هات
كۆماری ئیسلامی له ریزی ئه‌و رێژیمه خۆسه‌پێنه‌رانه‌ی كه بنه‌ماو بنه‌ڕه‌تی هێز‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌سه‌ر ره‌خساندنی ترس‌و تۆقاندنی به‌رده‌وام دامه‌زراندوه‌و، له سه‌ره‌تای حكوومه‌تی خۆیدا رێگایه‌كی گرتۆته‌به‌ر كه به پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی كارامه له‌سه‌ر بنه‌مای جێگه‌و پێگه‌ی مرۆڤـ و له‌به‌رچاوگرتنی یاسا‌و چوارچێوه‌كانی پاراستنی مافی مرۆڤ‌و بنیاتنانی فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی ، له‌خۆبردویی،رێهاتن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ له روانگه‌یه‌كی ئاكادمیكه‌وه‌و دانانی گوتارێگی هزری بوه. ئه‌وان به جێگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ببنه حاكمی ئه‌ندێشه‌و رێگه‌خۆشكه‌ری مرۆڤ ته‌وه‌ریی‌و رێزداری حه‌ق‌و پارێزه‌ری مافی شارۆڤه‌ندی، حكوومه‌تكردن له‌سه‌ر هه‌ست‌و دڵی خه‌ڵكیان له‌پاڵ مافی خاوه‌ندارێتی‌و گۆپاڵ به‌ده‌ستی هه‌ڵبژارد‌و زۆربێژی‌و ملهوڕییان كرده پشتیوان‌و پارێزه‌رانی فه‌رمانڕه‌واییان.
دامه‌زرێنه‌رانی كۆماری ئیسلامی كه ده‌ستێكی باڵا‌و میراتێكی هه‌ره‌مه‌زنیان له چه‌واشه‌كاری‌و پۆپۆلیزمدا هه‌یه، له درێژایی مێژووی ئه‌م خاكه‌دا سیاسه‌ت كردن له هه‌مبه‌ری ساویلكه‌یی خه‌ڵك كه سه‌رچاوه‌ی بۆ باوه‌ڕی مه‌زهه‌بی‌و ئیدئۆلۆژیك‌و رواڵه‌تی بینینی دیارده‌كان هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه، كردۆته ده‌ستمایه‌ی بژێوی‌و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی‌و نافه‌رمی چینێكی تایبه‌ت‌و، بۆ داڕشتن‌و به كرده‌وه‌ی كردنی رامان‌و بیرۆكه‌و باوه‌ڕی خۆیان، كۆمه‌ڵگایان له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییان به دوو به‌ش‌و بنه‌مای سه‌ره‌كی خێر‌وشه‌ڕ دابه‌شكردوه‌و، پێیان وایه كه ئه‌وان له شوێنێكن كه خه‌ڵك به‌رژه‌وه‌ندی‌و قازانجی خۆی ناناسیت‌و فام ناكا، له‌به‌رئه‌وه پێویستییان به رێنمایی‌كه‌ر‌و چاكساز‌و پاسه‌وانێك هه‌یه له پێوه‌ندیدرا به دنیای غه‌یبیه‌وه بن‌و ئه‌م گرووپه گه‌وره‌یه ته‌نیا له‌وان ده‌وه‌شێته‌وه. له بیاڤی كرداریی باوه‌ڕداران به‌م باوه‌ڕانه، مه‌رگ‌و تێراژێدی هه‌میشه جێگایه‌كی به‌رزو ئه‌وتۆی ته‌رخانی خۆی كردوه. مردن یان كوشتن گرینگ نیه، چون هه‌ر دو لایه‌نی ئه‌م باسه بۆ ئیدئۆلۆژی‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان سودمه‌نده. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ هه‌میشه مه‌رگ‌و توندوتیژی‌و كوشت‌وبڕ به ناخی كۆمه‌لگادا زه‌ق‌و زاڵ بێ، چونكه هه‌بوونی ئه‌وان به نه‌بوونی ژیان‌و پیرۆزییان له كۆتایی هێناندایه، تا یه‌كڕه‌نگی و یه‌كگرتویی دڵخوزای خۆیان به‌ده‌ست بێنن. توانایی ئه‌وان له ئافراندن‌و ئازادی‌و جیاوازییه‌كاندا نیه، به‌ڵكو یه‌كڕیزی‌و پاوانی هه‌مو شتێك و، ره‌وایی قوربانیكردنی هه‌مو له پێناوی ره‌وایی خۆیانه، به جۆرێكه به گێڕانه‌وه‌ی خۆیای له زمانی دامه‌زرێنه‌ری حكومه‌تی ئیسلامی "ئه‌گه‌رچی له ئیسلام گیانی مرۆڤ بایه‌خداره، به‌ڵام بۆ پاراستنی شۆڕش ده‌كرێت گیانی گشت مرۆڤه‌كان بستێنن".
ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كه به‌ڕاستی رواله‌تێكی تا راده‌یه‌ك راسته‌قینه له روخساری ده‌مامكداری رێژیمی مه‌لاكان له ئێراندایه، له ماوه‌ی كورتی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، جارێكی‌تر بێ‌دڵه‌راوكێ‌و بێ تێفكرین له كۆتایی‌و كاردانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و شارۆمه‌ندی هاووڵاتییان به رێژه‌یه‌كی زێده‌ی‌و به‌ربڵاوی رۆژانه، سیاسه‌تی مه‌رگ ته‌وه‌ره‌یی كردۆته رێبازی خۆی‌و به وته‌ی "ئیسماعیلی نه‌جاڕ" نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت له كوردستان "دروشمی دلۆڤانی ده‌وڵه‌تی ئێمه، كوشت‌وبڕ‌و له ره‌گه‌وه داپاچینی گشت دژبه‌ران‌و دوژمنان ناڕازیانی خۆمانه، ئه‌گینا دلۆڤانی واتایه‌كی نابێ". ئه‌م حكومه‌ته به‌و كوشت‌وبڕانه‌ی كه له‌م ماوه‌دا كردویه‌تی، مه‌به‌ستی پاڵاوتنی به‌وته‌ی خۆیان ته‌واوی كه‌سه كێشه‌خوڵقێن‌و نایه‌كاگیره‌كانی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌یه، تا به‌مجۆره په‌یامێكیشیان به هێزه نێوخۆییه‌كانی بڕوادار به وه‌لایه‌ت وه‌كوو شه‌به‌نگی چه‌پی حكوومه‌تیش دابێ. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وێڕای هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته زلهێزه‌كان‌و هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل كه ئه‌ندامێكی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه، ژینۆسایدی هۆڵۆكاستی ره‌تكرده‌وه‌و، تاوانه‌كانی هیتلێری ره‌ت‌و بێ‌تاوان له‌قه‌ڵه‌مدا، هه‌روه‌ها له كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌مڕۆژیانه‌و له ته‌شكێكی دێموكراتیدا! كونفڕانسێكی چه‌ند رۆژه‌ی بۆ سه‌لماندنی بێ‌تاوانی‌و زوڵم لێكراوی نازییه‌كان به‌ڕێوه برد.
له لایه‌كی دیكه‌وه له بواری نێوخۆ ده‌ستپێكی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد له سه‌ره‌تای هاوینی 84 به كوشتنی دڕندانه‌ی لاوانی كورد‌و كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ خه‌ڵكی مه‌هاباد‌و سه‌قز‌و شنۆ‌و ... بوو. پاشان به دانانی دوو كه‌س له بكوژانی‌و جێبه‌جێ‌كه‌رانی جووخه‌كانی مه‌رگی كۆماری ئیسلامی له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی شه‌ست ـ به تایبه‌ت له‌سێداره‌دانی به‌ندكراوانی رامیاری له خه‌رمانانی 67 دا ـ له‌سه‌ر كورسی وه‌زاره‌تی نێوخۆ‌و ئیتلاعات، سێ‌كۆچكه‌ی دزێوی مرۆڤكوژان (ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد، مسته‌فاپوور محه‌ممه‌دی‌و موحسێنی ئێژه‌یی) پێك هات. رێژیمی ئیسلامی كه به درێژایی ساڵانی رابردوو بۆ نزمكردنه‌وه‌ی ته‌وژمی ناوه‌ند‌و كۆڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی چاوه‌دێر‌و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ له ئێعدام‌و به‌ردباران كردن‌و بڕینه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی مرۆڤ و ... تا راده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كردبوو، گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی‌و بۆ ده‌ستپێك له پارێزگاری خوزستان كه ناوچه‌یه‌كی عه‌ره‌ب نشینه‌و حكومه‌ت به‌رده‌وام هه‌وڵی ئاسمیلاسیۆن‌و بێ‌ریزكردن‌و بێ‌حورمه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وانی پێڕه‌و كردوه، به بیانوی ته‌قینه‌وه‌ی چه‌ند بۆمبی ده‌نگده‌ر یان بۆمبی كاریگه‌ر له ناوه‌نده حكومییه‌كان، كه شیمانه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه به‌شێكی مه‌زن له‌وه‌ش ده‌سكردی كۆڕه‌كان‌و "ستادی جه‌نگی ره‌وانی" خودی حكومه‌ت بۆ دوپاتكردنه‌وه‌ی شه‌وه‌زه‌نگ‌و سه‌ركوت بێ. ده‌یان لاو كه سامانی بایه‌خداری وڵات بوون به تۆمه‌تی "مفسد فیالارچ، محارب، دژبه‌ری رێژیم‌و ..." له سێداره دران. ئه‌م دۆخه له كاتێكدا زاڵ بوو كه هاوكات له تاران‌و ناوچه‌كانی‌تریش له داردان له‌به‌رچاوی خه‌ڵك رێژه‌ی زێده‌تر ده‌بوو هه‌ر رۆژ كه گۆڕه‌پانی زۆربه‌ی شاره‌كان هاووڵاتیانیان بانگهێشتی سه‌یركردنی چۆنیه‌تی له‌سێداره‌دانی تاوانباران ده‌كرد.
ئه‌م ئێعدامانه جیا له‌وه‌ی كه بۆته دیارده‌یه‌كی گشتی‌و ته‌واوی ناوچه‌كانی ئێرانی گرتۆته‌وه، به‌ڵام بڕێك جاریش له ناوچه‌گه‌لی دیاریكراو و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت جێبه‌جێ ده‌بێت. هه‌ر وه‌ك هێمامان بۆ كرد سه‌ره‌تا له خوزستان ده‌ستی پێ‌كرد. پاشان له سیستان‌و به‌لوچستان به بیانوو قه‌راردانی خه‌باتی گرووپی سه‌رهه‌ڵداو به رێبه‌رایه‌تی "عه‌بدوالمالك ریگی"، سه‌دان لاوی به‌لوچ ده‌ستبه‌سه‌ر‌و ره‌وانه‌ی گرتوخانه‌و چاڵه ڕه‌شه‌كانی رێژیم كران. سه‌یرتر له‌هه‌مو ئه‌مانه، ئێعدامه‌گه‌لێكه كه چه‌ندكاتژمێر پاش هێرشی‌و ته‌قینه‌وه‌كانی تێكۆشه‌رانی به‌لوچ له‌هه‌مبه‌ر هێزه‌كانی سپای پاسداران جێبه‌جێ‌كراوه. چلۆن ده‌كرێ كه‌متر له چه‌ند كاتژمێر گه‌ڵاڵه‌داڕێژان‌و ئه‌نجامده‌ران عه‌مه‌لیاتێكی مه‌زن ئاشكرا، قۆڵبه‌ست، تێگه‌یاندنی تۆمه‌ت‌و دادگایی بكرێن‌و هه‌ر له‌و كاته‌شدا به بێ پێداچوونه‌وه له سێداره بدرێن. رێژیم بۆ دروستكردنی مه‌ترسی‌و په‌ره‌سه‌ندنی چییه‌تی پڕ له تۆقاندن‌و توندوتیژی خۆی زۆرجار كه‌سانێكی گرتووه كه بێ مه‌به‌ست‌و به‌ڕێكه‌وت له ده‌وروبه‌ری شوێنی رووداوه‌كان بوون یاكوو خزمایه‌تی دووریان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی "جنداللّه" بووه، حوكمی مه‌رگیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كراوه. كه ئه‌م ره‌وته هێشتاش له ئه‌هواز‌و زاهێدان درێژه‌ی هه‌یه.
رێژیم كه له‌م ماوه‌دا به‌هۆی هه‌ڵوێستی دژه مرۆیی‌و ناته‌با له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ئاشتیی جیهانی‌و ناوچه‌یی‌و به‌دواداچوونی پڕۆژه‌ناوكییه‌كانی زۆتر له جاران له ئاستی جیهاندا ته‌ریككه‌وتۆته‌وه‌و گۆشه‌گیركراوه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ڵاوسانی (تورم) ئابووریی له‌راده‌به‌ده‌ر‌و نائاسایی بۆته ئامیانی وه‌زاڵه‌هاتنی جه‌ماوه‌ر‌و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی رێژیم له هه‌ردو ئاستی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆ به ته‌واوی پوچه‌ڵ بۆته‌وه‌و شكستی ئاشكرای رێژیم دیار‌و به‌رچاوه. ده‌سه‌ڵاتدارانیش له باتی پێداچونه‌وه به ره‌فتاری خۆیان‌و سیستمی حكومه‌ت، ته‌واوی ناڕازییه‌كانی نێوخۆیان هه‌ر وه‌كوو رابردوو خستۆته‌پاڵ كه‌سانی به‌ناو هه‌رزه‌و به‌ره‌ڵڵا‌و گوتوویانه كه ئه‌وانه بایه‌خدان به نۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگایان پێشێلكردوه. هاوكاتیش به سه‌قامگیركردنی كه‌شێكی پۆلیسی‌و میلیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا، ده‌ستیان داوه‌ته گرتنی به‌ربڵاوی به‌وته‌ی خۆیان تێكده‌رانی ئاسایشی گشتیی كۆمه‌ڵگا‌و له‌م پێناوه‌دا هه‌زاران لاویان قۆڵبه‌ست كردوه. هه‌روه‌ها بۆ سه‌لماندنی به‌هێزی‌و شكۆداری ده‌وڵه‌تی پارێزه‌ری بایه‌خ‌و نه‌ریته‌كان‌و ترساندنی خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتوو بۆ په‌ند لێوه‌رگرتنی هه‌موان، به‌شێك له گیراوانی به‌ده‌ست‌وپێ له‌زه‌نجیر به‌ستراوی‌و هه‌ڵواسینی ئه‌فتاوه له گه‌ردنیان به هاوڕێیه‌تی هێزه‌كانی دابینكه‌ری ته‌ناهی‌و چاودێره به‌ڕێوه‌چوونی داب‌و نه‌ریته ئیسلامی ـ ئێنقلابی‌یه‌كانی حكومه‌ت ره‌وانه‌ی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی پێته‌خت كرد.
ئه‌مجۆره كرده‌وانه نه‌ك ته‌نیا به هۆی ره‌خنه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵوێست گرتن‌و ناڕه‌زایه‌تی نواندنی كۆڕ‌و لایه‌نگرانی مافی شارۆڤه‌ندی له نێوخۆی وڵات، به‌ڵكو خه‌ڵكیش به شێوه‌ی جۆراوجۆر بێزاری‌و وه‌ڕه‌زی‌و بێزراوی‌و خۆیان نیشان دا. چونكه له روانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی‌و به‌لارێداچوونه‌ی كۆمه‌ڵگا له ناخی خودی سیستمدا په‌نگی خواردۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌وهه‌ڵدێر ده‌بات، گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاوی به‌سه‌ر ناوه‌نده حكومه‌تییه‌كان‌و نه‌فس نزمیی سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رانی رێژیمی ئیسلامی‌یه نه‌ك قژی درێژی سه‌ری چه‌ند لاو‌و مانتۆی كورتی چه‌ند كیژێك. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران له ئێران كه ره‌وایی خۆیان له خوداوه ده‌زانن، هیچكات ـ مه‌گه‌ر به رواڵه‌ت ـ گرینگی‌یان به بیروڕای گشتی نه‌داوه، به‌ڵكو هه‌میشه سیاسه‌تی سه‌ركوت‌و زاڵبوونی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان پێڕه‌وكردوه. له‌م به‌ستێنه‌دا كاتێك خه‌ڵك به بیانووی كه‌می به‌نزین‌و چوونه‌سه‌ری نرخی شتومه‌كی پێویستی خه‌ڵك له تاران‌و ته‌ورێز‌و كرماشان‌و ... جارێكی دیكه دژایه‌تی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئیسلامی ده‌ربڕی، بۆ سه‌ركوتی ناڕه‌زاییه‌كان به ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجێكی مه‌رگبار و پڕاوپڕی له چێوه‌ی دار، ویستی بێده‌نگی راكێشانی جه‌ماوه‌رییان هه‌یه‌و به‌م بۆنه‌وه له كرده‌وه‌یه‌كی سێمبۆلیك كه پۆششی خه‌به‌ری به‌ربڵاویش درابوو 16 كه‌سیان له رێكه‌وتی 31/4/86دا له تاران به تاوانی تێكدانی ته‌ناهی گشتیی شارۆڤه‌ندان‌و له ژێر ناوی هه‌رزه‌و به‌ره‌ڵڵا له سێداره‌دا. هه‌ر له‌م باره‌وه "سه‌عیدی مورته‌زه‌وی" مۆره‌ی ناوبه‌ده‌ره‌و ناوزڕاوی سه‌ركوتكه‌ری رێژیم كه دادستانی شۆڕشی تارانه، به شانازییه‌وه درێژه‌داربوونی ئه‌م شانۆیه‌ی راگه‌یاند‌و گوتیشی كه له رۆژانی داهاتوودا 17 كه‌سی دیكه‌ش له تاران ئێعدام ده‌كرێن. هه‌روه‌ها "غوڵام حوسێنی ئیلهام" وته‌بێژی ده‌وڵه‌ت له‌م رۆژانه‌دا مزگێنی! به‌ڕێوه‌چوونی زه‌نجیره‌یه‌كی نوێی له سێداره‌دان له شارستانه‌كانی بۆ رۆژانی داهاتوودا، ئه‌مانه له حاڵێكدا كه ژماره‌ی بڕیاره‌كانی جێبه‌جێكراو تا پیش له كرداره‌كانی ئه‌م دواییه له 137 كه‌س تێپه‌ڕی بوو. خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه تا ئێستاكه‌ش شوناسی راسته‌قینه‌ی له داردراوان دیار نیه‌و نه‌زانراوه كه ئه‌و كه‌سانه به چ تاوانێك‌و له كوێ قۆڵبه‌ست كراون، له كامه دادگا بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه؟ له حاڵێكدا هه‌واڵه‌كانی درز كرد‌و باس له‌وه ده‌كه‌ن كه یه‌كێك له سێداره‌دراوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی تاران، خوێندكارێكی قۆڵبه‌ستكراوی رووداوه‌كانی مانگی پوشپه‌ڕی زانكۆی تارانه. له پاڵ ئه‌مانه‌وه رێژیم به درێژایی ساڵی پێش‌و ده‌یان بڕیاری به‌ردباران كردنی داوه، كه له كۆتایی پوشپهڕیشدا ژنێكی له شاری قه‌زوین به دزێوانه‌ترین شێوه به‌ردباران كردوه‌و سوریشه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری كوچك وارانی ژنان. ئه‌مانه هه‌مو نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه حكومه‌ت هه‌رمانی خۆی له تیئۆریزه‌كردنی ترس‌و گوێ له مستی قسه‌و باسی شارۆڤه‌ندان ده‌زانێت‌و كه‌ڵكئاوه‌ژو له ده‌مارگرژی مه‌زهه‌بی‌و به بیانوكردنی پاراستنی ره‌وته جڤاكییه‌كان ده‌یه‌وێت به زاڵبوونی پاوانخوازانه‌ی خۆی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ره‌وایی ببه‌خشێت.
له سۆنگێكی دیكه‌شه‌وه حكوومه‌ت به په‌ره‌پێدانی كوشت‌وبڕی رۆژانه ده‌خوازێت تا سه‌رنجی‌خه‌ڵك كێشه‌ی ده‌ره‌وه‌یی‌و نێوخۆییه‌كان بترازێنێ‌و دژایه‌تی جه‌ماوه‌ری له رێژیم به سازدانی دۆخێكی ته‌م‌و مژاوی‌و تاساو كڕوكپانه، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سڕینه‌وه‌ی روكاری كێشه‌كه‌و پێكهانینی كۆمه‌ڵگایه‌كی تاك ده‌نگی، كه‌م كاته‌وه.
به‌ڵام له كوردستان به درێژایی ساڵانی رابردوو روداوه‌كان به چه‌شنێكی دیكه هاتوونه‌ته ئاراوه‌و گوزه‌راون به جۆرێكه چه‌ند كه‌سێك له تاوانبارانی سیاسی كوردیش له سێداره دراون، ئه‌مانه جیا له‌و ده‌یان كه‌سه‌یه كه له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌ڵواسراوان‌و جیا له‌و ژنانه‌ی كه چاوه‌ڕێی به‌ڕێوه‌چوونی بڕیاری به‌رده‌بارانیانن. رێژیم پاش ئه‌نجامدانی زه‌نجیره ئێعدامێك به دوای یه‌كه‌كانی ئه‌هواز‌و زاهێدان‌و تاران تا ئێستاكه سێبه‌ری ره‌شی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌سه‌ر كوردستان سه‌قامگیر كردوه‌و له مه‌ودای چه‌ند مانگی پێشوودا ده‌یان كه‌س له شارۆڤه‌ندانی كوردی له ناوخۆی شاره‌كان‌و ناوچه سه‌ر سنوورییه‌كان بێ هیچ بڕیاری له به‌رانبه‌ری چاوی جه‌ماوه‌ره‌وه داوه‌ته به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌و كوشتوویانن.
هه‌روه‌ها وێڕای گرتن‌و به‌ندكردنی "محه‌ممه‌د سدیق كه‌بودوه‌ند" به‌رپرسی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی كوردستان‌و هاوكاری رۆژنامه‌وانیی ناوبراو "ئیجلال قه‌وامی"، زۆر چالاكی مه‌ده‌نی‌و رۆژنامه‌وانانی‌دیكه‌یان له شاره‌كانی سنه‌و مه‌ریوان قۆڵبه‌ستكردوه‌و ره‌وانه‌ی گرتوخانه‌كانی "ئیتلاعات" كردوه، له پاڵ ئه‌مانه‌وه له كرده‌وه‌یه‌كی دژه مرۆڤانه‌و ناشارستانی‌و كوێرانه له به‌ناو دادگایه‌كی فۆرمالیته‌و داخراو، بێ‌ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر‌و ده‌سته‌ی چاو‌دێر دوو كه‌سایه‌تی رۆژنامه‌نوسان‌و چالاكڤانی مه‌ده‌نی كوردستانیان به ناوی "عه‌دنان حه‌سه‌نپوور‌و هیوا بوتیمار" پاش چه‌ندین مانگ ده‌ستبه‌سه‌ری‌و ئه‌شكه‌نجه به مه‌رگ مه‌حكوم كردوه، له حاڵێكدا ته‌نیا تاوانی ئه‌وان باوه‌ڕمه‌ندی‌و عه‌شق به ئازادی‌و پاراستنی پیرۆزمه‌ندیی وشه‌و سه‌ربه‌خۆیی قه‌ڵه‌م بوو.
به‌ڵام ئه‌مجاره بڕیاره شێتانه‌كانی رێژیم نه‌ته‌نیا تووشی بێده‌نگی نه‌بوو، به‌ڵكو له هه‌ڵوێستێكی بێ‌وێنه‌دا‌و به‌ربڵاو چ له نێوخۆ‌و چ له لایه‌ن ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه( رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، پارلمانی‌ئورووپا، رێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئیمنستی ئێنترناشناڵ، ئه‌نجومه‌نی جیهانیی قه‌ڵه‌م، رێكخراوی هه‌واڵنێرانی بی‌سنوور، رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، هیو، مه‌ن رایتس واچ‌و ...) كه‌وته‌به‌ر ره‌خنه‌و به شێوه‌ی فه‌رمی پڕۆتستۆ كرا. له‌م نێوه‌دا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له رێكه‌وتی 17/7/2007 به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌و پێوه‌ندی‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌گه‌ڵ ناوه‌ند‌و رێكخراوه باوه‌ڕپێكراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی‌و مرۆڤدۆست، خوازیاری پشتیوانی له ئازادیخوازانی كورد بوو و داوای كردوه كه له‌م هه‌ل‌ومه‌رجه پڕ مه‌ترسییه كه بۆ رۆشنبیرانی كورد هاتۆته پێشێ ئه‌وان له مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ رێژیمی دیكتاتۆر‌و تێرۆریستپه‌ره‌وه‌ری كۆماری ئیسلامی‌دا به ته‌نیا نه‌هێڵنه‌وه. ئه‌م به‌دواداچوون‌و چالاكییانه جیا له دژكرده‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و هاوڕێیه‌تی رۆشنبیرانی ئێرانی، پشتیوانی چالاكانی مه‌ده‌نی، رۆژنامه‌وانی‌و ئه‌ده‌بی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستانی به‌دواوه بوو. هه‌روه‌ها یه‌كیه‌تیی ژنان، خوێندكاران‌و لاوانی دێموكراتی كوردستان هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی نووسه‌رانی كورد‌و ناوه‌ندی چاك، خه‌ڵكی كوردستانیان بۆ مانگرتنێكی گشتی بانگهێشت كرد، كه له‌م بواره‌دا وێڕای پێشوازی بێ‌وێنه‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی‌و ئه‌ده‌بی كوردستان به گشتی، شاری مه‌ریوانیش له رۆژانی دووشه‌ممه‌و سێ‌شه‌ممه‌و چوارشه‌ممه (رێكه‌وتی1و 2و 3/5/1386ی هه‌تاوی) بازاڕ‌و دوكانه‌كانیان داخست‌و مانگرتنی گشتی به‌ڕێوه‌چوو كه ئه‌م پشتیوانی‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌ش هێشتاكه به شێوازی جۆراوجۆر به‌رده‌وامه. هاوكاتیش له زۆر له وڵاته ئه‌ورووپاییه‌كان، كورده‌كان‌و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ به مانگرتن له به‌رانبه‌ری باڵوێزخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌نگی خۆیانیان دژ به بڕیار‌و كرده‌وه نامرۆڤانه‌كانی ئه‌و رێژیمه ده‌ربڕی.
رێژیم له كاتێكدا هه‌ژماری ئێعدامه‌كان‌و بڕیاری مه‌رگی گه‌یاندۆته ئه‌وپه‌ڕی خۆی‌و سه‌ركوت‌و ترساندنی بردۆته لووتكه، كه له هه‌نده‌راندا ئاماده‌كاری ته‌بایی‌و پێكهاتن ده‌كات‌و هه‌نوكه كه بانگه‌شه‌كان‌و شانتاژه بێ‌بنه‌ما‌و پوچه‌ڵه‌كانی بۆ هه‌مو لایه‌ك ئاشكرا بوه، به دوپاتكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی سه‌ركوت‌و كوشت‌و بڕی ده‌یه‌ی شه‌ست له ئێران‌و كوردستان ده‌یهه‌وێت كۆڵه‌كه‌كانی باڵاده‌ستی‌و ده‌سه‌ڵاتی پاشڤه‌رۆیانه‌و نه‌زان په‌رستی خۆی پته‌و به‌هێز‌و قایم بكا. هه‌روه‌ك به پێی نووسراوه‌ی كتێبی "دایره‌المعاف ناسیونالیزم": "بۆ فاشیسته‌كان توندوتیژی شتێكی سه‌رتر له یه‌ك كه‌ره‌سته‌یه. توندوتیژی خوویه‌كی دڵخوازه بۆ ته‌شك به‌خشینی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه، ئه‌و جۆره‌ی كه ئه‌وان پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. تێكه‌وتن‌و هه‌ستان به توند‌و تیژی بۆ فاشیسته‌كان نیشانه‌ی راوه‌ستاوی، پیاوه‌تی، له خۆبردوویی، نه‌بوونی بێ‌هێزی، ویستی پته‌و بۆ خزمه‌تكردن رێبه‌ر‌و نه‌ته‌وه ده‌ژمێردرێ. توندوتیژی به‌شێكی جیانه‌كراوه له تێرۆرێكی له‌پێش داڕێژراوه كه به یارمه‌تی ئه‌وه فاشیسته‌كان تێده‌كۆشن ئه‌مه‌گدارانی خۆیان له‌یه‌ك ریزدا بپارێزن‌و دژبه‌رانیان به‌ته‌واوی په‌ككه‌وته‌و ده‌سته‌وه‌ستان بكه‌ن". به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه سه‌ده‌ی نوێ نه سه‌ده‌ی فاشیسته‌كان‌و خۆسه‌پێنه‌ران، به‌ڵكو كۆتایی دیكتاتۆره‌كان‌و سه‌رده‌می جێگۆڕكێی دێموكراسی به مۆبۆكراسییه. ئه‌گه‌رچی هه‌نوكه كۆماری ئیسلامی به شێوه‌ی رواڵه‌تی خاوه‌نی ئارامی‌و لێده‌ری سه‌قامگیریی به‌رزه، به‌ڵام ئه‌م ئاسایشه به نرخی بێ‌ته‌ناهیی گشتی به‌ده‌ست هاتوه‌و، كۆمه‌ڵگا له ناخی خۆیدا هه‌میشه ئاماده‌ی ئاڵۆزی‌و رابوون‌و یاخی‌بوونه تا له ده‌رفه‌تێكی باش‌دا بنه‌ڕه‌ت‌و بناخه‌كانی ملهوڕی تێك بشكێنێت. ئێسته ته‌نیا ساڵانێكه كه خه‌نه‌ی ئه‌م رێژیمه ره‌نگی په‌ڕیوه، به‌ڵكو ئیدی خه‌ڵك له ترسی بڕیاری مه‌رگ، رازی به ته‌وری تیژ نابن، چونكه ئێستاكه قه‌یرانه‌كانی شوناسی، ئه‌خلاق، رامیاری، ره‌وانی، ئابووری‌و جڤاكی ته‌واوی چینه‌كانی كۆمه‌ڵی ته‌نیوه‌ته‌وه‌و هیچ جۆره ره‌هه‌ندێكی ره‌وایی به‌ده‌ستهێنان بۆ رێژیم نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌م توندوتیژییانه‌ش نه‌ك ته‌نیا نیشانه‌ی زاڵبوونی رێژیم نیه به‌ڵكو ده‌ربڕی كۆتایی هاتنی شه‌وه‌زه‌نگ‌و دیكتاتۆرییه‌ت‌و مزگێنی ده‌ری دواڕۆژێكی باشتر له كازێوه‌ی به‌ربه‌یانی سبه‌یمانه. *
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر