یازده‌هه‌مین فستیڤاڵی گه‌لاوێژ، خولیای ئازادی‌و په‌رۆشیی مرۆڤایه‌تی
یازده‌هه‌مین فستیڤاڵی گه‌لاوێژ له رێكه‌وتی 20 ـ 27/ 11/ 2007ی زایینی له شاری سلێمانی‌و به دروشمی "سه‌ركه‌وتنی ئازادی، ئاسووده‌یی مرۆڤایه‌تی‌یه..." به چاودێری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و به ئاماده‌بوونی ده‌یان كه‌سایه‌تیی سیاسی‌و ئه‌ده‌بی‌و رووناكبیر به ده‌قه‌یه‌ك راوه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان‌و داگیرسانی مۆم، له لایه‌ن بنكه‌ی ئه‌ده‌بی‌و رووناكبیریی گه‌لاوێژه‌وه، بۆ شێعر‌و چیرۆك‌و لێكۆڵینه‌وه ده‌ستی به‌كاره‌كانی خۆی كرد.
بنكه‌ی ئه‌ده‌بی‌و روناكبیری گه‌لاوێژ كه بۆ رێزلێنان له رۆڵی پڕبایه‌خی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و گۆڤاری گه‌لاوێژ له چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌می زایینی‌دا، به گه‌لاوێژ ناونراوه، ساڵانێكه خه‌ریكی خزمه‌ت به وشه‌و ئه‌ده‌بی كوردی‌یه. په‌یامی ئه‌مجاره‌ی فستیڤاڵی گه‌لاوێژ، به گوێره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی وه‌ك هه‌نگاوێكی شه‌ڵال به ئاره‌قه‌ی پێشمه‌رگه، گه‌رم به مێژووی ئازاره‌كانی مرۆڤایه‌تی له هۆلۆكاسته‌وه تا هه‌ڵه‌بجه به‌دیهێنه‌ری بووه، تا بتوانین به بێ گوێدان به نه‌ته‌وه‌و زمانی جیاواز دنیایه‌كی جوانتر به‌دی بێنین.
سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی هه‌وه‌ڵ، وێڕای پێشكه‌ش كردنی وتار له لایه‌ن: سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی بنكه‌ی ئه‌ده‌بی‌و رووناكبیریی گه‌لاوێژ ـ یاسین فه‌قێ سه‌عید، سه‌رپه‌رشتیاری گشتیی فستیڤاڵ ـ كاك مه‌لا به‌ختیار، ئۆركێسترای ژێداری كورد به سه‌رپه‌رشتی نه‌به‌ز حه‌مه ره‌شید كه له 23 ژه‌نیار پێك هاتبوو، چه‌ند پارچه مۆزیكی كلاسیكی جیهانی‌و كوردی كه پێشتر له فستیڤاڵ‌و پێشبڕكێی جیهانیی لاوان بۆ مۆزیكی كلاسیك له ڤیه‌نی پێته‌ختی ئوتریش پله‌ی دووهه‌میان به ده‌ست هێنابوو، پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرا، كه له‌گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی میواناندا رووبه‌ڕوو بوو. پاشان به بۆنه‌ی هاوكات بوونی فستیڤاڵه‌كه له‌گه‌ڵ ساڵوه‌گه‌ری كۆچی دوایی نووسه‌ر‌و ئه‌دیبی كورد مامۆستا كه‌مال جه‌لال غه‌ریب، مۆمی به‌رزڕاگرتنی یادی ئه‌و له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه داگیرسێندرا، له درێژه‌ی كۆڕه‌كه‌دا، وه‌رگێڕانی چه‌ند نموونه‌یه‌ك له شێعره‌كانی مامۆستا شێركۆ، كه خاوه‌نی 28 دیوانی شێعره، به زمانه‌كانی فارسی‌و عه‌ره‌بی پێشكه‌شی میوانان كرا، دوایی خودی شێركۆ بێكه‌س به قه‌سیده‌یه‌ك فستیڤاڵه‌كه‌ی رازانده‌وه.
دیدار‌و دانیشتنه‌كانی فستیڤاڵ له‌دوا نیوه‌ڕۆی سێ‌شه‌ممه 20/11/2007، له‌ژێر ناوی "دیداری محه‌ممه‌د ره‌سوڵ هاوار" ته‌رخانی شێعر كرابوو، كه دوو رۆژ درێژه‌ی كێشا‌و 21 شاعیر به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان كه پێشتر گه‌یشتبووه لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فستیڤاڵ پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد. جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه كۆڕه‌كان بێجگه له رۆژی یه‌كه‌م له هۆڵی دیالۆگی مه‌كته‌بی رێكخراوه دێموكراتی‌یه‌كان به‌ڕێوه‌چوو، هه‌روه‌ها به‌یانیی رۆژی چوارشه‌ممه 21/ 11/2007، په‌یامی عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشییان، نووسه‌ری به‌ناوبانگی كوردی فارسی نووس كه ئێستا له نه‌خۆشخانه‌دایه، له لایه‌ن ره‌زاخه‌ندانی مه‌هابادی، ئه‌ندامی كانوونی نووسه‌رانی ئێران، پێشكه‌شی فستیڤاڵ كرا. له به‌شێك له په‌یامه‌كه‌دا هاتبوو كه: هیوادارم ئه‌م ئازادییه‌ی كه به‌ده‌ست هاتووه ئاوێزانی یه‌كسانیی خه‌ڵك بێت له هه‌مو بواره‌كاندا، تا ئازادی بنه‌ماو پشتیوانێكی به هێز بێت له ده‌وڵه‌مه‌ندكردن‌و درێژه‌دان به ژیانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو‌و زه‌حمه‌تكێشی كوردستان، تا بگه‌ن به‌و ئاره‌زووه‌ی كه چه‌ندین ساڵه خه‌باتیان بۆ كردووه...
رۆژی پێنج شه‌ممه كه تایبه‌ت به رووناكبیرانی عه‌ره‌ب بوو، ده كه‌س له میوانانی عه‌ره‌ب وتاره‌كانی خۆیانیان پێشكه‌ش كرد، ئه‌وان ئاماژه‌یان كرد كه وه‌ك پشتگیرییه‌ك له بنیاتنانی عێراقێكی دێموكراتیك‌و فیدراڵ به‌شداری فیستیڤاڵیان كردوه. دوو دانیشتنی میوانانی عه‌ره‌ب به ناوی "سه‌رگوڵ پولس"ی شاعیر‌و "محه‌ممه‌د مبارك"ی ره‌خنه‌گر‌و چیرۆكنووسه‌وه، نرابوو. نێوه‌رۆكی باسه‌كانیش بریتی بوو له "پێوه‌ندی نێوان هه‌ردوو فه‌رهه‌نگی كوردی‌و عه‌ره‌بی"، "شوناسی گێڕانه‌وه له ئه‌زموونی دوو چیرۆكنووسی عێراقیدا"، "نوێگه‌ری له ئه‌ده‌بدا"، "وه‌رگێڕان"، "دۆزی كورد‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی له چیرۆكی عه‌ره‌بیدا"، "خۆرهه‌ڵاتناسی"، "پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات"و ..."
رۆژی هه‌ینی 23/11/2007، رۆژی تایبه‌ت به شاعیرانی فارس بوو كه 6 شاعیری ناسراوی ئێرانی (شه‌مس له‌نگروودی، حافز مووسه‌وی، ره‌زا خه‌ندان مه‌هابادی، ره‌زا مورادی، عه‌لی باباچاهی، پگا ئه‌حمه‌دی) به‌شداری كۆڕه‌كه بوون، له‌و دیداره‌دا بێجگه له شێعر، ره‌زا خه‌ندان وتارێكی له ژێر ناوی " ئه‌ده‌بیات‌و ئازادی" پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد كه له‌وێدا ئاماژه‌ی كرد كه ئه‌مڕۆ به ناوی ئازادییه‌وه توندوتیژی ده‌نوێنن، تێرۆر ده‌كه‌ن، سه‌ركوت‌و سانسۆڕ ده‌كه‌ن، به زمانی ده‌ستبه‌ند‌و به‌ندیخانه‌و هه‌ڕه‌شه‌و نه‌شته‌ر له‌گه‌ڵ نووسه‌ر‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مان رووبه‌ڕوو ده‌بن‌و ...
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه 24/11/2007، دانیشتنی هه‌ڵسه‌نگاندنی چیرۆكه‌كانی فستیڤاڵ له ژێر ناوی "دیداری محه‌ممه‌د ئۆزۆن بۆ چیرۆك" له لایه‌ن جه‌بار جه‌مال غه‌ریب‌و ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د ئیسماعیل به‌ڕێوه چوو. هه‌ڵبژارده‌ی چیرۆكه گه‌یشتووه‌كان پێشتر له نامیلكه‌یه‌كدا چاپ‌و پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرابوو تا وێڕای خوێندنه‌وه، له‌و رۆژه‌دا به ئاماده‌گییه‌كی زۆرتره‌وه به‌شداری كۆڕه‌كه بن‌و به‌رهه‌مه‌كان تاوتوێ بكرێ.
پاش نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ كۆڕێكی فكری به ناونیشانی "روناكبیر‌و گه‌لانی بێ رێنسانس" بۆ نووسه‌ر‌و سیاسه‌تمه‌دار مه‌لابه‌ختیار، رێكخرا.
به‌رنامه‌ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 25/11/2007 ته‌رخان كرابوو بۆ كۆڕێكی تایبه‌ت به نووسه‌ر‌و شاعیره‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان، كه وێڕای خوێندنه‌وه‌ی دوو لێكۆڵێنه‌وه له‌مه‌ڕ رۆمانی ده‌ڤه‌ری بادینان‌و زمانه‌وانی، سێ شاعیریش شێعره‌كانیان پێشكه‌ش كرد، دوای نیوه‌ڕۆش له ژێرناوی "دیداری كه‌ماڵ جه‌لال غه‌ریب بۆ لێكۆڵینه‌وه" سێ وتار له‌مه‌ڕ ئیسلامی سیاسی‌و سه‌له‌فیگه‌ری، سه‌رهه‌ڵدان‌و گه‌شه‌سه‌ندیان له كوردستانی عێراق‌و گوتاری ئیسلامی سیاسی كوردی‌و كه‌م‌و كوڕی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی له لایه‌ن نه‌جم عه‌بدووڵڵا محه‌ممه‌د، ئیدریس سیوه‌یلی، سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم خوێندرایه‌وه.
له درێژه‌ی هه‌مان دیداردا، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دوشه‌ممه، دوو لێكۆڵینه‌وه به نێوئاخنی كاریگه‌ری تاراوگه له‌سه‌ر شێعری كوردی ـ عه‌بدوڵڵا په‌شێو وه‌ك نموونه‌و پێوه‌ندی سێكس‌و توندوتیژی له كولتووری كوردیدا ـ شێعره‌كانی شێخ ره‌زا وه‌ك نموونه، له لایه‌ن جه‌بار سابیر‌و عه‌لی مسته‌فا كه‌ریمه‌وه پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرا. پاش نیوه‌ڕۆش وتارێك له لایه‌ن عه‌داڵه‌ت عه‌بدوڵڵا له ژێر ناوی " له‌باره‌ی رۆشنبیر‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌راوردكردنی به ئه‌زموونی كوردی"و لێكۆڵینه‌وه‌ی محه‌ممه‌د كوردۆ له‌مه‌ڕ گه‌ڕانێك به دوای جیاوازی له لای شاعیر محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان" پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرا. سه‌ره‌نجام پاش یه‌ك حه‌وتوو شێعر‌و چیرۆك‌و لێكۆڵینه‌وه، رۆژی سێ‌شه‌ممه، رێكه‌وتی 27/11/2007 كاتژمێری 3ی دوای نیوه‌ڕۆ ئاهه‌نگی كۆتایی هاتنی فستیڤاڵ له هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی ده‌ستی پێ‌كرد. سه‌ره‌تا به پێی نه‌ریتی ساڵانه خه‌ڵاتی رێزلێنانی فستیڤاڵ پێشكه‌شی بنه‌ماڵه‌ی سێ كۆچكردووی ناسراو‌و چالاكی كورد، نه‌مران (دوكتور ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، كه‌مال جه‌مال غه‌ریب، محه‌ممه‌د ره‌سوڵ هاوار) كرا، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی رێزلێنان به (دوكتور فازڵ سامر، یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد لقی دهۆك، تیپی ئۆركێسترای ژێداری كورد، خه‌ڵاتی بواری راگه‌یاندن به ته‌له‌فیزیۆنی گه‌لی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره میللی‌یه‌كان) درا. پاشان له قۆناخی سێهه‌می پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی رێزلێنان، خه‌ڵات به: (1ـ عومه‌ر عه‌لی ئه‌مین ـ مامۆستای شانۆكار، 2ـ عه‌لی حه‌مه ره‌شید به‌رزنجی ـ بواری ئه‌ده‌بی منداڵان، 3ـ هیدایه‌ت عه‌بدووڵڵا حه‌یران ـ جوانترین ناونیشانی شار، 4ـ مه‌حموود محه‌ممه‌د ـ ده‌نگی ره‌سه‌نی كورد، 5ـ مامۆستا بێهزاد ـ وێنه كێشان) به‌خشرا. له درێژه‌دا خه‌ڵاتی مامۆستا "ئه‌حمه‌د هه‌ردی" بۆ داهێنان به د.عه‌زیز گه‌ردی، پسپۆڕ له زمان‌و ئه‌ده‌بی كوردی‌و وه‌رگێڕاندا، پێشكه‌ش كرا. هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتووانی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی فیستیڤاڵ به شێوه‌ی خواره‌وه بوو:
به‌شی شێعر: یه‌كه‌م: ژاون پێنجوێنی ، دووهه‌م: رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌و سدیق عه‌لی، سێهه‌م: ئاری عه‌بدول له‌تیف‌و ئه‌یوب ئه‌حمه‌د
به‌شی چیرۆك: یه‌كه‌م دانا فایق، دووهه‌م: ئاكۆ كه‌ریم مه‌عرووف‌و عومه‌ر حسێن، سێهه‌م: حه‌سه‌ن نازدار‌و نه‌جات نووری
به‌شی لێكۆڵینه‌وه: یه‌كه‌م: عه‌داڵه‌ت عه‌بدووڵڵا، دووهه‌م: محه‌ممه‌د كوردۆ، سێهه‌م: نه‌جم عه‌بدوڵڵا محه‌ممه‌د
*فستیڤاڵی گه‌لاوێژ له درێژایی ساڵانی رابردوودا توانیویه‌تی وه‌كوو گرینگ‌ترین فستیڤاڵی ساڵانه‌ی كوردی له بواره‌كانی شێعر‌و چیرۆك‌و لێكۆڵینه‌وه له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستاندا خۆی جێ‌بخات‌و بۆته مه‌كۆ‌و ژوانگه‌یه‌ك بۆ له ده‌وری یه‌كتر كۆبوونه‌وه‌ی عاشقانی په‌یڤی كوردی، هه‌روه‌ها زۆر ئه‌دیبی دۆستی كورد له وڵاتانی دراوسێی كوردستان به‌رده‌وام میوانی فستیڤاڵ بوون كه كارێكی به‌جێ‌و پێویسته، تاكوو بتوانن دیالۆگێكی دوو لایه‌نه پێك بێنن، به‌ڵام پرسێك كه له فستیڤاڵی یازده‌هه‌مدا زۆر زه‌ق ده‌هاته به‌رچاو ئه‌وه‌بوو كه میوانانی غه‌یره‌كورد ده‌یانتوانی ده‌وڵه‌مه‌ندی‌و سه‌ركه‌وتوویی ئه‌ده‌ب‌و بیری خۆیان ئاراسته‌ی ئاماده‌بووانی كورد بكه‌ن، كورد خاوه‌نی ئه‌و توانایه نه‌بوو، جیا له‌مه‌ش بێتوانایی كورد له ده‌ربڕین‌و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان زه‌ق‌و به‌رچاو بوو، هه‌روه‌ها گه‌نگه‌شه‌و تاوتوێیه‌كانیش زانستی‌و له ئاستی به‌رهه‌مه‌كان نه‌بوون و كۆماری ئیسلامی ڕێگای نه‌دابوو كه نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌و فستیڤاڵه‌دا به‌شداری بكه‌ن.
***
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر