هه‌رێمی كوردستان،
رووگه‌ی كورد‌و مه‌ترسیی هاوبه‌شی داگیركه‌ران
ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا له هه‌ڵوێستی بیردۆزه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه به‌رانبه‌ر به پرسی كورد ده‌ركه‌وتووه، به‌ربه‌ره‌كانێی بزووتنه‌وه‌كانی ئازادیخوازی كورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی نیشتمان یان هه‌وڵدان بۆ قیزه‌ونكردنیان بووه، واته دژایه‌تی‌و به شكستهێنانی ته‌ڤگه‌ری كورد به شێوازی جۆراوجۆر یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین ئیستراتێژییه‌كانی سیاسه‌تی نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كی‌و هه‌میشه‌یی كۆماری ئیسلامی بووه. به‌م هۆیه‌وه هه‌موو كاتێك پێشه‌نگی دانیشتنه چوار قۆڵییه‌كانی، وزیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی داگیركه‌ر، وه‌زیرانی به‌رگری، ناوه‌نده سیخۆڕییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی یه‌كه‌می وڵاتانی خۆسه‌پێنه‌ر به‌سه‌ر كوردستاندا بووه، تا به‌ڵكوو بتوانێت به‌ر له هه‌ر چه‌شنه گۆڕانكارییه‌ك له هه‌مبه‌ر كورد‌و ده‌ركه‌وتنی ترووسكایی‌یه‌ك بۆ به‌دیهاتنی داخوازییه دێموكراتیكه‌كانیان، رێوشوێنی پێویست بۆ قه‌تیسمان‌و هه‌ره‌سهێنانی له به‌رچاو بگرن. ئه‌گه‌رچی وڵاتانی دراوسێی كوردستان (ئێران، توركیه، سووریه) چ له بواری سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری، چ شێوه‌ی روانین بۆ پرس‌و كێشه نێوخۆیی‌و جیهانییه‌كان، چ له بواری هاوسێبوونه‌وه، جیاوازی‌و ناكۆكی قووڵیان هه‌یه، به‌ڵام پرسی كورد خاڵی هاوبه‌ش‌و سه‌ره‌كیترین هۆكاری هاوپه‌یمانییانه، تاكوو كورده‌كان خاوه‌نی كیان‌و كوردستانی خۆیان نه‌بن. له‌م نێوه‌دا، رێژیمی ئێران بێجگه له دنه‌دانی توركیا‌و بوار ره‌خساندن بۆ پێكدادان‌و ئاڵۆزی له سه‌ر سنوور‌و به‌شه‌كانی دیكه، به ئاشكراش دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ر شێوه حكوومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی راگه‌یاندووه. ئه‌گه‌رچی توركیه‌ش قه‌ت دانی به حكوومه‌تی هه‌رێمدا نه‌ناوه‌و بۆ سووككردنی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌كانیش، رێبه‌ریی یاسایی، ره‌وا‌و ئازای هه‌رێمی كوردستانی به "سه‌رۆك عه‌شیره" ناو بردووه، هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغانیش له 8ی ژوئه‌نی 2007 له نامه‌یه‌كدا بۆ سوپاسالارانی وڵات نووسیویه كه "ئه‌و هه‌رگیز سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێراق قبووڵ ناكات‌و له بنه‌ڕه‌تدا رێبه‌رانی وه‌كوو لایه‌نی رووی قسه‌و وتووێژی خۆی ناناسێت، به‌ڵام رێژیمی ئێرانیش به پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تی بێ‌ده‌نگی له هه‌مبه‌ر داننان به ره‌وایی حكوومه‌تی هه‌رێم، به شێوازی جۆراوجۆری دیپلۆماسی، سیخۆڕی، نیزامی‌و گه‌مارۆی ئابووری به دوای لاواز نیشاندانی حكوومه‌تی كوردستان‌و به شكست كێشانی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوو و دێموكراتیكی پارلمان‌و حكوومه‌تی كوردی‌دا، بووه. به جۆرێكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، واته پێش له هێرشی ساڵی 2003ی هێزه فره ره‌گه‌زه‌كان بۆ عێراق، محه‌ممه‌دی خاته‌می، سه‌ركۆماری ئه‌و كاتی ئێران، وێڕای سه‌ردانی توركیه له كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ هاوتای توركی خۆیدا، به‌رانبه‌ر به دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی كوردی هه‌ڕه‌شه‌ی كرد‌و، رایگه‌یاند كه ئێمه‌و دراوسێیه‌كانمان به هیچ جۆرێك وه‌ها كرده‌وه‌یه‌كمان قه‌بووڵ نه‌كردووه‌و، نایكه‌ین. هه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی ئێران‌و توركیا گوتیان كه له "ئه‌گه‌ری وه‌ها كارێكدا، بێجگه له گرتنه‌به‌ری رێگاكانی‌تر، به شێوه‌ی سه‌ربازیش له جێگیربوون‌و سه‌ربه‌خۆیی پێشگیری ده‌كه‌ین". له نێوخۆی ئێرانیشدا فه‌رمانیان به چاپه‌مه‌نییه‌كان دا كه له تیشك خستنه‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی كورده‌كان له عێراقدا خۆیان به دوور بگرن، چونكه هه‌رچه‌شنه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌ربڵاوی هه‌واڵه پێوه‌ندیداره‌كان به‌و مژاره‌و، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌رانبه‌ر به ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانه. ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیش پاش هاتنه سه‌ركاری له یه‌كه‌مین چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ به ناو نوێنه‌رانی كورد له مه‌جلیسی ئیمام زه‌مانی (!؟) حه‌وته‌مدا به تووڕه‌یی‌یه‌وه هۆشداری پێیان دابوو كه ئیدی مافی ئه‌وه‌یان نیه، به‌شداریكردنی كورده‌كان له حكوومه‌تی عێراقدا به بیری بهێننه‌وه، له‌م راستایه‌دا زۆرجار رۆژنامه‌كانی ئێرانی، حكوومه‌ت‌و پارلمانی كوردستانیان به ناوی "حكوومه‌ت‌و پارلمانی خودخانده‌ی كوردستانی عێراق" ناوبردووه. سه‌ركه‌وتن‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورده‌كانی باشوور، زیاتر له خودی خه‌ڵكی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ پێشوازی گه‌رم‌و بێ‌وێنه‌ی كورد له به‌شه‌كانی دیكه به تایبه‌تی رۆژهه‌ڵات به‌ره‌و ڕوو بوو، به جۆرێكه ئه‌مڕۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رووگه‌ی ئاواتی ته‌واوی كورده‌كانی هه‌ڵوه‌دا‌و په‌رته‌وازه‌ی جیهانه‌و له لایه‌كی دیكه‌وه هیواداربوون به جێگیربوونی دێموكراسیی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤینی به هێز كردووه. به‌ڵام رێژیمه‌كانمی سه‌ره‌ڕۆی ناوچه‌كه ئازادی‌و وشیاری نه‌ته‌وه‌كان قبووڵ ناكه‌ن‌و بوونی سیستمی دێموكراتیك، فیدراڵ‌و ناناوه‌ندی به زه‌ره‌ری رێژیمه ئۆلیگارشی، توتالیتێر‌و پاوانخوازه‌كانی خۆیان ده‌زانن، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵات‌و رابوونه پاشگری كوردیشی له گه‌ڵدا بێت، به پێی هه‌ڵوێسته فه‌رمییه‌كانیان به‌ره‌نگاری‌و هه‌ره‌س پێهێنانی پێویستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره. بۆ پراكتیزه‌كردنی ئه‌م ئامانجه دوور له پره‌نسیپانه، وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، به تایبه‌ت كۆماری ئیسلامی هه‌وڵی ئاڵۆزكردنی سنووره‌كان‌و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمیان داوه، ئه‌وان به هه‌ناردنی مادده بێهۆشكه‌ره‌كان، مۆڵگه‌و په‌نادان به تیرۆریسته‌كانی "انصاروالاسلام" له شار‌و ناوچه سنوورییه‌كانی رۆژهه‌ڵات‌و ساپۆرتی ماڵی‌و لۆجیستێكی ئه‌وان، ته‌نیا له ساڵی 2007دا بوونه‌ته هۆی تیرۆركردنی زیاتر له 14 پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر سنووری پێنجوێن له‌گه‌ڵ ئێران‌دا. له لایه‌كی دیكه‌وه ئێران به جێگیركردنی چه‌ندین رادار له سه‌ر سنووری هه‌رێم، سه‌رجه‌م جموجووڵه‌كانی سنووره‌كه، به وێنه‌وه كۆنترۆڵ ده‌كات‌و به دیواركێشان‌و مینڕێژكردنی به‌رده‌وامی سه‌رسنووریش، هه‌وڵی گه‌مارۆدانی نافه‌رمی كوردستانی ئازاد ده‌دات. به‌ڵام ناڕه‌واتر له هه‌موو ئه‌مانه، پێشێلكردنی ئاشكرای سه‌روه‌ری هه‌رێم‌و تۆپبارانكردنی ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری هه‌رێمه، كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا بێ سڵكردنه‌وه درێژه‌ی پێداوه.
دوایین نموونه كه هاوكات له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی ساڵی رابردووی هه‌تاویی‌یه‌وه ده‌ستی پێكردووه‌و تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وامه، به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر بۆ سه‌لماندنی دڕنده‌یی ئه‌و رێژیمه كه خه‌ڵكی گوندنشین‌و سڤیلی ده‌ڤه‌ری بیتوێن، پشده‌ر، قه‌ڵادزێ‌و ئاوایی‌یه‌كانی ماره‌دوو، سووره‌گڵه، سپیه گڵه، شناوه، ئه‌ركه‌ی سه‌روو، ره‌زگه‌ی خواروو، به‌ستان‌و ... تۆپباران‌و باخ‌و مه‌زرا‌و كێڵگه‌و مه‌ڕو ماڵاتیانیان له نێو بردووه‌و، خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاواره كردووه. هه‌ر وه‌ها توركیه به هۆی به كارهێنانی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له ناوچه شاخاوی‌و سنوورییه‌كانی هه‌رێم بۆته هۆی پیسبوونی ژینگه‌و مرداربوونه‌وه‌ی سه‌دان سه‌ر مه‌ڕوماڵاتی گوندنشینانی بناری قه‌ندیل. ئه‌م بۆردمان‌و تۆپبارانانه له حاڵێكدایه كه ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی كه وه‌به‌ر ره‌هێڵه‌ی ئاگری تۆپه‌كان كه‌وتوون، هه‌موو ئاوه‌دانی‌و شوێنی نیشته‌جێ‌بوونی خه‌ڵكی سڤیله. به جۆرێكه دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید پارێزگاری سلێمانی رۆژی 1/4/2008، كاتی سه‌ردانی بنه‌ماَڵه ئاواره‌كان گوتی: "به هۆی بۆردمانی ناحه‌زانی میلله‌ته‌كه‌مان‌و ناوچه‌كه، ئه‌مه چواره‌مین جاره له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، هاووڵاتیانی بناری قه‌ندیل‌و سنووری نێوان ئێران‌و هه‌رێمی كوردستان ئاواره ده‌بن". ئه‌م تۆپبارانانه له حاڵێكدا ئه‌نجام ده‌درێت كه ساڵی رابردوو وه‌فدی حكوومه‌تی هه‌رێم به سه‌رپه‌رستی كاك نچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، وه‌فدی حكوومه‌تی عێراقی‌و حكوومه‌تی هه‌رێم‌و وه‌فدی حیزبه كوردستانییه‌كان هه‌ر یه‌ك به جیا سه‌ردانی تارانیان كردووه‌و، له‌مه‌ڕ چه‌ندین بابه‌تی جۆراوجۆر‌و هه‌روه‌ها راوه‌ستاندنی تۆپبارانه‌كان رێكه‌وتننامه‌یان واژۆ كردووه، كه دوایینیشی له مانگی نوامبری 2007دا بووه، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی نه‌ك ته‌نیا له راگه‌یاندنی فه‌رمی خۆیدا به هیچ له‌ونێك باس له تۆپبارانه‌كان ناكات‌و مۆڵه‌ت نادات كه‌سیش باسی بكات، له هه‌مبه‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‌و به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش بۆ مه‌حكوومكردنی تۆپبارانه‌كان، بێ‌ده‌نگی نواندووه، هه‌ڵبه‌ت سیاسه‌تی وڵاتانی هاوسێی هه‌رێم نه‌ك پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتی كورد‌و سه‌رخستنی نیه، به‌ڵكوو له نێوبردنی ده‌سكه‌وته نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی كورده‌كانه، هه‌روه‌ك ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌ركۆماری ئێران له كۆتایی‌یه‌كانی ساڵی رابردوو له وتارێكدا له دانیشتنی رێكخراوی كۆنفڕانسی ئیسلامی له "داكا "وێڕای جه‌ختكردن له‌سه‌ر هاوكاری هاوبه‌شی ئێران‌و عێراق‌و توركیه بۆ خه‌بات دژ به یاخیبووانی كورد، داوای له‌و وڵاتانه كرد بۆ شكستدانی "جودایی‌خوازانی كورد" پێكه‌وه هاوكاری بكه‌ن. ئه‌م وڵاتانه ده‌بێ رێز بۆ سه‌روه‌ریی خاكی یه‌كتر دابنێین‌و له‌سه‌ر ئه‌م پرسه پێداگری كه‌ن ... ئه‌م سێ وڵاته ئه‌گه‌ر ده‌یانهه‌وێ جودایی خوازانی كورد شكست بده‌ن، ده‌بێ پێكه‌وه هاوكارییان هه‌بێت".
بێگومان ئه‌م بانگه‌واز‌و داخوازییه‌ی ئێران بۆ هاوپه‌یمانی، نه‌ك تێكۆشان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی ئاشتیانه‌و سه‌رده‌میانه‌ی دۆزی كورد نیه، به‌ڵكوو ده‌ستپێكی پیلانێكی نهێنیه بۆ له خشته‌بردنی ره‌وتی پێشكه‌وتنی كورد‌و به دواخستنی هه‌رچی زیاتری په‌ره‌ئه‌ستاندنی ئینسانی، ئابووری، سیاسی، فه‌رهه‌نگی‌و ته‌واوی لایه‌نه جۆرا‌وجۆره‌كانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌كان. هه‌نووكه كورده‌كان سه‌رقاڵی رێزگرتن له 20 ساڵه‌ی شاڵاوی قڕكردنی گه‌لی كوردستان (رۆژی 14/4 رۆژی یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال)و به‌رز راگرتنی بیره‌وه‌ری 182 هه‌زار زینده‌به‌چاڵی پرۆژه‌ی ئه‌نفالن كه له 8 قۆناغدا (1 ـ دۆڵی جافایه‌تی‌و مه‌رگه، 2 ـ قه‌ره‌داغ، 3 ـ گه‌رمیان، 4 ـ گۆكته‌په‌و عه‌سكه‌ری، شوان، قه‌ڵاسێوكه‌و ده‌شتی كۆیه، 5و 6و 7 ـ ره‌واندوز‌و شه‌قڵاوه، 8 ـ ده‌ڤه‌ری بادینان) جێبه‌جێ كرا‌و تا ئێستا لانیكه‌م 284 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی كورده‌كان دۆزراوه‌ته‌وه ـ هه‌ڵبه‌ت رێژیمی به‌عس پێش له 1988یش، پرۆژه‌ی ژینۆساید‌و راگواستنی كورده‌كانی به ده‌ركردن‌و كوشتنی كورده فه‌یلییه‌كان له ساڵی 1347ی هه‌تاوی‌و ژینۆسایدی بارزانییه‌كان‌و ته‌عریبی خه‌ڵكی كه‌ركووك پراكتیزه كردبووـ هه‌روه‌ها به هه‌وڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رۆژی دووشه‌ممه (14/4/2008) كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی گه‌لی كوردی به ژینۆساید ناساند، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره نابێ به ته‌واوی ئێمه دڵخۆش كات، چوونكه ئه‌گه‌ر به‌عس رووخاوه، هاوپه‌یمانه‌كانی به‌عس (ئێران، توركیه، سووریه) بۆ دژایه‌تی كورد‌و شۆڤینیسته‌كانی دیكه خه‌ریكی تۆپباران‌و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و كوردكوژی له پارچه‌كانی بنده‌ستن، له به‌ر ئه‌مه ئێمه‌ی كورد له كاتێكدا كه هه‌وڵ بۆ به فه‌رمی ناساندنی تاوانی ئه‌نفال له باشووردا وه‌كوو ژینۆساید له ئاستی جیهاندا ده‌ده‌ین، نابێت تاوانی ژینۆساید له پارچه‌كانی دیكه پشت گوێ بخه‌ین، چونكه ته‌نیا به له‌قاودانی جینایه‌ته‌كانی دوژمنانی كورد به گشتی ده‌توانین تا راده‌یه‌ك پێش به دوژمنایه‌تی راشكاوانه‌ی ئه‌وان له هه‌مبه‌ر هه‌رێم‌و كوردستان به گشتیدا بگرین. ئه‌وانیش وه‌كوو رێژیمی به‌عس ژینۆسایدی كوردیان كردووه، فتوای جیهاد به‌رامبه‌ر به كوردی رۆژهه‌ڵات‌و گیان به‌ختكردنی زیاتر له 50 هه‌زار خه‌ڵكی سڤیل، سێداره‌دانی هه‌زاران زیندانیی سیاسی له هاوینی 67دا، كوشت‌و بڕ‌و كاولكاری قاڕنێ، قه‌ڵاتان، نییه‌ر، سه‌وزی، سه‌رچنار، حه‌سه‌ن لۆلاو، گێچێ، هه‌ڵه‌قۆش، بۆتك، دیمان، ئیندرقال، قه‌ره‌گوڵ، كانیی مام سه‌ید، سووكند‌و ... .
كوشتنی هه‌زاران مرۆڤـ‌و راگواستنی زۆره‌ملێی میلیۆنان كه‌س‌و قه‌ڵاچۆی چه‌ندهه‌زار گوند له باكوور‌و سه‌ركوتی سیستماتیكی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان، ژینۆسایدێكی بێ‌ئه‌م‌لا‌وئه‌ولان، به جۆرێك كه باس له‌وه ده‌كه‌ن هیتلێر كاتی ئه‌نجامدانی تاوانی هۆلۆكاست گوتبووی، دڵنیا بن هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی كه‌س باسی له كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ئه‌تاتورك نه‌كرد، كرده‌وه‌كانی خۆمانیش بێ‌ده‌نگیی لێده‌كرێت. ئێمه‌ش ده‌بێ به ته‌واوی دڵنیا بین كه ئه‌گه‌رچی به رواڵه‌ت جه‌سته‌یه‌كی لێكدابڕاوین، به‌ڵام نه‌یاران به هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازییه‌ك له نێوانمان دانانێن‌و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌كمان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ك به پێی ئه‌و نووسراوانه‌ی كه به رێكه‌وتی 21ی ئاگوستی 1988، له دادگایی‌كردنی سه‌ددامدا ئاشكرا كرا، به ئه‌فسه‌رانی عێراقی فه‌رمان درابوو "به پێی رێكه‌وتنی واژۆكراوی نێوان هێزه عێراق‌و توركیه بۆ به‌دواداچوونی كورده‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تورك هاوكاری بكه‌ن." بۆیه سه‌لماندن‌و ئاشكرا كردنی كرده‌وه دژه مرۆڤانییه‌كانی وڵاتانی چه‌وسێنه‌ری كورد، جیا له‌وه‌ی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد به گشتی ده‌كات، گرینگترین‌و كاریگه‌رترین مكانیزم بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی په‌لاماره‌كانیانه.
هه‌روه‌ك راستییه‌كان‌و به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌ست ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه دوژمنان ته‌واوی هێز‌و هه‌وڵی خۆیانیان ته‌رخانی له نێوبردنی ده‌سكه‌وته‌كانی كورد كردوه‌و خاوه‌نی پرۆژه‌ی هاوبه‌ش‌و ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوته‌ریب بۆ سڕینه‌وه‌و، تواندنه‌وه‌ی كوردن‌و به ناوزه‌دكردنی پرسی كورد له كێشه‌یه‌كی نێوخۆیی، به دڕندانه‌ترین شێوه ئه‌م نه‌ته‌وه سه‌ركوت ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك كاك مه‌سعوود سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌م رۆژانه‌دا گوتی: "مه‌به‌ست ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانه، مه‌به‌ست میلله‌تی كورده..." كه ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌مانهێنێته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه بڵێین، " ته‌نیا به‌رخۆدان‌و تێكۆشان‌و هاوكاریی هێزه وڵاتپارێزه‌كانی كوردستان، ده‌توانێ به‌ر به هێرشی دوژمنانی كورد‌و دێموكراسی بگرێت".
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر